سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیى گشتی

Draw Media

2021-05-16 09:02:29



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

ئێراننامە(٥) 

ئامارە گشتییەکان
ئێرانییەکان ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی٢٠٢١، لەبەردەم سێ هەڵبژاردندان(سەرۆکایەتی، نێوخولی ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنە شاری و دێهاتییەکان)، کۆی گشتیی دانیشتوانی ئێران بەنزیکەیی هەشتاوچوارملیۆن و سێسەدودەهەزارە(٨٤،٣١٠،٠٠٠)، پەنجاونۆملیۆن و سێسەدودەهەزار و سێسەدحەوتهەزار(٥٩،٣١٠،٣٠٧) مافی دەنگدانییان هەیە، ملیۆنێک و  سێسەدونەوەدودووهەزار و سەدوچلوهەشت کەس(١،٣٩٢،١٤٨) یەکەمین جاریانە دەنگ دەدەن. شاری تاران بە نۆملیۆن و هەشتسەدهەزار دەنگدەر(٩،٨٠٠،٠٠٠) دەبێتە یەکەمین شاری ئێران کە زۆرترین کەس مافی دەنگدانی هەیە. (بۆ زانیاری زیاتر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەسەڵات و پێگەکەی بڕوانە: دۆسێی دەرەومیدیا، ئێراننامە(١)).
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، ماوەی پێنج (٥)ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە ئێرانییەکان (ئەڵبەت بەپێی مەرجە ئیسلامیزەکراوەکانی دەستوور و ڕێنماییەکانی شورای پاسەوان) خۆیان بپاڵێون بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، (بۆ ٢٠٢١، ١١-١٥ی ئایار بوو)، پێنج ڕۆژی دوای ئەوە (١٦تا٢٠ی ئایار) شورای پاسەوان خۆپاڵێوەکان هەڵدەسەنگێنێت و دوا کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ڕادەگەیەنێت و وەک نەریتێکی کاری ئەم شورایە زۆرینەیەیان ڕەتدەکرێنەوە(بڕوانە #ئێراننامە کانی یەک و سێ لە دۆسێی درەو میدیا)، پاش ئەوەش پێنج ڕۆژی دیکە مۆڵەت دەدرێتەوە بەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە و ڕەتکراونەتەوە تا پەڵپی(اعتراض) خۆیان پێشکەش بکەن و  بەدواداچوون بۆ ڕەتکردنەوەیان بکەن. ٢٦ی ئایاریش دوایین کاندیدی پەسەندکراوی شورای پاسەوان ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی بچنە کێبەرکێی هەڵبژاردنەوە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنەش، ٥٩٢ کەس خۆیان کاندید کردووە و چاوەڕوانی دوابڕیاری شورای پاسەوانن تا دڵنیایان بکاتەوە لەوەی پەسەندن پچنە ململانێوە یان نەخێر. لەنێو ئەمانەدا، ٢٧٢کەسیان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بەرەوخوار بوون، ٣٢٠یان هەڵگری ماستەر و بەرەو سەر بوون. ٨٩یان تەمەنیان خوار ٤٠ ساڵ بوون و ٤٩٥یان ٤٠-٧٥ساڵ بوون و ٨ کەسیشیان لەسەروو ٧٥ ساڵەوەن.
هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢١ تەنها ٢٠ ڕۆژە و لە ٢٨ی ئایار تا ١٦ی حوزەیران درێژە دەکێشێت و ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و  ٣ی ئابی٢٠٢١ سەرۆکی نوێی وڵات دەستبەکار دەبێت. بەمەش دەبێتە سێنزەیەمین خولی هەڵبژاردنی ئەم پۆستەیە لە مێژووی ئێراندا.
بۆ هەڵبژاردنی نێوخولیی ئەنجومەنی شارەزایان، ٦ کورسیی پڕنەکراوە لە چوار پارێزگای ئێراندا هەیە(تاران، خۆراسان، قوم و مازندەران)، ٨٨ کەس لە شارەزایانی ئاینی خۆیان پاڵاوتووە. ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان، بە ئەندامێتیەکی گرنگی نێو سیستەمی سیاسیی ئێران دادەنرێت، چونکە ڕۆڵیان دەبێت لە هەڵبژاردنی ڕێبەری باڵای ئێراندا کە یەکەمین و باڵاترین پۆستی وڵاتە و یەکجار هەڵدەبژێردرێت و ماوەی دیاریکراوی نییە. (بڕوانە #ئێراننامە(٤))
هەرچی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکان(شوراکان)ی شار و دێهاتەکانە سەرانسەرییە، لەسەردەمی حکومەتی خاتەمی و لە ساڵانی نەوەدەکانەوە جێبەجێکرا، بۆ هەر شارێک ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو دادەنرێت، ئەم خولە شەشەمینیەتی و هەر خولێکی چوارساڵە، ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆکشارەوانییەکان بەرهەمی ئەم هەڵبژاردنەن.

هەڕەشەی بایکۆت لەبەردەرگایە
لە خولی دوانزەیەمی پێشوودا ١٦٣٦کەس و خولی یانزەی پێشووتردا ٦٨٦کەس، خۆیان کاندید کرد و ڕێژەی پەسەندکراوانیان لە پەنجەکانی دەست کەمتر بوون، بەراورد بە دوو هەڵبژاردنی خولەکانی پێشتر، کەمترین ڕێژەی خۆ تۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تۆمار کراوە(٥٩٢کەس). ئەمەش بۆ چەند هۆکار دەگەڕێتەوە:
١. خراپی دۆخی گوزەران، گرانی و هەڵایسان، داکشانی نرخی دراوی ئێرانی بەرابەر دۆلار، دەستەپاچەیی کابینەی پێشوو لە چارەسەر و تێپەرڕاندنی کێشەکان و نائومێدیی خەڵک لە هەڵبژاردن.
٢. لەڕووی سیاسییەوە دەنگی بایکۆتی هەڵبژاردن لە هەموو ڕوویەکەوە بەرزترە، هەم لە ئاستی خەڵکدا کە پێیان وایە، چیتر هەردوو تەوژمی توندئاژۆ و ڕیفۆرمیستەکان ناتوانن وەڵامدەرەوەی خواست و ئامانج و ئاسۆی ئێرانییەکان بن، هەروەها لەئاستی تەوژمە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێرانیشدا، ساڵێک زیاترە هەڵمەتێکی ڕێکخراوی توندوتۆڵیان ڕێکخستووە و بانگەوازی بایکۆتی دەنگدان دەکەن. جیا لەوەش گوماندەکرێت بەشێکی زۆری ئەو حزب و لایەنانەی کاندیدەکانیان لە لایەن شورای پاسەوانەوە ڕەت دەکرێتەوە، بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و هەروەک پێشتریش کەسانی وەک ئەحمەدی نەژادی ئسوڵگەرای پێشین و مستەفا تاجزادەی ڕیفۆرمیست کشانەوەیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئەگەرێک داناوە، بەمەش بەرەی بایکۆت زیاتر دەبێت.
٣. لەماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئێران لانیکەم دوو خۆپیشاندانی گشتگیریی ئێرانییەکانی بە ئاگر و ئاسن وەڵامدایەوە و لە دوایەمینی ٢٠١٩دا زیاتر لە ١٥٠٠کەسیان لە خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکان خەڵتانی خوێن کرد و لەنێویان بردن.
٤. توندترکردنی ڕێکارەکانی خۆ کاندیدکردن لەلایەن شورای پاسەوانەوە، کە لیستە بڕیارێکی نوێی دەرکرد هەم لە ڕووی تەمەنەوە و هەم لەڕووی ئەزموونەوە خۆ کاندیدکردنی سنووردارتر کرد.

تێبینەیە گشتییەکان
١. لە دیدی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و بەتایبەت خودی ڕێبەری باڵا(خامینەیی)، بەشدارییکردنی هاوڵاتیان سەنگی مەحەکە و گرەوی لەسەر دەکات تا زۆرترین ڕێژەی بەشداری تۆمار بکرێت، ئەوان ئەم هەڵبژاردنە بە ڕیفراندۆمێکی ڕانەگەیەنراو، مەسەلەی ڕەوایەتی و نارەوایەتی کۆمار، باوەڕ و بێباوەڕی دەچوێنن، ئەمەش وەک بەرەنگاربوونەوەی ئەو یەخانگیرییەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتە کە سیستەمی سیاسیی دەوڵەت دەباتە ژێر پرسیارەوە و پێیوایە ئەم سیستەمە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک نییە و دەنگدانیش یارییەکی ئەنجامزانراویی نێو سەرانی دەسەڵاتە نەک زیاتر. بەکورتی لای یار و نەیاری ئەم هەڵبژاردنە، پرۆسەکە بەهۆی بەشداری و بایکۆتەوە، جەنگی کۆماری ئیسلامییخوازی و نەیارانییەتی و هەردوولا لە گرەوێکی ڕانەگەیەنراودان.
٢. لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢١ی ئێراندا، زۆرینەی کاندیدەکان، ئەو بەرپرسانەن کە لەچینی سەرەوەی بڕیاری سیاسییدا بوون یان لەو نوخبەیە بوون کە پۆستی باڵایان مومارەسە کردووە و بەشێک بوون لە بڕیاری سیاسیی نێودەوڵەت. سەیرتر لەوەدایە، بەشێکی زۆری کاندیدەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین ڕەخنەیان لە پۆستی سەرکۆماریی گرتووە و پێیانووابووە بڕیار لای ڕێبەر و یاوەرانییەتی و سەرکۆمار بێدەسەڵاتە و نوێنەری ڕاستەقینە نییە و پۆستێکی "هیچ"ە، بەڵام ئێستا ئەوانە خۆیان بۆ پۆستێکی "هیچ" پاڵاوتووە.
٤. لە لیستی ناوی کاندیدەکانەوە دەردەکەوێت، کە ململانێی هەڵبژاردن لە نێو سەرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە لە بازنەیەکی بچووکدا، کە دابەشبوون بەسەر سوپایی (قاسمی، سەعید و ڕەزایی)، ئسوڵگەرا (ئیبراهیم ڕەئیسی، جەلیلی)میانڕەوی ئسوڵگەرا (لاریجانی و موتەهەری)، دژەجەمسەرگیری (ئەحمەدی نەژاد)، ڕیفۆرمخواز (تاجزادە) و سیاسییەبەرژەوەندیگەراکان (موحسین هاشمی ڕەفسەنجانی و جەهانگیری)دا. ئەمانە لەو ڕوخسارە دیار و دووبارانەن کە ٤١ساڵە لە پۆستەکانی نێو کۆماردان و ململانێیان هەیە بۆ ڕاکێشانی دەنگەکانی هاوڵاتیانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکان. 

ئێراننامە: زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand