شیكاری: درەو
🔻 سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (عەلی زەیدی) پشت بەست بە ماددەکانی (110/ سێیەم 114/ یەکەم) لە دەستوری هەمیشەیی عێراق، فەرمانیداوە بە " وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە" و "ڕاسپاردنی وەزارەتی بەرگری، سەرجەم ڕێگا خۆڵەکان لە نێوان پارێزگاکانی (دیالە – سەڵاحەدین – کەرکووک – نەینەوا) و هەرێمی کوردستانی عێراق دابخەن".
🔻 بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی دەستەی دەروازە سنورییەکانی حكومەتی عێراق (32) دەروازەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەیە، دابەشی (3) جۆر دەروازەی سنوری دەبن، ئەوانیش؛
🔹 دەروازە فەرمییەکانی دانپێدانراو لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقەوە، کە ژمارەیان (6) دەروازەیە بە ڕێژەی (19%).
🔹 دەروازە نێودەوڵەتییە نیمچە فەرمییەکان (دانپێدانراو لەلایەن حکومەتی هەرێم و دانپێدانەنراوەکان لەلایەن حکومەتی عێراق)ەوە، کە ژمارەیان (6) دەروازەیە بە ڕێژەی (19%).
🔹 رێگاكانی بە قاچاغبردن و دەروازە نافەرمی و دانەپێدانەنراوەكان، لەلایەن حكومەتی هەرێم و عێراقەوە، کە ژمارەیان (20) دەروازەیە بە ڕێژەی (62%).
سەرەتا
ڕۆژی 24/11/2026 (سەباح نوعمان - وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:"سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز عەلی فالح زەیدی، پێداچوونەوەی بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کرد؛ بە پشتبەستن بەو بنەمایەی کە سەروەریی نیشتمانی دابەش نابێت و پاراستنی سامانی عێراق جەنگێکی چارەنووسسازە، کە دەوڵەت لە ڕێگەیەوە سنوورێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەموو جۆرە قاچاخچێتییەک دادەنێت، بەڕێزیان فەرمانی دەرکردنی کۆمەڵێک ڕێکار و بڕیاری کرد".
بەشێکی فەرمان و ڕێکارەکان تایبەتە بە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە نێویاندا پرسی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان وتەبێژەکە ڕایگەیاند؛ "وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە".
سەبارەت بە ڕێکارە ئەمنی و سەربازییەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، ئاماژەی دا بەوەی" فەرماندەیی هێزەکانی سنوور ئەرکی داخستنی دەروازە نافەرمییەکان دەگرێتە ئەستۆ لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە نێویشیاندا دەروازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق". هەروەها "ڕاسپاردنی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی لیواکانی گرنگیپێدانی هاوبەش (یەکەم – دووەم) سەرجەم ڕێگا خۆڵەکان لە نێوان پارێزگاکانی (دیالە – سەڵاحەدین – کەرکووک – نەینەوا) و هەرێمی کوردستانی عێراق دابخەن".
ئاژانسی فهرمی ههواڵهكانی عێراق (واع) ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراق پشتی بە دەستوری هەمیشەیی عێراق بەستووە تێیدا هاتووە؛ (ماددەی (110)/ سێیەم: حکومەتی فیدراڵی بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی و ڕێکخستنی بازرگانی لە سەرتاسەری سنووری هەرێم و پارێزگاکاندا) هەروەها (ماددەی 114/ یەکەم: بەڕێوەبردنی گومرگ دەسەڵاتێکی هاوبەشە بە هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمدا ڕێک نەخراون).
ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بە خێرایی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم و زۆربەی حیزب و سەرکردەی سیاسی هەرێمی کوردستانی هێناوەتەسەرهێڵ و بەیاننامەی جیاوازیان دژ بەو فەرمان و ڕێکارانە دەرکردووە کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەگیرێتەبەر، هێشتا ڕوون نییە دۆخەکە بە کوێ دەگات.
دەروازە نێودەوڵەتییە فەرمی و نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان
بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق (32) دەروازەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەیە، دابەشی (3) جۆر دەروازەی سنوری دەبن، ئەوانیش؛
یەکەم؛ دەروازە فەرمییەکانی دانپێدانراو لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقەوە کە ژمارەیان (6) دەروازەیە بە ڕێژەی (19%)، ئەوانیش؛
1. دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، لە پارێزگای دهۆک، لەگەڵ تورکیا.
2. دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لە پارێزگای هەولێر، لەگەڵ ئێران.
3. دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ (پێنجوێن)، لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئێران.
4. دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئێران.
5. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
6. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
دووەم؛ دەروازە نێودەوڵەتییە نیمچە فەرمییەکان (دانپێدانراوەکان لەلایەن حکومەتی هەرێم و دانپێدانەنراوەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە) کە ژمارەیان (6) دەروازەیە بە ڕێژەی (19%)، ئەوانیش؛
1. دەروازەی کێلێ، لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئێران.
2. دەروازەی سەیرانبەن، لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئێران.
3. دەروازەی شوشمێ (تەوێڵە)، لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئێران.
4. دەروازەی پشتە، لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئێران.
5. دەروازەی سەرزیری، لە پارێزگای دهۆک.
6. دەروازەی سیمالکە، لە پارێزگای دهۆک، لەگەڵ سوریا.
سێیەم؛ رێگاكانی بە قاچاغبردن و دەروازە نافەرمی و دانەپێدانەنراوەكان، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق. کە ژمارەیان (20) دەروازەیە بە ڕێژەی (62%)، ئەوانیش؛
1. دەروازەی گمۆ
2. دەروازەی پەروین
3. دەروازەی بیمارۆك
4. دەروازەی بیارە
5. دەروازەی هاوار.
6. دەروازەی دەرەی مەڕ.
7. دەروازەی وشیاری.
8. دەروازەی بادلان.
9. دەروازەی داروخان.
10. دەروازەی كونە میرو.
11. دەروازەی ئەحمەد ئاوا.
12. دەروازەی كۆڵ وشك.
13. دەروازەی میشیاو.
14. دەروازەی سیرین.
15. دەروازەی بارێ.
16. دەروازەی شایدین.
17. دەروازەی چۆمان.
18. دەروازەی موسك.
19. دەروازەی قندۆل.
20. دەروازەی زەڵێ.






