سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

قەرەیلان: ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی باشووری کوردستان

موراد قەرەیلان، فەرمانداری نەپەگە ڕایگەیاند، کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی باشووری کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەن و وتی: ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت یەکێتی دروست ببێت و ماوەی ساڵێکە چەندین جار پەیام دەنێرێت، ئەگەر گوێیان لە ڕێبەر ئاپۆ بگرتایە، دۆخەکە بەم شێوەیە نەدەبوو، با هەموو کەس بزانێت، ئێمە لەم بابەتەدا لایەنگر نین و دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بدەین.

بڵاوکراوەتەوە لە : 17 تشرینی دووەم 2026

 قەرەیلان: ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی باشووری کوردستان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بۆ ستێرک تیڤی: 

موراد قەرەیلان لە وەڵامی پرسیارەکاندا تیشکی خستە سەر قەیرانی سیاسیی باشووری کوردستان، کۆبوونەوەی پەرلەمان، مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی.

قەرەیلان ڕایگەیاند، کە ئەوان وەک تەڤگەری ئازادی، لە پرسی باشووری کوردستاندا هەرچییەکیان لێ داوا بکرێت ئامادەن و وتی: دەتوانین ببینە نێوەندگیر، دەتوانین پشتیوانی بکەین، دەتوانین ببینە هاوکار بۆ ئەوەی خوشک و براکانمان کۆببنەوە، گفتوگۆی هاوبەش لەسەر سیاسەتی تەواوی باشوور بکەن، دەستنیشانی بکەن کە لە کوێدا کەموكوڕی و هەڵە دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەمانە بڕیار بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بدەن و لەسەر ئەم بنەمایە حکومەتێکی نەتەوەیی و دیموکراتیک دابمەزرێت.

هەڵسەنگاندنی موراد قەرەیلان سەبارەت بە قەیرانی سیاسیی باشووری کوردستان، مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیک و بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی بەم شێوەیەیە:

“جەنگ لە ناوچەکەدا هەیە، سبەینێ چی ڕوودەدات نادیارە!”

“پێش هەموو شتێک دەبێت ئەمە بوترێت؛ ئەم کاتەی ئێستا کاتێکی زۆر گرنگە. لە ناوچەکەدا جەنگ هەیە. دیار نییە داهاتووی ناوچەکە چۆن دەبێت. بۆ نموونە باس لەوە دەکرێت کە جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانێت سەرلەنوێ گەرم ببێتەوە. لە یەمەن هەر خۆی شەڕ هەیە. دیارە هێزە هەژموونگەراکان بۆ ئەوەی سەروەریی خۆیان لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکەن، دەیانەوێت شەڕی ناوخۆیی و شەڕی مەزهەبی خۆش بکەن و پلانیان هەیە هەندێک هەنگاو بنێن. لەم چوارچێوەیەدا جەنگی جیهانیی سێیەم بەردەوامە. دەیانەوێت لەسەر ئەم بنەمایە دیزاینێک بۆ ناوچەکە بکەن و ناوچەکە دابەش بکەن. هەوڵێکی لەم شێوەیە هەیە

ستراتیژیی نەتەوەیی

لە کاتێکی ئاوا گرنگدا ئەوەی کورد پێویستی پێیەتی یەکێتیی نەتەوەییە. هیچ نەبێت دەبێت لە دەوری ستراتیژییەکی نەتەوەیی بجووڵێنەوە. ئەگەر یەکێتییەکی بەهێزیش دروست نەکرێت، پێویستیی بە ستراتیژییەکی هاوبەش هەیە کە هەموو کەس لەبەرچاوی بگرێت. بەپێی ئەو شتانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستمان، لە باشووری کوردستان دۆخێکی پێچەوانەی ئەمە هەیە و ئەمەش دڵخۆشمان ناکات. ڕەنگە ناکۆکی لە نێوان هێزەکاندا هەبێت. بە شێوەیەکی سروشتی هەر پارتێک دەتوانێت خاوەنی بیر و بۆچوونی سەربەخۆی خۆی بێت. زۆر سروشتییە کە دژی یەکتری خەباتی سیاسیش بکەن. بەڵام دەبێت بنەما و ڕێبازێک بۆ هەموو کەس هەبێت. هەندێک هێڵی سوور هەن. ئەمانە چین؟ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانن. لە هەر وڵاتێکدا گرووپ و لایەنی سیاسی جیاوازیش هەبن، ڕێبازی هەموویان بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی وڵاتەکەیە و لەسەر ئەو ڕێگایە لە تێکۆشاندان. بەڵام ئەگەر ئێستا ڕێگری لە قەیرانەکەی باشوور نەکرێت، ڕەنگە بەرەو دۆخێکی زۆر مەترسیدار بڕوات. مەترسییەکە چییە؟ دوولەتبوونە. ئەم دۆخە مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد زیاد دەکات. هەر خۆی مەترسی هەیە، بەڵام ئەگەر شتێکی وا ڕووبدات مەترسییەکە هێندەی تر گەورە دەبێت. بۆیە نابێت شتێکی وا ڕووبدات.

حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیک

لە بنەڕەتدا ڕێبەر ئاپۆ ساڵێک پیش ئێستا نامەی بۆ لایەنەکان نارد، هەروەها لە ڕێگەی شاندەکانەوە پەیامی زارەکی نارد، لە هەمان کاتدا هەمیشە سڵاوی خۆی دەنێرێت. دەیەوێت لە باشووری کوردستان حکومەتێک پێکبهێنرێت و یەکێتیی دیموکراتیک بێتە ئاراوە. لە جیهاندا نموونەی بەو شێوەیە نییە کە هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام دوو ساڵ پەرلەمان نەتوانێت کۆببێتەوە و حکومەت نەتوانێت پێکبهێنرێت. کاتێکیش کۆدەبێتەوە بە کێشەوە کۆدەبێتەوە. لایەنێک پەرلەمان کۆدەکاتەوە، لایەنەکەی تریش دەڵێت من دەکشێمەوە. دەبێت ئەم دۆخە لەناوببرێت. نزیکبوونەوەی لەم شێوەیە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان دەخاتە ناو مەترسییەوە. ئەم بابەتە تەنها بابەتی پەدەکە و یەنەکە نییە، بابەتی گەلی کوردە. بەڵێ، بابەتی باشووری کوردستانە، بەڵام باشوور ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و پەیوەندی بە هەموو کوردەوە هەیە. با ئەم خوشک و برایانەمان تکایە ئەم ڕاستییە ببینن. دەبێت تەنها دۆخی خۆیان و باشوور نا، بەڵکو دۆخی تەواوی کورد لەبەرچاو بگرن.

“ئێمە لەم بابەتەدا لایەنگر نین”

ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت یەکێتی دروست ببێت. ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ساڵێکە چەندین جار پەیام دەنێرێت. ئەگەر گوێیان لە ڕێبەر ئاپۆ بگرتایە، دۆخەکە بەم شێوەیە نەدەبوو. بەڵام دیارە زۆر گوێیان نەداوەتێ و هەر کەس بە قسەی خۆی دەکات. با هەموو کەس بزانێت، ئێمە لەم بابەتەدا لایەنگر نین. ڕێبەر ئاپۆش لە دیدارەکەیدا ئاماژەی بەم بابەتە کرد و وتی: ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، دەبێت ئێمە بێلایەن بین، دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشە بدەین.

بانگەوازی کۆنفرانسی یەکڕیزی

بە بۆنەی ئەم بەرنامەیەوە ئێستا ئەم بانگەوازە دەکەم؛ هەردوو لایەن و هەموو لایەنەکان دەبێت ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و ئەو قۆناغەی گەلەکەمانی تێدایە لەبەرچاو بگرن. لە باشووری کوردستان دەبێت کۆنفرانسێک یان پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی ببەسترێت کە هەموو لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بن. لە باشوور لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت پلاتفۆرمێکی گفتوگۆ یان کۆنفرانسێک ساز بکرێت. لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیەدا نەک تەنها بە بەشداریی دوو لایەن، بەڵکو دەبێت هەموو کەس هەوڵ بدات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش، نەتەوەیی و دیموکراتیک بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان. دەبێت هەموو کەس بە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەستێت. بانگەواز و هیوای دڵسۆزانەی ئێمە ئەمەیە.

وەک تەڤگەری ئازادیی ئامادەین

وەک تەڤگەری ئازادی، لەم بابەتەدا هەرچییەکمان لێ داوا بکرێت ئێمە ئامادەین. دەتوانین ببینە نێوەندگیر، دەتوانین پشتیوانی بکەین، دەتوانین ببینە هاوکار بۆ ئەوەی خوشک و براکانمان کۆببنەوە، گفتوگۆی هاوبەش لەسەر سیاسەتی تەواوی باشوور بکەن، دەستنیشانی بکەن کە لە کوێدا کەموكوڕی و هەڵە دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەمانە بڕیار بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بدەن و لەسەر ئەم بنەمایە حکومەتێکی نەتەوەیی و دیموکراتیک دابمەزرێت. بە بڕوای ئێمە ئەگەر لە باشووری کوردستان شتێکی لەم شێوەیە ڕووبدات، دەبێتە زەمینەیەکی بەهێز بۆ یەکێتیی نەتەوەیی لە تەواوی کوردستاندا. بۆیە ئەم بابەتە زۆر گرنگە. هەم بۆ سیاسەتی باشوور و هەم بۆ ئێمەش ئەرکێکی نەتەوەییە. وەک وتم، لەم بابەتەدا هەرچییەک بکەوێتە سەر شانمان ئێمە ئامادەین بیکەین.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 2 کاتژمێر

شرۆڤەکردنی دەقە دەستوریەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە دەستوری عیراقدا

null
پێش 2 کاتژمێر

تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان

null
پێش 10 کاتژمێر

مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان دابەشناكرێت