سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

راپۆرتی کاپیتوڵ بریفینگ تایبەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی داهاتوودا بە ڕەو تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ئەمنی دەڕۆن و کاریگەرییە جیوپۆلەتیکییەکانی دەیان ساڵ دەخایەنێت. 

بڵاوکراوەتەوە لە : 1 تشرینی یەکەم 2026

راپۆرتی کاپیتوڵ بریفینگ تایبەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

راپۆرتی: کاپیتوڵ بریفینگ

  • ئەمریكا لە پرۆسەی یەکخستنەوە و چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە ماندوو بووە؛ بەهۆی ململانێی ناوخۆیی و پەککەوتنی کارەکانی وەزارەت لەساڵی 2023 (کە ئەمریکا بە هۆکاری دەستوەردانی ئێرانی دەزانی)، پێنتاگۆن بڕیاری داوە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە درێژ نەکاتەوە.
  • کشانەوەی هێزەکان دەبێتە هۆی نەمانی بەرگریی ئاسمانی و تەکنەلۆژیای چاودێریی هەواڵگری. ئەمەش ژێرخانی ئابووری و نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورەو ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکییان دەکاتەوە، لەگەڵ دروستبوونی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئامادەیی نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان.
  • ئەمریکا پێشتر هەرێمی کوردستانی وەک هاوکێشەیەک بۆ ڕاگرتنی باڵانس بەرامبەر هەژموونی ئێران لە عێراق بەکاردەهێنا، بەڵام ململانێی ناوخۆیی هەرێم ئەم کارتەی لاواز کردووە. لە بەرامبەردا، واشنتن تەرکیزی خستووەتە سەر بەغدا، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ بەغدا تاوەکو لە قۆناغی دوای کشانەوەدا گوشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێم، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی وزە و هێزی پێشمەرگەدا.
  • دوای کشانەوەی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی ڕووبەڕووی مەترسیی دوو لایەن دەبێتەوە: چالاکبوونی سەرلەنوێی چەکدارانی داعش، لەگەڵ فراوانبوونی چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە درۆن و مووشەک.

 

ڕاپۆرتی (کاپیتول بریفینگ) کە پەیوەستە بە کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان 

[پوختەی هەفتانە]
 

هەڵسەنگاندنی سیاسی و ئەمنیی کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراق

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بەروار: ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

شوێن: واشنتن، بەغدا، هەولێر

 

[پوختە / گەشەسندن]
دوا قۆناغەکانی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دژ بە داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن. لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ـەوە سەربازانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان - کە دوا پێگەی هاوپەیمانان بووە - دەکشێنەوە و بەمەش چیتر هیچ سەربازێکی هاوپەیمانان لە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نامێنێت. کشانەوەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ باس و خواس و داوای چەککردنی میلیشیاکانی عێراق. 

هەڵسەنگاندن: ئەم ڕووداوە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێی پر لە نالوونی و نائارامی. بۆشایی هێز لە ناوچەکەدا دروست دەکات. هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە سەرەتاییەکان لێکچوون دەكەن لە نێوان ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ئەم کشانەوەیە دروستەی دەکات لەگەڵ لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ دا. (سەرچاوە: شیکار و مەفهومی کاپیتول بریفینگ، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ - توێژینەوە، شیکاری ستراتیژی و ڕاوێژکاری) 

1. باکگراوند
ئەیلوولی ٢٠١٤: لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە ناوی CJTF-OIR و بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دامەزرا. لە سەر داوای عێراق لە نێوان ٤ بۆ ٦ هەزار سەرباز و ڕاوێژکاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕەوانەی عێراق کران. هاوکات نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی دیکە ڕەوانەی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان کران. 
فشارەکان: وەک وەڵامێک بۆ فشارەکانی ئیدارەی یەکەمی ترەمپ بۆ سەر ئێران، تاران فشاری لە بەغدا دەکرد تا داوای دەرکردنی هاوپەیمانان بکات. لە ساڵی ٢٠١٨، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق، عادل عەبدولمەهدی بە فەرمی داوای دانانی خشتەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای کرد. 
٢٠٢٤: لە ساڵی ٢٠٢٤، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق دەرباره‌ی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان دەستی بە گفتوگۆ کرد. لە ئەنجامدا، هەردوولا لە سەر خشتەیەک ڕێککەوتن و بە گوێرەی ئەو خشتەیە ئەمریکا لە عێراق لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ بکشێتەوە و دوای ساڵێک لە ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە. 
ڕێککەوتننامە: لە بەندێکی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە دەکرێت کشانەوەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت بەپێی پێشهاتەکان. 
ئاگادارکردنەوە: لە بارەی کشانەوەکەوە لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا ئەمریکا بە زمانێکی دیپلۆماسی هەڕەشەی لە عێراق کردووە بەوەی: "ناکرێت کە پێویستتان بە ئەمریکا بیت داوای هاوکاری سەربازیمان لێبکەن کاتێک پێویستتان نەما بلێن بڕۆنە دەرەوە، ئێمە جارێکی دیکە بە ئاسانی بە هاناتانەوە نایەین". 
2. قۆناغە جیاوازەکانی کشانەوەی ئەمریکا
پارێزگای بەسرە: تەواوی ڕاوێژکارە سەربازییەکان و تیمە دیپلۆماسییەکەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە بەسرە لە ئەیلوولی ٢٠١٩ کشانەوە و کونسوڵخانەکە بە یەکجاری داخرا. 
پارێزگای بەغدا: تیمەی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمریکا (BDSC) لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە کۆتایی ئەیلوولی ٢٠٢٥ کشانەوە. 
پارێزگای ئەنبار: تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە کۆتایی ئەیلوولی ٢٠٢٥ کشانەوە. 
پارێزگای سەلاحەدین: هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە کۆتایی ئەیلوولی ٢٠٢٥ کشانەوە. 
هەولێر: بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولەوە ڕاوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە بنکەکەی ناو فڕۆکەخانەی هەولێر بە تەواوی بکشێنەوە. 
باقی ئەندامانی هاوپەیمانی: جگە لە هێزەکانی ئەمریکا، ئەرکی هێزەکانی سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەک فەرەنسا، هۆڵەندا، ئیتالیا و ئەڵمانیا، کە لە هەرێمی کوردستان بوون، کۆتایی دێت. 
3. لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا
بوشاییە ئەمنییەکان: هەڵسەنگاندنی ئاسایشی ناوچەیی (RSA)ـی "کاپیتول بریفینگ" ئاماژە بەوە دەکات کە بۆشاییە ئەمنییەکان بریتیین لە: نەبوونی هیزی بەرگریی ئاسمانی، نەبوونی تەکنۆلۆژیای چاودێریی هەواڵگری لە سەر زەوی و لە ئاسمان، هەروەها دابەشبوونی هێزی چەکدار بە سەر گرووپی جیاوازدا، زیادبوونی چالاکیی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی نزیک هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەغدا، تکریت، مووسڵ و ئەنبار. 
هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەمریکا ئاڵوگۆڕکردنی داتا و زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕادەگرێت یان نا. ئەگەر ئەوە ڕووبدات، عێراق و هەرێم دووچاری کارەساتی ئەمنی گەورە دەبنەوە هاوشێوەی ٢٠١٤. 
ژێرخانی ئابووری و مەترسییەکانی ژینگەی کار: لە ساڵی ٢٠٢٣، وەزیری کاروباری پێشمەرگە بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک دەوامی لە وەزارەت نەکرد. هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بەو شێوەیە بووە کە ئێران کاریگەری لە سەر پرۆسەکە هەبووە و بە ئەنقەست لە پشت پەكخستنی پرۆسەی یەکخستنەوە و چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگەوە بووە. ئەمە کاریگەریی نەرێنی لە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێم دەبێت. 
سەرچاوەی مەترسییەکان: هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی، بەرگریی ئاسمانی، چاودێریی هەواڵگری، بڵاوەپێکردنی هێز، ژێرخانی ئابووری و نەوت، نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان. 
4. پەیوەندیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان
پەیوەندیی ئەمنی: بەشێکی هەرە گرنگی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنیدا بووه. کوردستان بۆ ئەمریکا وەک ناوەندێکی چالاک بووە و جگە لە بنکەی سەربازی، ژمارەیەک ئاوتپوستی لە کوردستان هەبووە. 
ڕێباز و چاکسازیی پێشمەرگە: ئەمریکا ئەو خواستەی هەیە بەردەوام بیت لە هاوکاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە، بەڵام لە پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕیفورمی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان ماندوو بووە. لەسەر راسپاردە و داوای پێنتاگون یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی تر درێژ نەکرایەوە. 
ئەمریکا خواستی ئەوەی هەیە پیناسە و ڕۆڵی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت، ئەم بابه‌تە پەیوەستە بە پێشهانی چەکمالینی گرووپە چەکدارەکانی شیعە. 
5. کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق
هاوسەنگیی ناوچەیی: ئەمریکا بەردەوام هەرێمی کوردستانی وەکو گوشەی ڕاستکردنەوەی بالانس بەرامبەر بە هەژموونی ئێران لە ناو عێراقدا بەکار هێناوە و وەبەرهێنانی سیاسی لە سەر ئەم هاوکێشەیە کردووە، بەڵام ململانێی ناوخۆی هەرێم ئەم کارتەی لاواز کردووە. 
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا لە نیو ڕیزی شیعە و سوننەدا بە دوای دۆزینەوەی گوشەیەکی دیکەدا بوو بۆ بالانس ڕاگرتن دژ بە هەژموونی ئێران، بۆیە ئەمریکا تەڕکیزی خستبووە سەر بەغدا. 
ڕۆژی سەروەریی عێراق: وەکو سەرکەوتنێکی شیعە وێنا دەکرێت. لە ئەمڕۆ بە دواوە عێراق خواستی زیاتری لە قالبدانی هەرێمی هەیە، بەتایبەتی لە دۆسیەی هێزی پێشمەرگە و بابەتی ووزە. 
6. شیکردنەوە
عێراق و هەرێمی کوردستان دووچاری تاقیکردنەوەیەکی ئەمنی گەورە دەبنەوە لە مانگەکانی داهاتوودا و کاریگەرییە جیوپۆلەتیکییەکانی بۆ دەیان ساڵ بە جێدەهێڵێت. 
هەڵپەساردنی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ (NOC) هەروەها (DMI) کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر چالاکی دەبێت بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوای عێراق و ئەم هەنگاوە عێراق دژ بە گرووپە تیرۆریستییەکان لاواز دەکات. 
خاڵێکی زۆر پر مەترسی: پەڕینەوەی چەکدارانی بیانی بۆ عێراق، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێشهاتەکانی ناوخۆی سووریاوە هەیە. هیچ گەرەنتییەک نییە کە حکوومەتی شەڕع کۆنتڕۆڵی ئەو چەکدارانە بکات. لە نێو ئەو چەکدارانەی سووریادا ٣٠٠٠ بۆ ٣٥٠٠ چەکداری کوردی تێدایە. 
- چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە شیعە فراوانتر دەبێت لە بواری مووشەک و درۆن. 
- کشانەوەی ئەمریکا واتای کۆتاییهێنان بە چاودیریکردنی گرووپەکان ناگەیەنێت. 
- داعش و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دوو سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان. 
ئەم پێشهەندانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە عێراق و پابەندبوونی عێراق بە چەکماڵینی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هەیە. 


[دەئەنجامی سەرەکی و راسپاردەکان]
عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی داهاتوودا بە ڕەو تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ئەمنی دەڕۆن و کاریگەرییە جیوپۆلەتیکییەکانی دەیان ساڵ دەخایەنێت. 

دەرئەنجامی سەرەکی: داعش و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دوو هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست دەکەن. 
 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 12 کاتژمێر

ئاوات شێخ جەناب دەستیلەكاركێشایەوە

null
پێش 13 کاتژمێر

پێنج ساڵی جەنگ: زیانە گیانی و ئابوورییەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا

null
پێش 14 کاتژمێر

لەودیو تاوان و گەندەڵی: ڕووبەڕووبوونەوەی حوکمڕانیی تاوانکاری