درەو:
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێرانی پرسی، ئایا تاران قبووڵی دەکات عێراق گرووپی چەکدار لە ناو ئێراندا پێكبهێنێت و پشتگیرییان بکات؟.
قالیباف لە وەڵامدا وتی: بێگومان نەخێر، ئێمەش پشتیوانی لە بڕیاری دەوڵەتی عێراق دەکەین.
حەلبوسی وتی، کەواتە دەبێت دەستبەجێ پشتگیریی ئێوە بۆ هەر شتێک رابگیرێت كە پێچەوانەی ئاڕاستەی دەوڵەتی عێراق نیشان دەدات.
ماڵپەڕی "الحرة" دەڵێت، ئەم وردەکارییانەی لەو کەسانەوە دەستيکەوتووە کە بەشداربوون لەو کۆبوونەوەیەی رۆژی چوارشەممە 19ی ئاب، لەنێوان هەردوو لادا لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو.
بەپێی وتەی ئامادەبووان، حەلبوسی رایگەیاندووە، دەبێت ئێران پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەت بکات بۆ كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، نەک بێتە رێگری یان هانی گرووپە چەکدارەکان بدات چەکەكانیان رادەست نەکەن، لەم سۆنگەیەشەوە پرسیارەکەی ئاڕاستەی قالیباف کرد سەبارەت بەوەی ئایا تاران قبوڵی دەکات گرووپی چەکداری عێراقی لە ناو ئێراندا کار بکەن.
پێشتر سەرچاوە ئاگادارەكان لە سەردانەکەی قالیباف راگەیاندبوو، قالیباف پێشنیازی بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردبوو چەکی گرووپە چەکدارەکان لەلای خۆیان بهێڵنەوە، یان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بكرێن، لەبری ئەوەی رادەستی حکومەت بکرێنەوە.
یەکێک لە سەرچاوەکان وتویەتی، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی قالیباف بۆ عێراق هەوڵدان بوو بۆ بەدیهێنانی ئەوەی کە ئیسماعیل قانی، فەرماندەی فەیڵەقی قودس لە دوا سەردانیدا بۆ بەغدا نەیتوانی بەدەستی بهێنێت.
کۆبوونەوەکەی نێوان حەلبوسی و قالیباف، لە کەشوهەوایەکی گرژدا تاوتوێی چەندین دۆسیەی دیکەی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی عێراقی لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە کردووە.
لە کاتی قسەکانی نێوان حەلبوسی و قالیبافدا، بەرپرسە ئێرانییەکە دەستەواژەی "کەنداوی فارسی" بەکارهێنا، حەلبوسی رەخنەی گرت و پێی وت: هیچ شتێک بەم ناوەوە بوونی نییە.
ئێران بە فەرمی دەستەواژەی "کەنداوی فارسی" بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا عێراق و وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەستەواژەی "کەنداوی عەرەبی" پەسەند دەکەن، ئەمەش ناکۆکییەکی کۆنە و ساڵانێکی زۆر پێش ئەم دوو بەرپرسە بوونی هەبووە. بەڵام ئەمجارەیان بەکارهێنانی ناونیشانەکە لە ناوەڕاستی دانوستانێکی گرژدا هات دەربارەی دۆسیە گرنگەکانی نێوان بەغداد و تاران، کە گەرووی هورمز یەکێک بوو لەوان.
حەلبوسی لە قالیبافی پرسی بۆچی ئێران رێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە عێراقییەکان دەکات لە گەرووەکەدا، سەرباری سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو پشتیوانییەی عێراق پێشکەشی ئێرانی کردووە؟ ھەروەها وتی کە بەغداد چاوەڕێی دەکرد تاران حسابێكی تایبەت و لێخۆشبوون بۆ بكات.
قالیباف لە وەڵامدا وتی ئێران ناتوانێت عێراق بەدەر بكات، چونکە ئەگەر ئەوە بکات وڵاتانی دیکەش داوای هەمان بەدەرکردن دەکەن و بارودۆخی ئێستاش رێگە بە پێدانی هیچ بەدەرکردنێک نادات.
سەرچاوە:
كواليس لقاء الحلبوسي وقاليباف