سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش

رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش، توانا (مرۆیی، ئابووری و سەربازی)یەکانی وڵاتانی نێو ڕێککەوتننامەی مەککە

بڵاوکراوەتەوە لە : 8 ئاب 2026

رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

شیكاری: درەو 

 

سەرەتا

ڕۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026 ڕێککەوتنامەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان سێ دەوڵەتی گەورەی ناوچەکە، کە بریتین لە (سعودییە، تورکیا و پاکستان) لە لایەن هەریەک لە شازادەی جێنشینی سعودییە (محەمەد بن سەلمان)، سەرۆک کۆماری تورکیا (رەجەب تەيب ئەردۆگان) و سەرۆک وەزیرانی پاکستان (محەمەد شەهباز شەريف)ـەوە لەژێر ناوی (رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش) لە دیوانی پاشایەتی لە باڵەخانەی "صفا" لە شاری مەککەی واژۆ کرا. 

لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هاوپەیمانییە نوێیە لە مەککەدا، وەک وەڵامدانەوەیەک و دروستکردنی بەرەیێکی هاوسەنگییە لە بەرانبەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و هەڕەشە تێکەڵەکانی ئێران و گروپە چەکدار و نێوەندگیرەکانی لە ناوچەکەدا (وەک عێراق و یەمەن) خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. 

 

یەکەم؛ ناوەڕۆک و ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنامەکە 

1.    بەرگری هاوبەش: خاڵی ناوەندی ڕێککەوتنامەکە ئەوەیە کە «هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ دەوڵەتە، بە هێرش دادەنرێت بۆ سەر هەموویان» 

2.    ئاراستەی ستراتیژی: ڕێککەوتنامەکە ئامانج لێی بەهێزکردنی تواناکانی ڕێگری (ردع) و فراوانکردنی هەماهەنگی سەربازی و پەرەپێدانی توانای بەرگری هاوبەشە لە بەردەم هەڕەشە ئەمنییە هەرێمییەکاندا. 

3.    پاراستنی ئاسایشی ئابووری و دەریاوانی: سەرەڕای ڕەهەندە سەربازییەکەی، گرنگییەکی زۆر دەدات بە پاراستنی ڕێڕەوە دەریاوانییە جیهانییەکان، بەنکەکانی وزە و زنجیرەکانی دابینکردن لە ناوچەکەدا. 

4.    تێکەڵکردنی تواناکانی بەرگری: یەکخستنی هەوڵەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگی و تەواوکاریی سەربازی و پیشەسازیی بەرگری لە نێوان وڵاتاندا.

 

دووەم؛ هەڵسەنگاندنی پێگەی دەوڵەتەکانی نێو هاوپەیمانییەکە

1.    سعودیە؛ لە ڕووی قەبارە و هێزی سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەوە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین بودجە و کڕینی سەربازییە لە جیهاندا، ناوەندی بڕیاری دارایی و وزەیە.  پێگەی ستراتیژی لە هاوپەیمانییەکەدا بە جۆرێکە داڕێژەر و پاڵنەری سەرەکییە لە دروستکردن و جێگیرکردنی ئاسایشی کەنداو و ناوچەکە.

 

2.    تورکیا؛ لە ڕووی قەبارە و هێزی سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەوە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە، خاوەنی پیشەسازییەکی پێشکەوتووی سەربازییە (بەتایبەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی بەرگری). هاوبەشێکی کاریگەر و هێزێکی سەربازی گەورەی هاوپەیمانی ناتۆ کە قووڵایی ستراتیژی دەبەستێتەوە بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز.

3.    پاكستان؛ قەبارە و هێزی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی بە جۆرێکە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، خاوەنی گەورەترین هێزی پیاده و سوپای ڕاهێنراوە لە جیهانی ئیسلامیدا. قووڵایی ئەتۆمی و ستراتیژی بۆ هاوپەیمانییەکە دابین دەکات، کە هاوسەنگییەکی گەورە لە ئاسیای باشوور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات.

 

سێیەم؛ توانا (مرۆیی، ئابوری و سەربازییەکان) وڵاتانی نێو هاوپەیمانی مەککە

 

بۆ تێگەیشتن لە قەورەی هێز و تواناکانی ئەم سێ دەوڵەتە (سعودیە، تورکیا، پاکستان) لە ڕووی مرۆیی، سەربازی، چەک و ئابوورییەوە، ئەم داتا و ژمارە وردانەی خوارەوە پوختەی دۆخی ئێستایان دەخەنە ڕوو:

1.    شانشینی عەرەبی سعودی

-       ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی (35.3 ملیۆن) کەس.

-       کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ساڵانە؛  نزیکەی (1.1 - 1.2 تریلیۆن) دۆلارە.

-       گەشەسەندنی ئابووری (GDP Growth) ساڵانە؛ نزیکەی 2.7% بۆ 3.2%.

-       بودجەی سەربازی بۆ ساڵی (2026): (78 ملیار) دۆلارە.

-       هێزی سەربازی چالاک؛ لە ڕیزبەندی (21)ی جیهانە بە بوونی (257 هەزار) سەرباز.

-       هێزی یەدەگ؛ نزیکەی (20 بۆ 50 هەزار) کەس.

-       توانا ستراتیژییە تایبەتەکان: خاوەنی پێشکەوتوویین سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەی جەنگیی مۆدێرن.

 

2.    تورکیا

-       ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی (86 ملیۆن) کەس.

-       کۆی بەرهەمی ناوخۆیی(GDP)  ساڵانە؛ نزیکەی (1.64 تریلیۆن) دۆلارە.

-       گەشەسەندنی ئابووری (GDP Growth) ساڵانە: دەوروبەری 3.0% بۆ 3.5%.

-       بودجەی سەربازی بۆ ساڵی (2026): نزیکەی (27.34 ملیار) دۆلار

-       هێزی سەربازی چالاک: لە ڕیزبەندی (9)ی جیهانە بە بوونی (481 هەزار) سەرباز.

-       هێزی یەدەگ: نزیکەی (380 هەزار) کەس.

-       توانا ستراتیژییە تایبەتەکان: خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ و پیشەسازیی پێشکەوتووی درۆن و چەکە.

 

3.    پاکستان 

 

-       ژمارەی دانیشتوان: نزیکەی (259.3 ملیۆن) کەس.

-       کۆی بەرهەمی ناوخۆیی(GDP)  ساڵانە؛ نزیکەی (452.1 ملیار) دۆلارە.

-       گەشەسەندنی ئابووری (GDP Growth) ساڵانە: دەوروبەری 3.7%.

-       بودجەی سەربازی بۆ ساڵی (2026): نزیکەی (10.8 ملیار) دۆلار

-       هێزی سەربازی چالاک: لە ڕیزبەندی (7)ی جیهانە بە بوونی (660 هەزار) سەرباز.

-       هێزی یەدەگ: نزیکەی (550 هەزار) کەس.

-       توانا ستراتیژییە تایبەتەکان: خاوەنی چەکی ئەتۆمی (سەرووی 160 بۆ 170 کڵاوە) و گەورەترین هێزی پیادەی هەیە.

 

 

ئەم خشتەیەی خوارەوە لەسەر بنەمای نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندە جیهانییەکان وەک (The Military Balance 2026، سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی - IMF، و بانک و دامەزراوە فەرمییەکان) ئامادە کراوە، بەراوردکارییەکی ورد بۆ داتا و ژمارە فەرمییەکان بۆ هەر سێ دەوڵەتەکە (سعودیە، تورکیا، پاکستان) نیشان دەدات.

 

توانا (مرۆیی، ئابووری و سەربازی)یەکانی وڵاتانی نێو ڕێککەوتننامەی مەککە

 

Untitled Media

 

 

 

 

 

 

 

چوارەم؛ کاریگەرییەکانی ڕێککەوتنی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش 

کاریگەرییەکانی ڕێککەوتنی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش لە نێوان (سعودیە، تورکیا، پاکستان) دەتوانرێت لە چەند ڕەهەندێکی ستراتیژی، ئەمنی، و ئابووریدا کورت بکرێتەوە:

1.    دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێی هێز لە ناوچەکەدا

-       ڕێگری لە بۆشایی ئەمنی: ئەم ڕێککەوتنامەیە پانتاییەک دروست دەکات کە تێیدا لایەنەکان پشتیوانی یەکتر دەکەن لە بەرانبەر هەڕەشە تێکەڵەکان و مەترسییە ئەمنییەکانی سەر ناوچەی کەنداو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای باشوور.

-       کاردانەوە بەرانبەر هاوپەیمانییە ناکۆکەکان: بۆ قەڵایەکی بەرگری لە بەرانبەر هەر فشار یان هەڕەشەیەکی دەرەکی، بەتایبەت وڵاتانی وەک ئێران و هاوپەیمانەکانی، یان هەر ئاڵنگارییەکی جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی هێرشی ڕاستەوخۆ بەهۆی قورسایی وەڵامدانی سێقۆڵی.

2.    لایەنی سەربازی و تێکەڵکردنی توانا دژبەرەکان

-       یەکخستنی کەرەسەی ستراتیژی: تێکەڵکردنی هێزی پیادەی گەورە و چەکی ئەتۆمی پاکستان لەگەڵ پیشەسازی سەربازی پێشکەوتوو و دڕۆنەکانی تورکیا و توانای دارایی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی سعودیە، هاوکێشەیەکی جۆریی سەربازی پێکدەهێنێت کە لە مێژووی هاوپەیمانییە ناوچەییەکاندا کەم وێنەیە.

-       هاوبەشی لە مەشق و پێشخستنی تەکنەلۆژیا: زیادبوونی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی لە نێوان پیشەسازییەکانیان، بەتایبەت لە بواری بەرگری ئاسمانی و پیشەسازیی خۆماڵیدا.

3.    پاراستنی ڕێڕەوە ئابوورییەکان و ئاسایشی وزە

-       ئاسایشی دەریاوانی و بازرگانی: بەو پێیەی تورکیا دەروازەی دەشتاییە ئەوروپی و ڕێڕەوەکانی دەریای ڕەشە، و سعودیە ناوەندی نەوت و وزەی جیهانییە، و پاکستان دەرگایە بۆ زەریای هیندی و ئاسیای باشوور، ئەم ڕێککەوتنامەیە دڵنیایی دەدات لە پاراستنی هێڵەکانی دابینکردن و هەناردەی وزە.

-       متمانەی وەبەرهێنان: پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی ناوچەکە متمانەیەکی زیاتر بە بازاڕەکانی ناوچەکە دەبەخشێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی گەشەپێدان و ئابووری (وەک دیدگاکانی پەرەپێدان).

 

سەرچاوەکان

بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم داتا و ژمارە ئابووری و سەربازییانە، سەرچاوە سەرەکییەکانی بڕواپێکراو ئەمانەی خوارەوەن:

1.    The International Institute for Strategic Studies (IISS):

ڕاپۆرتی ساڵانەی (The Military Balance 2026) کە وردترین داتای لەسەر ژمارەی هێزی سەربازی چالاک، یەدەگ، و بودجەی بەرگری دەوڵەتان تێددا بڵاو دەکرێتەوە.

2.    International Monetary Fund (IMF):

داتابەیسی خەمڵاندنی جیهانی (World Economic Outlook Database) بۆ ژمارەی دانیشتوان، قەبارەی GDP، و ڕێژەی گەشەسەندنی ئابووریی ساڵانەی هە سێ وڵاتەکە.

3.    Stockholm International Peace Research Institute (SIPRI):

داتاکانی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان (SIPRI Military Expenditure Database) کە قەبارەی ڕاستەقینەی بودجەی تەرخانکراو بۆ سەربازی بە دۆلاری ئەمریکی دەخاتە ڕوو.

4.    Global Firepower (GFP) Index:

ئامار و پێوەرە ساڵانەکان بۆ پۆلێنکردنی هێزی مرۆیی و توانای سەربازی و لۆجستیکی هێزە چەکدارەکانی جیهان.

5.    هەروەها ئەم بەستەرانەی خوارەوە؛

 

-       https://shorturl.at/3W2qP

-       https://shorturl.at/x1mkf

-       https://shorturl.at/2gkoq

-       https://shorturl.at/iDEZD

-       https://tinyurl.com/mpy97ekb

-       https://tinyurl.com/ykdms8b6

-       https://veriportali.tuik.gov.tr/en

-       https://short-url.cc/1BcoX

-       https://short-url.cc/1Bcp9

-       https://short-url.cc/1vyIx

-       https://short-url.cc/1Bcpu'

-       https://short-url.cc/1BcpV 

-       https://short-url.cc/1Bcq5

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٧ ئاب ٢٠٢٦

دانەغاز: حكومەتی هەرێم ئاگاداربووە

null
٧ ئاب ٢٠٢٦

لە دانا گازی ٢٠٠٧ تا گازی کەرکووک؛ میراتی ڕێککەوتنی ٢٠١٧ چی بوو؟

null
٧ ئاب ٢٠٢٦

جەنگی ئێران؛ نەخوازراوترین جەنگ لە مێژووی ئەمریکادا