درەو:
بەپێی ڕاپرسییەکی ڕۆیتەرز/ئیپسۆس کە لە 12ی نیسان ئەنجام دراوە، 60% هاووڵاتییانی ئەمریکی دژی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکان بۆ سەر ئێران. ئەم ڕێژەیە بەراورد بە سەرەتای جەنگەکە هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە، چونکە لە سەرەتادا ڕێژەی ناڕەزایەتی تێیدا 43% لەسەد بووە.
لە ڕووی مێژووییەوە، جەنگەکانی ئەمریکا زۆربەی جار کاریگەریی «گردبوونەوەو ناڕەزایی ناوخۆیی»یان بەخۆوە بینیوە، بەپێی داتاکان، جەنگە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە، جەنگی ئێران لە ساڵی 2026 خێراترین و بەهێزترین ڕێژەی هەڵکشانی ناڕەزایەتیی گشتیی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە جەنگەکانی مێژووی هاوچەرخی جەنگەکانی ئەمریکا.
لێرەدا تیشک دەخرێتە سەر بەراوردی ناڕەزایەتییەکان لە سەرەتا تا کۆتایی (یان دواین ئامار) لە پێنج جەنگی سەرەکیدا:
· جەنگی ئێران (2026) بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ
ڕێژەی ناڕەزایەتی لە سەرەتای جەنگەکەدا لە (43%)ـەوە دەستی پێکرد، بەڵام تاوەکوو 12ی نیسانی 2026 بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز بووەوە و گەیشتە (60%)، ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە نەخوازراوترین جەنگەکان لە مێژووی ئەمریکادا.
· جەنگی عێراق (2003 - 2011) بە سەرۆکایەتیی جورج دەبلیو بوش
ناڕەزایەتیی گشتی لە سەرەتای جەنگەکەدا تەنها (23%) بوو، بەڵام لەگەڵ درێژخایەنبوون و پەرەسەندنی بارودۆخەکەدا ڕێژەکە بۆ (50%) بەرز بووەوە.
· جەنگی ئەفغانستان (2001 - 2021) بە سەرۆکایەتیی جورج دەبلیو بوش
کەمترین ڕێژەی ناڕەزایەتیی لە سەرەتادا هەبوو کە تەنها (9%) بوو (کە کاریگەریی ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر و هەستی نەتەوەیی لەپشت بوو)، بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی جەنگەکەدا ڕێژەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە و گەیشتە (46%).
· جەنگی ڤیێتنام (1955 - 1975) بە سەرۆکایەتیی دوایت ئایزنهاوەر
لە سەرەتای جەنگەکەدا ناڕەزایەتییەکان (24%) بوون، بەڵام لە کۆتایی جەنگەکەدا هاوشێوەی دۆخی ئێستا گەیشتە لووتکە و ڕێژەی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرز بووەوە بۆ (60%).
· جەنگی کۆریا (1950 – 1953) بە سەرۆکایەتیی هاری ترومان
ئەمە تاکە جەنگە لە لیستەکەدا کە ڕێژەی ناڕەزایەتی تێیدا ڕوو لە نزم بوونەوە بکات؛ لە سەرەتای جەنگەکەدا ناڕەزایەتییەکان (49%) بوو و لە کۆتاییەکیدا دابەزی بۆ (36%).
گرافیکەکە روونی دەکاتەوە کە جەنگی ئێران خێراترین کاردانەوەی نەرێنیی لەلای شەقامی ئەمریکی دروستکردووە، بە جۆرێک لە ماوەیەکی کورتدا ڕێژەی ناڕەزایەتییەکە یەکسان بووەوە بە بەرزترین ئاستی مێژوویی کە لە جەنگی ڤیێتنامدا تۆمار کراببوو.
گرافیک

سەرچاوە
- Alia Chughtai and Marium Ali; (Aljazeera), The cost of 76 years of US wars, from Korea to Iran, 28 Apr 2026;
https://www.aljazeera.com/news/2026/4/28/the-cost-of-76-years-of-us-wars-from-korea-to-iran