شيكاري: بڵند دلێر شاوەیس
عێراق بەقۆناغێکی دارایی و ئابوری سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، لە ئێستادا ڕوبەڕوی کورتهێنانی دارایی و قەیرانی نەختینە بۆتەوە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دواکەوتنی موچەی موچەخۆرانی سەرجەم عێراق هەیە.
وەزیری دارایی فیدراڵ (فالح الساري) ڕایگەیاند عێراق پێویستی بە بڕی (٧ ترلیۆن ) و (٨٠٠ ملیار) دینارە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی.
لە لایەکی ترەوە وەزیری تەندروستی حکومەتی فیدراڵ (عبدالحسين الموسوي) زۆر بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردووە کە پارە نییە و حکومەت تەنها لە خەمی دابینکردنی موچەیە لە (١ - ٢٩) مانگ، کە مانگانە پێویستی بە بڕی (١٠ ترلیۆن) و (٨٠٠ ملیار) دینارە.
ئەو جیاوازییە لە نێوان ژمارەکانی وەزیری دارایی و وەزیری تەندروستی ڕەنگە هۆکارەکەی بۆ ئەوەبێت وەزیری تەندروستی جگە لە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی، مەبەستی ئەو بڕە پارانەش بێت کە پێویستە بۆ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و پاڵپشتی حکومەتی فیدراڵی بۆ بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان لەگەڵ تێچووی خەرجی کاروباری ڕۆژانە "خەرجییەکانی بەگەڕخستن" (النفقات التشغیلیة).
هەندێک لە شارەزایان هۆکاری کورتهێنانی دارایی و قەیرانی نەختینە دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی داهاتی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت و بڕی (٨٥%)ی نەوتی عێراق لە ڕێگای (گەرووی هورمز)ەوە هەناردە دەکرا، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران و داخستنی (گەرووی هورمز) هەناردەکردنی نەوت وەک پێشتر نییە.
لە لایەکی ترەوە داتاکانی (مرصد ايكو عراق - ECO IRAQ Observatory) ئاماژە دەدەن بەوەی کە کێشەکە تەنها پەیوەندی بە کەمبوونەوەی داهاتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سروشتی پەیکەری بودجەی گشتی فیدراڵییەوە هەیە، کە (٨١%)ی بودجەی گشتی خۆی دەبینێتەوە لە موچەی فەرمانبەران و کرێ و موچەی خانەنشینان و شایستەکانی سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی.
هەروەها خەرجی کاروباری ڕۆژانە "خەرجییەکانی بەگەڕخستن" (النفقات التشغیلیة) بریتییە لە (٩٤%)ی کۆی گشتی خەرجی حکومەت، لە بەرامبەر تەنها(٦%) بۆ بودجەی وەبەرهێنان.
بەدەر لە پاساوی بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و شارەزایانی ئابووری، لە ڕاستیدا گرفتی هەرە گەورەی عێراق بریتییە لە گەندەڵی دارایی و کارگێری بەتایبەتی ئەو گەندەڵییە ڕێکخراوەی کە لەلایەن دەستەبژێری سیاسییەوە ئەنجام دەدرێت و لە تەواوی دەسەڵاتەکاندا بڵاوبۆتەوە، تەنانەت لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستەی دەستپاکیشی گرتۆتەوە.
گەندەڵی لە عێراق بە شێوەی تاوانی ڕێکخراو تەشەنەی سەندووە لە ھەموشی مەترسیدارتر (گەندەڵی سیاسی ڕێکخراو)ە، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت کە بە ئاڵۆزترین دۆسییەکانی گەندەڵی ئەژمار دەکرێت، دۆسێی گەندەڵی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق (عدنان الجميلي) بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە، لە دوای کەرتی نەوتیشەوە گەندەڵی گومرگ و خاڵە سنورییەکان و پاشان گەندەڵیەکانی کەرتی وەبەرهێنان ...هتد.
بە گوێرەی داتاکان لە ساڵی ٢٠٠٣ هەتا ساڵی ٢٠٢٦ بڕی نزیکەی (٢ ترلیۆن دۆلار) زیان بەر عێراق کەوتووە بەهۆی گەندەڵییەوە. (٢٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دۆلار ) کە دەکاتە ( دوو هەزار ملیار دۆلار ) واتە (دوو سەد ملیۆن دەفتەر دۆلار ) بە زمانە سادەکەی بازاڕ !
بۆ نموونە:
١- بە گوێرەی (پرۆژە یاسای گێڕانەوەی پارە بە تاڵانبراوەکانی گەندەڵی) "مشروع قانون استرداد عائدات الفساد"، تەنها لە ساڵی ٢٠٠٣ هەتا ساڵی ٢٠٢١ ئەو پارانەی بە گەندەڵی لە کەرتی نەوتی عێراق براونەتە دەرەوە بە بڕی (١٥٠ مليار دۆلار ) ئەژمار دەکرێت.
لە ئێستادا لە (٢٠٠ ملیار دۆلار ) نزیک بۆتەوە.
٢- دۆسیەی گەندەڵی (الامانات الضريبية) لەلایەن (نور زهیر) كە بە دزی سەدە ناسراوە نزیکەی (٨ ترلیۆن دینار) = نزیکەی (٥ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ).
٣- گەندەڵی لە گرێبەستەکانی وەزارەتی پەروەردە (٩٠٠ ملیار دینار ) = نزیکەی (٦٠٠ ملیۆن دۆلار ).
٤- دۆسیەکانی گەندەڵی لە دەستەی وەبەرھێنان کە بە زیاتر لە (١٨ ترلیۆن دینار) مەزەندە دەکرێت = زیاتر لە (١٢ ملیار دۆلار ).
٥- دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەزارەتی کارەبا ( ١٦٨ ترلیۆن دینار ) = نزیکەی (١١٢ ملیار دۆلار ).
٦- دۆسێی گەندەڵی پارچە زەوییە نایابەکان (٩٠٠ ملیار دینار ) = نزیکەی (٦٠٠ ملیۆن دۆلار ).
٧- دۆسێی گەندەڵی پارچە زەوییە بازرگانییەکان ( یەک ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار ) = نزیکەی (٧٣٣ ملیۆن دۆلار ).
٨- گەندەڵی لە بواری زەوی و زار و موڵکەکانی دەوڵەت "عقارات واملاك الدولة" ( ٢١ ترليون دینار ) = نزیکەی (١٤ مليار دۆلار ).
٩- بە گوێرەی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی (٢٤٥٤٦ لە ٢٠٢٥/٩/٢٢) کۆمپانیای نەوتی (بصره) پاکتاوی حساباتی قەرزدار و خاوەن قەرزەکانی نەکردوە بۆ ساڵانی ڕابردوو هەتا ٢٠٢٢/١٢/٣١ کە بڕی (١١ ترلیۆن و ٧٨٣ مليار دینار) = نزیکەی (٧ ملیار و ٨٥٥ ملیۆن دۆلار ).
١٠- باجی کۆمپانیا بیانییەکان کە ساڵانێکە وەرنەگیراوە بە نزیکەی (٢٦ ترلیۆن دينار) = نزیکەی (١٧ ملیار و ٣٣٣ ملیۆن دۆلار ).
١١- بەهەدەردان و گەندەڵییەکانی وەزارەتی پیشەسازی نزیکەی (٢ ترلیۆن دینار)ە = نزیکەی (١ ملیار و ٣٣٣ ملیۆن دۆلار ).
١٢- ئەم بڕە پارانە هیچ ئەوەلیات و بەراییان نییە:
- ٣١ ترلیۆن دینار : سلف الاعتمادات المستندية = نزیکەی (٢٠ ملیار و ٦٦٦ ملیۆن دۆلار ).
- ١٥ مليار دینار : تنفيذ الخدمات والأعمال العامة = نزیکەی (١٠ ملیۆن دۆلار ).
- ٣٠ ملیار دینار : سلف مؤقتة = نزیکەی (٢٠ ملیۆن دۆلار ).
- ١٤١ مليار دینار : سلفة الإيفاد = نزیکەی (٩٤ ملیۆن دۆلار ).
- ٢٤ مليار دینار : سلف اللجان = نزیکەی (١٦ ملیۆن دۆلار ).
- ٢٢٦ مليار دینار : سلف الدفعة الأولى للمقاولين = نزیکەی (١٥١ ملیۆن دۆلار ).
- ٧ مليار دینار : سلف الدعاوى = زیاتر لە (٤ ملیۆن دۆلار ).
- ١١٣ مليار دینار : سلف الزواج = زیاتر لە (٧٥ ملیۆن دۆلار ).
- ٥ مليار دینار : نفقات النقل والأثاث = زیاتر لە (٣ ملیۆن دۆلار ).
- ١٥ مليار دینار : النفقات الدراسية للمنتسبين والموظفين = نزیکەی (١٠ ملیۆن دۆلار ).
هەموو ئەمانە و ملیارەھا دۆلار گەندەڵی لە وەزارەتەکەتانی بەرگری و ناوخۆ و دامەزراوەکانی دیکە لە عێراق...