درەو:
گۆڤاری "The Cradle" کە گۆڤارێکی دیجیتاڵیی هەواڵیی سەربەخۆیە و بارەگاکەی لە بەیروتی پایتەختی لوبنانە، لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی "واشنتۆن چۆن پێکهاتەی دەسەڵات لە عێراق دادەڕێژێتەوە"، باس لە وردەکاریی ئەو پرۆسەیە دەکات کە کۆمەڵێک لێکۆڵەری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI بەغدا و لە "کۆشکی حکومەت" لە ناوچەی سەوز بۆ ماوەی کاتژمێرێک لێکۆڵینەوەیان لە محەمەد شیاع سودانی کردووە، سەبارەت بەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، گوایە پارەی داوە بە مارک ساڤایا لە بەرامبەر دوورخستنەوەی نوری مالیکی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی و ئەو 30 کەسایەتییە سیاسییەى تر کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ ساڤایا کردووە، بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەیەکی سیاسیی فراوانتر و فشارخستنە سەر واشنتۆن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق.
.........
لە ٢٣ی حوزەیران، دیمەنی ئاسایشی باو لە ناوچەی سەوزی بەغدا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، لەو ڕۆژەدا دۆخەکە لە وریاییەکی ڕۆتینییەوە بەرەو دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشی چوو. دوو کۆپتەر کە پێدەچێت کۆپتەری هێرشبەری AH-64 Apache بن، لە شوێنی نیشتنەوەی واشنتۆن لە نزیک کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا نیشتنەوە. بڵاوبوونەوەیەکی نائاسایی ئەمریکی ڕوویدا، لەنێویاندا کارمەندانی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI، لە نزیک باڵیۆزخانە و بەرامبەر بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، هێزەکە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی شاندێکی ئەمریکی گەیشتووە. پاشان لێکۆڵەران بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش کە تابلۆی دیپلۆماسییان هەڵگرتبوو ڕۆیشتن، لە کاتێکدا گرووپێکی دیکە دەوری شوێنی نیشتنەوەکە و پردێکیان پاراست کە بەسەر کۆمەڵگەکەدا دەڕوانێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ڕەنگە ئەمە یەکەم جار بووبێت کە هێزێکی بیانیی تازە گەیشتوو بەرپرسیارێتیی ئەم شوێنە لە ئەستۆ بگرێت. پێدەچێت ئەم ڕێوشوێنە خۆپارێزییانە ڕەنگدانەوەی ترسیان بێت لەوەی شاندەکە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە نەکرێتە ئامانج.
دۆسیەی ساڤایا
تیمی FBI بە یاوەریی یەکە ئەمنییەکان بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلی جۆری SUV لە باڵیۆزخانەکەوە بەرەو کۆشکی حکومەت رۆیشتن.
دوای کۆبوونەوەیەک کە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاند، شاندەکە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەکە، کە دەکەوێتە هەمان بەشی ناوچەی سەوز و بە ڕێگایەک و بازنەیەک لە کۆشکەکە جیاکراوەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەردانەکەی لێکۆڵەران تایبەت بووە بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، هەروەها یەک دۆسیەی سیاسیی زۆر هەستیار، ئەویش مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ عێراق.
ساڤایا، بازرگانێکی عێراقی-ئەمریکییە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ترەمپدا هەیە و ئەزموونی دیپلۆماسیی نییە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 وەک نێردە دەستنیشانکرا، تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەم، ئیتر لەو پۆستەدا نەمابوو.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ساڤایا هەرگیز بە فەرمی نەبووەتە کارمەندی وەزارەتی دەرەوە و دوای دەستبەکاربوونی هیچ سەردانێکی فەرمیی بۆ عێراق نەکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێف بی ئای لێکۆڵینەوەی لە سودانی کردووە سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە ساڤایا پارەی عێراقی بۆ مەبەستی جیاجیا وەرگرتووە، لەنێو ئەو ئامانجانەی کە دەوترێن، هاندانی ترەمپ بووە بۆ ئەوەی بە ئاشکرا دژایەتیی گەڕانەوەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بکات، کە واشنتۆن بە ئاشکرا دژی کاندیدبوونی بوو.
سەرچاوە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە، لێکۆڵەران سەرنجیان لەسەر چۆنیەتیی ڕەوانەکردنی ئەو پارەیە بووە کە دراوە بە ساڤایا، لەگەڵ ئەو کەسایەتییە دیارانەی عێراق کە بەشداربوون و هەر لایەنێک لە بەرامبەردا چاوەڕوانی چی دەکات. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ساڤایا پارەی لە سودانی وەرگرتووە و ڕێککەوتنی لەگەڵ تا 30 بەرپرسی عێراقی کردووە.
باراک جڵەوی کارەکان دەگرێتە دەست
ئەو وردەکارییانەی لە لێکۆڵینەوەکەدا ئاشکرا بوون، ئەوە دەردەخەن کە ئەو پارەیەی گوایە دراوە، بەشێک بووە لە پڕۆژەیەکی سیاسیی فراوانتر. دەوترێت ساڤایا ئەرکی دروستکردنی لۆبییەکی نزیک لە ترەمپی پێسپێردراوە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر واشنتۆن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق.
بەڵام زێدان پێشتر پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی سەرۆکایەتی لە سوریا دروستکردبوو، کە دواتر بەرپرسیارێتیی دۆسیەی عێراقی لە ئەستۆ گرت. سەرچاوەکان دەڵێن باراک، زێدانی لە ئەرکە گوماناوییەکەی ساڤایا ئاگادارکردووەتەوە و پێی وتووە کە لایەنێکی عێراقی پشتگیری لەو هەوڵە دەکات.
ئەم ڕووداوە یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە دواتر چی روویدا. دوورخستنەوەی ساڤایا کاریگەریی واشنتۆنی لە بەغدا کەم نەکردەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە دۆسیەی عێراق گواسترایەوە بۆ بەرپرسێکی بەهێزتر کە دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆی بە ترەمپەوە هەبێت و ڕۆڵی زیاتری لە ڕۆژئاوای ئاسیادا هەبێت.
لە سەردەمی باراکدا، واشنتۆن دەستیکرد بە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی لە عێراق.
ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئەو پەراوێزەی مانۆڕكردن کە لەبەر دەمی لایەنە عێراقییەکاندا بوو کە خوویان بە دروستکردنی کەناڵی جیاوازی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆندا گرتبوو. مامەڵەکانی ساڤایا، پشتڕاستکرابێتەوە یان نا، ڕەنگدانەوەی سیستەمێکی ئاشنا بوو کە تێیدا گرووپە سیاسییەکان هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی پەیوەندییە کەسییەکان، لۆبیکردنی سیاسی و بەڵێنی کێبڕکێکارەوە کاریگەریی خۆیان بەهێز بکەن.
هاتنی باراک ئەم کەناڵانەی خستە ژێر کۆنترۆڵی نێردراوێکەوە کە دەسەڵاتی دانوستانی لەسەر چەندین پرسی ناوچەیی پێدراوە. سیاسەتمەدارانی عێراق هێشتا دەتوانن دانوستان بکەن، بەڵام واشنتۆن مەرجەکان دادەنێت و بڕیار دەدات کێ دەستی بە کۆشکی سپی بگات.