شیكاری: درەو
🔹 سەرکردەکانی 32 دەوڵەتی ئەندام بەشداری لە لووتکەیەی ناتۆدا دەكەن کە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوەدەچێت، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکراونەتەوە.
🔹 ئەم لووتکەیە ساڵێک دوای ئەوە دێت کە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکەدا، لە ژێر گوشاری ترەمپدا بەڵێنیان دابوو کە تا ساڵی 2035 بودجەی بەرگری و ئاسایشی خۆیان بۆ (5٪) ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان GDP) ) زیاد بکەن.
🔹 بەپێی ڕاپۆرتی خەرجییەکانی بەرگری وڵاتانی ناتۆ لە ماوەی (2014 – 2025) لە دوای ساڵی 2014 و دیاریکردنی بەدیهێنانی کەمترین ئاستی خەرجی بەرگری بە ڕێژەی (2%) لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)وڵاتانی ئەندامی ناتۆ گۆڕانکاری گەورەیان لە بودجە سەربازییەکانیاندا کردووە. تا ساڵی 2025، سەرجەم وڵاتانی ئەندام توانیویانە بەربەستی (2%) تێپەڕێنن، بە جۆرێک؛ وڵاتانی پێشەنگ و (سەروو 3.5%) بریتین لە:
- پۆڵەندا بە ڕێژەی 4.48% (44.3 ملیار دۆلار) لە پلەی یەکەمدایە.
- لیتوانیا بە ڕێژەی 4.00% (3.6 ملیار دۆلار) لە پلەی دووەمدایە.
- لاتیڤیا بە ڕێژەی 3.73% (1.6 ملیار دۆلار) لە پلەی سێیەمدایە.
بەڵام ڕێژەی بەشداریی ڕاستەوخۆی هەر وڵاتێک لە بودجەی مەدەنی و سەربازیی هاوبەشی (ناتۆدا) ئەمریکا بە (980 ملیار) دۆلار و ئەڵمانیا (93.7 ملیار) دۆلار و زۆرترین پشک پێشکەش دەکەن.
لەبری پێشەکی
چاوەکان ئەمڕۆ سێشەممە دەچنە سەر ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کە تێیدا لوتکەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەست پێدەکات و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لووتکەکە جەخت لەسەر زیادکردنی خەرجی و تواناکانی بەرگریی ئەوروپا و گرێدانی گرێبەستی گەورە بۆ کڕینی چەک دەکاتەوە، ئەمەش لە ژێر گوشارە توندەکانی ئەمریکادا بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەکی زیاتر لە دابەشکردنی بارگرانیی دارایی لە نێوان ئەندامانی هاوپەیمانییەکەدا.
بڕیارە سەرکردەکانی 32 دەوڵەتی ئەندام بگەنە ئەنقەرە بۆ بەشداریکردن لەم لووتکەیەی کە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوەدەچێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەوروپییەکان هەوڵێکی بێوچان دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تووڕەیە لە هەڵوێستی ئەوروپا سەبارەت بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
ئەم لووتکەیە ساڵێک دوای ئەوە دێت کە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکەدا، لە ژێر گوشاری ترەمپدا بەڵێنیان دابوو کە تا ساڵی 2035 بودجەی بەرگری و ئاسایشی خۆیان بۆ 5٪ ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان GDP) ) زیاد بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی خەرجییەکانی بەرگری وڵاتانی ناتۆ لە ماوەی (2014 – 2025) لە دوای ساڵی 2014 و دیاریکردنی بەدیهێنانی کەمترین ئاستی خەرجی بەرگری بە ڕێژەی (2%) لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)وڵاتانی ئەندامی ناتۆ گۆڕانکاری گەورەیان لە بودجە سەربازییەکانیاندا کردووە. تا ساڵی 2025، سەرجەم وڵاتانی ئەندام توانیویانە بەربەستی (2%) تێپەڕێنن، بە جۆرێک؛
1. وڵاتانی پێشەنگ (سەروو 3.5%):
- پۆڵەندا بە ڕێژەی 4.48% (44.3 ملیار دۆلار) لە پلەی یەکەمدایە.
- لیتوانیا بە ڕێژەی 4.00% (3.6 ملیار دۆلار) لە پلەی دووەمدایە.
- لاتیڤیا بە ڕێژەی 3.73% (1.6 ملیار دۆلار) لە پلەی سێیەمدایە.
2. وڵاتانی خاوەن خەرجی مامناوەند و بەرز (2.5% بۆ 3.5%):
- ئەستۆنیا (3.38%)،
- نەرویج (3.35%)،
- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (3.35% - بە بەهای 980 ملیار دۆلار)،
- دانمارک (3.22%)،
- یۆنان (2.85%)،
- فینلاند (2.77%)،
- سوید (2.51%).
3. وڵاتانی نزیک لە ئامانجی گشتی (2.01% بۆ 2.5%):
- هۆڵەندا (2.49%)،
- بەریتانیا (2.40% - بە بەهای 90.5 ملیار دۆلار)،
- تورکیا (2.33% - بە بەهای 32.5 ملیار دۆلار)،
- ڕۆمانیا (2.28%)،
- بولگاریا (2.06%)،
- هەنگاریا (2.06%)،
- فەڕەنسا (2.05%)،
- سلۆڤاکیا (2.04%)،
- کرواتیا (2.03%)،
- مۆنتینیگرۆ (2.03%)،
- سلۆڤینیا (2.02%)،
- ئەلبانیا (2.01%)،
- ئیتالیا (2.01%)،
- کەنەدا (2.01%).
4. وڵاتانی سەر هێڵی کەمینە (2.00%):
- پورتوگال، ئەڵمانیا (93.7 ملیار دۆلار)، مەکدۆنیای باکوور، بەلجیکا، کۆماری چیک، ئیسپانیا، و لۆکسمبۆرگ. سەرجەم ئەم وڵاتانە ڕێژەی (2.00%)ی GDPەکەیان تەرخانکردووە.
بەڵام ڕێژەی بەشداریی ڕاستەوخۆی هەر وڵاتێک لە بودجەی مەدەنی و سەربازیی هاوبەشی (ناتۆدا) ئەمریکا بە (980 ملیار) دۆلار و ئەڵمانیا (93.7 ملیار) دۆلار زۆرترین پشک پێشکەش دەکەن، وڵاتانی تر بەپێی قەبارەی ئابوورییان پشکی کەمتریان بەردەکەوێت.
بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە گرافیکەکە.
گرافیک

پڕچەککردن بۆ دڵنیاکردنەوەی ترەمپ
مارک ڕوتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، جەختی کردەوە کە وڵاتانی ئەوروپا بەڵێنەکانی خۆیان بە زیادکردنی بودجەی سەربازی و گرتنەبەری پێشەنگی بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لە بەرگریکردن لە کیشوەرەکەیان لە بەرامبەر ڕووسیادا جێبەجێ دەکەن.
ڕوتە لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دوای گەیشتنی بۆ ئەنقەرە لە دوێنێ دووشەممەدا و لە پێشوازیی دەستپێکردنی لووتکەکە، ڕایگەیاند کە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە لە کاتی لووتکەکەیاندا لە ئەنقەرە پەردە لەسەر گرێبەستی نوێی پڕچەککردن بە بەهای ملیارەها دۆلار لادەدەن، بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆیان بە بەڵێنە بەرگرییەکانیان بە سەرۆکی ئەمریکا پیشان بدەن.
ڕوتە زیادی کرد: "تەنها دوای یەک ساڵ، ئێمە لە ئێستاوە پێشکەوتنێکی چۆنایەتی دەبینین؛ هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و کەنەدا لە ئێستاوە نزیکەی 4% ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان لە بواری بەرگری و ئاسایشدا وەبەرهێنان دەکەن، و پلانگەلی ڕوون دەخەنە ڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی بەدیهێنانی ئامانجی کۆتایی".
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بابەتە "کۆششەکە وەردەگێڕێتە سەر 258 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی زیاتر لە هەردوو ساڵی 2025 و 2026 پێکەوە. ئێمە وەبەرهێنان لە ئاسایشی خۆماندا دەکەین و دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە ئەوەی پێویستمانە بۆ پاراستنی کۆمەڵگاکانمان لە ئەمڕۆ و بەیانیدا هەمانبێت، چونکە ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە ڕاستەقینەن، لەوانەش هەڕەشەی ڕووسیا".
ڕوتە جەختی کردەوە کە لە پاڵ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری وڵاتانی ئەوروپا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، ئێستا ئەوان بوونەتە "سەرمەشقی دابینکردنی پاڵپشتی بۆ ئۆکرانیا".
سەرکردە ئەوروپییەکان لە ناتۆدا هەوڵ دەدەن بەڵێنەکانیان لە بواری پڕچەککردندا بگۆڕن بۆ پابەندبوونی بەرجەستە، تا بتوانن دڵی سەرۆکی ئەمریکا نەرم بکەن کە نیگەرانە لەوەی دەوڵەتانی ئەوروپا سنووردارییان داناوە بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانیان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
پێشانگای پیشەسازییە بەرگرییەکان
بڕیارە کارەکانی لووتکەکە بە پێشانگا و کۆڕبەندێکی پیشەسازییە بەرگرییەکان دەست پێبکات کە ئەمڕۆ سێشەممە، پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکانی لووتکەکە بەڕێوەدەچێت. ئامانج لێی یارمەتیدانی هاوپەیمانانە بۆ گۆڕینی زیادبوونی خێرای بودجە سەربازییەکان بۆ توانای نوێ، کە تێیدا سەرکردەکان پەردە لەسەر گرێبەستی نوێی چەک لادەدەن کە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت بۆ سەلماندنی پابەندبوونیان بە بەڵێنەکانیان لەبەردەم ترەمپدا. دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەم بارودۆخەی بەم شێوەیە وەسف کرد: "ئێستا کاتی نمایشکردنە".
له چوارچێوەی ئەم هەوڵانەدا، کەنەدا دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاند کە کۆمپانیای ThyssenKrupp Marine Systems)) ی ئەڵمانیای هەڵبژاردووە بۆ دروستکردنی کەشتیگەلی نوێی ژێردەریاییەکانی لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکدا کە بەهایەکەی بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت، بە مەبەستی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بەرگرییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ناتۆدا.
گوشارەکانی ترەمپ و دۆسیەی ئێران
سەرۆکی ئەمریکا درەنگانی شەوی دووشەممە واشنتۆنی بەرەو لووتکەکە جێهێشت، کە تێیدا مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ (بەرگری) یاوەری دەکردن.
چەند ڕۆژێک پێش لووتکەکە، ترەمپ بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر هاوپەیمانان و خەرجییە بەرگرییەکانیانی بە "پێکەنیناوی" وەسف کرد. هەفتەی ڕابردوو لەسەر پلاتفۆرمی (Truth Social) ی خۆی نووسیبووی: "جێی پێکەنینە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم ڕێڕەوە تاکلایەنەیە بەردەوام بێت لە کاتێکدا پەیوەندییەکە دوولایەنە نییە. کاتێک پێویستمان پێیان بوو، ئەوان لە پاڵماندا نەوەستان".
سەرکردە ئەوروپییەکان هیوادارن خۆیان لە هەر پێکدادانێکی توند لەگەڵ ترەمپ بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی لێدانی متمانەی هاوپەیمانییەکە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەو چەندین جار گومانی لە ئەگەری بەردەوامبوونی واشنتۆن لە پابەندبوونی بە پاراستنی هاوپەیمانەکانی نیشان داوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکردە ئەوروپییەکان پشت بە پەیوەندییە باشەکانی ترەمپ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەو کەمپەینە دڵنەواییە دەبەستن کە مارک ڕوتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ سەرکردایەتی دەکات؛ سەرەڕای بوونی دۆسیەی ئاڵۆز کە ڕەنگە تووڕەیی ئەو هەڵبگیرسێنێت بەهۆی ناکۆکییەکانی ڕابردووی لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەدا، کە دوایینیان جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بوو.
لە هەوڵێکدا بۆ نیشاندانی ئارەزووی هاوکاری لە دۆسیەی ئێراندا، هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بە سەرکردایەتی فەرەنسا و بەریتانیا، نێردەیەکی دەریایی ئەگەرییان پێکهێناوە بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، و وڵاتانیش کەشتیی جەنگییان جووڵاندووە بۆ ئەوەی لە ناوچەکەوە نزیک بن. بەڵام دۆخەکە بە تەقینەوەیی دەمێنێتەوە، چونکە ئەوروپییەکان پێیان باشە چاوەڕێ بکەن تا کایەکانی ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران ڕوون دەبنەوە پێش ئەوەی پارچە دەریاییەکانیان ڕەوانە بکەن.
ڕاپۆرتەکان دەڵێن سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە هیوادارن سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی لووتکەکەدا ئاوازێکی ئاشتەواییانە بگرێتەبەر، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستیان کردووە بە قبوڵکردنی ئەو ڕاستییەی کە پاشەکشەی حەتمیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵیاندا هەیە و سەرنجی خۆی بەرەو ناوچەی زەریای هێمن و ناوچەکانی دیکە دەگۆڕێت.
واشنتۆن لەم دواییانەدا کەمکردنەوەی ئەو دارایی و توانا سەربازییانەی ڕاگەیاند کە دەخرێنە بەردەست سەرکردەکانی ناتۆ، و ئارەزووی خۆی دەربڕی کە هاوپەیمانان خۆیان دەستپێشخەریی بەرگریکردن لە کیشوەرەکە بگرنە دەست. چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ بدەن ئامادەیی خۆیان بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە بسەلمێنن، لە کاتێکدا بە توندی کار دەکەن بۆ هێشتنەوەی ترەمپ و سوپای ئەمریکا لە هاوپەیمانێتییەکەدا تا ئەو شوێنەی کە دەکرێت.
ئەنقەرە داوای هەژموونێکی گەورەتر دەکات
ئەنقەرە بارودۆخێکی نائاسایی بەخۆوە دەبینێت؛ لە لووتکەی چاوەڕوانکراوی ناتۆدا، تورکیا تەنها نایەوێت وڵاتێکی خانەخوێ بێت، بەڵکو داوای ڕۆڵێکی گەورەتر دەکات و هێزی خۆی و پیشەسازییە بەرگرییەکانی نمایش دەکات.
ئامادەکارییەکان لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە چڕوپڕی بەڕێوەدەچن. دوایین دەستکارییەکان لە کۆمەڵگەی سەربازیی گەورەی "ئای یڵدز" (مانگ و ئەستێرە) دەکرێت، کە بە "پێنتاگۆنی تورکیا" دەناسرێت و لەم دواییانەدا تەواو کراوە. ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکراونەتەوە؛ هاتوچۆی بارهەڵگرە قورسەکان و ئامێرەکانی بیناسازی قەدەغە کراون، هەروەها ڕێگری لە سازدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەش کراوە.
هەموو ئەو شتانەی کە دیمەنی شارەکە تێکدەدەن، شاردراونەتەوە؛ سەگە بەرەڵاکان کۆکراونەتەوە، سواڵکەرەکان دەرکراون، و بە درێژایی ئەو ڕێڕەوانەی سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکانی پێدا تێپەڕدەبن، پەرژین و بەربەست دانراون بۆ ئەوەی گەڕەکە هەژارنشینەکان نەبینرێن.
هەروەها هەواڵی ناخۆش هەیە بۆ ئەکادیمیستان، پارێزەران، سیاسییەکان، چالاکوانانی ژینگە، مامۆستایان و خانەنشینان، کە بەرلە دەستپێکردنی لووتکەکە بە تۆمەتی تێرۆر دەستگیرکراون؛ لە ئێستادا دەبێت زۆربەیان لەژێر دەستبەسەریدا بمێننەوە. لە ئەنقەرەدا دۆخێکی نائاسایی ڕاستەقینە فەرز دەکرێت تا کۆتاییهاتنی لووتکەکە لە 10ی تەممووزدا.
بۆ حکومەتی تورکیا، لووتکەی ناتۆ کە لە ڕۆژانی 7 و 8ی تەممووزدا بەڕێوەدەچێت، گرنگییەکی بێڕادەی هەیە؛ چونکە ئەنقەرە دەیەوێت ئەم سەکۆیە بقۆزێتەوە بۆ تیشکخستنە سەر ڕۆڵە ستراتیژییەکەی لە ناو هاوپەیمانیی ناتۆدا. لە جیهانێکدا کە تادێت ئاڵۆزییەکانی زیاتر دەبن، تورکیا چیتر تەنها وەک پارێزەرێکی باڵی باشووری ڕۆژهەڵاتی ناتۆ سەیری خۆی ناکات، بەڵکو وەک دەوڵەتێک دەیەوێت بەشێوەیەکی کاریگەر بەشدار بێت لە داڕشتنی پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەمنیدا.
سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکەش بایەخی تورکیا بە بەرز دەنرخێنێت. مارک ڕوتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی تورکیا، ستایشی هێز و ڕاهێنانی باشی سوپای تورکیا و پیشەسازیی بەرگریی تورکیای کرد کە بە خێرایی گەشە دەکات.
ئەنقەرە لە ناتۆدا بەدوای چەقی هێزدا دەگەڕێت
تورکیا لە کاتی پەیوەندیکردنی بە هاوپەیمانییەکەوە لە ساڵی 1952دا، وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لە بەرگریی ناتۆدا دادەنرێت. لە ساڵانی ڕابردووشدا، هەوڵ دەدات وەک نێوەندگیرێک لە قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا دەربکەوێت، وەک شەڕی ئۆکرانیا و گرژییەکانی دەوروبەری ئێران. ئەنقەرە هەوڵ دەدات خۆی وەک ئەکتەرێکی پێویست نیشان بدات کە گرنگییەکەی لە پێگەی جوگرافییەکەی تێدەپەڕێت.
ئەمەش لەپاڵ هەبوونی دۆخی نادڵنیایی سەبارەت بە ڕۆڵی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دێت. گفتوگۆ بەردەوامەکان لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بۆ ئەوروپا، بووە هۆی سەرهەڵدانی مشتومڕێک لەسەر زیادکردنی سەربەخۆیی نێوخۆیی لە چەندین وڵاتی ناتۆدا؛ ئەنقەرەش ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ فراوانکردنی هەژموونی سیاسیی خۆی لەناو هاوپەیمانییەکەدا.
ئەنقەرە بە بایەخەوە چاودێریی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەکات، هاوشانی چاودێریکردنی گفتوگۆکان لەسەر سەربەخۆیی زیاتری ئەوروپا لە بواری بەرگریدا. ئەگەر پێویست بێت ئەوروپا ناسنامەی ئەمنی و بەرگریی تایبەت بە خۆی پەرە پێبدات، ئەوا نابێت کێبڕکێی هاوپەیمانییەکە بکات، بەڵکو دەبێت تەواوکەری بێت.
لە هەمان کاتدا، هۆشداری دەدرێت لە دوورخستنەوەی هاوپەیمانە گرنگەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا. بۆ ئەوەی مۆدێلێکی لەو شێوەیە شیاوی جێبەجێکردن بێت، دەبێت هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاش بگرێتەوە، کە بە دیاریکراوی مەبەست لێی وڵاتانی تورکیا، بەریتانیا و نەرویژە.
بۆچی تورکیا بۆ هاوپەیمانیی ناتۆ گرنگە؟
تورکیا لە سەردەمی شەڕی سارددا پەیوەندی بە ناتۆوە کرد. ئەم هاوبەشییە لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ هەردوولا بەسوود بوو؛ هاوپەیمانییەکە هاوپەیمانێکی گرنگی لەسەر سنووری باشووری یەکێتیی سۆڤیەت بەدەستهێنا، لە بەرامبەریشدا ئەنقەرە گەرەنتی ئەمنی لە ناتۆ وەرگرت.
تورکیا تا ئەمڕۆش خاوەنی پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی تایبەتە. دەکەوێتە سەر ڕێڕەوی بەیەکگەیشتنی ئەوروپا، ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و هاوسنوورە لەگەڵ چەندین ناوچەی قەیراناویدا. حوسێن دێریۆز، جێگری پێشووی ئەمینداری گشتیی ناتۆ دەڵێت: "لەبەر ئەوە تورکیا نەک تەنها لەسەر ئاستی سەربازی، بەڵکو لە بوارەکانی وزە، ئابووری و سیاسەتی ئەمنیشدا بایەخێکی بێڕادەی بۆ ناتۆ هەیە". ئەو دەنووسێت کە هەر لەبەر ئەم هۆکارەش گرنگییەکەی بە بێ پچڕان بەردەوام دەبێت.
جگە لەوەش، تورکیا لە پێگەیەکی ستراتیژی ناوازەی دیکە بەهرەمەندە؛ بەو پێیەی دەڕوانێتە سەر هەردوو گەرووەکەی نێوان دەریای ئیجە و دەریای ڕەش و بەپێی ڕێککەوتننامەی مۆنترۆ کۆنترۆڵیان دەکات، بەمەش ئامرازێکی گرنگی بەدەستەوەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی سەربازی لە ناوچەکەدا.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەبوونی خۆی لە لووتکەکەی ئەنقەرە پشتڕاستکردووەتەوە و جەختی زۆری لەسەر پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ ئەردۆغانی "دۆستی" کردووەتەوە.
نمایشکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئەنقەرە
ئەوە زانراوە کە ئەنقەرە دەیەوێت خەرجییە بەرگرییەکانی تا کۆتایی ساڵی 2030 بۆ 5٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکات. تورکیا لە ئێستادا خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لەناو ناتۆدا لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەکانی ئاشتی نێودەوڵەتی SIPRI))، خەرجییە سەربازییەکانی تورکیا لەم دواییانەدا بە ڕێژەی 7.2٪ لە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوودا زیادی کردووە و 30 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە، ئەمەش تورکیا دەخاتە ڕیزبەندی 18هەمینی جیهان لە ڕووی خەرجییە سەربازییەکانەوە.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەنقەرە بریتییە لە نمایشکردنی تواناکانی پیشەسازییە بەرگرییەکانی. چاودێران پێیان وایە کە ناتۆ لە داهاتوودا تەنها پشت بە هێزە سەربازییەکەی نابەستێت، بەڵکو پشت بە تواناکانی بەرهەمهێنان، داهێنانە تەکنەلۆژییەکان و زنجیرەکانی دابینکردنی پارێزراویش دەبەستێت.
بنیاتنراو لەسەر ئەمە، بۆ یەکەمجار کۆڕبەندی پیشەسازییە بەرگرییەکان وەک بەشێکی فەرمی لە بەرنامەی لووتکەی ناتۆدا بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا لە ڕابردوودا وەک چالاکییەکی پەراوێزی ڕێکدەخرا. چاوەڕوان دەکرێت لەم کۆڕبەندەدا چەندین ڕێککەوتننامە لە نێوان هاوبەشانی هاوپەیمانییەکەدا واژۆ بکرێت. سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکەش ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە؛ ڕوتە ڕایگەیاند کە تورکیا وڵاتێکی گرنگە بەهۆی هەبوونی نزیکەی سێ هەزار کۆمپانیای بواری بەرگری لەو وڵاتەدا.
سەرچاوەکان:
- الجزیرة، قمة أنقرة.. ملفات شائكة أمام قادة الناتو ومساع لطمأنة ترمب، :7/7/2026
https://shorturl.at/fLy0C
- إلماز توبتشو | جولسن سولاكر، قبيل قمة الناتو.. أنقرة تستعرض قوتها وتطالب بنفوذ أكبر، 2026/7/7:
https://shorturl.at/rQpmi
- الجزیرة، بين لهيب الميدان وضغوط التفاوض.. هل ترسم قمة أنقرة منعرجا لحرب أوكرانيا؟ :6/7/2026
https://shorturl.at/nPy4l
- الأناضول، أنقرة عشية قمة الناتو: جيشنا من أقوى الضمانات للأمن الإقليمي والعالمي، تحديث: 07 يوليو 2026:
https://shorturl.at/zKCqt
- Ertugrul Gazi Celik, Defense spending as a share of GDP among NATO member countries, Update: 07 July 2026;
https://aa.com.tr/en/info/infographic/52836
