سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

بۆچی هێزە کوردییەکانی ئێران لە دەرەوەی شەڕی ئەمریکا-ئێران مانەوە؟

دیمەنی سیاسیی کوردی ئێرانی بە بەڕادەیەکی زۆر پارچەپارچەیە، و دابەشبووە بەسەر چەندین حیزبدا کە لە ڕووی ئایدۆلۆژیا، بنکە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکانیانەوە جیاوازن، بژاردەی کوردی تەنیا بەهۆی هەڵوێستی تارانەوە پەکینەکەوت، بەڵکو لە ئەنقەرە و هەولێریشەوە هەرەسی هێنا.

بڵاوکراوەتەوە لە : 31 ئایار 2026

بۆچی هێزە کوردییەکانی ئێران لە دەرەوەی شەڕی ئەمریکا-ئێران مانەوە؟

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

درەو:

✍️ ئەلێکس ڤاتانکا/ بەڕێوبەری دامەزرێنەری بەرنامەی ئێران لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پسپۆڕ لە کاروباری ئاسایشی هەرێمی.

🔹 بنیامین نەتانیاهۆ پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، نزیکەی کاتژمێرێک لە واشنتۆن مایەوە بۆ فشارکردن لەسەر دۆناڵد ترەمپ تا پاڵ بەو بیرۆکەیەوە بنێت؛ کە گروپە کوردییەکانی ئێران دەکرێت ببنە ئەو هێزە پاڵنەرەی ڕژێمی ئێران بەرەو ڕووخان دەبات.

🔹 لە ماوەی هەفتەیەکدا دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، ترەمپ پلانەکەی هەڵوەشاندەوە و بەرەی کوردی هەرگیز پێکنەهێنرا.

🔹 کردنەوەی دەرگای هەرێمی کوردستان بۆ ئۆپەراسیۆنە فرە سنوورەکان دژی ئێران، مەترسیی وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆی لێدەکەوێتەوە و ڕەنگە ناوچەکەی کێش بکردایە بۆ ناو شەڕێکی بەرفراوانتر، کە ئەمەش باجێک بوو وا دەردەکەوت سەرکردە کوردەکان ئامادەی دانی نەبن.

🔹 ئەم هەڵوێستانەی کورد ڕەنگدانەوەی یادەوەرییەکی مێژوویی قووڵتر بوون، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناو دیمەنی سیاسیی کوردیدا هاوبەشە. ئەکتەرە کوردەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا، چەندین جار، لەرزۆکیی گرەوکردن لەسەر پاڵپشتی هێزە زلهێزەکانیان تاقیکردووەتەوە.

🔹 دیمەنی سیاسیی کوردی ئێرانی بە بەڕادەیەکی زۆر پارچەپارچەیە، و دابەشبووە بەسەر چەندین حیزبدا کە لە ڕووی ئایدۆلۆژیا، بنکە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکانیانەوە جیاوازن.

🔹 بەرەی کوردی پێکنەهات چونکە لە بنەڕەتدا قابیلی پێکهاتن نەبوو. گروپەکان دابەشبوون، ناوچەکە ڕەتیکەرەوەیە، و بەتواناترین ئەکتەر لە سەرەتاوە دوورخرایەوە، لە کاتێکدا خودی کوردەکانیش ڕەتیانکردەوە کە بەپێی مەرجەکانی کەسانی تر پەلکێشی ناو بابەتەکە بکرێن.

🔹بژاردەی کوردی تەنیا بەهۆی هەڵوێستی تارانەوە پەکینەکەوت، بەڵکو لە ئەنقەرە و هەولێریشەوە هەرەسی هێنا.

🔹ئەم بابەتە خوێندنەوەیەک لەسەر هۆکارەکانی پەککەوتنی بژاردەی کوردی پێشکەش دەکات لە دوای شەڕی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، و نیشانی دەدات چۆن گرەوە ئەمریکییەکە بە خێرایی هەرەسی هێنا.

🔹 چۆن یادەوەریی مێژوویی کوردەکان بەشداربوو لە دروستکردنی گومان بەرامبەر بە بەڵێنەکانی ترەمپ؟ و بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕەتیکردەوە خاکەکەی بگۆڕێت بۆ سەکۆیەک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان دژی تاران؟

 

 

سەرەتا

له‌ هه‌فته‌كانی یه‌كه‌می دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، ڕووداوێکی نائاسایی لە پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر ڕوویدا. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە نوێنەرانی لایەنە کوردییەکانی ئێران بڕێکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی جۆری چوارپێدەری توندڕۆ (دەفع ڕوباعی - 4WD)یان کڕیوە. ئەم لایەنانە کادیرەکانی خۆیان لە ئەوروپا، ئوسترالیا و کەنەداوە بانگهێشت کردەوە، و جموجۆڵ بە درێژایی سنوورەکان چڕ بووەوە. بەپێی سەرچاوە فرەچەشنەکان، بە هەندێک لەم لایەنانە ڕاگەیەندرابوو کە لە چرکەساتی دەرچوونی گڵۆپی سەوز لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، دەبێت لە ماوەی 72 کاتژمێردا چاوەڕێی فەرمانی جووڵەکردن بن.

پلانەکە وەک چۆن داڕێژرابوو، بەپێی دەقێکی ئاشنا و باو بەڕێوەچوو: "هێزی ئاسمانی لە سەرەوە، و ڕاپەڕینی چەکداری لە خوارەوە". بنیامین نەتانیاهۆ نزیکەی کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەی خۆی لە واشنتۆن پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، فشاری لەسەر دۆناڵد ترەمپ دروست دەکرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە؛ بەو بەڵگەیەی کە گروپە کوردییەکانی ئێران، لە ڕێگەی دەستپێکردنی جووڵەکانیان لە بنکەکانیان لە باکووری عێراقەوە، دەکرێت ببنە ئەو هێزە پاڵنەرەی کە ڕژێمی ئێران بەرەو ڕووخان دەبات. ترەمپ لەسەر ئەمە ڕازی بوو، و بە شێوەیەکی بێدەنگ، پاڵپشتییەکی دارایی سنوورداری ئەمریکی بۆ ئامادەکارییەکان دابینکرا. بە لایەنەکانیش بەڵێنی گواستنەوەی چەکی بەرفراوانتر درابوو. پێشبینییەکە، لانی کەم لە لایەن هەندێک لە گروپە پەیوەندیدارەکانەوە، بەو شێوازە بوو کە ئەم لایەنانە بچنە ناو شارۆچکە کوردییەکانی ڕۆژئاوای ئێرانەوە، هاوکات لەو کاتەی فڕۆکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان کار بۆ پەکخستنی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکەن، و پێشڕەوییەکانی ئەوانیش ببێتە هۆی داگیرساندنی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرفراوانتر لە سەرانسەری وڵاتدا.

بەڵام هیچ کام لەم سیناریۆیانە ڕوویان نەدا. لە ماوەی یەک هەفتەدا دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، ترەمپ پلانەکەی هەڵوەشاندەوە و بەرەی کوردی هەرگیز پێکنەهێنرا. ئەم سەرنەکەوتنە یەکێک لە ڕوونترین پەنجەرەکان تا ئێستا پێشان دەدات سەبارەت بە سنوورداربوونی فشارە دەرەکییەکان لەسەر ئێران، و سەبارەت بە توانای خۆڕاگریی کۆماری ئیسلامی، کە توانایەکی بنیاتییە (پێکهاتەیی) و تەنیا سەربازی نییە.

 

لە دایکبوونی پلانێکی شکستخواردوو

پێکهاتەی بژاردەی کوردی هەر لە سەرەتاوە خاڵێکی لاوازی کوشندەی لەخۆ گرتبوو، چونکە زۆرێک لە ئەکتەرە هەرێمییەکان کە بۆ سەرخستنی پلانەکە پێویست بوون، دوودڵییەکی زۆریان پێشاندەدا. ڕاپۆرتەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا ئاماژەیان بەوە دەکرد کە بەرپرسانی ئەمریکی تاوتوێی هاوکارییان لەگەڵ لایەنە کوردییە چەکدارەکانی ئێراندا کردووە وەک بەشێک لە فشارێکی بەرفراوانتر لەسەر تاران. بەڵام تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لە لێکەوتەکانی بەهێزکردنی چەکدارە کوردییەکانی ئێران دەترسان. ئەنقەرە تەماشای گروپەکانی وەک "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک (PJAK)"ی دەکرد وەک هەڕەشەیەکی جوداخوازی کە بە "پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە  (PKK)"ەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی کورد لە عێراق دەترسان کە پشتگیریی ئاشکرا بۆ ئۆپەراسیۆنە فرە سنوورەکان ببێتە هۆی ڕاکێشانی وەڵامدانەوەیەکی توندی ئێران. هەروەها شیکەرەوان و بەرپرسانی پێشوو گومانیان هەبوو لە توانای پڕچەککردنی گروپە کوردییە پەڕتەوازەکان بۆ هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینێکی بەرفراوانتر لە ناوخۆی ئێراندا.

دوورخستنەوەی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاک) خۆی لە خۆیدا ڕاستییەکی ڕوونکەرەوە بوو. تورکیا ئەم گروپە بە هاوپەیمانێکی نزیک و بەستراوە بە "پەکەکە" دەزانێت، و لەم سۆنگەیەوە وەک مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی تەماشای دەکات. بەشدارپێکردنی ئەم گروپە پێشبینی ئەوەی لێدەکرا کە دەستبەجێ ناڕەزایەتیی ئەنقەرەی لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی کە ئەو گروپە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک خاوەن بە ئەزموونترین لایەنی سەربازی لە نێوان لایەنە کوردییەکانی ئێراندا دادەنرا، ئەوەش بەهۆی خاوەندارێتی لە چەندین ساڵ ئەزموونی ئۆپەراسیۆنی کە بە تۆڕە کوردییە چەکدارەکان لە عێراق و سووریاوە بەستراوەتەوە. بەڵام دوورخستنەوەی ئەم گروپە هاوکات سنوورداربوونی ستراتیژیەتە بەرفراوانەکەشی ئاشکرا کرد؛ چونکە زۆرێک لە شیکەرەوان و بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا پرسیاری ئەوەیان دەوروژاند ئایا گروپە کوردییەکانی تری ئێران توانای سەربازی یان پێگەی سیاسیی پێویستیان هەیە بۆ شڵەژاندنی دەوڵەتی ئێران بە شێوازێکی جدی؟

دواتر گۆڕانکارییەکی ڕوون لە تۆنی دەنگی واشنتۆندا دەرکەوت. دوای چەند ڕۆژێک لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی جۆرێک لە ڕۆڵی کورد دەکەن دژی ئێران، ترەمپ لەناکاو خۆی لە بیرۆکەکە بەدوور گرت. لە قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا لە ٨ی ئازاردا، ڕایگەیاند کە ئەو نایەوێت شەڕکەرانی کورد بچنە ناو ئێرانەوە، و ململانێیەکەی بەوە وەسف کرد کە "بەم شێوەیەی ئێستا هەیە بە تەواوی ئاڵۆزە"، و هۆشدارییدا لەوەی کە نایەوێت کوردەکان ڕووبەڕووی "ئازار یان کوشتن" ببنەوە. ئەم پاشەکشەیە ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی بەرگریی هەرێمی بوو بەرامبەر بە بیرۆکەکە، بەتایبەتی لەلایەن تورکیاوە کە هەر جۆرە بەهێزکردنێکی لایەنە کوردییە چەکدارەکانی لە نزیک سنوورەکانی خۆی وەک هەڕەشەیەکی ئەمنیی ڕاستەوخۆ دەبینی.

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراقیش بایەخێکی ئەوتۆی پێشان نەدا بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران. لە ڕوانگەی سەرکردایەتیی هەرێمەوە، مەترسییەکان تەواو ڕوون بوون. هەرێمی کوردستان پەیوەندیی قوڵی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لەگەڵ تاراندا دەپارێزێت، هاوکات ئێران چەندین جار ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ لێدانی ئامانجەکان لە ناوخۆی خاکی کوردستاندا کاتێک هەست بە هەڕەشە دەکات بە درێژایی سنوورەکان. کردنەوەی دەرگای هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنە فرە سنوورەکان دژی ئێران، مەترسیی وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی لێدەکەوتەوە و ڕەنگە ناوچەکەی کێش بکردبایە بۆ ناو شەڕێکی بەرفراوانتر، کە ئەمەش باجێک بوو وا دەردەکەوت سەرکردە کوردەکان ئامادەی دانی نەبن. بۆیە بژاردەی کوردی تەنیا بەهۆی هەڵوێستی تارانەوە پەکینەکەوت، بەڵکو لە ئەنقەرە و هەولێریشەوە هەرەسی هێنا.

 

ڕەتکردنەوەی کوردیی حیساب بۆکراو

ڕەنگە دوودڵیی واشنتۆن قورسایی خۆی هەبووبێت، بەڵام کاریگەریترین هۆکار بریتی بوو لە پارێزکاریی خودی کوردەکان. لایەنە کوردییەکانی ئێران خۆیان وەک بریکارێک پێشان نەدا کە چاوەڕێی چرکەساتی بەگەڕخستن بن. لە چاوپێکەوتنەکاندا لەگەڵ میدیا هەرێمییەکان لە کاتی شەڕەکەدا، ڕێبوار ئەبدانان، وتەبێژی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاک)، ئەوەی ڕەتکردەوە کە گروپەکەیان هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی دارایی یان چەکی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە پێگەیشتبێت. بەڵام گرنگتر لەوە، ئەو لۆژیکە بوو کە لە پشت هەڵوێستی پارتەکەوە وەستابوو.

ئەبدانان پێی وابوو کە ئەزموونی هێزە کوردییەکان لە سووریا، کە تێیدا هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی هەڵمەتی دژ بە ڕێکخراوی "داعش"دا شوێنی خۆی چۆڵکرد بۆ ترسێکی قووڵی کوردی لە پشتگوێخستن و تەنیا جێهێشتن، گومانێکی بەرفراوانی لە لایەن گروپە کوردییەکانی ئێراندا دروستکردووە سەبارەت بە بەستنەوەی چارەنووسیان بە واشنتۆنەوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە "پژاک" نیازی نییە بگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل.

سەرکردە کوردییەکانی تریش بە هەمان شێوە هەڵوێستی وریایانەیان دەربڕی. ڕەزا کەعبی، سەرکردەیەکی دیار لە حزبی "کۆمەڵە"ی کرێکاران، لە کاتی ململانێکاندا ڕایگەیاند کە لایەنە کوردییەکان ناتوانن بچنە ناو شەڕەکەوە مەگەر کاتێک دڵنیا ببنەوە کە ڕاپەڕینێکی نیشتمانیی گشتگیر دژی حکومەتی ئێران دەستیپێکردووە. ئەو پێی وابوو لە غیابی بەشدارییەکی بەرفراوانتری ئێرانییەکاندا، دەستوەردانی چەکداریی کوردی کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە پاڵپشتی بکرێت، مەترسیی گۆشەگیری، تۆڵەسەندنەوەی توند و سەرنەکەوتنی ستراتیژیی لێدەکەوێتەوە.

لەلایەکی ترەوە، مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی "حیزبی دێموکراتی کوردستان-ئێران"، ئیدیعاکانی ترەمپی سەبارەت بە گواستنەوەی چەک ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە سنوورەکانی ئێران-عێراق، بەهۆی ئەو سەربازیکردنە چڕەی کە بەخۆیەوە دەیبینێت، ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە ئاستی مەحاڵدا نزیک دەکاتەوە. ئەو هۆشدارییدا کە تۆمەتگەلێکی لەو شێوەیە ڕەنگە بیانوو بداتە دەست تاران بۆ وەشاندنی هێرشی زیاتر بۆ سەر گروپە کوردییەکان. لە ئاستێکی قووڵتریشدا، ئەو پێی وابوو کە بزووتنەوەی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و کوردستاندا لە کرۆکدا بزووتنەوەیەکی مەدەنی و سیاسییە، نەک بزووتنەوەیەکی سەربازی. ئەوەی گەلی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستییەتی، پاڵپشتی سیاسی و دیپلۆماسییە، نەک چەک.

ئەم هەڵوێستانە ڕەنگدانەوەی یادەوەرییەکی مێژوویی قووڵتر بوون، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناو دیمەنی سیاسیی کوردیدا هاوبەشە. ئەکتەرە کوردەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا، چەندین جار، لەرزۆکیی گرەوکردن لەسەر پاڵپشتی هێزە زلهێزەکانیان تاقیکردووەتەوە؛ چونکە ماوەکانی هاوبەشی، هەمیشە گۆڕانکاریی لەناکاوی لە سیاسەتەکاندا بەدوادادێت کاتێک ئەولەویەتە جیۆپۆلەتیکییە بەرفراوانەکان دەگۆڕێن. لە عێراقی حەفتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا سووریای ساڵانی ئەم دواییانە، زۆرێک لە گروپە کوردییەکان لەم ئەزموونانەوە بە گومانێکی قووڵەوە دەرچوون بەرامبەر بە پشتبەستنی زیاد لە پێویست بە هێزە دەرەکییەکان.

ئەم گومانە لە ماوەی شەڕەکەدا تەواو ڕوون بوو. کەسانێک لە باڵی کۆمۆنیستی لە "کۆمەڵە" بە شێوەیەکی ئاشکرا مشتومڕی ئەوەیان دەکرد کە بزووتنەوە کوردییەکان نابێت داهاتووی خۆیان بە ئەجێندای هەرێمیی واشنتۆنەوە ببەستنەوە، و هۆشدارییان دا کە ئەزموونی چەندین دەیە پێشانی داوە پاڵپشتی دەرەکی چەندە بە ئاسانی بەهەڵم دەبێت کاتێک حیساباتە ستراتیژییەکان دەگۆڕێن. ئەوان هەروەها وەرگرتنی چەک یان پاڵپشتی داراییان ڕەتکردەوە، و پڕۆژە بەرفراوانەکەیان وەک ڕێڕەوێک پێشاندا کە مەترسیی خزمەتکردنی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لێدەکەوێتەوە لەسەر حیسابی کورد خۆی.

 

بەرەیەکی درزبردوو

تەنانەت ئەگەر سەرکردە کوردەکان ئامادەییەکی زیاتریشیان پێشانبدابایە، گەیشتن بە یەکڕیزی هێشتا کارێکی ئەستەم دەبوو. دیمەنی سیاسیی کوردی ئێرانی بە توندی پارچەپارچەیە، و دابەشبووە بەسەر چەندین حیزبدا کە لە ڕووی ئایدۆلۆژیا، بنکە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکانیانەوە جیاوازن. لەو ڕۆژانەی کە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە کەوتن، پێنج لایەن پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێیان بە ناوی "هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" ڕاگەیاند، کە پێکهاتبوو لە "حیزبی دێموکراتی کوردستان-ئێران"، "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاک)، باڵی سەرەکەی "کۆمەڵە"، "پارتی ئازادیی کوردستان" (پاک - PAK)، و "ڕێکخراوی خەبات". بەڵام لایەنی شەشەم کە "حیزبی کۆمەڵە" بوو بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵا موهتەدی، لە سەرەتادا ڕەتیکردەوە بچێتە ناو هاوپەیمانییەکەوە بەهۆی گومانەکانی لە توانای بەردەوامبوونی هاوپەیمانییەکە، بەڵام دوای دە ڕۆژ لە هەڵوێستەکەی پاشەکشەی کرد.

هاوپەیمانییەکە لەسەر کاغەز بوونی هەبوو، بەڵام لە ڕووی ئۆپەراسیۆنییەوە لەرزۆک دیار بوو. هەندێک لە لایەنەکان گومانیان لە سوودی کاری چەکداری هەبوو لە بنەڕەتدا. لایەنەکانی تریش مەرجی گرەنتیگەلێکیان دانابوو بۆ بەشداریکردن کە هەرگیز نەهاتنە بەرهەم، لەوانە: سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین بەسەر کوردستانی ئێراندا، دابینکردنی پاڵپشتی ئاسمانی بەردەوامی ئەمریکی، و پێشکەشکردنی دڵنیایی لەوەی کە واشنتۆن لە نیوەی ڕێگەی هەڵمەتەکەدا پشتیان تێنەکات. حیساباتی سەربازیش جێگەی ناکۆکی نەبوو؛ چونکە بە دوورخستنەوەی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاک) لەژێر فشاری تورکیادا، هاوپەیمانییەکە بەهێزترین پێکهاتەی خۆی لە ڕووی ئەزموونی شەڕکەرییەوە لەدەستدا. ئەوەی مایەوە، زیاتر بەرەیەکی سیاسی بوو نەک هێزێکی ڕاستەقینە کە بتوانێت بەرەیەکی دووەم دژی "سوپای پاسداران"ی ئێران بکاتەوە.

ئێران چاوەڕێی نەکرد تاوەکو بابەتەکە تاقی بکاتەوە. لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕەکەدا، "سوپای پاسداران" هێرشی پێشوەختەی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکەوە بۆ سەر پێگەکانی چەکدارە کوردەکان لە باکووری عێراق ئەنجامدا، و ئەو بنکانەی کردە ئامانج کە بە "کۆمەڵە" و لایەنەکانی ترەوە بەستراونەتەوە. بەیاننامەیەک کە لەلایەن فەرماندەیی بنکەی "حەمزەی سەیدولشوهەدا"وە دەرچوو، ڕایگەیاند کە دەستیان بەسەر "بارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنی ئەمریکی"دا گرتووە کە بەرەو سنوورەکانی ئێران لە نزیک بانە لە پارێزگای کوردستان دەگوازرایەوە، و هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری زیاتری کرد دژی "گروپە تێرۆریستییە دژە شۆڕشەکان کە بە ناوی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە کار دەکەن". لە ڕۆژی دواتریدا، شەپۆلێکی دووەمی هێرشەکان بەدوای خۆیدا هێنا کە بە سێ مووچەک پێگەکانی "کۆمەڵە"یان پێکا.

چ ئیدیعاکانی پەیوەست بە چەکەکە ڕاست بن یان نا – کە حیزبە کوردییەکان بە شێوەیەکی بڕاوە ڕەتیانکردەوە – کاریگەرییە ئۆپەراسیۆنییەکە تەواو ڕوون بوو. گروپە کوردییەکان خرانە دۆخی بەرگرییەوە پێش ئەوەی هیچ جووڵەیەکی هەماهەنگکراو گەڵاڵە ببێت، و ئازادیی جووڵەیان بەرتەسک بووەوە. پەنجەرەی "سیناریۆی ٧٢ کاتژمێرەکە"ش، ئەگەر لە بنەڕەتدا واقیعی بووبێت، بە خێرایی داخرا. تاران لەسەر ئاستی گێڕانەوە و میدیاشدا جووڵا؛ بەرپرسانی ئێرانی ئەو چوارچێوە باوەیان گەورە کردەوە کە دەڵێت هێزە دەرەکییەکان دابەشبوونی نەتەوەیی بەکاردەهێنن بۆ شڵەژاندنی سەقامگیریی وڵات، ئەمەش پەیامێک بوو کە هێندەی ئاڕاستەی دەرەوە کرابوو، ئاڕاستەی ناوخۆش کرابوو. ئەمە ستراتیژیەتێک بوو خاوەن مێژوویەکی درێژ، کە هەڕەشە سەربازییە دەرەکییەکان بە فیکرەی یەکڕیزی نیشتمانییەوە دەبەستێتەوە بە شێوازێک کە لە هێڵە نەتەوەییەکان تێپەڕ دەبێت.

ئەم شێوازە بەشێکی سەرکەوتوو دەبێت چونکە ئەو گریمانانەی کە بژاردەی کوردی لەسەر بنیات نرابوو، هەر لە سەرەتاوە، زیاتر گەشبینانە بوون لەوەی کە بەڵگەکان ڕێگەی پێدەدەن. یەکێک لەو داینامیکانەی کە کەمترین حیسابی بۆ دەکرا لە مشتومڕەکانی تایبەت بە لەرزۆکیی ناوخۆی ئێران، ئەوە بوو کە فشارە دەرەکییەکان ڕەنگە ئەنجامێکی پێچەوانە بدەن بەدەستەوە لەوەی کە مەبەستە. بۆ زۆرێک لە ئێرانییەکان، بەوانەشەوە کە دوژمنایەتییەکی قووڵیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیە، ئەگەری ڕاپەڕینێکی پاڵپشتیکراو لەلایەن دەرەوە و پارچەپارچەبوونی خاک، پەرچەکرداری نەتەوەیی (قەومی) بەخەبەر دەهێنێتەوە کە ڕژێم دەزانێت چۆن بیوروژێنێت. گواستنەوە لە ناڕەزایەتییەوە بۆ جوداخوازیی چەکداری، یان تەنانەت تەنیا دەرکەوتن لە وێنەی هاوپەیمان لەگەڵ هەڵمەتێکی سەربازیی بیانی، گواستنەوەیەکی خۆکار نییە و پشتگیرییەکی بەرفراوان لە ناوخۆی ئێراندا بەدەست ناهێنێت.

دۆخی کوردی بە تایبەتی لەم سیاقەدا بەڵگەیەکی ڕوونە. مەینەتییەکان ڕاستەقینە و ڕەگداکوتراون، لە دەیان ساڵ سەرکوتی سیاسییەوە تاوەکو کپکردنی کولتووری و پەراوێزخستنی ئابووری. خالید عەزیزی، وتەبێژی "حیزبی دێموکراتی کوردستان-ئێران"، چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە پرسی کورد دەبێت لە ناو چوارچێوەی خودی ئێراندا چارەسەر بکرێت، نەک لە ڕێگەی جوداخوازی یان دەستوەردانی بیانییەوە. ئەو و سەرکردە کوردەکانی تریش پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەوەی کوردەکان هەوڵی بۆ دەدەن بریتییە لە مافە سیاسییەکان، دانپێدانان و گۆڕانکاریی دیموکراتی لە ناوخۆی ئێراندا، نەک دابەشکردنی وڵات. ڕژێم لەم داینامیکە تێگەیشت و بەکاریهێنا؛ لە ڕێگەی نیشاندانی کۆکردنەوەی هێزی کوردی وەک تێرۆریزمێکی ئاڕاستەکراو لەلایەن دەرەوە، تاران پەرەی بەو گێڕانەوەیە دا کە ڕێک پێویستی پێی بوو، ئەویش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەرگری لە سەروەریی ئێران دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکی دەرەکیدا. بەم شێوەیە، خودی ئەو سیناریۆیەی کە هەندێک لە داڕێژەرانی سیاسەت گرەویان لەسەر لاوازکردنی تارانی پێ دەکرد، مەترسیی بەهێزکردنی تارانی لەخۆ گرتبوو.

 

هەڵە خوێندنەوەی هەمەچەشنیی و فرە پێکهاتەیی ئێرانی

سەرنەکەوتنی بژاردەی کوردی، لە کۆتاییدا، ڕەنگدانەوەی شتێکە کە لە پلانێکی کەمکوڕ تێپەڕ دەبێت. لە ماوەی چەندین دەیەدا، شیکەرەوان و داڕێژەرانی سیاسەت باسیان لە لەرزۆکیی پێکهاتە فرە نەتەوەییەکەی ئێران کردووە. کۆماری ئیسلامی فەرمانڕەوایی وڵاتێک دەکات کە فارس، کورد، ئازەری، عەرەب، بەلووچ و کەسانی تریش لەخۆ دەگرێت، و هەر گروپێک مەینەتیی تایبەت بە خۆی هەیە. گریمانەکە، کە جاروبار دەگەڕێتەوە و دواتر جاروبار نائومێدی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوە بوو کە ئەم درزانە دەکرێت لە دەرەوە بەگەڕبخرێن بۆ دروستکردنی درزێکی سیاسی. دۆخی کوردی لە بەهاری ٢٠٢٦دا نوێترین تاقیکردنەوە بوو بۆ ئەم گریمانەیە. ئەم تاقیکردنەوەیەش بەهۆی هەمان ئەو هۆکارە بنیاتییانەوە (پێکهاتەیی) شکست هێنا کە پێشتریش بەهۆیانەوە شکست هێنابوو: ئۆپۆزسیۆنێکی پارچەپارچە، کۆت و بەندە جیۆپۆلەتیکییە هەرێمییەکان، دەزگایەکی دەوڵەت کە توانای کۆکردنەوەی لەنێوان سەرکوتکردن و بەڕێوەبردنی گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا هەیە، و دانیشتووانێک کە دوژمنایەتییان بۆ ڕژێم بە شێوەیەکی خۆکار ناگۆڕێت بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتە چەکدارییە پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن دەرەوە.

بەرەی کوردی پێکنەهات چونکە لە بنەڕەتدا قابیلی پێکهاتن نەبوو. گروپەکان دابەشبوون، ناوچەکە ڕەتیکەرەوەیە، و بەتواناترین ئەکتەر لە سەرەتاوە دوورخرایەوە، لە کاتێکدا خودی کوردەکانیش ڕەتیانکردەوە کە بەپێی مەرجەکانی کەسانی تر پەلکێشی ناو بابەتەکە بکرێن. تاران بە خێرایی جووڵا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنیا ئەگەرەکە، چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی میدیاییەوە، و گرەوی لەسەر ئەوە کرد – بە شێوازێکی ڕاست – کە هەستی نەتەوەیی بەشێک لە ئەرکەکە جێبەجێ دەکات. ئەوەی ئەم خولە لە دوای خۆی جێی دەهێڵێت، نەک چیرۆکی دەرفەتێکی لەدەستچوو، بەڵکو زیاتر وەک وانەیەکی پێکهاتەیی وایە. کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای دژایەتییە ناوخۆییەکانی و سەرنەکەوتنە کەڵەکەبووەکانی، هێشتا زۆر زیاتر توانای خۆڕاگریی هەیە لەوەی کە ئەو سیناریۆیانە پێشبینی دەکەن کە لەسەر بنەمای نزیکبوونی ڕووخانی داڕێژراون. بۆ ئەوانەش کە بەدوای هێزێکی پاڵنەری ناوخۆیی یەکلاکەرەوەدا دەگەڕێن، دۆخی کوردی وەک بەدەر لە یاسا دەرناکەوێت، بەڵکو ڕێک وەک خودی نموونە باوەکە دەردەکەوێت.

 

سەرچاوە

أليكس فاتانكا (المجلة)، لماذا بقي أكراد إيران المسلحون خارج الحرب الأميركية - الإيرانية؟، 27 مايو 2026؛

https://h1.nu/1qD-x

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 4 کاتژمێر

جگەرەکێشان؛ پەتایەکی بێدەنگ کە تەندروستی، ئابووری و ژینگەی عێراق دەخوات.

null
پێش 7 کاتژمێر

حكومەتی هەرێم:بایی 4 ترلیۆن پرۆژەی بەردەوام هەیە

null
٢٩ ئایار ٢٠٢٦

حکومەتەکەی زەیدی و کێشەی میلیشیاکان لە عێراقدا