درەو:
گەرووی هورمز، گەرووی ئابوری و نەوت و سەرمایەگوزاری و جیهانی، ئەو گەرووەی ئێستا لە بەردەم ململانێی ئەمریکا و ئێراندایە، ئێران دەیەوێت وەک چەکی بەرگری بەکاریبهێنێت و ئەمریکاش دەیەوێت وەك كارتی فشاری ئابوری بەرامبەر بە ركابەرەكانی جیهان بەكاری بهێنێت و لە گەروی هورمزەوە بیگۆڕێت بۆ گەرووی ترەمپ.
گەرووی هورمز لە ڕووی جوگرافییەوە جیاواز لە زۆربەی ڕێڕەوەکانی دیکە، بۆ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە هیچ جێگرەوەیەکی کرداری نییە. ئەم گەرووە، کەنداو بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە. درێژییەکەی (١٦٧) کیلۆمەترە، پانییەکەشی لە نێوان 40 بۆ 54 کیلۆمەتردا. قووڵییەکەشی لە نێوان ٦٠ بۆ ١٠٠ مەتردایە. ئەو تەنگەبەرەشی کە ئابووری جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و ڕێڕەوی کەشتیوانییە، گرنگترین بەشی جوگرافیای گەرووەکەیە و کەمتر لە ١٠ کیلۆمەتر پانە. بۆیە سیستەمی ترافیک پەیڕەو دەکرێت: (٣ کیلۆمەتر) بۆ چوون و (٣ کیلۆمەتر) بۆ هاتن و (٣ کیلۆمەتر) لە نێوان ئەم دوو ڕێڕەوەدا ناوچەیەکی "بێلایەن"ە.
لە ناو جەرگەی ئەم پێوانە تەسکانەدا، چەند دوورگەیەک هەن کە وەک "تاوەری چاودێری" وان، ئەوانیش، دوورگەی قیشم و دوورگەی هورمز و دورگەکانی (تەنبی گەورە و تەنبی بچووک و ئەبوموسا) کە بە "سێگۆشەی ئاگر" ناسراون: ئەم سێ دوورگەیە ڕێک لەسەر ڕێڕەوی کەشتییەکانن بۆیە هەر لایەنێک ئەم دوورگانەی بەدەستەوە بێت، دەتوانێت بە چاوی ڕووت سەیری پەنجەرەی کەشتییەکان بکات.
گەرووی هورمز وەک "شا دەمار"ی ئابوری لە جیهاندا دەبینرێت، چونکە نزیکەی 21٪ی کۆی بەکاربردنی شلە نەوتییەکانی جیهان و چارەکێکی بازرگانیی نەوتی دەریایی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، کۆنترۆڵی تێپەڕبوونی پێنجیەکی (١/٥) بازرگانیی غازی شلی جیهانی دەکات. (٩٣٪)ی ئەو نەوتەی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبێت لە لایەن وڵاتانی (سعودیە، عێراق، ئیمارات، ئێران، کوێت و قەتەر) ەویە. لە ساڵی ٢٠٢٥ دا بە تێکڕای ڕۆژانە نزیکەی (٢١ ملیۆن) بەرمیل نەوتی خاو و زیاتر لە (١١ملیار) پێ سێجا غازی شلی پێدا تێپەڕیوە، بەشێوەیە:
- 100%ی نەوت و غازی قەتەر بە هورمزدا تێپەڕ دەبێت
- 95%ی نەوتی كوەیت
- 85%ی نەوتی عێراق
- 65%ی نەوتی ئیمارات
- 45%ی نەوتی سعودیە.
وڵاتێكی وەكو عێراق كە رۆژانە (3 ملیۆن و 500 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات و 85%ی نەوتەكەی لەرێگەی هورمزەوەیە، زیتنی رۆژانەی بەهۆی داخستنی گەروەكەوە نزیكەی (300) ملیۆن دۆلارە، لە ماوەی مانگێكی جەنگدا بڕی نزیكەی (9) ملیار دۆلار زیانی كردووە، بۆ وڵاتانی دیكەی كەنداویش قەبارەی زیانەكان زیاترە.
داخستنی گەرووەکە کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر بازاڕەکانی وڵاتانی ئاسیا دەبێت، چونکە: ٨٤٪ی نەوت و٨٣٪ی غازی تێپەڕبوو بەرەو ئاسیا دەچێت، وڵاتە سەرەکییەکانی وەک (چین، هیندستان، ژاپۆن، و کۆریای باشوور) بە تەنیا ٦٩٪ی کۆی جوڵەی نەوتی ناو گەرووەکەیان بۆ دەچێت و ئەمریکا کەمترین کاریگەری لەسەرە و تەنها (نیو ملیۆن) بەرمیلی ڕۆژانە لەوێوە هاوردە دەکات، بەشێوەیەك نەوتی گواستراوە لەرێگەی هورمزەوە بۆ وڵاتان بەم شێوەیەیە:
- لە 38%ی بۆ چین
- 15% بۆ هندستان
- 12% بۆ كۆریای باشور
- 4%بۆ وڵاتانی ئەوروپا
- 3%ی بۆ ئەمریكا
- 19%ی بۆ وڵاتانی دیكە
ئەمە سەرەرای كاریگەرییەكانی لەسەر بازاڕی وزەی جیهان و وڵاتانی دیكەی ئاسیاو ئەوروپا.
کەواتە گەرووی هورمز تەنها ڕێڕەوێکی ئاوی نییە، بەڵکو کلیلی سەقامگیری نرخ و دابینکردنی وزەیە لە جیهاندا. هەر پەککەوتنێکی کاتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکان و پەککەوتنی پیشەسازییەکانی ئاسیا. بۆیە کاتێک هورمز دادەخرێت، تەنها نرخی سوتەمەنی گران نابێت: چونکە کارگەکانی ئاسیا (کە ٧٥٪ی نەوتی هورمز دەبەن) کارەبایان گران دەبێت، ئەمەش نرخی پارچەی ئەلیکترۆنی و مۆبایل و ئۆتۆمبێل لە هەموو جیهان بەرز دەکاتەوە. لەڕووی کشتوکاڵیشەوە بەرهەمهێنانی پەیینی کیمیاوی کە پشت بە غازی سروشتی دەبەستێت و پەککەوتنی هەناردەی غازی قەتەر واتە گرانبوونی نانی جیهان.
ئێستا گەرووی هومز بووەتە چەقی جەنگ و ململانێی ئەمریكا و ئێران و چاوتێبڕینی زلهێزەكانی جیهان... دواجار رەنگە چارەنووسی جەنگەكەو دانوستانەكانیش هورمز یەكلای بكاتەوە...