سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر قەیرانی وزە لە ئەوروپا

ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ ئاسایشی ڕێڕەوەکانی کەنداو و گەرووی هورمزی وەک کێشەی لایەنی تر (بەتایبەت ئەمریکا) دەبینی، بەڵام قەیرانی ئێستا نیشانی دا کە ئەمە ناکۆکییەکی ستراتیژییە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تأمین) بۆ کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، وای کردووە هەندێک کۆمپانیا بە تەواوی گەشتەکانیان ڕابگرن. بۆیە یەکێتیی ئەوروپا لەبەردەم سێ بژاردەدایە

بڵاوکراوەتەوە لە : 4 نیسان 2026

کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر قەیرانی وزە لە ئەوروپا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

درەو: 

 

🔹 ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ ئاسایشی ڕێڕەوەکانی کەنداو و گەرووی هورمزی وەک کێشەی لایەنی تر (بەتایبەت ئەمریکا) دەبینی، بەڵام قەیرانی ئێستا نیشانی دا کە ئەمە ناکۆکییەکی ستراتیژییە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

🔹 کۆگاکانی غازی ئەوروپا لە سەرەتای ساڵی 2026دا نزمترین ئاستی وەرزییان لە دوای زستانی 2017-2018 تومار کردووە.

🔹 کەمیی خستنەڕووی غازی سروشتیی شلLNG) ) لە بازاڕەکاندا، توانای مانۆڕ و وەڵامدانەوەی یەکێتیی ئەوروپای بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان سنووردار کردووە.

🔹 خواست لەسەر غاز لە ئەوروپا بە ڕێژەی نزیکەی 7% لەسەر بنەمای ساڵانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیادی کردووە، لە کاتێکدا ڕاکێشانی غاز لە کۆگاکان بە ڕێژەی 25% بەراورد بە تێکڕای پێنج ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.

🔹 لە ساڵی 2022ەوە، نرخی غاز بۆ بەکاربەرانی پیشەسازی لە ئەوروپا بە تێکڕا بە ڕێژەی 30% بەراورد بە چین بەرزبووەتەوە، هەروەها پێنج هێندەی نرخەکەیەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 

 

سەرەتا

هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بووە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی وزە لە ئەوروپا، بەجۆرێک کە لە دوای شۆکی جەنگی ئۆکرانیاو ڕوسیا لە ساڵی 2022ەوە، ئەمە توندترین قەیرانە ڕووی لەو کیشوەرە کردبێت. لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان، نرخەکانی وزە لە جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی، ئەوەش بەهۆی مەترسییەکانی پچڕانی درێژخایەنی گواستنەوەی وزە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە. جگە لەوەش، کۆگاکانی غازی ئەوروپا لە سەرەتای ساڵی 2026دا نزمترین ئاستی وەرزییان لە دوای زستانی 2017-2018 تومار کردووە؛ کەمیی خستنەڕووی غازی سروشتیی شلLNG) ) لە بازاڕەکاندا، توانای مانۆڕ و وەڵامدانەوەی یەکێتیی ئەوروپای بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان سنووردار کردووە.

ئەم ڕاپۆرتە لە هەوڵی شیکردنەوەی قەیرانی ئێستای وزەی ئەوروپایە بەراورد لەگەڵ قەیرانی ساڵی 2022، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەو هۆکارە پێکهاتەییانەی کە وایان کردووە ئەوروپا هەمیشە بەرامبەر قەیرانەکان لەرزۆک بێت. هاوکات نرخاندن بۆ لێکەوتە ئابووری، کۆمەڵایەتی و جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندام دەکات و باس لە کاریگەرییە ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دەکات، لە کۆتاییشدا بژاردە بەردەستەکانی بەردەم یەکێتیی ئەوروپا لە سایەی بەردەوامیی ململانێکاندا دەخاتە ڕوو.

 

قەیرانی وزە لە بازاڕەکانی ئەوروپا

هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز و جووڵەی کەشتیوانی لە دوای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بووە هۆی بەرزبوونەوەی دەستبەجێی نرخەکانی وزە؛ ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی خێرای غازی سروشتیی شل لە بازاڕەکاندا و تێکچوونی ڕەوتی گواستنەوەی نەوت، کە دەرەنجام نرخی گرێبەستە داهاتووەکانی لە بۆرسەکانی وزەی ئەوروپادا بەرزکردەوە. بۆ ئەوروپا، ئەم ململانێیە لە یەک لایەنی بنەڕەتیدا لەگەڵ قەیرانی غازی ڕوسیای ساڵی 2022 جیاوازە: ئەمەی ئێستا لە پلەی یەکەمدا قەیرانی بۆرییەکان نییە، چونکە ئەوروپا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە بۆریی غازەوە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو میکانیزمەکە پشت بە بازاڕ دەبەستێت لە ڕێگەی نرخاندنی جیهانیی غازی شل، تێچووی دڵنیایی (تأمین)ی کاتێژەکانی نەوت، مەترسییەکانی سەر ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و هەڵوێستی وریایانەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو. لەم چوارچێوەیەدا، قەتەر دوای هێرشەکانی ئێران بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی شڵی ڕاگرت، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی جیهانی لە ماوەیەکی کورتدا بە ڕێژەی یەک لەسەر پێنج.

ئەوەی قەیرانەکە بۆ وڵاتانی ئەوروپا قووڵتر دەکاتەوە، لەرزۆکیی کۆگا ستراتیژییەکانە. دوای سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی قەیرانی وزە لە نێوان ساڵانی 2022-2023، تێکەڵبوونی هۆکارەکانی خەمساردی و سەرماوسۆڵەی توندی زستانی 2025-2026 کە لە ئاستی ئاسایی زیاتر بوو، یەدەگە ستراتیژییەکانی خواردووە. کەشوهەوای سارد و زیادبوونی بەکارهێنانی غاز لە کەرتی وزەدا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر غاز لە ئەوروپا بە ڕێژەی نزیکەی 7% لەسەر بنەمای ساڵانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە کاتێکدا ڕاکێشانی غاز لە کۆگاکان بە ڕێژەی 25% بەراورد بە تێکڕای پێنج ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.

لە دەرەنجامی ئەمەدا، کورتهێنانی کۆگاکانی یەکێتیی ئەوروپا بەراورد بە مانگی نۆڤەمبەری 2025 دوو هێندە زیادی کرد و لە سەرەتای شوباتی 2026 گەیشتە زیاتر لە (16 ملیار) مەتر سێجا. لە ئەیلوولی 2025دا یەکێتیی ئەوروپا کەمترین ئاستی ناچاریی کۆگاکانی غازی لە سەرەتای زستاندا بۆ 75% کەمکردەوە، دوای ئەوەی پێشتر 90% بوو. هەرچەندە هێشتا ڕاسپاردە بۆ ئاستە بەرزەکە هەبوو، بەڵام سێ وڵات لە گەورەترین پێنج وڵاتی بەکاربەری غاز لە یەکێتییەکەدا (ئەڵمانیا، ئیسپانیا و هۆڵەندا) بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2021ەوە پابەندی ئەو ئاستە نەبوون. سیستەمی کۆگای نائاسایی یەکێتیی ئەوروپا هیچ میکانیزمێکی تێدا نییە بۆ ڕێکخستنی دابەشکردنی غازی ڕاکێشراو لە مانگەکانی زستاندا یان سزادانی بەکارهێنانی پێشوەختە و بێسەروبەر. دەرەنجامەکە بریتی بوو لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بۆرسەی هۆڵەندا (کە پێوەرە بۆ غازی ئەوروپا) بە ڕێژەی 35٪ دوای هەڵگیرسانی جەنگ، بەجۆرێک نرخی یەک مێگاوات/کاتژمێر 60 یۆرۆی تێپەڕاند. دامەزراوەی "گۆڵدمان ساکس" لە سەرەتای مانگی ئازاردا هۆشداری دابوو کە ڕەنگە ڕاگرتنی گواستنەوەی غاز بە گەرووی هورمزدا بۆ ماوەی یەک مانگ، نرخەکان بەرەو 74 یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات/کاتژمێرێک پاڵ پێوە بنێت.

گرافیک

 

Untitled Media

 

داتاکان نیشاندەری گۆڕانکارییەکی گەورەن لە نەخشەی وزەی ئەوروپادا، بەتایبەت لە پشتبەستن بە غازی ئەمریکی و نەرویجی لەبری غازی ڕووسی کە لە ساڵی 2022دا 40٪ی پشکی هاوردەکردنی پێکدەهێنا.

لە ڕووی پێکهاتەییەوە، هەردوو قەیرانی 2022 و 2026 لە جەوهەردا لە یەکدی دەچن؛ چونکە هەردووکیان دەرەنجامی شکستی چەندین دەیەی ئەوروپا لە بونیادنانی سەروەرییەکی ڕاستەقینە لە کەرتی وزەدا دەردەخەن. لە ساڵی 2022دا، ئەم لاوازییە لە پشتبەستن بە بۆرییەکانی گواستنەوەی وڵاتێکی نەیاردا ڕەنگی دایەوە، بەڵام لە ساڵی 2026دا، لە پشتبەستن بە سیستمێکی جیهانی بۆ غازی سروشتیی شل (LNG)  دەردەکەوێت کە زۆر ناسک و بەرکەوتەیە بەرامبەر شۆکە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ناوچە دوورەکاندا. لە ساڵی 2022ەوە، نرخی غاز بۆ بەکاربەرانی پیشەسازی لە ئەوروپا بە تێکڕا بە ڕێژەی 30% بەراورد بە چین بەرزبووەتەوە، هەروەها پێنج هێندەی نرخەکەیەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمەش وای کردووە زۆرێک لەو پیشەسازییانەی کە پێویستییان بە بڕێکی زۆری غاز و وزە هەیە، بەرهەمهێنانیان کەم بکەنەوە و هەندێک کارخانەش بەهۆی بەرزیی تێچووی بەرهەمهێنانەوە دەرگاکانیان دابخەن.

هەردوو قەیرانەکە دەریانخست کە پەیڕەوکردنی تەنها ڕێبازی بازاڕ لە بواری ئاسایشی وزەدا کورتهێنانی هەیە. لە سایەی سیاستەکانی ئێستادا، پێشبینی دەکرێت بەکارهێنانی غاز لە یەکێتیی ئەوروپا تەنها بە ڕێژەی 25% دابەزێت، لەگەڵ بەدیهێنانی خۆبژێوی بە ڕێژەی 13% تا ساڵی 2025؛ ئەمەش واتا ئەو مەترسییانە بەم زووانە کۆتاییان نایەت. هەرچەندە ئەوروپا لە قەیرانی 2022ەوە وانەی مەترسییەکانی قۆرخکاریی دابینکەرانی وەرگرت، بەڵام قەیرانی 2026 ئەوە دەسەلمێنێت کە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردن پاراستنێکی سنووردار دابین دەکات کاتێک ژێرخانی گواستنەوەی وزە تووشی پەککەوتن دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوروپا لە ساڵی 2026دا خاوەنی ژێرخانێکی زۆر پێشکەوتووترە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بەراورد بە ساڵی 2022. لە نێوان ئابی 2022 و کانوونی دووەمی 2025، یەکێتیی ئەوروپا سەرکەوتوو بوو لە کەمکردنەوەی خواست لەسەر غاز بە ڕێژەی 17٪، کە یەکسانە بە 70 ملیار مەتر سێجا غاز لە ساڵێکدا. سەکۆی وزە Energy Platform))، میکانیزمی کڕینی بە کۆمەڵی غازی سروشتیی شل و چوارچێوەی کاری "REPowerEU"، پێکەوە بوونە هۆی خوڵقاندنی ئامرازگەلێک کە چوار ساڵ لەمەوبەر بوونیان نەبوو. جگە لەمانەش، پەرەپێدانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە دەستکەوتی گەورەی هەبووە؛ لە ساڵی 2022ەوە، یەکێتیی ئەوروپا لە ڕێگەی وزەی با و خۆرەوە کارەبایەکی زیاتری بەرهەم هێناوە بەراورد بەوەی لە غازەوە بەرهەمی دەهێنێت. لە ساڵی 2023دا، تەنها وزەی با کارەبایەکی زیاتری لە غاز بەرهەم هێنا، و لە ساڵی 2024دا بۆ یەکەمجار، وزەی خۆر پشکێکی گەورەتری لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە یەکێتیی ئەوروپادا هەبوو بەراورد بە خەڵوز. خەمڵاندنەکانی کەرتی وزە ئاماژە بەوە دەکەن کە توانای جێگیرکراوی وزەی با و خۆر لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2024 بە ڕێژەی 58٪ زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی پاشەکەوتکردنی نزیکەی 38 ملیار مەتر سێجا لە غاز لە ماوەی سێ ساڵدا.

 

لێکەوتە ئابووری، جیۆپۆلیتیکی و کۆمەڵایەتییەکانی جەنگ و وزە
لێکەوتەکانی قەیرانی وزە کە لە ئەنجامی جەنگی ئێرانەوە دروست بوون، بەسەر سێ کایەی سەرەکی و پێکەوەبەستراودا دابەش دەبن، کە ئەوانیش: ئابووری، کۆمەڵگە و پێگەی جیۆپۆلیتیکیی ئەوروپان.

1.    کاریگەرییە ئابوورییەکان

کاریگەرییەکانی شۆکی وزە لەسەر ئابووریی گشتی (ماکرۆ) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سێ کەناڵەوە دەردەکەون: هەڵاوسانی تێچووی بەرهەمهێنان، کاریگەری لەسەر نرخی وزە بۆ بەکاربەران، و لێکەوتە داراییە حکومییەکان. زیانە ئابوورییەکان بە ڕوونی بەسەر خێزانەکان و کۆمپانیاکانەوە دیارن؛ چونکە قۆناغی یەکەمی شۆکی نرخی غاز هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی توندی تێچووی بژێوی.

هەڵاوسانی تێچووی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی توند کاریگەری دەکاتە سەر ئەو کەرتە پیشەسازییانەی کە پێویستییان بە بڕێکی زۆری وزە هەیە و بڕبڕەی پشتی پیشەسازیی گۆڕینن لە ئەوروپا، وەک پیشەسازییەکانی: پۆڵا، کیمیایی، شووشە، سیرامیک، کاغەز و پەیین. بەرزبوونەوەی نرخی غاز و لێکەوتە فراوانەکانی، هەوڵەکانی حکومەتی بۆ دابینکردنی وزەیەکی جێگیر و بە نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان ئاڵۆز کردووە، هەروەها توانای ڕکابەریی نێودەوڵەتیی پیشەسازیی ئەوروپای خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

لەم نێوەندەدا، ئەڵمانیا وەک گەورەترین هێزی پیشەسازی لە ئەوروپا، بە زیانمەندترینی ئەم قەیرانە دادەنرێت. پاشەکشەی پیشەسازی بەهۆی قەیرانی وزەی دوای ساڵی 2022، بووەتە هۆی گۆڕینی مۆدێلی ئابووریی ئەو وڵاتە. مەترسییەکە لەوەدایە کە شۆکێکی تری وزە، ئەو گۆڕانکارییە دەورییانەی لە بەرهەمهێناندا هەبوون، بگۆڕێت بۆ زیانێکی پێکهاتەیی هەمیشەیی.

2.    لێکەوتە جیۆپۆلیتیکییەکان

لێکەوتە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەم قەیرانە لە کاریگەرییە ئابوورییە دوولایەنەکان تێدەپەڕێت و پرسی "یەکڕیزیی ئەوروپا" دەخاتە بەرباس. قەیرانی ساڵی 2022 لە کۆتاییدا بووە هۆی جۆرێک لە هاوپشتی لە نێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەجۆرێک وڵاتانی ئەندام لەسەر کڕینی بەکۆمەڵ، دیاریکردنی ئامانج بۆ کەمکردنەوەی خواست و ڕەوانەکردنی غاز بۆ یەکدی ڕێککەوتن. بەڵام قەیرانی 2026 تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەم پێکهاتە هاوپشتییە بەردەوام دەبێت یان تەنها پەیوەست بووە بە بارودۆخێکی دیاریکراوەوە.

لە دۆخی ئێستادا، چەندین خاڵی فشار دەردەکەون؛ وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا (بەتایبەت هەنگاریا و سلۆڤاکیا) پێش ئەم قەیرانەش مەیلی کەمتریان بۆ ئەو ڕێککەوتنانەی دابینکردن هەبووە کە یەکێتیی ئەوروپا نێوەندگیرییان دەکات، و ڕەنگە پەنا بۆ چارەسەری دوولایەنە ببەن کە توانای دانوستانی بەکۆمەڵی یەکێتییەکە لاواز دەکات. جگە لەوەش، کاتێک حکومەتەکان و باجدەران ناچار دەکرێن باری گرانی بەرزبوونەوەی نرخەکان هەڵبگرن، هاندەری پیشەسازیی ئەوروپا بۆ ئامادەکاری دژی شۆکەکانی داهاتوو کەم دەبێتەوە. هەروەها، وێناکردنی ئەم قەیرانە وەک دەرەنجامی هەڵمەتێکی سەربازیی ئەمریکی-ئیسرائیلی کە زۆربەی وڵاتانی ئەندام ڕاوێژیان پێ نەکراوە، ڕەهەندێکی تری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسی دەهێنێتە کایەوە و بەڕێوەبردنی سیاسیی داواکارییەکانی هاوپشتی ئاڵۆزتر دەکات.

3.    ئاسەوارە کۆمەڵایەتییەکان

لە سایەی پەرەسەندنی قەیرانی وزە، پاشەکشەی چالاکییە پیشەسازییەکان، بەرزبوونەوەی پسوڵەکانی غاز و کارەبا و تەشەنەکردنی هەڵاوسان، پێشبینی دەکرێت ئەوروپا ڕووبەڕووی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی ببێتەوە، بەتایبەت لەناو چینە هەژار و مامناوەندەکاندا؛ ئەوەش لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و دابەزینی توانای کڕینی دانیشتووان. ڕێژەیەکی زۆری خێزانەکان بۆ دابینکردنی گەرمی و هاوکارییەکانی دەوڵەت پشت بە نرخنامە (تعریفة) کۆمەڵایەتییەکان دەبەستن، بۆیە ڕوودانی شۆکێکی بەردەوامی نرخەکان، پێویستی بە دەستێوەردانی دارایی دەستبەجێی حکومەتەکان دەبێت، لە کاتێکدا هێشتا دارایی گشتیی ئەوروپا لەگەڵ کێشەکانی سەقامگیریدا دەستووەستانە.

 

گرێکوێرەی گەرووی هورمز و بژاردەکانی ئەوروپا
ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ ئاسایشی ڕێڕەوەکانی کەنداو و گەرووی هورمزی وەک کێشەی لایەنی تر (بەتایبەت ئەمریکا) دەبینی، بەڵام قەیرانی ئێستا نیشانی دا کە ئەمە ناکۆکییەکی ستراتیژییە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تأمین) بۆ کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، وای کردووە هەندێک کۆمپانیا بە تەواوی گەشتەکانیان ڕابگرن. بۆیە یەکێتیی ئەوروپا لەبەردەم سێ بژاردەدایە:

بژاردەی یەکەم: زیادکردنی بەشداری لە هێزە دەریاییە هاوبەشەکاندا لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئەمە مەترسی تێوەگلان لە جەنگەکەی لەگەڵدایە.

بژاردەی دووەم: ڕاگەیاندنی ئەرکێکی دەریایی سەربەخۆی ئەوروپی بۆ پاراستنی هێڵەکانی وزە، کە ئەمە سەروەریی ستراتیژیی ئەوروپا دەسەلمێنێت، بەڵام مەترسیی سەربازیی گەورەی تێدایە.

بژاردەی سێیەم: ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ بێلایەنکردنی گەرووەکە لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ تاران و وڵاتانی وەک هیندستان و چین.

 
 

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە؛

-       مرکز الامارات للدراسات، وحدة الدراسات الأوروبية، أزمة الطاقة في أوروبا بسبب الحرب الإيرانية: التداعيات وخيارات التدخل، 1 أبريل 2026:

https://epc.ae/ar/details/featured/azmat-altaqa-fi-uwrubaa-bisabab-alharb-al-irania

-       جيرومين زيتلماير, سايمون تاغليابيترا, جورج زاتشمان, كونال هوساف، التغلب على أزمة الطاقة الأوروبية، صندوق النقد الدولي، ديسمبر 2022؛

https://www.imf.org/ar/publications/fandd/issues/2022/12/beating-the-european-energy-crisis-zettelmeyer

-       Kate Abnett, EU may revive 2022 energy crisis measures in response to Iran war, (reuters) March 31, 2026;

https://www.reuters.com/business/energy/eu-tells-members-prepare-prolonged-disruption-energy-markets-iran-war-2026-03-31/

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 16 کاتژمێر

گەڕاندنەوە بۆ چاخە بەردینەکان