درەو:
راپۆرتی: Yerevan Saeed - atlanticcouncil
وەرگێڕان:
لەگەڵ هێرشەكانی ئێراندا، پێویستە ئەمریکا بەرگریی ئاسمانی بۆ کوردستانی عێراق دابین بکات
خوێناویترین هێرش بۆ سەر هێزە كوردییەكان لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە ئێران، لە ٢٤ی ئازاردا ڕوویدا؛ کاتێک شەش موشەکی بالیستی ئێرانی بنکەکانی پێشمەرگەیان لە بەرزاییەکانی سۆران لە باکووری هەولێر پێکا. هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوونی شەش کەس و برینداربوونی سی کەسی دیکە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕووداوەکەی بە "دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆ" وەسف کرد، لە کاتێکدا وەزارەتی پێشمەرگە وەک "کردەوەیەکی دوژمنکارانە و خیانەت" سەرکۆنەی کرد. ئەم ڕووداوە نوێترین پەرەسەندنی زنجیرە هێرشێکە کە بە شێوەیەکی بەرچاو هاوسەنگییە ناوچەییەکانی گۆڕیوە.
دیارە ئەم هێرشە یەکەم پەرەسەندن نەبوو. لەو ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران (٢٨ی شوبات)، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و میلیشیا شیعە هاوپەیمانەکانی، چڕترین هێرشى موشەک و درۆنیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد کە تا ئێستا بەخۆیەوە بینیبێتی. لە ٧٢ کاتژمێری یەکەمدا، زیاتر لە حەفتا موشەک و درۆن بەر هەولێر کەوتن یان لە ئاسماندا تێکشکێنران. ئامانجەکان بریتی بوون لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کونسوڵخانەی گشتیی نوێی ئەمریکا (گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا)، بارەگاکانی پێشمەرگە و بنکەی ئاسمانیی هەریر. لە ١٢ی ئازاردا، درۆنێکی "شاهد" ئەفسەری فەرەنسی (ئارنۆ فریان)ی کوشت و شەش سەربازی تری لە بنکەیەکی مەشق و ڕاهێنانی هاوپەیمانان بریندار کرد. هێرشێکی دیکە بنکەیەکی سەربازیی ئیتاڵیای پێکا، ئەمەش وای لە ڕۆما کرد بە شێوەیەکی کاتی کارمەندەکانی بکێشێتەوە. تا کۆتایی مانگی ئازار، زیاتر لە چوارسەد هێرشی جیاواز بەر هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتن. کێڵگەی گازی کۆرمۆر وەک ڕێکارێکی پێشوەختە دابینکردنی گازی ڕاگرت، ئەمەش بووە هۆی کوژانەوەی کارەبا لە چەندین پارێزگادا.
ئەم ڕووداوانە بەشێکن لە مۆدێلێکی جێگیر کە مێژووەکەی بۆ پێش ئەم شەڕەی ئێستا دەگەڕێتەوە. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەڵمەتێکی بەردەوامی درۆنییان دژ بە ژێرخانی وزەی کورد ئەنجامدا. لە مانگی شوباتدا، درۆنێکی خۆکوژ کێڵگەی کۆرمۆری پێکا لە کاتێکدا وتووێژی هەستیاری وزە لەگەڵ بەغدا لە ئارادابوو. لە مانگی تەمموزدا، درۆنەکان کێڵگەی نەوتی سەرسەنگیان کردە ئامانج، تەنها کەمێک پێش ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە کە ئیدارەدانى کێڵگەکە بەڕێوە دەبات ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکات، ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. لە تشرینی دووەمدا، هێرشێکی تری سەر کۆرمۆر وێستگەیەکی تازە تەواوکراوی گازی سروشتی شلکراوەی وێران کرد و بەرهەمهێنانی کارەبای بە ڕێژەی نزیکەی ٨٠٪ کەم کردەوە. نیشانەشکێنییەکان سیستماتیک و بە ئەنقەستن؛ پەیامەکە ئەوەیە کە تاران دەتوانێت سەقامگیریی ئابووریی کورد بخاتە مەترسییەوە، هاوبەشییە وزەییەکانی ڕۆژئاوا تێکبدات و باجی قورس بسەپێنێت بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەیەکی جدی ببێتەوە.
سەروەرییەک کە بوونی نییە
بەغدا بەزۆری وەڵامی پێشنیازەکان بۆ هاوکاریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا بەوە دەداتەوە کە ئەم جۆرە ڕێکارانە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. بەڵام، سەروەری تەنها ئەو کاتە مانای هەیە کە حکومەتێک بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر خاک و دانیشتووانەکەی بپارێزێت. بەغدا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر خاکی فیدراڵیدا نییە تا ڕێگری لە هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، یان هەڵمەتە بەردەوامەکانی درۆن بۆ سەر ژێرخانی وزەی کورد، یان هێرش بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانان بکات. حکومەت نەیتوانیوە قۆرخی بەکارهێنانی هێز بکات، چونکە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەت بەبێ هیچ سنووردارکردنێک کار دەکەن. جیاوازییەکە هەرچییەک بێت، دەرەنجامەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
دوای هێرشەکانی مانگی شوبات، هەردوو سەرکردەی کورد مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی داوایان لە بەغدا کرد ڕێکاری جدی بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی هێرشی میلیشیاکان، و جەختیان کردەوە کە دانبەخۆداگرتنیان بێسنوور نییە. هەرچەندە بەغدا بەیاننامەی سەرکۆنەکردنی دەرکرد، بەڵام ڕێگری لە هیچ هێرشێک نەکرد. کاتێک حکومەتێک بە بەردەوامی لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی خاکەکەی شکستی هێنا، شەرعییەتی "ڤیتۆ"ی سەروەرییەکەی بەسەر هاوکارییە بەرگرییە دەرەکییەکاندا نامێنێت. پێشێلکارییە سەرەکییەکەی سەروەریی عێراق جێگیرکردنی قەڵغانێکی ئەمریکی نییە لە هەولێر، بەڵکو هەڵسەنگاندنە دروستەکەی تارانە کە دەتوانێت بێ سڵەمینەوە و بێ سزا لە خاکی عێراق بدات.
مۆدێلی تایوان
ئەمریکا پێشینەیەکی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵینەگارییە هاوشێوەکان. "یاسای پەیوەندییەکانی تایوان" واشنتۆن پابەند دەکات بە دابینکردنی چەکی بەرگری بۆ تایوان و پاراستنی توانای بەرگری بەرامبەر گوشارەکان. لە دوای "یاسای ڕێپێدانی پەیوەندییە دەرەکییەکان بۆ ساڵی دارایی ٢٠٠٣"، لە مامەڵەکردن بۆ گواستنەوەی کەرەستە و خزمەتگوزارییە بەرگرییەکاندا، وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ مامەڵە لەگەڵ تایوان دەکرێت. هەرێمی کوردستان هاوتایەکی ڕاستەوخۆی ئەمەیە: قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەرە کە حکومەتی ناوەندی بانگەشەی تاکە کۆنترۆڵی بەرگری دەکات، ڕووبەڕووی هێزێکی دوژمنکار دەبێتەوە کە تاکتیکی کلاسیکی و بریکاریی (وەک میلیشیا) بەکاردەهێنێت، و ناتوانێت سیستمی بەرگریی پێویست بەدەستبهێنێت بەهۆی نەبوونی پێگەی سەروەرییەوە. ئەگەر ئەمریکا هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی بۆ بەرگریی ئاسمانی دیاری بکات، ئەوا لە کڕینی چەکی دەرەکی ئەولەویەت بە هەرێم دەدات، ڕێکارەکانی پێداچوونەوەی فرۆشتنی چەک ئاسان دەکات، و ڕێگرییە بیرۆکراتییەکانی بەغدا تێدەپەڕێنێت. ئەم شێوازە سنوورەکانی عێراق ناگۆڕێت، بەڵکو تەنها دانپێدانانە بە واقیعی ئێستادا.
قەڵغانەکە چۆن دەبێت؟
ئامانجەکە ئەوە نییە هاوشێوەی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بێت، بەڵکو پەرەپێدانی سیستمێکی هاندەر و بەرگریکارە کە گونجاو بێت بۆ ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی باکووری عێراق دەبنەوە: درۆنە چەکدارەکان، تەقەمەنییە گەڕۆکەکان، موشەکی مەودا کورت و مامناوەند، و ئەو موشەکە بالیستیانەی سوپای پاسداران لە ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٦دا بەکاریهێنان. پاکێجێکی ئەمریکی پێویستە ئەمە بگرێتە خۆ: سیستمی دژە موشەک و تۆپخانە و هاوەن (C-RAM)، پلاتفۆرمی دژە درۆن، ئامێری دژە شاهد، ڕاداری یەکخراو، ژێرخانی کۆنترۆڵکردنی بەهێز، و جێگیرکردنی پاتریۆت لە شوێنە هەستیارەکاندا.
ڕووداوەکانی شوبات کاریگەریی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێستای ئەمریکایان لە هەولێر نیشاندا، کە توانییان زۆربەی موشەکەکان تێکبشکێنن و زیانەکانی سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا کەم بکەنەوە. بەڵام ئەم سیستمە پارێزگاریی گشتگیر بۆ دانیشتووانی کورد و ژێرخانە فراوانەکە دابین ناکات. هێرشە کوشندەکەی ٢٤ی ئازار ئەم کەلێنەی دەرخست، چونکە بنکەکانی پێشمەرگە لە سۆران لە دەرەوەی بازنەی بەرگریی ئەمریکان. دامەزراندنی چینێکی بەرگریی ئاسمانیی کوردی، درێژکراوەی پاراستنی هێزەکانە، بەتایبەت کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان میوانداریی زۆرینەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە عێراقدا دوای کشانەوەیان لە بنکەکانی تری عێراق.
چۆن دەگەینە ئەو شوێنە؟
میکانیزمە یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پێویستییانە بەردەستن. ماددەی ١٢٦٦ لە یاسای ڕێپێدانی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٤، داوای لە پێنتاگۆن کرد پلانێک بۆ پڕچەککردن و مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دابڕێژێت کە دابینکردنی بەرگری ئاسمانی بگرێتەوە، بەڵام هەردوو وادەکە تێپەڕین. یاسای (NDAA) بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا دەرچوو، بڕی ٣٤٣ ملیۆن دۆلاری بۆ "سندوقی ڕاهێنان و پڕچەککردنی دژە داعش" تەرخان کردووە بۆ هێزە هاوبەشەکان لە عێراق و سوریا، کە دەکرێت بگونجێنرێت بۆ پشتیوانیکردنی بەرگریی بنکەکان، ڕادار و سیستمی بەرگریی مەودا کورت بۆ پێشمەرگە. هەروەها یاسای (SPEED)، کە لە هەمان یاسادایە، کاتی دابینکردنی کەرەستەکانی پێنتاگۆن لە ٨٠٠ ڕۆژەوە بۆ نزیکەی ٥ مانگ کەم دەکاتەوە. ماددەی ٥٠٦ لە یاسای هاوکارییە دەرەکییەکان، دەسەڵات دەداتە سەرۆک بۆ بەکارهێنانی کۆگاکانی چەک بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان، کە پێشتر بۆ ئۆکرانیا و تایوان بەکارهاتووە. پێویستە کۆنگرێس بودجەیەکی تایبەت بە بەرگریی ئاسمانی و موشەکی بۆ هەرێمی کوردستان لە پاکێجی داهاتوودا جێگیر بکات، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی بەغدا بەڵام بێ ئەوەی مافی ڤیتۆی پێ بدرێت.
واشنتۆن لەبەردەم هەڵبژاردنێکدایە: یان بەردەوام بێت لە ڕەچاوکردنی تێبینییە ڕێکارییەکانی بەغدا لە کاتێکدا ئێران بێ ڕێگری لە خاکی کورد دەدات، یان دان بە واقیعی ستراتیژیدا بنێت و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات. شێوازی یەکەم دەبێتە هۆی بێدەنگی و بێکردەوەیی، لە کاتێکدا شێوازی دووەم یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی هێزێکی ڕێگریکار. هێرشە موشەکییەکەی ئەم دواییەی سەر فیرقەی ٧ی پێشمەرگە هەموو تەمومژێکی نەهێشتووە. پێویستە واشنتۆن پەیامێک بۆ تاران بنێرێت کە هەولێر چیتر ئامانجێکی لاواز نییە، و پەیامێکیش بۆ بەغدا کە سەروەری پێویستی بە بەرپرسیارێتییە نەک تەنها ڤیتۆیەکی بێ مەرج. لەو شوێنەی ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ نەکراوە، پێویستە واشنتۆن ئامادە بێت بۆ ئەو کارە.