درەو:
🔻 ئەنجامی کاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لە کێڵگەی نەوتی شێخان لە ساڵی 2025
قەبارەی بەرهەمهێنان لە (کێڵگەی شێخان)؛
🔹 ساڵی 2025 :تێکڕای کۆی بەرهەمهێنان (41 هەزار و 560) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا (2%) زیادیکردووە بەراورد بە 2024.
🔹 سەرەتای 2026: تا کۆتایی مانگی شوبات، بەرهەمهێنان بەرزبووەوە بۆ سەروو (44 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە 28ی شوباتی 2026ەوە بەهۆی جەنگی ناوچەیی و وەک ڕێکاری ئەمنی، کێڵگەی شێخان بە تەواوەتی داخراوە.
داهاتی ساڵانە؛
🔹 داهاتی کۆمپانیا لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە (193.1 ملیۆن) دۆلار، کە بە ڕێژەی (28%) بەرزبووەتەوە بەراورد بە ساڵی 2024 کە (151.2 ملیۆن) دۆلار بووە. ئەم گەشەکردنە بەهۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی بۆری بووە لە مانگی ئەیلوولی 2025دا.
🔹 بڕی (50 ملیۆن) دۆلار وەک قازانج لە ساڵی 2025دا دابەشکراوە بەسەر پشکدارەکاندا. هەروەها بۆ ساڵی 2026، بڕیاری دابەشکردنی (12.5 ملیۆن) دۆلار وەک قازانجی کاتی دراوە.
نرخی فرۆشتنی نەوت (نێودەوڵەتی و ناوخۆ)؛
🔹 هەناردەی بۆری (نێودەوڵەتی): تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت بۆ هەناردە (50.5) دۆلار بووە.
🔹 فرۆشتنی ناوخۆیی (ناوخۆی هەرێم): نرخەکان زۆر کەمتر بوون و تێکڕا (27.6) دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک.
🔹 بەپێی ڕێککەوتنە کاتییەکانی هەناردەکردن، کۆمپانیا بۆ هەر بەرمیلێک (30) دۆلار نەختێنەی وەرگرتووە.
سەرەتا
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی سەربەخۆ و بەرهەمهێنەرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕۆژی 19ی ئازاری 2026 ئەنجامە داراییەکانی خۆی بۆ ساڵی دارایی (1ی کانونی دووەمی 2025 بۆ 31ی کانوونی یەکەمی 2025 )، ڕاگەیاند.
لەم بارەیەوە، جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن، وتی: "ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەدایەکی کارکردن و دارایی بەهێزمان پێشکەش کرد کە هاوتەریب بوو لەگەڵ ڕێنماییەکانمان، هەروەها ساڵێکی ترمان بەبێ تۆمارکردنی هیچ ڕووداوێکی پەکخەری کار بەڕێکرد. بەدەستهێنانی لێشاوی نەختێنەیی ئازاد (Free cash flow) ڕێگەی پێداین بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەتەکەمان، بە جۆرێک هاوسەنگیمان پاراست لە نێوان وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی (50 ملیۆن) دۆلار وەک قازانج بەسەر پشکدارەکاندا. دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە لە مانگی ئەیلوولی 2025دا، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو بۆ کۆمپانیاکەمان و تەواوی کەرتەکە بە گشتی.
ساڵی 2026مان بە ئەرێنی دەستپێکرد، بە جۆرێک لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتدا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ سەروو (44 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەوە، هەروەها بەردەوامیی پارەدانی هەناردەکردن بووە هۆی دروستکردنی لێشاوی نەختێنەیی. هەروەها پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە بەرەو گەڕانەوە بۆ نرخە نێودەوڵەتییەکان، بە جۆرێک لە فاکتۆرەکانی هەناردەی ساڵی 2025دا دابەزاندنی کەمتر بەراورد بە نرخی برێنت دەبینرێت.
لە دوای سەرهەڵدانی ململانێ هەرێمییەکانەوە، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی کێڵگەی شێخانمان داخستووە و ڕێکاری پێویستمان بۆ پاراستنی کارمەندەکانمان گرتووەتە بەر. هەروەها ڕێنماییەکانی ساڵی 2026مان ڕاگرتووە تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنان دەستپێدەکاتەوە. ئومێدەوارین دۆخی ئەمنی بەم زووانە سەقامگیر ببێتەوە و ئێمە ئامادەین بە خێرایی دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکەینەوە هەر کاتێک دۆخەکە سەلامەت بوو. ئێمە لە پێگەیەکی بەهێزداین بۆ تێپەڕاندنی ئەم پەککەوتنانە، چونکە خاوەنی هاوسەنگییەکی دارایی پتەو و بێ قەرزین، لەگەڵ هەبوونی نەرمییەکی زۆر بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
دوای لێکۆڵینەوەی وردی ئەم فاکتەرانە و دیدگای ئێستا، دەستەی بەڕێوەبەری ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕاگەیاندنی دابەشکردنی (12.5 ملیۆن) دۆلار وەک قازانجی کاتی.
خاڵە بەرچاوەکان تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 و قۆناغی دوای ڕاپۆرتەکە
1. لایەنی کارپێکردن (Operational)
أ. ئەنجامدانی کارپێکردنێکی بەهێز لە ساڵی 2025دا:
§ تێکڕای کۆی بەرهەمهێنان (41 هەزار و 560 ) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، کە بە ڕێژەی (2%) بەرزبووەتەوە بەراورد بە ساڵی پێشوو (2024: 40 هەزار و 689 بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا) و نزیک بووە لە بەرزترین ئاستی ئەو مەودایەی کە بۆ ڕێنماییەکان دیاری کرابوو (40 هەزار – 42 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
§ گۆڕانکارییەکی سەرکەوتوو لە فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆریی نێوان عێراق و تورکیا لە 27ی ئەیلوولی 2025دا نەدیهاتووە.
§ پەسەندکردنی دامەزراوەکانی چارەسەرکردنی ئاو لە وێستگەی(PF-2) بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەکردنی بەرهەمهێنان لە داهاتوودا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کۆگای نەوت.
§ بەڕێوەچوونی کارەکان بە سەلامەتی، بەبێ تۆمارکردنی هیچ ڕووداوێکی پەکخەری کار بۆ ماوەی زیاتر لە 3 ساڵ، سەرەڕای هەبوونی بەرنامەیەکی کاری چڕ و پەککەوتنە ئەمنییەکان.
ب. تێکڕای کۆی بەرهەمهێنان نزیکەی (41 هەزار و 300) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2026 تاوەکو 28ی شوبات:
§ تێکڕای کۆی بەرهەمهێنان لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی 2026دا بۆ سەروو (44 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی پڕۆسەکانی نۆژەنکردنەوە و دەستکاریکردنی بیرەکان بوو.
ج. لە 28ی شوباتی 2026دا، کێڵگەی شێخان وەک ڕێکارێکی سەلامەتی و خۆپارێزی داخرا، ئەمەش بەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی دواتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێویاندا لە کوردستان.
§ تێکڕای کۆی بەرهەمهێنان گەیشتە نزیکەی (32 هەزار و 100) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2026 تاوەکو 17ی ئازار؛ بەو پێیەی خەمڵاندنی زیانە ساڵانەییەکان بەهۆی داخرانی کێڵگەکەوە تا ئێستا بە نزیکەی (840) بەرمیل لە هەفتەیەکدا دەخەمڵێنرێت.
§ کۆمپانیاکە ئامادەیە بە خێرایی دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکاتەوە لەگەڵ باشتربوونی باری ئەمنی.
2. یەدەگی خەمڵێنراوی کێڵگەی شێخان
أ. کۆمپانیاکە کۆی یەدەگی (2P) بە (416 ملیۆن) بەرمیل دەخەمڵێنێت تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2025 (خەمڵاندنی ناوخۆیی لە 31ی کانوونی یەکەمی 2024: 443 ملیۆن) بەرمیل بووە.
ب. کەمبوونەوەکە بەراورد بە ساڵی پێشوو، ڕەنگدانەوەی کۆی بەرهەمهێنانی (15 ملیۆن) بەرمیلە لە ساڵی 2025دا، لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی کەمی قەبارەی یەدەگ بە بڕی (12 ملیۆن) بەرمیل.
3. لایەنی دارایی (Financial)
أ. ئەنجامێکی دارایی بەهێز: لەگەڵ وەبەرهێنانی ڕێکخراو لە پڕۆژەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنان، کۆنترۆڵی توندی تێچووەکان و دروستکردنی لێشاوی نەختێنەیی ئازاد کە پاڵپشتی دابەشکردنی قازانج دەکات بەسەر پشکدارەکاندا.
ب. داهات لەسەر بنەمای فاکتۆرەکانی فرۆشتن پێوەرێکی نادەرهێنراو بە ڕێژەی (28%) بەرزبووەوە بۆ (193.1 ملیۆن) دۆلار (داهاتی 2024: 151.2 ملیۆن دۆلار بووە)، ئەمەش ڕەنگدانەوەی زیادبوونی بەرهەمهێنان و تێکڕای نرخی فرۆشراوی (33.9) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک (2024: 26.8 دۆلار) بووە.
§ تێکڕای نرخی فرۆشراو بۆ هەناردەی ساڵی 2025 بڕی (50.5) دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، کە باشتربوونێکی بەرچاوە بەراورد بەو نرخەی لە فرۆشتنی ناوخۆیی ساڵی 2025دا بەدەستهاتبوو کە (27.6) دۆلار بوو؛ ئەم نرخە نێودەوڵەتییە بە دابەزاندنی (Discount) بڕی (13.4) دۆلار لە نرخی برێنت (Dated Brent) هەژمار کراوە.
§ وەرگرتنی نەختێنەیی بۆ هەناردەی ساڵی 2025 یەکسان بووە بە (30) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەپێی ڕێککەوتنە کاتییەکانی هەناردەکردن.
ج. قازانجی هەموارکراوی پێش باج و سوود بە ڕێژەی (46%) بەرزبووەوە بۆ 111.4) ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2025دا (2024: 76.1 ملیۆن) دۆلار بووە.
§ تێچووی کارپێکردنی گشتی بۆ هەر بەرمیلێک بە جێگیری لە ئاستی (4.3) دۆلاردا مایەوە بەراورد بە ساڵی پێشوو (2024: 4.4 دۆلار)، لەگەڵ کەمکردنەوەی (18%)ی خەرجییە گشتی و کارگێڕییەکان بۆ (9.3 ملیۆن) دۆلار (2024: 11.4 ملیۆن) دۆلار بووە.
د. کۆی خەرجیی سەرمایەی پاک بڕی (38.8 ملیۆن) دۆلار بووە (2024: 18.3 ملیۆن) دۆلار، کە هاوتەریب بووە لەگەڵ ڕێنماییەکان و وەبەرهێنان بووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی PF-2، نۆژەنکردنەوەی بیرەکان و خەرجییە سەرەتاییەکانی دامەزراوەی چارەسەری ئاو لە PF-2.
ه. لێشاوی نەختێنەیی ئازاد (29.1 ملیۆن) دۆلار بووە (2024: 65.4 ملیۆن) دۆلار بووە.
§ ئەو بڕە پارانەی کە دەبوو وەربگیرێن لە کۆتایی ساڵی 2025دا و پەیوەست بوون بە کاتی هەناردەکردنەوە، لە ساڵی 2026دا وەک چاوەڕوان دەکرا وەرگیراون.
و. بڕی (50 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2025دا دراوەتەوە بە پشکدارەکان لە ڕێگەی دابەشکردنی قازانجی شەش مانگی لە مانگەکانی نیسان و ئەیلوولدا.
ز. باڵانسی نەختێنەیی لە کۆتایی ساڵی 2025دا (78.2 ملیۆن) دۆلار بووە (31ی کانوونی یەکەمی 2024: 102.3 ملیۆن) دۆلار بووە و کۆمپانیاکە هیچ قەرزێکی لەسەر نییە. باڵانسی نەختێنەیی تا 18ی ئازاری 2026 گەیشتووەتە (89.1 ملیۆن) دۆلار.
4. دیدگای کۆمپانیا
أ. بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنی ناوچەکە و ڕاگرتنی بەرهەمهێنان، کۆمپانیا پێداچوونەوە دەکات بە ڕێنماییەکانی پێشووی بۆ تێکڕای بەرهەمهێنانی ساڵی 2026 کە بە 37,000 – 41,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستنیشان کرابوو.
ب. کۆمپانیا ڕێنماییەکانی پێشووی بۆ خەرجیی سەرمایەیی، تێچووی کارپێکردن و خەرجییە کارگێڕییەکانی ساڵی 2026 ڕاگرتووە (کە پێشتر بە ڕیزبەندی 40-50 ملیۆن دۆلار، 55-60 ملیۆن دۆلار و کەمتر لە 10 ملیۆن دۆلار) خەمڵێنرابوون.
ج. کۆمپانیا خاوەنی هاوسەنگییەکی دارایی پتەوە و نەرمییەکی زۆری هەیە بۆ کەمکردنەوەی بەرنامەی کار و تێچووەکانی ئەگەر ڕاگرتنی بەرهەمهێنان بەردەوام بێت.
د. ڕێککەوتنە کاتییەکانی ئێستای هەناردەکردن کە لە 31ی ئازاری 2026 کۆتایی دێت، چاوەڕوان دەکرێت درێژ بکرێنەوە. کۆمپانیا چاوەڕوان دەکات دوای تەواوبوونی پێداچوونەوەی ڕاوێژکارە سەربەخۆ نێودەوڵەتییەکان، شایستە داراییەکان بەپێی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان (PSC) و بە نرخە نێودەوڵەتییەکان ڕێک بخرێنەوە.
ه. کۆمپانیا بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسە بازرگانییە کۆنەکانی کێڵگەی شێخان، لەوانە یەکلاکردنەوەی پاشکەوتەکانی فرۆشتنی نەوتی ڕابردوو و داراییەکانی تری پەیوەست بە حکومەت.


سەرچاوە؛
- Gulf Keystone Petroleum, 2025 Full Year Results Announcement, 19TH MARCH 2026;
https://www.gulfkeystone.com/2025-full-year-results-announcement/