راپۆرتی: درەو
🔹 بەغداد کار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جیهان لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، بە توانایەکی سەرەتایی کە لە نێوان (٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
🔹 کاری نۆژەنکردنەوە لە کێڵگەکانی کەرکوک کە بۆریی عێراق-تورکیاوە دەبەستێتەوە. نزیکە لە تەواو بوون و تەنیا پشکنینی بڕگەیەکی (١٠٠ کیلۆمەتر)ی ماوە. بە تەواوبوونی ئەم ڕێکارە تەکنیکییانە، بەغداد دەتوانێت ڕاستەوخۆ نەوت لە کەرکووکەوە بۆ تورکیا بنێرێت بێ ئەوەی بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستاندا بڕوات.
🔹 پێشتر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەپێی پشکی دیاریکراوی ڕێکخراوی ئۆپێک، بە نزیکەی (٤.٤ ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرا.
🔹 دەستپێکردنی قەیرانەکە، هەناردەی نەوتی عێراق لەرێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە دەگەیشتە نزیکەی (٣.٤ ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە هەناردەکردن ڕاگیراوە.
🔹 بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی باشوور لە هەفتەکانی یەکەمی قەیرانەکەدا بە ڕێژەی (٧٠٪) دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی (١.٣ ملیۆن) بەرمیل، لە کاتێکدا پێش شەڕ ئاستەکەی نزیکەی (٤.٣ ملیۆن) بەرمیل بوو، ئەوەشی بەرهەم دێت بە پلەی یەکەم بۆ کارپێکردنی پاڵاوگە ناوخۆییەکان و پێداویستیی وێستگەکانی کارەبا بەکاردێت.
🔹 پاڵاوگەکانی عێراق بە توانایەکی بەرهەمهێنان کە لە نێوان (١.١ بۆ ١.٢ ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا کار دەکەن، تاوەکو بەرهەمە سەرەکییەکان وەک (بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و غازی شل) بۆ بازاڕی ناوخۆ دابین بکەن.
🔹 کۆمپانیای غازی بەسڕە بڕێکی زۆر غاز بەرهەم دەهێنێت، کە ڕۆژانە دەگاتە نزیکەی (٦٠٠ ملیۆن) پێ سێجا غازی وشک، لەگەڵ (٢٨٠٠ بۆ ٣٠٠٠ تۆن) غازی شل (LPG).
🔹 وەزارەتی نەوتی عێراق، تەندەریان بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری بانیاس لە سووریا و بەندەری عەقەبە لە ئوردن خستووەتە ڕوو، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا گرێبەستی بەڵێندەرایەتیی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت لەو دەروازانەوە ڕادەسپێردرێن.
سەرەتا
حکومەتی بەغداد هەوڵ دەدات جێگرەوەی خێرا بدۆزێتەوە، دوای ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی کەنداوەوە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە پەکیکەوتووە.
حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکدا، کە سەکۆی (تاقە) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: بەغداد کار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جیهان لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، بە توانایەکی سەرەتایی کە لە نێوان (٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت.
عەبدولغەنی ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەری هەیە ئەم ڕێڕەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بەکار بهێنرێت بێ ئەوەی بە خاکی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ ببێت، ئەوەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەغداد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم نەگاتە ڕێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی ژێرخانی هەبوو. ئەم هەنگاوە گوزارشت لە هەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ دۆزینەوەی دەروازەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوتەکەی لە ژێر سایەی قەیرانی ئێستادا.
بەغداد دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی مەرجگەلێک دادەنێن کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتەوە نییە، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێم دەڵێت بەغداد چارەسەری ئەو تەحەدییە ئەمنی و ئابوورییانەی نەکردووە کە ڕووبەڕووی کەرتی وزەی کوردستان دەبنەوە.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە سێبەری شەڕ و داخستنی گەرووی هورمزدا
حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کە پێشتر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەپێی پشکی دیاریکراوی ڕێکخراوی ئۆپێک، بە نزیکەی (٤.٤ ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرا، بەڵام داخستنی گەرووی هورمز و پەککەوتنی جووڵەی دەریاوانی لە کەنداو، بووەتە هۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە، ئەوەش تەنیا چەند ڕۆژێک دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا.
وەزیری نەوت ڕوونیکردەوە، پێش دەستپێکردنی قەیرانەکە، هەناردەی نەوتی عێراق لەرێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە دەگەیشتە نزیکەی (٣.٤ ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە لە سەرووی هەموویانەوە بەندەری نەوتی بەسڕە بوو وەک دەروازەی سەرەکی هەناردەکردنی وڵات.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەبەر ڕۆشنایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و داخستنی گەرووی هورمز، هەناردەکردن لە باشوورەوە دوای دوو یان سێ ڕۆژ لە دەستپێکی شەڕەکە وەستاوە، هەر بۆیە "وەزارەتی نەوت پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکاندا داناوە".
ڕاوەستانی بارە نەوتییەکان حکومەتی ناچار کردووە ڕێکاری بەپەلە بگرێتە بەر، لەوانە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ژمارەیەک کێڵگەدا بۆ ئەوەی کۆگاکان پڕ نەبن، لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کارپێکردنی ئەو کێڵگانەی بڕێکی زۆر لە غازی هاوپێچیان تێدایە.
هەروەها ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنان لە هەندێک کێڵگەی نەوتی وەستاوە، وەک کێڵگەکانی (ڕۆژئاوای قوڕنە ١ و ٢)، کێڵگەی فەیحا، کێڵگەی مەجنوون، هەروەها کێڵگەکانی میسان لەوانە حەلفایە و بوزورگان.
عەبدولغەنی جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەت پەرۆشی بەردەوامبوونی کارکردنی ئەو کێڵگانەیە کە بڕێکی زۆر غازی هاوتایان تێدایە، بە مەبەستی بەکارهێنانی لە پاڵپشتیکردنی تۆڕی کارەبادا. ئاماژەی بەوەش کرد کە کێڵگەکانی نەوتی ناوەڕاست تا ئێستاش بەردەوامن لە بەرهەمهێنان و سوود لە غازەکەیان وەردەگیرێت، هەرچەندە ئاستی بەرهەمهێنانیان دابەزیوە، بەڵام زۆربەی بەرهەمەکەیان بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخان دەکرێت.
وەزیری نەوت ڕاشیگەیاند، کە کێڵگەکانی کەرکووک بە تەواوی توانای خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی باکوور. جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ نێوان (١.٥ بۆ ١.٦ ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، کە ئەم بڕەش بە پلەی یەکەم بۆ کارپێکردنی پاڵاوگە ناوخۆییەکان و پێداویستیی وێستگەکانی کارەبا بەکاردێت.
نۆژەنکردنەوەی هێڵی کەرکووک–جیهان
لە چوارچێوەی گەڕان بەدوای جێگرەوەیەک بۆ هەناردەی نەوت، وەزارەت کار بۆ تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی ئەو هێڵە دەکات کە کێڵگەکانی کەرکووک بە بۆریی عێراق-تورکیاوە دەبەستێتەوە. وەزیر ڕوونیکردەوە کە کارەکانی نۆژەنکردنەوە نزیکەی تەواو بوون و تەنیا پشکنینی بڕگەیەکی (١٠٠ کیلۆمەتر)ی ماوە. بە تەواوبوونی ئەم ڕێکارە تەکنیکییانە، بەغداد دەتوانێت ڕاستەوخۆ نەوت لە کەرکووکەوە بۆ تورکیا بنێرێت بێ ئەوەی بە خاکی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ بێت، ئەمەش دەرفەتی دەستپێکردنەوەی بەشێک لە هەناردەی نەوت لە ماوەیەکی کورتدا دەڕەخسێنێت.
هێڵی عێراق-تورکیا یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی هەناردە و توانای گواستنەوەی (٩٠٠ هەزار) بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا. حکومەتی فیدراڵ هەوڵ دەدات بۆ هەناردەکردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئەو کێڵگانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدایە سوودی لێ وەرگرێت، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێم بەهۆی ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییەکانەوە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.
دوێنێ یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوت و غاز بوونەتە هۆی ڕاوەستانی تەواوەتی بەرهەمهێنان لە هەندێک شوێن، ئەمەش ڕێگر بووە لە هەبوونی بڕی پێویست بۆ هەناردەکردن. بەپێی خەمڵاندنەکان، بەردەوامیی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی فشارێکی دارایی گەورە لەسەر ئابووری عێراق. ئامارەکان دەریدەخەن کە بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی باشوور لە هەفتەکانی یەکەمی قەیرانەکەدا بە ڕێژەی (٧٠٪) دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی (١.٣ ملیۆن) بەرمیل، لە کاتێکدا پێش شەڕ ئاستەکەی نزیکەی (٤.٣ ملیۆن) بەرمیل بوو.
هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی بانیاسی سووریا و عەقەبەی ئوردنەوە
حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکدا کە (موازین نیوز) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئاماژەی بەوە کرد: "پڕۆسەی هەناردەکردن وەستاوە، لە کاتێکدا عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بەو داهاتانە دەبەستێت کە لە هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە بەدەست دێن". ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە "وەزارەتی نەوت هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی دەست بکرێتەوە بە هەناردەکردنی بڕێک لە نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە".
هەروەها ڕایگەیاند: "تەندەرمان بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری بانیاس لە سووریا و بەندەری عەقەبە لە ئوردن خستووەتە ڕوو"، ئاشکراشی کرد کە "لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا گرێبەستی بەڵێندەرایەتیی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت لەو دەروازانەوە ڕادەسپێردرێن".
وەزیری نەوت جەختیشی کردەوە کە "بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوەکە پشت بە تانکەر دەبەسترێت، ئەوەش بەهۆی نەبوونی بۆریی نەوت لە هێڵەکانی نێوان عێراق-سووریا و عێراق-عەقەبە".
پاڵاوگەکانی نەوت لە عێراق
پاڵپشت بە ئاماژەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، پاڵاوگە ناوخۆییەکان بە تەواوی توانای خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی سووتەمەنی. لە ئێستادا پاڵاوگەکانی عێراق بە توانایەکی بەرهەمهێنان کە لە نێوان (١.١ بۆ ١.٢ ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا کار دەکەن، تاوەکو بەرهەمە سەرەکییەکان وەک (بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و غازی شل) بۆ بازاڕی ناوخۆ دابین بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای غازی بەسڕە بڕێکی زۆر غاز بەرهەم دەهێنێت، کە ڕۆژانە دەگاتە نزیکەی (٦٠٠ ملیۆن) پێ سێجا غازی وشک، لەگەڵ (٢٨٠٠ بۆ ٣٠٠٠ تۆن) غازی شل (LPG).
غازی شل لە ڕێگەی کارگەکانی غازی باشوور و غازی باکوور، لەگەڵ بەرهەمی پاڵاوگەکان دابین دەکرێت. ئاستی بەکاربردنی ڕۆژانەی غاز دەگاتە نزیکەی (٦ هەزار) تۆن، کە لەلایەن کۆمپانیای غازی باشوور و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ دابین دەکرێت، کە بەرهەمی شێڵ بە تەنیا زیاتر لە (٤ هەزار) تۆنە.
هەروەها عێراق خاوەنی کۆگایەکی ستراتیژیی غازی شلە کە بە (٥٠ هەزار) تۆن دەخەمڵێندرێت و لە ژێر زەویدا کۆگاکراوە بۆ کاتی باری نائاسایی. حیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت یەدەگێکی باشی لە گازوایل (دیزل) هەیە کە دەکرێت لە کاتی کەمبوونەوەی غازدا بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا سوودی لێ وەربگیرێت.
لە کۆتاییدا، وەزارەت کار دەکات بۆ دووبارە کارپێکردنەوەی هەندێک لە پەمپەکانی "هێڵی ستراتیژی" بۆ گواستنەوەی نەوت، ئەمەش ڕێگە دەدات ڕۆژانە نزیکەی (٢٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتی بەسڕە بۆ پاڵاوگەکانی باکوور بگوازرێتەوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کارەکانیان.
سەرچاوەکان
- موازين نيوز – أقتصاد، وزير النفط: طرحنا مناقصات لتصدير النفط عبر ميناءي بانياس السوري والعقبة الأردني، 16/03/2026؛
https://shorturl.at/6sl7d
- منصة الطاقة، صادرات النفط العراقي إلى تركيا قد تتجاوز إقليم كردستان، 2026-03-16؛
https://shorturl.at/NlLMW