سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

دۆسیەیی نەوت

ئێران، خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان

تێڕوانینێکی گشتی بۆ کەرتی نەوتی ئێران، خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران زیانێکی زۆری بە ژێرخانی وزەی ئێران گەیاندووە

بڵاوکراوەتەوە لە : 9 ئازار 2026

ئێران، خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

راپۆرتی: درەو 

🔹 ئێران خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتە لە جیهاندا، کە ڕێژەی %9ـی کۆی گشتیی جیهان پێکدەهێنێت و لە دوای ڤەنزوێلا، عەرەبستانی سعوودی و کەنەدا دێت.

🔹 دووەم گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی گازی سروشتیی هەیە بە ڕێژەی %17، کە تەنها لە دوای ڕووسیاوە دێت. 

🔹 ئێران خاوەنی نزیکەی %19ی یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

🔹 ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئۆپێک و پێش گەمارۆی سەر وڵاتەکە چوارەم گەورەترین هەناردەکاربوو.

🔹 ئێران گەورەترین بەکارهێنەری وزەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

🔹 پشکی داهاتی نەوت لە بودجەی گشتیی ئێراندا لە زۆربەی ساڵەکاندا لە سەرووی %25 ماوەتەوە، لە کاتێکدا نەوت نزیکەی %9 کۆی بەرهەمی ناوخۆیی GDP) ) پێکدەهێنێت.

🔹 پێش ئەوەی سزاکان لە ساڵی 2012دا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوروپا دووەم گەورەترین هاوردەکاری ناوچەیی نەوتی ئێران بوو لە دوای کیشوەری ئاسیا.

🔹 زیاتر لە %50ی هەناردە نانەوتییەکانی ئێران لە ساڵانی 2023-2024 لە بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و چڕکراوەکانی گازcondensates) ) پێکهاتبوو.

🔹 پشکی داهاتی نەوت لە بودجەی گشتیی ئێراندا لە زۆربەی ساڵەکاندا لە سەرووی %25 ماوەتەوە، لە کاتێکدا نەوت نزیکەی %9 کۆی بەرهەمی ناوخۆیی GDP) ) پێکدەهێنێت.

🔹 تاران لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین بڕە پارە بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی وزە خەرج دەکات.

 

سەرەتا

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران زیانێکی زۆری بە ژێرخانی وزەی ئێران گەیاندووە و ئاستی گرژییەکانی لە گەرووی هورمز بەرزکردووەتەوە. هێرشەکانی ئیسرائیل دامەزراوە سەرەکییەکانی نەوت و گازیان پێکاوە، لەوانەش کێڵگەی گازی "پارسای باشوور" کە نزیکەی %80ی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی ئێران پێکدەهێنێت. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوەی گەورە و پەککەوتنی پڕۆسەی بەرهەمهێنان.

هەروەها ژێرخانە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی نەوت، وەک "دوورگەی خارج"، داخراون؛ ئەمەش هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانی لە نزیکەی (1.7 ملیۆن) بەرمیلەوە بۆ کەمتر لە (100 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردووەتەوە. پاڵاوگە و کۆگاكانی نەوت لە نزیک تاران، بوشەهر و فارس کراونەتە ئامانج، کە ئەمەش توانای پاڵاوتنی ئێرانی زیاتر پەکخستووە. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی کارەبا، زیانەکانی قورستر کردووە و فشاری زۆری خستووەتە سەر کەرتی پیشەسازیی ئێران بە گشتی.

لە بەرامبەردا، ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی دەکرد لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەرووەکە بۆ نزیکی سفر دابەزیوە – کە ڕێڕەوێکی دەریایی تەسکە و نزیکەی %20ی باری نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. هەرچەندە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بازدانی توندی نرخەکانی وزە لە جیهاندا و ناسەقامگیریی بازاڕەکان، بەڵام هاوکات زیان بە هەناردەی خودی ئێران و بازرگانییەکانی لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکانی وەک چین دەگەیەنێت.

مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی جەنگ، نرخە جیهانییەکانی نەوتی بە ڕێژەی نزیکەی %50 بەرزکردووەتەوە. ئەندامانی ئۆپێک تاوتوێی زیادکردنی بەرهەمهێنان دەکەن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ، ئەم ململانێیە تەنها بەرهەمهێنانی وزەی ئێرانی پەک نەخستووە، بەڵکو مەترسییەکی سیستمیی بۆ ڕێڕەوە دەریاییەکانی کەنداو دروست کردووە و نیگەرانییە بەرفراوانەکانی سەبارەت بە ناسەقامگیریی ناوچەیی زیاتر کردووە.

 

تێڕوانینێکی گشتی بۆ کەرتی نەوتی ئێران

ئێران خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتە لە جیهاندا، کە ڕێژەی %9ـی کۆی گشتیی جیهان پێکدەهێنێت و لە دوای ڤەنزوێلا، عەرەبستانی سعوودی و کەنەدا دێت. دووەم گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی گازی سروشتیی هەیە بە ڕێژەی %17، کە تەنها لە دوای ڕووسیاوە دێت، ئێران خاوەنی نزیکەی %19ی یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەم وڵاتە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئۆپێک و پێش گەمارۆی سەر وڵاتەکە چوارەم گەورەترین هەناردەکاربوو، هاوکات ئێران گەورەترین بەکارهێنەری وزەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

پشکی داهاتی نەوت لە بودجەی گشتیی ئێراندا لە زۆربەی ساڵەکاندا لە سەرووی %25 ماوەتەوە، لە کاتێکدا نەوت نزیکەی %9 کۆی بەرهەمی ناوخۆیی GDP) ) پێکدەهێنێت، پێش ئەوەی سزاکان لە ساڵی 2012دا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوروپا دووەم گەورەترین هاوردەکاری ناوچەیی نەوتی ئێران بوو لە دوای کیشوەری ئاسیا، زیاتر لە %50ی هەناردە نانەوتییەکانی ئێران لە ساڵانی 2023-2024 لە بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و چڕکراوەکانی گازcondensates) ) پێکهاتبوو.

پشکی داهاتی نەوت لە بودجەی گشتیی ئێراندا لە زۆربەی ساڵەکاندا لە سەرووی %25 ماوەتەوە، لە کاتێکدا نەوت نزیکەی %9 کۆی بەرهەمی ناوخۆیی GDP) ) پێکدەهێنێت، تاران لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین بڕە پارە بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی وزە خەرج دەکات.

لە ڕووی جوگرافییەوە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژئاوا چڕبوونەتەوە؛ 
-       کێڵگە نەوتییەکان لە پارێزگای خوزستان. 
-       کێڵگە گازییەکان لە پارێزگای بوشەهر 
-       چڕکراوەکانیش لە کێڵگەی زەبەلاحی پارسای باشوور بەرهەم دەهێنرێن.
دوورگەی خارج و گەرووی هورمز، ئێران %90ی نەوتی خاوی خۆی لە ڕێگەی دوورگەی خارجـەوە هەناردە دەکات تاوەکو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببێت. هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم دوورگەیە یان داخستنی گەرووەکە، هەناردەی نەوتی ئێران پەکدەخات.
ئێران گازی سروشتی لە کێڵگەی دەریایی "پارسای باشوور" بەرهەم دەهێنێت، کە سێیەکی گەورەترین کۆگای یەدەگی گازی سروشتی لە جیهاندا پێکدەهێنێت. بەهۆی سزاکان و گرفتە تەکنیکییەکانەوە، زۆربەی ئەو گازەی لەم کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخان دەکرێت.

کێڵگەی پارسای باشووری ئێران لە پارێزگای بوشەهر لە باشووری وڵات هەڵکەوتووە. ئەم کێڵگەیە بەشێکە لە گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی لە جیهاندا کە لە نێوان ئێران و قەتەردا هاوبەشە لەسەر سنوورە دەریاییەکانیان لە کەنداودا، ڕووبەری گشتیی کێڵگەکە نزیکەی (9 هەزار 700) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە؛ (3 هەزار و 700) کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندایە، لە کاتێکدا (6 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە لایەنی قەتەردایە و بە کێڵگەی "گازی باکوور" دەناسرێت.

بەپێی خەمڵاندنەکان تەواوی کێڵگەکە نزیکەی (هەزار 800 تریلیۆن) پێی سێجا گازی تێدایە، کە بەسە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی جیهان بۆ ماوەی 13 ساڵ. ڕۆژانە نزیکەی (700 ملیۆن) مەتری سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت، کە دەگاتە (%7) تا (%10)ی بەرهەمی جیهانی.

ئێران چەندین دامەزراوەی نەوتیی ستراتیژیی هەیە، کە ئەمانەی خوارەوە دیارترینیانن:

-       کێڵگەی ئەهواز: لە سەرووی لیستی کێڵگە ئێرانییەکان دێت و سێیەم گەورەترین کێڵگەی نەوتییە لە جیهاندا. بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی ئێران، ڕۆژانە (750 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

-       کێڵگەی گەچساران: دووەم گەورەترین کێڵگەی نەوتیی ئێرانە و ڕۆژانە (500 هەزار) بەرمیل بەرهەم دەهێنێت.

-       کێڵگەی مارون: دەکەوێتە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای تاران. ئەم کێڵگەیەش ڕۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت و یەدەگەکەی بە (46 ملیار) بەرمیل دەخەمڵێندرێت.

-       کێڵگەی ئاغاجاری: دەکەوێتە خوزستان و بە پێنجەم گەورەترین کێڵگەی نەوتیی ئێران دادەنرێت. ڕۆژانە (200 هەزار) بەرمیل بەرهەم دەهێنێت و یەدەگەکەی (28 ملیار) بەرمیلە.

-       پاڵاوگەی ئابادان: لە پارێزگای خوزستانە و ڕۆژانە (500 هەزار) بەرمیل لە (5) کێڵگەی جیاوازی ناوچەکەوە لەم پاڵاوگەیەدا بەرهەم دەهێنرێت.

-       پاڵاوگەی ئەسفەهان و تاران: لە پاڵاوگەی ئەسفەهان ڕۆژانە (375 هەزار) بەرمیل و لە پاڵاوگەی تاران (کە 3 کێڵگە دەگرێتەوە) (250 هەزار) بەرمیل بەرهەم دەهێنرێت.

نەخشەی نەوت غازییەکانی ئێران

 

 

 

ئێران وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری ئۆپێک، سەردەمانێک هەژموونێکی زۆری لەناو ڕێکخراوەکەدا هەبوو، تەنانەت هەندێک جار ڕکابەریی باڵادەستیی عەرەبستانی سعوودی دەکرد. لە لوتکەی گەشەسەندنی خۆیدا لە ساڵی 1974، ئێران ڕۆژانە زیاتر لە (6 ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و تەنها لە دوای سعوودیە دەهات کە ئاستی بەرهەمهێنانی (8.4 ملیۆن) بەرمیل بوو، لە کاتێکدا عێراق لە دواوە بوو بە تەنها (1.9 ملیۆن) بەرمیل. بەڵام جەنگی ئێران و عێراق (1980-1988)، سزاکانی سەر وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی درێژ و سنوورداریی وەبەرهێنانی بیانی، لەو کاتەوە بوونەتە کۆسپ لەبەردەم توانای بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتەدا.

چارتی ژمارە (1)

 

 

سەرەڕای ئەم پاشەکشانە، ئێران چەندین جار توانای خۆڕاگریی خۆی نیشان داوە. دوای سەپاندنی سزاکان بەسەر کەرتی وزەیدا لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە لە ساڵانی 2011 و 2012، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە تا ساڵی 2015 بۆ نیوە کەمبووەوە. بەڵام دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی (JCPOA) لە ساڵی 2015دا، کە تێیدا ئێران ڕازی بوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکاندا، بەرهەمهێنانی نەوت بە خێرایی گەشایەوە. لە ماوەی دوو ساڵدا، ئاستی بەرهەمهێنان ڕۆژانە (1.3 ملیۆن) بەرمیل زیادی کرد و هەناردەی نەوتی خاویش لە ماوەی تەنها یەک ساڵدا زیاتر لە (1 ملیۆن بەرمیل) زیادی کرد و گەڕایەوە بۆ ئاستی پێش سزاکان.

کشاندنەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی لە ساڵی 2018دا لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا، بووە هۆی دابەزینێکی توندی دیکە. ئاستی بەرهەمهێنان لە ماوەی یەک ساڵدا ڕۆژانە (1.9 ملیۆن) بەرمیل کەمی کرد و لە تشرینی یەکەمی 2020دا گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 1989وە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران وردە وردە بەرهەمهێنانی سەرلەنوێ بنیاتنایەوە و لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2024 یەکێک لە گەورەترین زیادکردنەکانی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا لە نێو ئەندامانی ئۆپێکدا تۆمار کرد. جێی سەرنجە کە ئێران بەهۆی سزاکانەوە لە پشکی دیاریکراوی بەرهەمهێنانی ئۆپێک بەخشراوە، ئەمەش ڕێگەی پێداوە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بگەیەنێتە ئەوپەڕی تواناکانی. لە ساڵی 2024دا، بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە گەیشتە 4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی ساڵانەیە لە دوای سەپاندنی سزاکانەوە.

 

چین هاوکاری ئێرانی کردووە بۆ دەربازبوون لە سزاکان

بێگومان سزاکان کۆتوبەندیان بۆ ئێران دروست کردووە، بەڵام ئەو سزایانە کون و کەلێنیان تێدایە. بەردەوامیی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە، زۆرجار بە داشکاندن، و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە یارمەتیدانی ئێران بۆ دەربازبوون لە سنووردارکردنەکان، قەبارەی هەناردەکردنی بە بەرزی هێشتبوویەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەمە وەرنەگێڕدراوە بۆ هێزێکی ڕاستەقینە لە بازاڕدا. لەگەڵ سستبوونی جێبەجێکردنی سزاکان و هەندێک جار کەمبوونەوەی خستنەڕووی جیهانی، ئێران وەک ئاکتەرێکی پەیوەندیدار ماوەتەوە، بەڵام نەک وەک ئاکتەرێکی باڵادەست.

هەناردەی نەوتی ئێران لە ساڵانی دواییدا بازدانی بەخۆوە بینیوە و سێ هێندە زیادی کردووە؛ لە نزیکەی (400 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە لووتکەی هەڵمەتی "فشاری زۆر"ی ئیدارەی ترەمپەوە، بۆ نزیکەی (1.5 ملیۆن) بەرمیل لە ساڵی 2024دا. ئەم بوژانەوەیە لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە سستبوونی جێبەجێکردنی سزاکان و هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ دەورلێدانەوەی کۆتوبەندەکان بەدی هاتووە، کە زۆرجار بە پاڵپشتیی هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی وەک چین (گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا) بووە. خەمڵاندنەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەدەن کە %91ی هەناردەی نەوتی ئێران بەرەو چین چووە.

بۆ خۆدزینەوە لە ئاشکرابوون و شاردنەوەی سەرچاوەی بارەکان، ئێران بە شێوەیەکی زۆر پشتی بەو کەشتیگەلانە دەبەستێت کە بە "کەشتیگەلی سێبەر" (Shadow Fleet) ناسراون؛ کە زۆرجار پڕۆسەی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی تر ئەنجام دەدەن، ئەمانە ئەو تاکتیکانەن کە ڕووسیاش دواتر چاوی لێ کردن.

چارتی ژمارە (2)

 

 

 

 

مامەڵە داراییەکانی پەیوەست بەم هەناردەکردنەوە بە شێوەیەکی گشتی بە دراوی "یوان" و لە ڕێگەی بانکە بچووکەکانی چینەوە ئەنجام دەدران؛ ئەمەش سیستمێکە کە توانای دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا بۆ شوێنپێهەڵگرتنی پارەدانەکان و جێبەجێکردنی سزاکان سنووردار دەکات. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە کاتێک نەوتی ئێران گەیشتووەتە چین، مارکەکەی گۆڕاوە – زۆرجار وەک نەوتی خاوی مالیزیا یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێنرێت – و بە پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین دەفرۆشرێت.

بڕوایەکی بەهێز هەیە کە ئەم ڕێککەوتنە بازرگانییە ڕێگەی بە کۆمپانیا چینییەکان داوە ملیارەها دۆلار پاشەکەوت بکەن. لە هەمان کاتدا، تاران سوودێکی زۆری لە بەردەوامیی ئەم داهاتە بینیوە. بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا EIA))، داهاتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە نزیکەی (43 ملیار) دۆلار، کە ئەمەش زیادبوونێکی ساڵانەی یەک ملیار دۆلاری نیشان دەدات. بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی، ئەم داهاتە زیاتر لە (57٪)ی کۆی گشتیی داهاتی هەناردەکردنی وڵاتەکەی لە ساڵی 2024دا پێکهێناوە، کە ئەمە بەرزترین ڕێژەیە لە دوای دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە ساڵی 2018دا.

سەرەڕای ئەو خۆڕاگرییە ڕوکەشەی کە نیشانی دەدات، بەڵام ئێران لەوە ناسکتر ماوەتەوە کە دەردەکەوێت. ئەگەرچی بەردەوام بووە لە دەورلێدانەوەی (خۆدزینەوە) سزاکان، بەڵام ئەو نەوتە خاوەی هەناردەی کردووە بە داشکاندنێکی زۆر فرۆشتوویەتی، ئەمەش گومان دەخاتە سەر دروستیی ئەو ژمارانەی وەک داهات بڵاوکراونتەوە. وەک فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا EIA) ) جەختی لێ کردووەتەوە، خەمڵاندنە فەرمییەکانی داهاتی نەوتی ئێران ڕەنگدانەوەی ئەو کەمکردنەوەی نرخە نین کە پێشکەش بە کڕیارانی نەوتە سزادراوەکە کراوە. ئێران بۆ ئەوەی لە بازاڕی چیندا وەک ڕکابەری ڕووسیا بمێنێتەوە، بڕی داشکاندنەکانی زیاتر کردووە.

چارتی ژمارە (3)

 

 

 

داهاتەکانی نەوتی ئێران لە ساڵی دارایی 2023 بۆ 2024دا، بەپێی ڕاپۆرتەکان زۆر کەمتر بووە لە ئاستی چاوەڕوانییەکان و تەنها نزیکەی نیوەی ئەو بڕەی داپۆشیوە کە لە بودجەی نیشتمانیی وڵاتەکەدا بۆی تەرخانکرابوو.

لە ئەنجامدا، حکومەت ناچار بووە خەرجییەکانی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کۆنتڕۆڵی کورتهێنانی بودجە بکات. بەپێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی IMF))، ئێران پێویستی بەوەبووە نرخی نەوت لە 163 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕ بکات تا بتوانێت هاوسەنگی لە بودجەی ساڵی 2025دا دروست بکردایە؛ ئەمەش بەرزترین نرخی نەوتی پێویستە بۆ هاوسەنگکردنی دارایی لە نێوان وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

کۆسپە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران
هەرچەندە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ساڵانی دواییدا زیادی کردووە، بەڵام هێشتا زۆر لە خوار ئاستی ساڵانی حەفتاکانەوەیە؛ ئەمەش سەرەڕای هەبوونی یەدەگێکی گەورە و ئەو پێشکەوتنانەی لە تەکنەلۆژیای کونکردن و دەرهێنانی نەوتدا هاتونەتە کایەوە.

ئێران لە ساڵی 1951دا پیشەسازیی نەوتی خۆی خۆماڵی کرد، و کەرتەکە بۆ چەندین دەیەی دواتر بە ڕووی وەبەرهێنانی بیانیدا کراوە بوو. بەڵام ئەم دۆخە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 گۆڕا، کاتێک بەپێی دەستووری ئێران، وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە کەرتی نەوت و گازدا تا ڕادەیەکی زۆر قەدەغە کرا. جەنگی نێوان ئێران و عێراقیش زیانی زیاتری بە کەرتی نەوت گەیاند و وڵاتەکەی خستە بەردەم پێویستییەکی بەپەلە بۆ بنیاتنانەوە.

لە وەڵامی ئەمەدا، حکومەت هەڵوێستێکی نەرمتری بەرامبەر وەبەرهێنانی بیانی گرتەبەر و چوارچێوەیەکی نوێی گرێبەستی ناساند کە بە "گرێبەستی کڕینەوە" ناسراوە. لە ژێر ئەم مۆدێلەدا، ڕێگە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەدرا تەنها تاوەکو قۆناغی یەکەمی بەرهەمهێنان وەبەرهێنان بکەن، پاشان پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران دەگوازرایەوە لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی دیاریکراو و پێشوەختە ڕێککەوتوو لەسەرکراو.

بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە ئەم مەرجانە بۆ وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی سەرنجڕاکێش نەبوون. تەنانەت دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، تاران کێشەی هەبوو لە بەدەستهێنانی گرێبەستە نێودەوڵەتییە گەورەکان. ئەمەش بەشێکی دەگەڕایەوە بۆ ململانێ ناوخۆییەکان لەسەر ڕۆڵی سەرمایەی بیانی لە کەرتی وزەدا، هەروەها سزاکانی دووەم پلەی ئەمریکا کە بەردەوام بوون لە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە سیستمە دارایی و بانکییەکانی جیهان.

لە غیابی وەبەرهێنانی بیانیدا، بەتایبەتی لە ساڵانی دواییدا، ئێران زیاتر پشتی بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان بەستووە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە نەوتییەکانی. بەڵام زۆرجار ئەم کۆمپانیایانە نە سەرمایەی پێویست، نە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و نە شارەزایی تەکنیکییان هەیە بۆ پاراستنی ئاستی بەرهەمهێنان، بەتایبەتی لە کێڵگە کۆنەکاندا. سزاکان ئەم تەحەدایانەیان قورستر کردووە لە ڕێگەی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە دابینکردنی دارایی، پەکخستنی گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، بەرزکردنەوەی تێچووی بازرگانی و کەمکردنەوەی توانای ڕکابەریی گشتی.

لەکاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی ئێران لە چەقبەستووییدایە، ئەندامانی تری ئۆپێک وەک عێراق و ئیمارات پشکی خۆیان لە بازاڕدا فراوانتر کردووە، کە زۆرجار لەسەر حیسابی ئێران بووە.

یەکێک لە سەرمایە ستراتیژییەکانی کە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە، گەرووی هورمزە. هەر پەککەوتنێک لەم ڕێڕەوە دەریاییە سەرەکییەدا دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دابینکردنی وزە و نرخەکان لە جیهاندا هەبێت، بەتایبەتی بۆ هاوردەکارە گەورەکانی وەک چین. بەدەر لەو هەڕەشە ناوبەناوانەی بەرپرسانی ئێران بۆ داخستنی گەرووەکە دەیکەن.

 

 

سەرچاوەکان

-       CAROLE NAKHLE, Iran’s oil sector: Strategic presence, diminished influence, SEPTEMBER 1, 2025, at; 

https://www.gisreportsonline.com/r/iran-oil-market-influence/

-       By Geopolitical Futures, Iranian Oil and Gas Infrastructure, June 20, 2025, at; 

https://geopoliticalfutures.com/iranian-oil-and-gas-infrastructure/

-       Tasmin Lockwood, One Buyer Dominates Iran’s Oil Exports,  March 3, 2026, at;

https://www.visualcapitalist.com/china-dominates-iran-oil-exports/

-       الجزیرة، 5 حقائق عن قطاع الطاقة في إيران، 28/2/2026؛

https://shorturl.at/p5IDp

-       أحمد بدر (منصة الطاقة)، حقول النفط والغاز في إيران.. أهم بيانات الاحتياطيات والإنتاج (ملف خاص)، آخر تحديث للتقرير بتاريخ 9 فبراير 2026؛
https://shorturl.at/FqvZC

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 2 کاتژمێر

موجتەبا خامنەیی كێیە؟

null
پێش 8 کاتژمێر

نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ

null
٨ ئازار ٢٠٢٦

تا ئێستا (196) جار هێرشكراوەتەوە سەر هەرێم