سەلەفیەت و پەیکەرە بەفرینەکان: سەبارەت بە نارسیزمی دینیی

Draw Media

2022-01-23 08:01:16



مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا ڤیدیۆیەکی کورت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە تیایدا باوەڕدارێکی سەلەفی لە ئۆتۆمۆبێلەکەی دادەبەزێت و بەرەو پەیکەرێکی لە بەفر دروستکراو دەڕوات و بە لەقە دەیشکێنێت. دوای ئەوە سواری ئۆتۆمۆبێلەکە دەبێتەوە و دەڕوات. ھەواڵی شکاندنی چەندان شێرەبەفریننەش لەلایەن کەسانی باوەڕداری سەلەفی تری لەو جۆرەوە، بیسترا. شکاندنی ئەو پەیکەرە لە بەفردروستکراوانە وەک نمایشکردنی دینداریی ڕاستەقینە و وەک ڕێگرتن لە دروستبوونی شەریک بۆ خودا، ئەو بیرۆکەیەیە لە پشتی ئەم جۆرە کردەوەیەوە ئامادەیە. ئەمانە ئەو جۆرە دیندارەن پێیانوایە بەو شکاندنە ”خودا“ لە شەریک بۆدروستکردن ڕزگاردەکەن. لەو باوەڕەدان خودا پێیوستی بەوانە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی شەریک بۆی، با ئەو شەریکەش منداڵێک بە بەفر دروستیکردبێت. ئەم جۆرە ئیماندارانە کەسانێکن پێیانوایە دەتوانن ھەم دین و ھەم خودی خودا خۆیشی لە دوژمنە گریمانکاوەکانی خودا بپارێزن. لە دیدی ئەمانەدا ھەموو ئەوانەی تێگەیشتنێکی تریان بۆ دین و بۆ خودا ھەیە جیاواز لە تێگەیشتنی ئەمان، گومڕا و سەرلێشێواون، ئەوان لە. ڕێگای شکاندنی ئەو پەیکەرە بەفرینانەوە دەیانھێننەوە سەر ڕێگای ڕاست، یان لانیکەم نیشانیانئەدەن ڕێگای ڕاستی گەیشتن بە خودا  و دینداریی پاکژ چییە و کامەیە. 
شکاندنی ئەو پەیکەرە بە بەفردروستکراوانە، کۆپیەکی کوردانەی شکاندنی ئەو پەیکەرە گەورەیەی بودایە کە لە ساڵی ٢٠٠١دا تاڵەبان لە ئەفغانستان وێرانیانکرد. ئەودەمیش تاڵەبان، وەک ھێزێکی سەلەفیی، بەناوی بەرگریکردن لە خوداوە و ڕێگرتن لە دروستکردنی شەریک بۆی ،ئەو پەیکەرە مێژووییەی بودایان وێرانکرد. 


ئەم تێگەیشتنە بۆ دین و دینداریی و ئەم شێوازە لە ھەڵسوکەوت بەناوی دینەوە، سەر بەو شێوازەیە لە دینداریی کە جگە لە بەرجەستەکردنی دیدێکی تەواو  بەرتەسک و ترسناک بۆ دین، نارسیزمێکی گەورە ژێرخانە فیکرییی و ئەخلاقیی و دەرونییەکەی پێکدەھێنێت، نارسیسزمێک کە بیمار و ترسناکە و مەیلێکی گەورەی وێرانکردنی کەسانی لەخۆیان نەچووی، ھەڵگرتوە. وێرانکردنی سەرجەمی ئەو شتانەی  لەم خودە نارسیستییە ناچن، یان باوەڕیان بە دینداریەکە جیاواز لە باوەڕی ئەو خودە نارسیستییە. ئەم نارسیزمە دینییە کۆمەڵێک باوەڕ دروست و ئاراستەی دەکرن. کە دەشێت گرنگترینیان ئەمانەبێت. 
 باوەڕ بەوەی  کە ھەم دینییەکەت و ھەم شێوازی دینداریەکەت تاقە دین و دینداری ڕاستەقینەن لە جیھاندا و ھەموو دین و ھەموو شێوازەکانی تری دینداریی ھەڵە و ناڕاست و گومڕاییە، تۆش وەک ھەڵگری ئەو دینە تایبەتە باشترین دینداری جیھانیت، ئومەتەکەت باشترین ئومەتی سەرزەوییە، کتێبە دینیەکانت باشترین کتێبەکانی جیھانن و کەسایەتییە دینییەکانی ناوی دینەکەت  مرۆڤە ھەرە باشەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتین. ھیچ دین و دینداریەکی دیکە نەک بە دین و دینداریی تۆ ناگەن، بەڵکو کوفر و نەزانیی و گۆمڕایین. ھاوکات پێشتوابێت ھەم خۆت و ھەم دینەکەت وەڵامی سەرجەمی پرسیارەکانی مرۆڤ و چارەسەری سەرجەمی کێشەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتیان، پێیە. لەو باوەڕەدابیت سەرجەمی ھەقیقەتەکان لەناو دینەکەی تۆدا و لەناو ئەو دەقە کۆن و بەئەبەدیکراوەکاندان کە بەر لەم سەردەم و ڕۆژگارە نووسراون. پێتوابێت بەختەوەریی مرۆڤەکان تەنھا ئەو کاتە بەدەستدێت کە ھەمووان وەکو تۆ ببن بە ئەندامی ئەو دینە و ژیانیان بۆ لاساییکرنەوەی ژیانی کەسانی ڕابردووی ئەو دینە، کورتبکەنەوە. تا ئەو شوێنەی پێتوابێت پێویستە مرۆڤەکانی جیھانی ئەمڕۆ ببن بە کۆپی ئەو مرۆڤە کۆنانەی لە سەدەکانی ڕابوردودا وردەکارییەکانی ئەم دینەیان داڕشتوە و ژیاون. لەسەروی ھەموو ئەمانەشەوە پێتوابێت ئەو دینە ئەسڵێکی پاکژە و پێویستە ھەموو مرۆڤایەتی دوای بکەوێت و ئەو ئەسڵە بپەرستێت. ئەم خۆ بە پاکژ زانینە ڕەھایە، کە دیوی ئەودیوی، بە گڵاوزانینی ھەموو ئەوانەیە لەتۆ ناچن، یان جیاواز و ناکۆکن بە تۆ، ئەو خاڵەیە ئەم فۆرمە لە نارسیزمی دینیی تەواو ترسناک و وێرانکەر دەکات. لە ڕێگای گڵاو و گومڕاکردنی جیھانەوە خودی خۆت پاکژ و بێھەڵە بزانیت و وێنابکەیت. ئەم فۆرمە لە نارسیزم بە شێوەیەکی بەردەوام و لە ھەمووشوێنێکدا بەدوای سێبەر ق کۆپیەکانی خۆیدا دەگەڕێت، پێشیوایە دەتوانێت  لەڕێگای سەپاندنی ئەو وێنانای خۆیشیەوە ھەموو مرۆڤایەتی ڕزگاربکات. 


ئەم فۆرمە لە دینداریی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیشی بە ترس و دڵەلەرزەی گەورەوە ھەیە، لە ھەناوی ھەموو نارسیستێکدا بوونەوەرێکی ترسنۆکیش ئامادەیە، ترس لەوانیتر و لە بەشێکی گەورەی ئەو جیھانەی لەگەڵ ئەوانیتردا لەناویدا دەژیی.  لە ڕاستیدا ئەم فۆرمە لە نارسیزمیی دینداریی دەتوانێت تا ئەو شوێنە بڕوات کە دەبێت بە ئامرازێک بۆ گۆڕینی خودی دین خۆی، بۆ کولتوریی ترس و تۆقاندنی مرۆڤەکان. چ ئەوانەی ھەڵگری ئەم دیدەن بۆ دینداریی دەبێت بترسن و چ ئەوانەیش ھەڵگری ئەم تێگەیشتنە نین، ھەردوولا پێویستە بترسن. سەلەفیەتی دینیی  وێنەیەکی بۆ خودا ھەیە تەواو بێبەزەیی و دڵڕەق و تۆڵەخواز، ھاوکات خودایەکی لاواز و پشێبەستوو بە توانای ئینسان بۆ پاراستنی. خودایەک، بۆ نموونە، منداڵێک یان مێردمنداڵێک دەشێت لە ڕێگای دروستکردنی بوکەڵەیەک بە بەفر شەریکی بۆ پەیدابکات و ئەمانیش بۆ پاراستنی ئەو خودایە ئەو بوکەڵە بەفرینە بشکێنن.  
ئەمجۆرە لە دینداریی ناتوانێت دیندارییەک بێت بۆ ئەو کەسە بە تەنھا خۆی، ناتوانێت باوەڕە دینییەکەی وەک باوەڕێکی شەخسیی تایبەت ببینێت، بەڵکو دەیەوێت بەسەر ھەموو دونیایدا ھەموو مرۆڤایەتیدا بیسەپێنێت. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، لە ساتێک لە ساتەکاندا پێویستی بە ھێزیی چەکدار و سوپای ڕێکخراو دەبێت. مەسەلەکە لە شکاندنی پەیکەرێکی بەفرەوە دەپەڕێتەوە بۆ شکاندنی ژیانی ئەوانەی لە حیساباتی ئەودا دیندارنین. دین لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دەبێت بە ھێزێکی چەکدار، وەک پۆلیس، بە تایبەتیی پۆلیسی ڕاونان و پشکنین و لێپرسینەوە. دەبێت بە   ئۆفیسێکیش بۆ سانسۆر و پشکنینی بیروباوەڕ. لە ساتێکیشدا دەشێت بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێک بڕیار لەسەر ژیان و مەرگریی مرۆڤەکان بدات. شتێک لە ئیرادەی بەخودابوون لەناو ئەم فۆرمە ترسناکەی نارسیزمی دینیدا ئامادەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand