Draw Media

هێزێك لە دەباشان جێگیركراوە

هێزێك لە دەباشان جێگیركراوە

2022-01-17 20:42:51


 (درەو):
هێزێكی  كۆماندۆ لە دەباشان جێگیركراوە، دەوترێت ئەم ھێزە بۆ لابردنی سەرۆكی دەزگای زانیاریی کۆکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەك لە دەباشانەوە بە (درەو)ی رایەیاند، جێگیرکردنی ھێزەکە پەیوەندی بە سەرۆکی دەزگای زانیارییەوە نییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزێكی پڕچەكی (كۆماندۆ) لە بنكەیەكی بەردەم ماڵی مام جەلال لە "دەباشان"ی سلێمانی جێگیركرا، هێزەكە سەربە لیوای كۆماندۆیە، کە پێشتر فەرماندەكەی سەربە (جەعفەر شێخ مستەفا) بوو، بەڵام ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو هێزە بۆ لابردنی (ئەژی ئەمین) بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی كۆكراوەتەوە، كە ماڵەکەی لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی (بەرزاییەكانی سلێمانی)ەو دەکەوێتە بەرامبەر ماڵی مام جەلال.
بەپێی قسەی سەرچاوەکە باڵاکەی یەکێتی:"ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری ھێزێکی ھەیە نزیكەی (400) کەسن، ماوەیەكە بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لە پۆستەكەی دووری بخاتەوە، بەتایبەت لەدوای رووداوی دەستگیركردنی (غازی كەركوكی) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەوە.
كەیسەكەی (غازی کەرکوکی) تایبەتە بە پرسی ژەهرخواردكردنی (ئەژی ئەمین) سەرۆکی دەزگای زانیاری، سەرچاوە ئەمنییەکان لەناو یەکێتی باس لە تێوەگلانی (پارتی) لەم کەیسەدا دەکەن.
لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەكی نزیك لە دەباشان بە (درەو)ی راگەیاند، دەنگۆی كۆكردنەوەی هێز بۆ لابردنی مامۆستا (ئەژی ئەمین) بەرپرسی دەزگای زانیاری دوورە لە راستییەوە، چونكە لابردنی ئەو پێویستی بە كۆكردنەوەی هێز نیەو بە تەلەفۆنێكی بافڵ تاڵەبانی دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت.
سەرچاوەکەی دەباشان وتی:" كۆكردنەوەی ئەو هێزە لەوێ، بەبڕیاری پێشترە، چونکە ئەو هێزەی كۆماندۆ خراوەتە سەر لیواكانی سكرتاریەتی مام جەلال، بۆیە لە دەباشان جێگیرکراون".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand