Draw Media

خاڵی هێز‌و لاوازی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن

خاڵی هێز‌و لاوازی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن

2021-10-02 15:57:55


راپۆرت: درەو
بەشی چوارەم
هێشتا گوتاری سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبوونی بزوتنەوەی گۆڕانی تێنەپەڕاندووە، بەرنامەیەكی روونی بۆ چۆنیەتی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد نیە، بەڵام تەكنیكێكی تایبەتی پەیڕەو كردووە‌و لە هەر بازنەیەك تەنیا یەك كەسی كاندید كردووە،لە هێزەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن لە رووی میدیایی و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە كاریگەرترە دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا ببێت بە هێزی سێیەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، ئەمە جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، (درەو) لەم راپۆرتە خاڵی هێزو لاوازی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەخاتەڕوو، رۆژانە بە زنجیرەیەك راپۆرت‌و هەر جارەی لەبارەی یەكێك لە پارتە سیاسییە بەشدارەكانی هەڵبژاردنەوە راپۆرتێك بڵاودەكاتەوە. 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
نەوەی نوێ.. یەكێكە لە نوێترین هێزەكانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، كە یەكەم جوڵەی سیاسی خۆی بە كەمپەینی "نەخێر لە ئێستادا" دژ بە ریفراندۆم لە ساڵی 2017 دەستپێكرد.
دوای وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن وەكو پارتێكی سیاسی نوێ لە حكومەتی عێراق، رۆژی 5/1/2018 لە شاری سلێمانی یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرا، یەكەمین كۆنگرەی نەوەی نوێ بێ كێشمەكێش تێنەپەڕی، بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە بە چەند رۆژێك، ژمارەیەك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی جوڵانەوەكە وازهێنانی خۆیان راگەیاندو شاسواریان تۆمەتبار كرد بە "تاكڕەوی"و هەوڵدان بۆ یەكلاكردنەوەی كۆنگرەكە لەبەرژەوەندی خۆی، لەبەرامبەردا شاسوار پەنای بۆ "تیۆری پیلانگێڕی" بردو هاوڕێكانی خۆی تۆمەتبار كرد بەوەی "بەكرێگیراوی پارتی‌و یەكێتی"ن، لە دیارترین ئەو كەسانەی كە لە یەكەمین كۆنگرەدا نەوەی نوێیان بەجێهێشت بریتی بوون لە (شێروان شێروانی)‌و (ئیبراهیم عەباس)، شێروان شێراوان ئێستا یەكێكە لە حوكمدراوانی بادینان‌و لە زینداندایە. 
لەدوای دروستبوونیەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری دوو هەڵبژاردنی كرد، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە یەكەمیاندا (4)‌و لە دووەمیاندا (8) كورسی بەدەستهێنا.
بەڵام ئێستا هیچ پەرلەمانتارێكی لە بەغداد نییە‌و فراكسیۆنەكەی لە جوڵانەوەكە جیابونەوە، لە پەرلەمانی كوردستانیش (4) ئەندامی جیابونەوە. 
رۆژی 5ی ئۆكتۆبەری 2019 بۆ جاری دووەم جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆنگرەی كرد‌و ئەمجارەش شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرایەوە. 

خاڵە لاوازەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن:
•    سەرباری خراپی بارودۆخی گشتی هەرێمی كوردستان‌و سیاسەتی لایەنە دەسەڵاتدارەكان‌و تەنانەت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش، دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە دامەزراندنی، هێشتا جوڵانەوەی نەوەی نوێ متمانەی شەقامی ناڕازی هەرێمی كوردستانی وەرنەگرتووە، رەنگە ئەمەش پەیوەندی بەو نائومێدییە گەورەیەوە هەبێت كە لەدوای بزوتنەوەی گۆڕانەوە دروستبووە‌و جوڵانەوەكە نەیتوانیوە بە گوتارە پۆپۆلیزمییەكەی ئومێد بۆ ئەم شەقامە نائومێدە بگەڕێنێتەوە‌و جارێكی تر وایان لێبكات بچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان. 
•    ئەم جوڵانەوەیە بەسەرمایە‌و ئابوری شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستكراوە‌و ئەم سەرمایەش گومان‌و قسەوباسی زۆری لەسەرە، تاكە خاڵی جیاكەرەوەی ئەم جوڵانەوەیە لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان ئەوەیە نەوەی نوێ لە كۆمپانیاوە بووە بە حزب، بەڵام ئەوانی تر لە حزبەوە بەرەو كۆمپانیا بوون رۆیشتوون‌و دەستیان خستوەتە ناو ئابورییەوە، تێكەڵكردنی كۆمپانیا‌و جوڵانەوە سیاسییەكە كاریگەری خراپی لەسەر نەوەی نوێ هەبووە، ئەمەش لە پرسی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند‌و قەرزەكانی حكومەتی هەرێم لای كۆمپانیای نالیا، دەركەوت.
•    سەرباری گوتارە پۆپۆلیستییەكەی، شاسوار عەبدولواحید كاریزمایەكی بەهێزی نییە، بۆیە جگە لە توێژێكی دیاریكراوی كۆمەڵگە‌و دەنگدەران، نەیتوانیوە پەل بۆ ناو توێژەكانی تر بهاوێت‌و متمانەیان لا دروست بكات. 
•    ئەم جوڵانەوەیە لەچوارچێوەی گوتارە پۆپۆلیستییەكەیدا، بەهەمان خەسڵەتی پارت‌و رەوتە پۆپۆلیستەكان لە جیهاندا، تێڕوانین‌و چارەسەری سادەو ساكاری بۆ كێشە ئاڵۆزەكانی هەرێم هەیە‌و هێندە كار بۆ گۆڕینی دەستەبژێری دەسەڵاتدار دەكات، هێندە خەونی بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە نییە كە ئەم جۆرە لە دەستەبژێری سیاسی دروستكردووە، ئەمە وایكردووە دەنگدەر نەك وەكو بەدیل بۆ هێزە دەسەڵاتدارەكان، تەنانەن ئەم جوڵانەوەیە وەكو بەدیل بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش تەماشای نەكات. 
•    پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوە‌و نەك گۆڕانی ئەو سەردەمەی تێنەپەڕاندووە، لەڕووی گوتارەوە ساكارترە لە گۆڕانی پێشتر. 
•    سەرباری هەندێك جموجوڵ، بەڵام ئەم جوڵانەوەیە هاوشێوەی هێزەكانی تری سلێمانی، شەڕی گەورەی خۆی خستوەتە سلێمانی‌و تاڕادەیەك گۆڕەپانی دهۆك‌و هەولێری بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە.
•    لە دەستنیشانكردنی كاندیدەكانیدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، پەنای بۆ دانانی كەسە نزیكەكان لەڕووی خێزانییەوە بردووە، ئەمە بوەتە خاڵی لاواز‌و هێزە 
نەیارەكان لەدژی نەوەی نوێ بەكاریدەهێنن. 
•    شكستهێنانی جوڵانەوەكە لە ئیدارەدانی ئەو دەستكەوتانەی كە لە دوو هەڵبژاردنی رابردوو بەدەستی هێناون، بەجۆرێك هەرچوار پەرلەمانتارەكەی لە پەرلەمانی عێراق جیابونەوە، لە پەرلەمانی كوردستانیش لە كۆی (8) ئەندام (4) ئەندامیان لە نەوەی نوێ جیابونەوە. 
•    نەبوونی گوتارێكی روون بۆ دەنگدەران سەبارەت بە تێڕوانینی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی عێراق‌و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەدیاریكراویش كێشەی موچە‌و بودجە. 
 
خاڵە بەهێزەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن: 
•    سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن، كە ئەمەش خۆی لە كۆمەڵە كەناڵەكانی (NRT)دا دەبینێتەوە.
•    هەڵگری گوتاری رادیكاڵانەیە بەرامبەر بە دەسەڵات، ئەم گوتارە سەرباری ئەوەی بەمدواییە تاڕادەیەك پاشەكشێی كردووەو رەونەقەكەی سەردەمی بزوتنەوەی گۆڕانی نەماوە، بەڵام هێشتا گوتارێكە نزیكە لە شەقامەوەو لای توێژێكی بەرفراوان لە دەنگدەران سەرەنجڕاكێشە. 
•    بایەخدانی زۆری جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگ‌و رەنگە جیاوازەكانە.
•    سەرۆكی جوڵانەوەكە بەبەراورد بە سەرۆكی پارتە سیاسییەكانی تر، زیاتر لەگەڵ دەنگدەران روبەڕوو دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر كێشكردنی دەنگی دەنگدەران.
•    ئەم جوڵانەوەیە زیاتر كار لەسەر راكێشانی ئەو توێژە دەكات بۆ دەنگدان كە جاری یەكەمە مافی دەنگدانیان لەڕووی تەمەنەوە پێدەدرێت، كە برتین لە چوار تەمەن‌و ژمارەیان زیاتر لە (300 هەزار) دەنگدەرە، ئەم تەمەنەش زیاتر دەكەونە ژێر كاریگەریی پەیامە سیاسییەكانەوە.
•    لە دانانی كاندیدەكانیدا شێوازێكی تایبەتی پەیڕەو كردووە‌و لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا یەك كاندیدی داناوە، بەمەش خۆی بواردووە لە دروستبوونی كێبركێی هەڵبژاردنی لەناوخۆی جوڵانەوەكە‌و لەچوارچێوەی یەك بازنەدا كە كاریگەری خراپی لەسەر دەنگەكان هەبێت‌و دەنگەكانی جوڵانەوەكە پەرت بكات. 
•    نەبوونی هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كارا لە گۆڕەپانی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان كە لەڕووی میدیایی‌و ئابوریی‌و بانگەشەوە‌و گوتاری ئۆپۆزسیۆنبوونەوە، لە نەوەی نوێ بەهێزتر بێت. 
•    تێكچوونی دۆخی ناوخۆیی یەكێتی (پەیوەندی نێوان هاوسەرۆكەكان)، بە سود لە بەرژەوەندی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شكاتەوەتەوە، بەتایبەتیش ئەگەر بنكەی جەماوەریی یەكێتی بەهۆی ئەو كێشانەوە بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكەن. 
•    بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا لەگەڵ یەكێتی، چانسی ئەوە بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەدات لەم هەڵبژاردنەدا ببێت بە هێزی سێیەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەدوای پارتی‌و یەكێتییەوە. 

هەڵبژاردن‌و كاریگەیی
تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە.
بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە: 
•    تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم‌و سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە.
•    دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێم‌و موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا.
•    نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیا‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترن‌و دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات.
•    لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)‌و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن‌و نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن‌و كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن. 
•    سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوە‌و شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە. 
 

بەشی یەكەم: خاڵی هێز‌و لاوازی  پارتی بۆ هەڵبژاردن  

بەشی دووەم:  خاڵی هێز‌و لاوازی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن

بەشی سێیەم: خاڵی هێز‌و لاوازی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand