Draw Media

كێ دەبێتە سێیەمی كوردستان ؟

كێ دەبێتە سێیەمی كوردستان ؟

2021-04-18 11:38:24


 راپۆرت: درەو
هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی نوێدایە، هەڵبژاردنێك كە پێناچێت گۆڕانكاری گەورە لەسەر ئاستی پلەی یەكەم‌و دووەم بۆ هێزەكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات، كێبركێكە لەسەر پلەی سێیەمە لەنێوان (گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵی دادگەریی). 

كورتەیەكی مێژوویی
بزوتنەوەی گۆڕان‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی، كێبەركێ لەسەر پلەی سێیەمی دەكەن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1992ەوە واتە لەیەكەم هەڵبژاردنەوە تائێستا، جگە لە هەڵبژاردنی (2005)، لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان) لەپلەی یەكەمدا بووە. 
 یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جگە لە هەڵبژاردنەكانی (2005) كە پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، لە هەموو هەڵبژاردنەكانی تردا لە پلەی دووەمدا بووە لە دوای پارتییەوە، ساڵی 2009 یەكێتی دووەمی لەدەستدا بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و بوو بە سێیەم گەورە حزبی هەرێمی كوردستان، لەدواین هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و عێراقدا كە هەردووكیانم ساڵی 2018 بەڕێوەچوون، یەكێتی جارێكی تر گەڕایەوە بۆ پلەی دووەم‌و پێش بزوتنەوەی گۆڕان كەوتەوە. 
بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبوونیەوە لە ساڵی 2009، لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بوو بە دووەم گەورە هێزی سیاسی هەرێمی كوردستان لەدوای پارتی، بەڵام لەدواین هەڵبژاردنەكانی كوردستان‌و عێراقدا دەنگەكانی پاشەكشێی گەورەی كردو بوو بە هێزی سێیەم لەڕووی ژمارەی كورسییەوە لە پەرلەمان. 
جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی (كۆمەڵی ئیسلامی پێشوو) لە پلەی چوارەم‌و پێنجەمدان، یەكگرتووی ئیسلامیش كە رۆژگارێك دوای پارتی‌و یەكێتی، لەڕووی ژمارەی دەنگدەرەوە سێیەمین هێزی سیاسی كوردستان بوو، ئەمساڵانەی دوایی پاشەكشێی گەورەی كردووە‌و بووە بە هێزی شەشەم. 

یەكەمی كوردستان
سەرباری ساختەكاری و هەموو ئەو تێبینییانەی كە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەن لە هەرێمی كوردستان، مێژووی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان دەریدەخەن پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕووی ژمارەی دەنگدەرو كورسییەكانەوە، حزبی ژمارە یەكی هەرێمی كوردستانە: 
•    لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، پارتی (437 هەزارو 879) دەنگی بەدەستهێنا، بە رێژەی (45%) لە پلەی یەكەمدا بوو، یەكێتی (423 هەزارو 833) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (43.6%) لە پلەی دووەمدا بوو، بزوتنەوەی ئیسلامی (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (5%) لە پلەی سێیەمدا بوو.

یەكێتی لە پلەی یەكەمدا
ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار گۆڕانكارییەك لە تەرازووی هێزدا دروست بوو، لەم ساڵەدا سێ هەڵبژاردن بەڕێوەچوو (هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان)، پارتی‌و یەكێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانی عێراقدا بە یەك لیست بەشداربوون، بۆیە دەنگەكانیان تێكەڵ بوو، نازانرێت كامیان زیاتریان هێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە جیا بەشدارییان كرد، لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی هەرێم بەدەستهێنا. 
یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا (765 هەزارو 736) دەنگی بەدەستهێناو پلەی یەكەمی هەبوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان (741 هەزارو 483) دەنگی بەدەستهێنا لە پلەی دووەمدا بوو، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (133 هەزارو 206) دەنگی بەدەستهێنا لە پلەی سێیەمدا بوو. 

گۆڕان پلەی دووەم دەگرێت
لە دوای هەڵبژاردنی 2009ی پەرلەمانی كوردستانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پلەی دووەمی هێزە سیاسیەكانی هەرێم دەگرێت، ئەمە گۆڕانكارییەكی تربوو كە لە هاوكێشەی هێزدا دروستبوو، لەمساڵەدا یەكێتی‌و پارتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان كرد، ئەم شەراكەكە یەكێتی كرد بە هێزی سێیەم‌و گۆڕان بوو بە هێزی دووەم دوای پارتی. 
ساڵی 2010 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم ساڵەشدا گۆڕان جارێكی تر پێش یەكێتی كەوتەوە‌و بووە بە هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێم لەڕووی ژمارەی دەنگدەرانەوە. 
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2010دا بەمشێوەیە بوو: 
•    پارتی (670 هەزارو 965) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (34.6%)، پلەی یەكەم.
•    بزوتنەوەی گۆڕان (425 هەزارو 793) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (22%)، لە پلەی دووەمدایە.
•    یەكێتی (397 هەزارو 929) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (20.5%)، پلەی سێیەم.
•    یەكگرتووی ئیسلامی (214 هەزارو 222) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (11.5%)، لە پلەی چوارەم.
ساڵی 2013 جارێكی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، ریزبەندی هێزەكان لەم هەڵبژاردنەدا هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهات، جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕان بووەوە بە هێزی دووەم، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكان بەمشێوەیە بوون: 
•    پارتی (743 هەزارو 984) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (38%)، پلەی یەكەم‌و (38) كورسی.
•    بزوتنەوەی گۆڕان (476 هەزارو 736) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (24.4%)، لە پلەی دووەمدایەو (24) كورسی.
•    یەكێتی (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (18%)، پلەی سێیەم‌و (18) كورسی.
•    یەكگرتووی ئیسلامی (186 هەزارو 741) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی  (10%)، لە پلەی چوارەمدایەو (10) كورسی.

گۆڕان‌و یەكگرتوو پاشەكشێیان كرد
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 2018 بەڕێوەچوو، هاوسەنگی هێز جارێكی تر گۆڕانكاری بەسەردا هاتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پلەی دووەمی لەدەستداو یەكێتی پلەی دووەمی وەرگرتەوە، دەنگی لایەنەكان لەم هەڵبژاردنەدا بەم شێوەیە بوو:
•    پارتی (686 هەزارو 70) دەنگی بەدەستهێنا، (45) كورسی پلەی یەكەم.
•    یەكێتی (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێنا، (21) كورسی، لە پلەی دووەمدا.
•    بزوتنەوەی گۆڕان (186 هەزارو 903) دەنگی بەدەستهێنا، (12) كورسی‌و پلەی سێیەم.
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ (127 هەزارو 115) دەنگی بەدەستهێنا، (8) كورسی‌و پلەی چوارەم.
•    كۆمەڵی ئیسلامی (109 هەزارو 494) دەنگی بەدەستهێنا، (7) كورسی‌و پلەی پێنجەم.
•    یەكگرتووی ئیسلامی (79 هەزارو 434) دەنگی بەدەستهێنا، (5) كورسی‌و  پلەی شەشەم.

كێ دەچێتە پلەی سێیەم ؟
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان ناكرێت لەسەر پلەی یەكەم‌و دووەم گۆڕانكاری لە ریزبەندی هێزە سیاسییەكاندا روبدات، واتە پارتی‌و یەكێتی لە پلەی یەكەم‌و دووەمدا دەمێننەوە، گۆڕانكاری لەسەر ئاستی پلەی سێیەم بۆ سەرەوە رودەدات.
هێزی سێیەمی هەرێمی كوردستان لەڕووی ژمارەی دەنگدەرانەوە دەكەوێتە كێبركێی نێوان (بزوتنەوەی گۆڕان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی دادگەریی).
•    بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبونیەوە لە 2009 تا دواین هەڵبژاردن لە پلەی دووەمی هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بووە بە دەنگ‌و بە ژمارەی كورسی، بەڵام لەدواین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بە رێژەیەكی بەرچاو دەنگ‌و كورسیەكانی كەمیكرد، كورسییەكانی لە (24) كورسیەوە بۆ (12) كورسی بەڕێژەی (50%) دابەزی، دەنگەكانیشی لە (476 هەزار) دەنگەوە بۆ (186 هەزار) دەنگ دابەزی بەڕێژەی (61%)، ئێستا كە لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و تاقیكردنەوەیەكی نوێدایە، بزوتنەوەی گۆڕان بەدەست كۆمەڵێك كێشەو گرفتی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، بەشێك لە هەڵسوڕاوەكانی ناڕازین‌و لەماڵەوە دانیشتوون‌و كار بۆ بزوتنەوەكە ناكەن، فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی عێراق لە كێشەو ململانێدایە لەگەڵ رێكخەری گشتی، نیوەی ئەندامانی فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان لە كێشەدان لەگەڵ حزبەكەیان، بزوتنەوەكە بەشدارە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و روبەڕووی ناڕەزایەتی شەقام بووەتەوە لەبارەی بڕینی موچەی فەرمانبەران‌و پرسی چاكسازیی، هەموو ئەم بارودۆخانە رەنگە بەشێوەیەنی نەرێنی كاریگەرییان لەسەر پێگەی گۆڕان هەبێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە سەركردەكانی گۆڕان لەبری ئەوەی بیری لەوە بكەنەوە بەتەنیا بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە، بەدوای هاوپەیمانێتیدا دەگەڕێن لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیدا. 
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەم خولەدا (4) كورسی خۆی لە پەرلەمانی عێراق لەدەستدا‌و لە پەرلەمانی كوردستانیش (4) ئەندامی فراكسیۆنەكەی جیابونەوە، جوڵانەوەكە هۆشداری ئەم لێبونەوەیە بۆ دەستوەردانی پارتی‌و یەكێتی‌و كڕینی ئەندامەكانی ناودەبات، لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر ئەم دابەشبونە ناوخۆییەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خراپی بەڕێوەبردنی حزبەكە لەلایەن سەرۆكەكەیەوە ناودەبەن، لەڕووی رێكخستنەوە ئەم حزبە لەم ساڵانەی دوایی گورزی گەورەی بەركەوتووە، بەڵام چەكی بەهێزی دەستی بۆ هەڵبژاردن گروپێك كەناڵی راگەیاندنە (ئێن ئاڕ تی) كە دەتوانێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی باش سودیان لێ ببینێت، سەرباری ئەمە لەكابینەی نۆیەمدا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردووە‌و ناكەوێتە بەر گلەیی دەنگدەران سەبارەت بە ئەدای كاری حكومەت لەم خولەدا. 
•    كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئێستا خاوەنی (7) كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان‌و لە پەرلەمانی عێراقیش (2) كورسی هەیە، ئەم هێزە بەمدواییە لە كۆنگرەی خۆیدا هەندێك گۆڕانكاری كردووە، پاشگری ئیسلامی لەسەر ناوی خۆی لابردووە، ناوی خۆی لە (كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە گۆڕیوە بۆ (كۆمەڵی دادگەریی)، بەم گۆڕانكارییانەوە هیواخوازە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، سنوری دەنگدەرانی ئیسلامی تێپەڕێنێت‌و لەناو هەموو چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگەدا دەنگ كۆبكاتەوە‌و لەدوای پارتی‌و یەكێتییەوە پلەی سێیەم بگرێت، بەتایبەتیش كە حزبەكە لەم كابینەیەدا بەشدار نییە لە حكومەت‌و پەرلەمانتارو میدیاكەی دژی هەنگاوەكانی حكومەت لەبارەی لێبڕینی موچە‌و چاكسازییەوە قسە دەكات.   
•    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە سەرەتای راگەیاندنیەوە لە ساڵی 1994 بۆ 2009 پلەی سێیەمی هەڵبژاردنەكانی گرتبوو، لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پاشەكشێی گەورەی كردووە، لەدواین هەڵبژاردندا دابەزی بۆ پلەی شەشەم، ئەم حزبە ئۆپۆزسیۆنە‌و بەشدار نییە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام ئەدای كاری ئۆپۆزسیۆنبوونی لەبەردەم جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریدا دواكەوتووە‌و وەكو پێویست توانای راكێشانی سەرەنجی شەقامی دەنگدەری نییە.  
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی دادگەریی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یەكگرتووی ئیسلامی كێبركێ لەسەر پلەی سێیەم دەكەن، چانسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی دادگەریی لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی بەهێزترە بۆ ئەوەی پلەی سێیەم بگرن.  


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand