Draw Media

زڕبراكەی پادشای ئوردن ماڵبەند كرا، هەوڵی كودەتای داوە 

زڕبراكەی پادشای ئوردن ماڵبەند كرا، هەوڵی كودەتای داوە 

2021-04-04 09:29:10


(درەو):
زڕبرای پادشای وڵات لەماڵەكەی خۆیدا بەند كراوە، ژمارەیەك بەرپرس دەستگیركراون، باسی هەوڵی كودەتا‌و دورخستنەوەی پادشا هەیە لە تەختی شاهانە، مەسرور بارزانی لایەنگری پادشای ئوردنە لەدژی زڕبراكەی.

"تەنیا رەخنەم گرتووە"
ئێوارەی دوێنێ، ئوردن بە بارودۆخێكی ئەمنیی نائاسایدا تێپەڕی، سوپا چوەسەر ماڵی شازادە حەمزەی زڕبرای شا عەبدوڵای پادشای وڵات، داوای لێكرا لەماڵەكەی نەیەتە دەرەوە‌و ئەو جموجوڵانەی رابكرێت كە "سەقامگیری ئوردن دەكاتە ئامانج".
شازادە حەمزە ئێستا ماڵبەند كراوە، ژمارەیەك لە هاوڕێ‌و ناسیاوەكانیشی دەستگیركراون، پاسەوانەكانی لێسەندراوەتەوە‌و هێڵی پەیوەندیكردن‌و ئینتەرنێتیشی پچڕێندرا. 
شازادە حەمزە ماڵەكەی لەناوچەی "دابوق"ە لە خۆرئاوای شاری عەممانی پایتەخت لە نزیك كۆشكی شاهانە، ئێوارەی دوێنێ شازادە تۆمارێكی ڤیدیۆیی لەرێگەی پارێزەرەكەیەوە رەوانەی میدیاكانی كرد، تێیدا دەڵێ:" من بەشێك نیم لە هیچ پلانگێڕی یان رێكخراوێك كە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە یارمەتی دارایی بدرێت، بەڵام رەخنەم لە داڕمانی سیستمی حكومەت‌و گەندەڵی‌و ناتوانایی لە بەڕێوەبردنی وڵات گرتووە".
ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئوردن دوێنێ ئێوارە لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە رایگەیاند" دوای چاودێرییەكی ئەمنی چڕوپڕ، چەند هاوڵاتییەكی ئوردنی لەوانە شەریف حەسەن بن زەیدو باسم ئیبراهیم عەوەزوڵڵا‌و چەند كەسێكی تر بەهۆكاری ئەمنیی دەستگیركراون".
سەرچاوەكە باسی لەوەكردبوو، لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بەردەوامە، بەڵام وردەكاری زیاتری ئاشكرانەكرد. 
باسم ئیبراهیم كە یەكێكە لە دەستگیركراوەكان، ئەم پیاوە لە رابردوودا چەندین پۆستی لە ئوردن وەرگرتووە، لەماوەی لە 2007 بۆ 2008 سەرۆكی دیوانی شاهانە‌و بەڕێوەبەری ئۆفێسی شا عەبدوڵا بووە، ساڵی 2006 وەزیری پلاندانان‌و هاوكات وەزیری دارایی بووە، ماوەیەكیش بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئابوری بووە لە دیوانی شاهانەی هاشمیی، ئەم پیاوە كەسێكی جێگە مشتومڕ بوو، یەكێك لە كەسە نزیكەكان بووە لە شا عەبدوڵا‌و جێپەنجەی لەسەر دۆخی ئابوری ئوردن هەبووە. 

شازادە حەمزە كێیە ؟
شازادە حەمزە كە تۆمەتباركراوە بە هەوڵدان بۆ كودەتاكردن بەسەر شا عەبدوڵای زڕبرایدا، كوڕە گەورەی شا حسێن پادشای كۆچكردووی ئوردنە لە ژنە ئەمریكییەكەی كە ناوی شاژنە (نور) بوو، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە دەوترێت شازادە حەمزە پەیوەندییەكانی لەگەڵ شا عەبدوڵای برایدا باش بووە، بەڵام ئەوەی سەرچاوەی كێشەكەیە ئەوەیە، وەكو باسدەكرێت شازادە حەمزە كەسێكی نزیكە لە خەڵك‌و پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هۆزەكانی ئوردندا هەیە.  
لەسەر وەسێتی شا حسێنی باوكی، شا عەبدوڵا كە تەختی پادشایەتی ئوردنی وەرگرت، ساڵی 1999 شازادە حەمزەی كرد بە شازادەی جێنشین، بەڵا ساڵی 2004 شازادە حەمزەی لە شازادەی جێنشینی لابردو شازادە حسێنی كوڕی خۆی كرد بە شازادەی جێنشین. 
شازادە حەمزە لەدایكبووی 29ی مارسی 1980یە، پێشتر ئەفسەر بووە لە سوپای ئوردن، لە بۆنە فەرمییەكاندا لەناوخۆ‌و دەرەوەی وڵات نوێنەرایەتی شا عەبدوڵای برای دەكرد، سەرباری ئەمە سەرۆكایەتی لیژنەی راوێژكاری شاهانە دەكات بۆ كەرتی وزە، هاوكات سەرۆكی فەخری یەكێتی باسكەی ئوردنە. 

"هەوڵی لادانی پادشا" 
رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی دوێنێ لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە ئاشكرایكرد، دەسەڵاتدارانی ئوردن شازادە حەمزە بن حوسێنیان لە ماڵەكەی خۆیدا بەند كردووە‌و نزیكەی 20 بەرپرسی ئوردنی تریان دەستگیركردووە، ئەمە لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكدا سەبارەت بە پیلانێك بۆ لادانی شا عەبدوڵا لە تەختی پادشایەتی.
رۆژنامە ئەمریكییەكە دەڵێ:" دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە دوای ئەوە هاتووە دیوانی شاهانەی ئوردن پلانگێڕییەكی پڕگرێ‌و گۆڵی درێژمەودای ئاشكراكردووە‌و پلانگێڕییەكە لانی كەم كەسێك لە خێزانی شاهانە‌و سەرۆك هۆزەكانی‌و ژمارەیەك كەسایەتی لە دامەزراوەی ئەمنیی ئوردن لەخۆدەگرێت".

ئەمریكا پشتیوانی شا عەبدوڵا دەكات
هاوكات لەگەڵ جموجوڵە ئەمنییەكان لە ئوردن، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌و وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی خۆیان بۆ شا عەبدوڵای پادشای ئوردن راگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەستوەردانی لە كێشەی ناوخۆیی بنەماڵەی شاهانەی ئوردن كرد‌و پاڵپشتی خۆی بۆ شا عەبدوڵا نیشاندا. 

كودەتا‌و یادی 100 ساڵە
ئەم دۆخە ئەمنییە نوێیە لەكاتێكدایە، ئوردن ئامادەكاری دەكات بۆ ئاهەنگی یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی ئەمارەتی خۆرهەڵاتی ئوردن لە ساڵی 1021دا، كە ئەم ئەمارەتە دواتر شانشینی ئوردنی هاشمی ئێستای لێ دروستبوو. 
ئوردن ساڵی 1946 سەربەخۆیی وەرگرتووە‌و لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا رزگاری بووە، سەرباری ئەوەی وڵاتێكە سامانی سروشتی كەمی هەیە، بەتایبەتیش نەوت‌و ئاو، بەڵام توانیویەتی لەناوچەیەكدا خۆی رابگرێت كە چەندین دەیەیە لەناو ململانێی‌و جەنگی یەك لەدوای یەكدایە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand