تەنانەت "پاپا"ش نەیتوانی لایەنە كوردییەكان یەكبخات
2021-03-06 15:57:48
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
سبەینێ پاپای ڤاتیكان دووجار سەردانی هەولێر دەكات، جاری یەكەم لە فڕۆكەخانە نایەتەدەرەوەو راستەوخۆ گەشتی موسڵ دەكات، سەردانی پاپا بۆ عێراق، سەرۆكی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی لەنێوان كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمارو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا دابەشكردووە، لاهور شێخ جەنگی لە بەغداد بەشداری كرد، بافڵ تاڵەبانی لە هەولێر بەشدار دەبێت، رێكخەری گشتی گۆڕان نەچوو بۆ بەغداد، بەڵام دەچێتە هەولێر، عەلی باپیر هەم بەغدادی بایكۆت كرد هەم هەولێر، واتە تەنانەت پاپاش نەیتوانی لایەنە كوردییەكان یەكبخات، وێنەیەك مەسعود بارزانی وەكو مەرجەعی سیاسی كورد نمایش دەكات.. زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
سەرۆكی پەرلەمان غائیبە
سبەینێ پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان كاتژمێر (7:15 خولەك)ی بەیانی بە فڕۆكە لە بەغدادەوە بەرەو هەولێر گەشت دەكات، بەپێی ئەو كارنامەیەی كە دیاریكراوە، فڕۆكەكەی پاپا كاتژمێر (8:20 خولەك) دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
لە فڕۆكەخانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پاپا دەكەن، واتا نوێنەری سێ حزبە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) بەشدار دەبن لە پێشوازیكردنی پاپادا، سەرباری ئەمە ژمارەیەك مامۆستای ئاینیو كەسایەتی بەشداردەبن لە مەراسیمی پێشوازیكردنەكەدا.
پاپای ڤاتیكان لەناو بەشی (VIP) فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ماوەی نزیكەی (30 خولەك) چاوی بە نێچرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دەكەوێت، پێشبینی دەكرێت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش لەم دیدارەدا بەشدار بێت، بەڵام ئەوەی لە مەراسیمی پێشوازیكردن لە پاپای ڤاتیكان بەدی ناكرێت رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، كە پێشبینی دەكرێت بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە، نەتوانێت بەشداری رێوڕەسمەكانی سەردانی پاپا بۆ هەولێر بكات.
پاپا ناچێتە ناو شاری هەولێر
رۆژی یەكشەممە، دوای دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەشی (VIP) فڕۆكەخانە، پاپای ڤاتیكان ناچێتە ناو شاری هەولێرو لە كاتژمێر (9:00)دا راستەوخۆ لە فڕۆكەخانەوە بە هێلیكۆپتەرێك بەرەو موسڵ گەشت دەكات، نیوكاتژمێر دواتر فڕۆكەكەی لە موسڵ دەنیشێتەوە، لە كاتژمێر (10:00)دا لە كلێسایەكی موسڵ بەشداری نوێژێك دەكات بۆ گیانی قوربانیانی شەڕی "داعش".
كاتژمێر (10:55 خولەك)، پاپا بە هێلیكۆپتەرەكەی موسڵ بەرەو ناحیەی "قەرەقوش" بەجێدەهێڵێتو كاتژمێر (11:10 خولەك) كۆپتەرەكەی لە قەرەقوش دەنیشێتەوەو لەوێ لەگەڵ مەسحییەكانی ناحییەكەدا بەشداری چەند مەراسیمێكی ئاینیی دەكات.
جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر
دوای تەوابوونی مەراسیمە ئاینییەكانی لە قەرەقوش، پاپای ڤاتیكان لەكاتژمێر (12:15 خولەك) جارێكی تر بەرەو هەولێر دەگەڕێتەوە، كاتژمێر (4:00)ی ئێوارە دەچێتە یاریگای (فرانسۆ هەریری) لەناو شاری هەولێرو لەوێ بۆ ماوەی دوو كاتژمێر بەشداری لە مەراسیمێكی نوێژخوێندندا دەكات.
بەرپرسانی حكومیو حزبی لە هەولێر نزیكەی (10 هەزار) كەسیان بانگهێشتكردووە بۆ ناو یاریگای فرانسۆ هەریری.
مەرجەعی كوردو پاپای ڤاتیكان
پاپا لە بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا وەكو مەرجەع لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكاندا كۆبونەوەی كرد، بەڵام لە هەرێمی كوردستان وەكو مەرجەعی سیاسی، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دیدار دەكات.
سەرباری ئەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەپێی یاسا، لایەنی بەرپرسی یەكەمە لە پێشوازیكردن لە پاپاو دانانی دروشمەكانی پێشوازیكردن، بەڵام لە یاریگای فرانسۆ هەریری كە پاپا تێیدا ئامادە دەبێت، وێنەی گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەگەڵ پاپای ڤاتیكان دانراوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە لایەنی رێكخەری مەراسیمەكە دەیەوێت مەسعود بارزانی وەكو مەرجەعی باڵای سیاسی كورد لە هەرێمی كوردستان نیشان بدات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، پێشبینی دەكرێت مەسعود بارزانی لە مەراسیمی پێشوازیكردندا لە پاپای ڤاتیكان لەناو یاریگای فەرەنسۆ هەریری ئامادەبێت.
لەنێوان كۆشكی بەغدادو یاریگای فەرەنسۆ هەریریدا !
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان، سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی لەنێوان كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەغدادو یاریگای فەرەنسۆ هەریردا لە هەولێر دابەشكردووە.
(درەو) زانیویەتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بانگهێشتكردووە بۆ كۆشكی بەغداد بۆ ئەوەی لەوێ بەشداری لە مەراسیمی پێشوازیكردن لە پاپا بكەن، بەڵام جگە لە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی، سەرۆكی هیچ یەكێك لە حزبە سیاسییەكان نەچوونە بەغداد، ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی لە مەراسیمەكەی بەغداد رەنگە بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەوە بێت كە بەمدواییە لەنێوان پارتیو یەكێتی، بەدیاریكراویش لەنێوان لاهور شێخ جەنگیو مەسرور بارزانیدا سەریهەڵداوەتەوە.
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یەكێك لەو كەسانە بوو كە بەرهەم ساڵح بانگهێشتی كردبوو بۆ بەغداد، (درەو) زانیویەتی، رێكخەری گشتی گۆڕان بلیتی فڕۆكەشی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی گەشت بۆ بەغداد بكات، بەڵام دواجار لەسەر پێشنیازی مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم لەسەر پشكی گۆڕان، سەردانەكەی بۆ بەغدادو بەشداریكردن لە مەراسیمی پێشوازیكردن لە پاپای ڤاتیكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح رەتكردوەتەوە.
جگە لە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرۆكایەتی كۆمار بانگهێشتنامەی بۆ سەرۆكی زۆربەی حزبە سیاسییەكان ناردووە، لەوانە عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانو سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی، بەڵام كەسیان بەشدارییان نەكرد.
سبەینێ كە پاپای ڤاتیكان دێتە هەولێر، بەهەمان شێوەی سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی سەرۆكو سكرتێری حزبە سیاسییەكانی هەرێم كردووە لەیاریگای فرانسۆ هەریری بەشداری مەراسیمەكە بكەن.
یەكێك لەو كەسانەی بڕیارە سبەینێ بەشداری مەراسیمەكەی یاریگای فرەنسۆ هەریری بكات، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە (دلێر عەبدولخالق وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمەی بۆ درەو پشتڕاستكردەوە)، بەڵام عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەشداری ناكات (حەسەن بابەكر لە مەكتەبی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئەم زانیارییەی بۆ درەو پشتڕاستكردەوە).
بەڵام بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەوانەیە كە بڕیارە بەشداری مەراسیمەكەی یاریگای فەرەنسۆ هەریری بكات، بەڵام چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكگرتووی ئیسلامی بۆ (درەو)یان پشتڕاستكردەوە كە سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری یەكگرتوو هاوشێوەی عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری بەشداری مەراسیمەكەی سبەینێ ناكات.
جوڵانەوەی نەوەی نوێو حزبی شیوعی كوردستان لەوانەن كە سەرۆكایەتی هەرێم بانگهێشتی كردوون بۆ یاریگای فرەنسۆ، نەوەی نوێ بەشداری ناكات، حزبی شیوعیش تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە خۆی یەكلانەكردوەتەوە ئایا بەشدار دەبێت یاخود نا ؟