پاپا؛ ڕوو لە عێراق و پشت لە ئێران
2021-03-06 11:42:51
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)
ئێرانی جاران، دەروازەی دزەکردنە بۆ ڕۆژهەڵات
گەرچی، پەیوەندیی ئێرانییەکان بە دنیای مەسیحییان و بەتایبەت کاسۆلیک و ڤاتیکان، مێژوویەکی دوورمەودای هەیە، بەڵام وادەردەکەوێت چیتر ڤاتیکان ئەو مەیلەی جارانی ڕوو بە ئێرانی نەبێت و بەغدای لە بری تاران و نەجەفی لە بری قوم و هەولێری لە بری ورمێ(قەرەکڵێسا) هەڵبژارد. ئەم گەشتەی پاپا، تەنها ڕووە مەزهەبی و مەرجەعیەکە لە خۆناگرێت کە نەجەفی پێش قوم خستووە، بەڵکو لە واتا سیاسییەکەشیدا بەغدای پێش تاران خستووە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: سەرەڕای بوونی پەیوەندی و یادگار و شوێنەواری دێرینی کریستیانان لە ئێران، بۆچی ڤاتیکان وەک جاران لا لە ئێران ناکاتەوە و بۆ سەردانی نوێی ڕۆژهەڵات عێراقی هەڵبژارد؟
لە مێژووی پەیوەندییەکانی کاسۆلیکەکاندا بە ڕۆژهەڵاتەوە، ڤاتیکان مەغۆلانی پێش بەغدای عەباسییان و سەفەویانی پێش عوسمانیان و لە دنیای هاوچەرخیشدا تا چل ساڵ پێش، تارانی پێش بەغدا و ریاز و شام خست، لەمڕووەوە نموونەی زۆر هەن کە سەلمێنەری ئەو پەیوەندییەن، ئەوسا لەبەر بەهێزی ئەمەویان و عەباسییان و عوسمانییان و شکستی یەکلەدوایەکیان بەدرێژایی قەڵەمڕەوییەکانی باکوری دەریای نێوەڕاست و بەتایبەت لە ئیسپانیا(ئەندەلوسی جاران) و جەنگی خاچدرووشمان، هەمیشە دەزگای ئاینی و سیاسیی ڕۆژئاوای کریستیانان ڕووی لە دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی لە ئێران و توران و زەویەکانی جەیحون و سەیحون دەکرد و بە هۆکار و دەروازەی لاوازکردنی جیهانی سیاسیی ئیسلامی زانیووە. لە نێو ڕێچکە و مەزهەبەکانی ئیسلامیشدا شیعەی ئێرانی ئەسپی تروادەی سالارە سیاسیی و پێشەوا مەزهەبییەکانی دنیای مەسیحیان بووە بۆ دزەکردنە نێو قەڵەمڕەوی دنیای ئیسلام و سوڵتانە سوننیەکان.
بۆچی ئێران نزیکتر بوو؟
لە مێژووی سیاسیی و پێکهاتنی وەک دەوڵەتێک، ئێران قەرزاری سەفەوییەکانە، ئەوان چوارچێوەی عەینی و زەینی ئەمڕۆی ئێرانیان (بەزیادیشەوە) بە تۆپزی جێگیرکرد، گەرچی ئەوسا ناوی ئێران و دەوڵەتیان بە مانای ئەوڕۆیی نەهێنا و زیاتر بە سەفەوی و ئەفشار و قاجار ناوی دەهات، تا ١٩٣٤ کە ڕەزاشا، ئێرانی بەڕەسمی وەک ناوی وڵاتەکەی ناساند. بەڵام بەر لە سەفەویانیش مەغۆلان کە تەواوی خاکی ئێران و عێراقییان داگیرکرد، دیسانەوە ڤاتیکان و دنیای کریستیانەکان، جوگرافیای ئێرانییان وەک پەناگەیەکی باش دەزانی بۆ هاوپەیمانێتی و پەلاماردانی عەباسییان و دەسەڵاتدارە ناوچەییەکانی دنیای ئیسلام، لە بەغدا، شام و قودس لە چوارچێوەی جەنگی خاچدروشماندا.
مەغۆلەکان و ئەرغون خانیان و ئەوانی دیکەش هەوڵیان دەدا لەگەڵ پاپا و مەسیحییەکان تەبابن و پێکەوە هەژموونی سیاسی دەسەڵاتدارە موسڵمانەکان لاواز بکەن، بۆئەمەش یەکەمین دەستەی دانوستاندنکاری بۆ لای پاپای ڤاتیکان (هۆنۆریۆسی چوارەم) نارد و لەبەرامبەریشدا هەم پێشوازی گەرمیان لێکرد و هەم وەڵامی زیارەکەشیان دایەوە.
ئەنجومەنی مەزهەبیی کاسۆلیکی لە کۆبوونەوەی شاری لیۆنی ساڵی ١٣٤٥دا، بڕیاریان دا کە دوو دەستە دانوستاندنکار ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی موسڵمانان بکەن، کە سەرۆکایەتی دەستەیەکیان "دی پلانو کاربینی" بوو، بە نوێنەرایەتی پاپا ئینوسانی چوارەم لە ڕێگەی ڕووسیاوە خۆی گەیاندە لای خانی مەغۆلان، بۆ دەستخستنی هاوکاریی و هێرشی پێکەوەیی.
هەموو ئەم پەیوەندیانە و هی دیکەش لەودەمەدا، بە ئامانجی ئەوەبوو لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوکاریی خاچدرووشمەکان بکەن و مەغۆل بەرەو شام و خاچدرووشمانیش لە ڕۆژئاواوە بگەنە عەککا(فەلەستین) یان دومیاتی میسر، بەمشێوەیە موسڵمانان سەرکوت بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتییان لە شام و فەلەستین بهێنن. چ لە دەقە مێژووییەکاندا و چ لەو نامانەی لە ئەرشیفی ڤاتیکاندا ئەم سەردان و نامەکانی هەردوولاش پارێزراون.
سەفەوییانی شیعەهەڵگەڕاو (پێشتر سوننەی شافیعی بوون) هەمیشە لە پەیوەندییەکی باش و سوودگۆڕکێیدا بوون، جیا لەوەی دایکی شائیسماعیلی دامەزرێنەری سەفەویی(مارتا کچی شازادە کاترینا)، مەسیحی بوو (کە لای سەفەوییەکان بە حەلیمە بەگی ئاگا یان عالەم شای بێگم ناسرا بوو) زۆرێک لە شاکانیش مەیلی پەیوەندییان لەگەڵ دنیای کریستیانان زیاتر بوو لە برا موسڵمانەکانیان. شا ئیسماعیل بنیادنەری یەکەمین پەیوەندیی سیاسیی سەفەوی و مەسیحییەکان بوو، ئەو نامەیەکی بۆ شارل کۆنت نارد (کە یەکێک بوو لە پارێزەران و جەنگاوەرانی دژەئیسلامی دنیای مەسیحییەت)، بەدوایدا چەندین پەیوەندی دیکەشی ڕێکخست، ئامانجی شائیسماعیل لە ناردنی نوێنەر و نامەکانی بۆ ڕۆژئاوا نەیدەشاردەوە کە پێویستە لەگەڵ دنیای مەسیحییەتدا هێز یەکبخەن و دوژمنی هاوبەش(عوسمانییەکان) لەنێوبەرن. ئەم ڕەوتەی پەناهێنان و پەنابردنەی ئێرانی و مەسیحییان بوویە مۆدێل و هەمیشە لە هەلێک گەڕاون بۆ کاری هاوبەش و پەلاماردانی نەیارە هاوبەشەکانیان. بۆیە ئێران بە شوێنەوار و جوگرافیا و مێژوو و مەزهەبەکەیەوە لە دنیای مەسیحی هەم خاڵی هێز و هەم لە ڕایەڵەی سیاسییدا گرنگتر بووە لە دراوسێکانی.
لەسەردەمی ڕژێمی پەهەلەویشدا(١٩٢١-١٩٧٩)، ئێران پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ دنیای ڕۆژئاوا و کریستیانەکاندا هەبوو، جیا لەوەی شای ئێران ساڵی ١٩٥٨ سەفەری ڤاتیکانی کرد، ڤاتیکانی ئەوساش لە بری عێراق ئێرانی هەڵدەبژارد، ساڵی ١٩٧٠پاپا پولی شەشەمیش سەفەری ئێرانی کرد و شای ئێرانی لە تاران دیدار کرد. کە ئەوە یەکەمین و دوایەمین ڕێبەری کاسولیکان بوو ئێرانی بینی و تا هەنووکە دووبارە نەبووەتەوە، گەرچی لە چوارچێوەی "گفتوگۆی شارستانییەتەکان"، کە پرۆژەیەکی محەمەد خاتەمی سەرکۆماری ئێران بوو، هەوڵدرا ئەو پەیوەندییانە ئاسایی بکرێنەوە، بەڵام بە جێیەک نەگەیشت و هیچی سەوز نەکرد.
ئازادیی ئاینی لە ئێران
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و پاشتر بەهۆی زاڵبوونی باڵی مەزهەبی شیعەی دوانزەئیمامی بە ڕێبەرایەتی خومەینی و باڵی سیاسیی نەتەوەچێتی ناوەندگەرای ئێرانی، هەم باوەڕدارانی ناشیعە(سوننە، مەسیحی، زەردەشتی، جولەکە) و هەم نەتەوەکانی دیکە (کورد، بەلوچ، عەرەب و ..تاد) پەراوێزخران. لە پەنای ئەمەدا دوو فاکتەر کاریگەرن لەسەر گرژیی دنیای کریستیانەکان لەگەڵ تاراندا:
یەکەم: دەستوور و پەراوێزخستنی ناشیعەکان
- نەک تەنها وەک سیاسەت و پەراوێزکاری، غەیرە شیعەکان دوورخرانەوە لە بەشداریی سیاسیی و کارایی لە دەزگاکاندا، بەڵکوو لە چوارچێوەی دەستور، یاسا، کولتووری، ناوەندی ئەکادیمی و پەروەردەیی و هەڵبژاردنەکانیشدا، ستەمی نەتەوەیی و ئاینیان لێکرا، چونکە بەڕەسمی لە دەستووری ئێرانیدا هاتووە هەرکەس بیەوێت: ڕێبەر، سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیر و پارێزگاری هەر شارێک بێت، پێویستە شیعەی دوانزەئیمامی بێت و باوەڕی بە بنەماکانی "شۆڕشی ئیسلامی ئێران" هەبێت.
گەرچی بەهۆی جیاکاریی مەزهەبی و دەستوور و سیاسەتی دەوڵەتەوە ناتوانرێت ئاماری ورد لەبارەی کریستیانەکانی ئێرانەوە دەستبخرێت، بەڵام بە نزیکەی ملیۆنێک خەمڵێنراون و چەندین شوێنەواری دێرین و کڵێسا لە ئێراندا هێشتا ماوون و یاداوەریی دێرینی ئەو ئاینەن.
بەڵام زۆرێک لە کریستیانەکانی جیهان و ئێران لەو باوەڕەدان ستەمی ئاینی بەرامبەر هاوئاینەکانیان لە نێو ئێراندا دەکرێت، هەر بۆیە ساڵانە لە ڕاپۆرت و کەمپەین و فشارە مەدەنییەکانیاندا جەخت لەم بابەتە دەکەنەوە، بۆ نموونە لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ١٩٩٠ی کەمپەینی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا هاتووە، حکومەت ئازادیی مەزهەبی پێشل دەکات، بەتایبەت تازە بە مەسیحییبووان. لەم ساڵانەی دوایشدا، مەسیحیان بانگەشەی ئەوە دەکەن زۆرێک لە ئێرانییان باوەڕ بەم ئاینە دەهێنن بەڵام دەوڵەت و دەزگاکانی ڕێگریی و زیندانیان دەکەن، ئەوان دەڵین لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٧١ مەسیحی دەسگیرکراون، تەنها لەبەرئەوەی باوەڕیان بە ئاینی عیسایی هێناوە. لە چەندین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکەدا هەمان ئاماژە بە پێشێلی مافە ئاینییەکان و بەتایبەت مەسیحییەکان دراوە.
کەواتە، بە گشتی ئەوەی کە پاپا پێچەوانەی مەیلی مێژوویی و سیاسیی جارانی، لە بری تاران و قوم، ڕووی لە بەغدا و نەجەف بێت، چەند ئاماژەیەکی لێدەخوێنرێتەوە:
- قۆناغێکی نوێی سیستمی سیاسیی ئیسلامی-شیعەمەزهەب ئەم پەیوەندییەی ڕووبەڕووی بارگۆڕان کردووە، کە تێیدا جیاکاریی و توندئاژۆیی ئاینی زاڵترە و "ئێرانی جاران" نییە کە ببێتە ئەسپی تروادە تا کریستیانەکانی ڕۆژئاوا لەوێوە خۆیان بگەیەننەوە دنیای ڕۆژهەڵات.
- بە مەرجەعییەت ناساندنی سیستانی، هێندەی ڕەخنە و پشتتێکردنە لە سیاسەتی تاران و مەرجەعەکانی قوم، ئەوەندە پشتکردن نییە لە دنیای سووننەکان، چونکە دووساڵ پێش پاپا و شێخی ئەزهەر هەمان پرۆتۆکۆلی لێکتێگەیشتنیان واژو کرد، کە پاپا لە سەفەری ئەمجارەیدا بە نیازە لەگەڵ سیستانیدا واژووی بکات، گەرچی دەنگی ئەوەش هەیە کە سیستانی ئامادە نەبێت هیچ لێکگەیشتنێکی کاغەزی ئیمزا بکات و تەنها بە کۆبوونەوەی زارەکی بەسی بکات و شۆڕنەبنێتەوە بۆ وەرەقەگۆڕینەوە.
- ئەو پەیامەش بە تاران دەدا کە تەنها نوێنەرانی سیاسەتی ڕۆژئاوا، لە ڕەفتارەکانی ئێران نیگەران نین، بەڵکو نوێنەرانی مەزهەبیشیان نیگەرانن و ناتوانن تارانی هەنووکە وەک تارانی مێژوویی وێنا بکەن.