نرخی نەوت بەرزە .. ئەی داهاتی هەرێم زیاد دەکات ؟

Draw Media

2021-02-26 07:21:17



راپۆرتی: یادگار سدیق گەڵاڵی 

سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داهاتی نەوتی هەرێم لەمانگی کانونی دووەمەوە چاوەڕێ ناکرێت زۆر زیاد بکات، چونکە دەبێت حکومەت لەگەڵ شایستەی مانگانەی کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوتدا بڕێک لەو شایستانە بداتەوە کە لە مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ دواخراوە بۆ ئەوکاتەی نرخی نەوت دەگاتە سەروو ٥٠$ دۆلار( بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە ساڵی ڕابوردودا حکومەتی هەرێم شایستەی چوار مانگی کۆمپانیا نەوتییەکانی نەداوە و دوای خستووە بۆ ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە سەروو ٥٠ دۆلار).
بەپێی راگەیەندراوی کۆمپانیاکانی نەوت حکومەتی هەرێم لە مانگی کانوونی یەکەم دا بەنامەیەک میکانیزمی دانەوەی قەرزەکانی   پێی ڕاگەیاندون. 
میکانیزمەکە بەم شێوەیە:کاتێک نرخی نەوت لەسەرووی ٥٠ دۆلارەوە دەبێت حکومەت دەست دەکات بەپێدانەوەی قەرزەکان بەڕێژەی ٥٠/٥٠ بۆ هەربڕێکی زیادە واتە لە هەر دۆلارێکی زیادە لەسەر وو ٥٠ دۆلارەوە بڕی ٥٠ سەنتی بۆ حکومەت و بڕی ٥٠ سەنتیشی بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت دەبێت. 

تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا ٤٩٫٩٩ دۆلار بووە ولە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بریتی بووە لە ٥٤٫٧٧ دۆلار بەپێی زانیارییەکانی eia و Statista.
کەواتە بۆ هەربەرمیلێک نەوتی بەرهەم هاتوو لە مانگی کانوونی دووەم دا کۆمپانیاکان بڕی ٢ دۆلار و ٣٩ سەنت وەردەگرنەوە لەبری قەرز.

کۆمپانیای HKN وەک نمونە وەردەگرین کە لە کێڵگەی سەر سەنگ خاوەن پشکە.
بەرهەمی کێڵگەکە لە مانگی کانونی دووەمدا ٣١٫٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە واتە مانگی کانوونی دووەم کە ٣١ ڕۆژە بەرهەم بریتی بووە لە ٩٧٦ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوت . لەم بڕە تەنها ٦٢٪ی پشکی کۆمپانیای HKN ە و دەکاتە ٦٠٥ هەزار و ٤٣٠ بەرمیل.
ئەوەی جێی تێبینییە شایستەی کانوونی یەکەم( مانگی دوانزە) ٢٠٢٠ ی کۆمپانیای HKN لە کێڵگەی سەرسەنگ بریتی بووە  لە ١٦٫٤ ملیۆن دۆلار وە ئەو بڕە پارەیەی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دا نەدراوە بەکۆمپانیاکە( قەرزە لای حکومەت) بریتییە لە١٩٫٣ ملیۆن دۆلار و کۆ مپانیاکە دەڵێت بڕی ١٦٫٣ملیۆنی لە گەڵ شایستەی مانگی کانونی یەکەم دا وەرگرتووەتەوە لە کاتێکدا نرخی نەوتی برێنت لە کانوونی یەکەمدا بەتێکڕا لەژێر ٥٠ دۆلارەوە بووە واتە دەبوایە بەپێی ڕاگەیانراوەکانی کۆمپانیاکان هیچ بڕە پارەیەکی قەرز وەرنەگیرایەتەوە. بەڵام لەو مانگەدا بەئەندازەی شایستەی دوو مانگ دراوە بە کۆمپانیاکە! 
بەڵام لە  مانگی پاشتر ( کانوونی دووەم) بەپێی ڕاگەیاندنەکەی کۆمپانیا نەوتییەکان چونکە نرخی نەوت لە سەروو پەنجا دۆلارەوە بووە و بە دیاری کراوی تێکرای نرخی برێنت  ٥٤٫٧٧ دۆلار بووە   دەبێت ئەو بڕەی کە دەچێتە بری قەرز  لە  مانگی کانوونی دووەم دا  لە هەر بەرمیلێک بڕی ٢٫٣٩ دۆلاری بۆ قەرز لێبدرێتەوە  و کۆی ئەو پارەیەی دەبێت بدرێت بە HKN  بریتی دەبێت لە ١ ملیۆن و ٤٤٧ هەزار دۆلار کە زیادەی ئەو نرخی نەوتەیە لەسەروو ٥٠ دۆلارەوە بووە.
بە لێکدانەوەی ئێمە ئەو پارەی بۆ قەرزی  هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت  لە کانوونی دووەم دا دەدرێتەوە نابێت لە ٣٤ ملیۆن دۆلار زیاتر بێت، هەروەها دەبوایە لە مانگی کانوونی یەکەمدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ قەرزی ئەو ماوەیە نەدرایەتەوە،چونکە تێکرای نرخی برێنت لەژێر  پەنجا دۆلار بووە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو میکانیزمەی حکومەتی هەرێم بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی دیاری کردووە .

بڕیارە کۆمپانیای HKN لەم چەند ڕۆژەدا بڕی ١٨٫٧ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی مانگی کانوونی دووەم وەربگرێت، لەهەمان کاتدا کۆمپانیاکانی تریش بەهەمان شێوە شایستەکانیان وەر دەگرن . پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە گەر لەمانگی پێشوودا ئەوەندە قەرز درابێتەوە لەکاتێکدا نرخی نەوت نەکەشتبووە ٥٠ دۆلار ئەی ئێستا کە نرخی نەوت لە سەرو ٦٠ دۆلارەوەیە چەند دەدرێتەوە؟ بۆیە گەر بەو شێوەیەی کە مانگی پێشو قەرزی کۆمپانیای HKN دراوەتەوە کۆمپانیاکانی تریش بەهەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت ئەوا داهات نەک زیاد ناکات بەڵکو زۆر کەمیش دەکات.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ و سەرەتای ٢٠٢٠ دا بەرهەمی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ تەنها ٢٤٫٧ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەبووە و ئێستا ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە ٣١ هەزار و ٥٠٠ بەرمیلە و پشکی HKN بریتییە لە ٦٢٪ دەکاتە ١٩٫٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و ١٨٪ ی پشکەکانیش بۆ  کۆمپانیای توتاڵ دەگەڕێتەوە و ٢٠٪ ی پشکەکانیش  بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە  تەنها ڕێژەی ٤٪ ی کۆی بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand