سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

فایەق زێدان لەگەڵ تۆم باراك باسی لە پێویستی هەمواركردنەوەی دەستورو گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی كردووە

رۆژنامەیەكی قەتەری: فایەق زێدان لەگەڵ تۆم باراك باسی لە پێویستی هەمواركردنەوەی دەستورو گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی كردووە، بە ئەمریكی و بەریتانییەكانی وتووە دەستور هەموار نەكرێتەوە كێشەكانی زۆرەكانی عێراق بەردەوام دەبن

بڵاوکراوەتەوە لە : 13 تشرینی دووەم 2026

فایەق زێدان لەگەڵ تۆم باراك باسی لە پێویستی هەمواركردنەوەی دەستورو گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی كردووە

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان


 درەو: 
رۆژنامەی "العربی الجدید"ی قەتەری لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە وردەکاریی ئەو کۆبوونەوانەی ئاشکرا کردووە، كە رۆژی دووشەممەی رابردوو فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا ئەنجاميانداوە لە لەندەن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بیرۆکەی گۆڕینی دەستوری عێراق یەکێک بووە لە پرسە سەرەکییەکانی نێوان زێدان و باراک؛ تێیدا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری تێڕوانینی خۆی بۆ ئەم گۆڕانکارییە خستووەتە ڕوو و رایگەیاندووە، دەبێت ئامانج لێی گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی ئێستا بێت بۆ سیستمی سەرۆکایەتی، هاوکات دانی بەوەدا ناوە کە ئەمە "ئاسان نابێت" و ئاماژەی بە پێویستی هەمواركردنەوەی دەستور کردووە بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانكارییە.
زێدان بڕوای پتەوی خۆی دەربڕیوە بەوەی شکست لە جێبەجێکردنی سیستمی پەرلەمانیدا، نەک خودی سیستمەکە، هۆکاری ناڕەزایی گەلی عێراقە لەو ئەنجامانەی لە ساڵی 2003ـەوە لە عێراقدا بەدەستهاتووە، بۆیە پێشنیاری کردووە، سیستمی سیاسی ببێتە سەرۆکایەتی نەک پەرلەمانی. سەبارەت بەو هۆکارانەشی کە ڕێگرن لە بەردەم ئەم گۆڕانکارییەدا، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون، زێدان روونی کردووەتەوە، گۆڕینی دەستور بە جۆرێک بە دەق سیستمەكە بكات بە سەرۆکایەتی، پێویستی بە رێککەوتن و سازانی هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، بەتایبەتی لایەنە کوردییەکان، کە تێبینی و نتمییان هەیە چونکە سیستمی سەرۆکایەتی هێز و هەژموونی پارتە سیاسییەکان لاواز دەکات.
سەرچاوەکان دەڵێن زێدان چەندین جار جەختی لە بڕوای خۆی کردووەتەوە کە کێشەکانی عێراق، بەتایبەتی کێشە سیاسییەکان و لە سەرووشیانەوە سەختیی پێکهێنانی حکومەت دوای هەموو هەڵبژاردنێک، بەردەوام دەبن ئەگەر دەستوور هەموار نەکرێتەوە.
دەستوری عێراق مەرجی ئەوەی داناوە کە هەموارکردنەوەی پێویستی بە رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان و ناڕەزایی نەبوونی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی لانیکەم سێ پارێزگای عێراق هەیە، کە سیاسەتمەداران و یاساناسانی عێراق کۆکن لەسەر ئەوەی بەدیهێنانی ئەمە لە سایەی دۆخی سیاسیی ئێستادا کە دەستوری ئێستا چەسپاندویەتی، مەحاڵە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە میانی دیدارەکانیشیدا لە لەندەن، زێدان قەناعەتی خۆی دەربڕیوە بە پێویستیی هەموارکردنەوەی دەستور لە ڕێگەی رێککەوتنی سیاسیی ئارەزوومەندانەوە. 
هەروەها گەشبینیی خۆی پیشان داوە بە ئەگەری روودانی ئەو ڕێککەوتنە لە سایەی "بوونی پارت و دەنگی نوێ" لە عێراقدا،  ئاماژەی بەوە داوە، سەرجەم پارتە سیاسییە سوننەو شیعەو کوردییەکان چیتر ئەو هێزە سیاسییەیان نەماوە کە لە ساڵی دا2003 هەیانبوو، جەختیشی کردووەتەوە کە هیوای هەیە (ئەم پارت و دەنگانە) یارمەتیدەر بن لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی بۆ هەموارکردنەوەی دەستور.
سەرچاوەکان وتوويانە،  زێدان هۆشداریی داوە لەوەی، کێشەکان زۆرن و بەردەوام دەبن ئەگەر دەستور هەموار نەکرێتەوە، سەرنجیشی بۆ ئەوە راکێشاوە کە، بنبەستی سیاسی دوای هەموو هەڵبژاردنێک هەر بەردەوام دەبێت، چونکە عێراق حکومەتەکەی بە لەدایکبوونێکی سروشتی ناهێنێتە دنیاوە، بەڵکو بە نەشتەرگەریی قەیسەری دەبێت.
 سەبارەت بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی، زێدان گەشبینیی خۆی دەربڕیوە بەوەی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لە سایەیدا جوڵەیەک بەرەو ڕێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوەی دەستور بەخۆیەوە ببینێت، لەگەڵ بوونی فشارێکی سیاسیی ئەرێنی لەلایەن شەقامی عێراقییەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، زێدان بۆ ئەمریکییەکانی ڕوون کردووەتەوە کە ئەوان داوای هەندێک شت لە حکومەتی عێراق دەکەن، بەڵام بیر لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ناکەنەوە بۆ سەر حکومەت. 
ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، بە ئەمریکییەکانی وتووە سنوری نێوان عێراق و ئێران 1400 کیلۆمەترە،  وتوویەتی: ناکرێت ئەمە پشتگوێ بخرێت لە کاتێکدا پەیوەندییەکی زۆری کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسی لە نێوان عێراق و ئێراندا هەیە، کە زەحمەتە بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر و پەیوەندییەکان بە تەواوی لەگەڵ ئێران ببڕین.
حکومەتی عێراق بەدەم داواکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە چووە بۆ داخستنی سنورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران بە ئامانجی توندکردنی گەمارۆی ئابوری لەسەری، بەڵام دوو دەروازەی سنوریی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، زێدان بە ئەمریکی و بەریتانییەکانی وتووە، لە ئەنجامی بڕیاری داخستنی سنورەکان، عێراق و بەتایبەتی سەرۆکی حکومەت (عەلی زەیدی)، باجێکی گەورە دەدەن، چونکە ئەمە توڕەییەکی سیاسی دروست دەکات، بەتایبەتی لای ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە ئێرانەوە نزیکن.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 5 کاتژمێر

حەوت مەرجەکەی بودجەی ٢٠٢٧؛ هەرێمی کوردستان

null
پێش 5 کاتژمێر

نەبیل مەرسومی: حەوت مەرج هەیە بۆ پشکی هەرێم لە بودجەی 2027ی عێراق

null
پێش 23 کاتژمێر

ڕۆژهەڵاتی دەستەوستان، شۆڕشگێڕ یان مەدەنی؟