شوان مەلا لە ئەمریكا دادگایی دەكرێت
2021-01-28 15:44:01
(درەو):
پیاوێك بەناوی (شوان مەلا) كە پرۆژەی لە هەولێر هەبووە، ساڵانی 2007 بۆ 2009 بەرتیلی داوە بۆ ئەوەی گرێبەستی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە سوپای ئەمریكا وەرگرێت، ئەم پیاوە ئێستا لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریكاوە تۆمەتبارە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرایكرد، وەزارەتی دادی ئەمریكا هاوڵاتییەكی بەریتانی بەرەگەز عێراقی تۆمەتباركردووە بە تێوەگلان لە بەرتیل بە سوپای ئەمریكا لەپێناو بەدەستهێنانی ملیۆنان دۆلاری گرێبەستەكانی دووبارە بنیادنانەوەی عێراق.
ئەو كەسەی كە وەزارەتی دادی ئەمریكا تۆمەتەكانی ئاڕاستە كردووە، ناوی (شوان مەلایە)و بەگوێرەی قسەی رۆیتەرز، لەگەڵ چەند كەسێكی تردا دەستیان كردووە بەیەكداو بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نهێنی لەبارەی چۆنیەتی پێشكەشكردنی تەندەر بۆ وەرگرتنی گرێبەستەكان، بۆ ئەمەش لە ساڵی 2007 بۆ 2009 زیاتر لە ملیۆن دۆلار پارەیان وەكو بەرتیل داوە بە كارمەندێكی كۆمپانیای (USCA) لە شاری تكریت.
شوان مەلا كە تەمەنی (60 ساڵ)ەو پێشتر نوسینگەی راوێژكاریو بنیادنانی هەبووە لە بەغداد، (7) تۆمەتی ئاڕاستە كراوە، یەكێك لە تۆمەتەكان پێدانی بەرتیلە، ساغبونەوەی ئەم تۆمەتە لەسەری حوكمەكەی (20 ساڵ) زیندانییە.
راشیل هونیگ كە لە شوێنی داواكاری گشتی ئەمریكایە لە ویلایەتی نیوجێرزی تۆمەتەكانی سەر شوان مەلای راگەیاند، بەڵام نوسینگەكەی دەڵێ شوان هێشتا ئازادەو دەستگیرنەكراوە.
كارمەندێكی ئاژانسی (USCAS) بەناوی (جۆن سەلامە ماركۆس) لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دانی بەوەدا ناوە كە تاوانبارە لە تاوانی دزیكردنو شتنەوەی پارە لە ساڵی 2012دا، ئێستا حوكمەكەی كە 13 ساڵە لە زیندان بەسەر دەبات.
نوسینگەی داواكاری گشتی ئەمریكا دەڵێ كەسێكی تر كە ناوی (ئەحمەد نوری)یە ئەویش لەم دۆسیەیەدا ساڵی 2018 دانی بەوەدا ناوە تاوانبارە، بەڵام هێشتا حوكمی بۆ دەرنەچووە.
ساڵی 2013 كۆمپانیاكەی شوان مەلا بڕی (2 ملیۆنو 700 هەزار) دۆلاری داوە بۆ ئەوەی خۆی لەو تۆمەتانە بپارێزێت كە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریكاوە ئاڕاستەی كراوە لەبارەی ئەوەی بەرتیلی بە (سەلامە ماركۆس)داوە.
رۆیتەرز باسی لەوەكردووە، كۆمپانیاكەی شوان مەلا ژمارەیەك پرۆژەی لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەبردووە.