Draw Media

گۆڕان كامیان هەڵدەبژێرێت، یەكێتی یان پارتی؟ 

گۆڕان كامیان هەڵدەبژێرێت، یەكێتی یان پارتی؟ 

2021-01-14 15:28:52


راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكەوە مامەڵەی كورسی لەگەڵ یەكێتی دەكات‌و لەلایەكی تر دەیەوێت بە دەركردنی پەرلەمانتارانی بەغداد لە ریزەكانی، دڵی پارتی رابگرێت، جڤاتی نیشتمانی كە دەسەڵاتی باڵای بڕیاردانە لەناو گۆڕاندا ئێستا ئیتر بۆچوونی گۆڕاوە‌و دەڵێ حكومەت چاكسازی پێناكرێت‌و دەیەوێت بڕیار لەسەر كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت بدات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  

گۆڕان لە دۆخێكی نوێدا
بزوتنەوەی گۆڕان ئەم رۆژانە بە بارودۆخێكی هەستیاردا گوزەر دەكات، لەلایەك یەكێتی پێشنیازی كورسی پەرلەمانی عێراقی بۆ دەكات، لەلایەكی تر پارتی هەڕەشەی لێ دەكات.
ئەم دۆخە نوێیە هاوكاتە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای تۆماركردنی ناوی حزب‌و هاوپەیمانێتییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەكو ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە رۆژی 6ی حوەزیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت‌و ئەگەری دواخستنیشی هێشتا ئەگەرێكی كراوەیە. 

وەعدەكەی یەكێتی !
رۆژی 10ی ئەم مانگە وەفدێكی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی دور لەچاوی كامێراكان سەردانی گردی "زەرگەتە" مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە شاری سلێمانی. 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا وەفدی یەكێتی پێشنیازی هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خستوەتە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان.
هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان كە (درەو)، قسەی لەگەڵ كردوون باسلەوە دەكەن، یەكێتی بەڵێنی بە گۆڕان داوە، لەكۆی (18) كورسی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، (5) كورسی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان زامن بكەن، ئەگەر گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانێتی بكات.
ئەگەر گۆڕان قایل بێت بەم رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی، وەكو رێككەوتنی پێشوەختەیە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و دەتوانرێت وەكو جۆرێك لە رێككەوتنیش لەسەر ساختەكاریی وێنا بكرێت.
سەركردەكانی گۆڕان دەیانەوێت وردەكاری گفتوگۆكانیان لەگەڵ یەكێتی، لە پارتی دیموكراتی كوردستان بشارنەوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو) گفتوگۆكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی چوەتە ناو هەندێك وردەكاری، تا ئەو رادەیەی بەرپرسانی گۆڕان مەرجیان بۆ یەكێتی داناوە، لە حاڵی هاوپەیمانێتیكردنیاندا، نابێت چیتر یەكێتی مامەڵە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانی بەغدادی بزوتنەوەی گۆڕاندا بكات، كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا لە كێشەدان‌و لەسەروبەندی جیابونەوەدان، هەروەها یەكێتی بەڵێنی بە گۆڕان داوە هەموو پۆستەكانی لە سنوری ئیدارەی سلێمانی بۆ پڕبكاتەوە‌و رێككەوتنی "دەباشان"ی نێوان هەردوولاش جێبەجێ بكات. 
سەرباری ئەم نزیكبونەوەیە لەگەڵ یەكێتی، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵ بۆ هاوپەیمانێتی سێقۆڵی دەدات‌و نایەوێت لە پارتی دوربكەوێتەوە، چونكە هەر جۆرە دوركەوتنەوەیەك لە پارتی كاریگەری لەسەر تیمی گۆڕان دەبێت لەناو حكومەتدا، سەركردەكانی گۆڕان بەدیاریكراویش (مستەفا سەید قادر) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوانەیە كە دەخوازێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، گۆڕان بە هاوپەیمانێتییەكی سێقۆڵی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە یەكێتی نایەوێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی بكات، ئەمەش گۆڕانی دابەشكردووە بەسەر چەند ئاڕاستەیەكدا. 

هەڕەشەكەی پارتی !
ئەم رۆژانە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری بزوتنەوەكەیدا لە گفتوگۆدایە لەبارەی بڕیاردان لەسەر دەركردنی (5) پەرلەمانتاری بەغداد لە ریزی بزوتنەوەكەی، رێكخەر دەیەوێت بزانێت ئەگەر بڕیارێكی لەو جۆرە بدات سود‌و زیان‌و لێكەوتەكانی چی دەبن. 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی لەڕێگەی مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پەیامی بۆ رێكخەری گشتی گۆڕان ناردووە‌و داوای لێدەكات هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان رابگەیەنێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی‌و سەربەخۆكان، هاوپەیمانێتییەكیان لە پەرلەمانی عێراق بەناوی "هاوپەیمانی هیوای كوردستانی" دروستكردووە، ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە كە یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی پێنج پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەوە ناسراون دژی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم‌و بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد قسە دەكەن. 
وا دەردەكەوێت هاوپەیمانێتی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هێندە بۆ لێدانی ئەو پەرلەمانتارانەی بزوتنەوەكە بێت كە لە بەغداد دژی سیاسەتەكانی حزبەكەیان قسە دەكەن، هێندە بۆ ئەوە نەبێت پارتی نیگەران بكات، بۆیە سەركردەكانی گۆڕان بە دەركردنی پەرلەمانتارانی بەغداد لە ریزی بزوتنەوەكە لەلایەك دەیانەوێت پارتی قایل بكەن‌و لەلایەكی تریش بە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی، ئەوسەری بارودۆخەكە لە نوێنەرانی بەغداد دابخەن‌و بەتەنیا بە گۆڕەپانەكەدا بەجێیان بهێڵن.  
بەڵام ئاڕاستەی روداوەكان بەوشێوەیە ناڕۆن كە رێكخەری گشتی بیری لێدەكاتەوە، چونكە ئەمڕۆ یەكێتی سەرۆكی فراكسیۆنەكەی خۆی گۆڕی‌و (ئاڵا تاڵەبانی) ئێستا سەرۆكایەتی فراكسیۆنی یەكێتی دەكات، ئاڵا تاڵەبانی نزیكە لە پەرلەمانتارانی "گروپی 15" واتە ئەوانەی ئێستا "هاوپەیمانێتی هیوای كوردستانی"یان دروستكردووە‌و قسەوباس لەبارەی كاری هاوبەش لەنیوان فراكسیۆنی یەكێتی‌و "هاوپەیمانی هیوای كوردستانی" بۆ داهاتوو لە ئارادایە، لەلایەكی تریش بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان فشار دەخاتەسەر گۆڕان بۆ دەركردنی پەرلەمانتارەكانی، بەڵام لە بەغداد وەفدێكی بە سەرۆكایەتی بەشیر حەداد‌و ڤیان سەبری ناردووە بۆلای "هاوپەیمانی هیوای كوردستانی"‌و بەفەرمی دانی بە هاوپەیمانێتییەكەدا ناوە‌و پیرۆزبایی لێكردوون.  
بڕیاری دەركردنی یاخود دەرنەكردنی پێنج پەرلەمانتارەكەی بەغداد لە ریزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستا لەسەر وادەی بەڕێوەچوون یاخود دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق راوەستاوە.
 
نەخشەی ئێستای گۆڕان 
ئێستا كە زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا یەكەم رێكخەرو دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕیوە، نەخشەی ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەمشێوەیە:
•    فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان پێنج كەسە، نزیكەی چوار مانگە بە فەرمی پەیوەندی خۆیان بە سیاسەتی بزوتنەوەكەیانەوە پچڕاندووە‌و بانگەشە بۆ كشانەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و شكستی حكومەت دەكەن، ئەمانە بریتین لە (یوسف محەمەد، هۆشیار عەبدوڵا، كاوە محەمەد، غالب محەمەد، بەهار مەحمود).
•    فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەم فراكسیۆنەش كە ژمارەی ئەندامەكانی (12) كەسە، بەهەمان شێوە نزیكەی چوار مانگە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك پابەندی سیاسەتەكانی رێكخەری گشتی‌و بەرەكەی تر دژن، ئەم دیمەنە بە ئاشكرا لە هەڵسوكەوتی سیاسی هەردوو بەرەكەدا بەدی دەكرێت، ئەو گروپەی كە دژی سیاسەتی رێكخەری گشتین، هەمان تێڕوانیی گروپی پەرلەمانتارانی بەغدادیان هەیە‌و پەیوەندیش لەنێوانیاندا هەیە. 
•    جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، پێشتر پاڵپشتی بەشداریكردنی گۆڕانیان لە حكومەت دەكرد‌و بەرگرییان لە مانەوەی گۆڕان لە كابینەكە دەكرد، بەڵام ئێستا بۆچونیان گۆڕاوە‌و باس لە كشانەوەی گۆڕان دەكەن، تا ئەو رادەیەی هەوڵ هەیە لە دانیشتنی داهاتووی جڤاتەكەدا پرسی كشانەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بكرێت‌و رێكخەری گشتیش ناچار بە بڕیاردان لەوبارەیەوە بكرێت، چونكە زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی گەیشتوەنەتە ئەو بڕوایەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەت "چاكسازی" پێ ناكرێت‌و گۆڕان زەرەرمەند دەبێت لەمانەوەی زیاتر لەم كابینەیەدا. 
•    خانەی راپەڕاندن كە بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەكەدا دابەشبووە، ئێستا لە كۆی (7) ئەندامی ئەم خانەیە یەكێكیان كە (جەلال جەوهەر)ە دەستی لە كاركێشاوەتەوە‌و لە ماڵەوە دانیشتوە، سێ كەسی تری ئەندامی خانەكە كە بریتین لە (عەدنان عوسمان، شەمال عەبدولوەفا، دەرباز محەمەد) رەخنەیان لە ئەدای رێكخەری گشتی‌و سیاسەتی بزوتنەوەكە هەیە.
•    تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم كە بریتین لە هەر چوار وەزیری (دارایی‌و ئابوری، پیشەسازی‌و بازرگانی، ئاوەدانكردنەوە، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی) هەروەها (مستەفا سەید قادر) جێگری سەرۆكی هەرێم‌و بەرپرسانی تری گۆڕان لە پۆستە حكومییەكان، پاڵپشتی مانەوەی گۆڕان لە حكومەت دەكەن‌و چەند جارێك لەسەر بابەتی مانەوە یان كشانەوە كەوتونەتە ناو مشتومڕی توندەوە لەگەڵ نوێنەرانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق.
•    لەنێوان هەردوو ئاڕاستەی بیركردنەوەكەدا، كوڕانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا پاڵپشتی لە ئاڕاستەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی‌و مستەفای سەید قادر دەكەن.
•    ماوەی عومەر سەید عەلی لە پۆستی رێكخەری گشتی تەنیا (9) مانگی ماوە، سەید عومەر بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان جارێكی تر مافی خۆكاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی نابێت، چونكە ماوەی دوو خول (هەر خولێك دوو ساڵە) رێكخەر بووە، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم دڵخوازی كوڕەكانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفایە‌و چانسی گەورەی هەیە پۆستی رێكخەری گشتی وەرگرێت‌و لەلایەن پارتیشەوە پێشوازی لێدەكرێت، دانانی مستەفا سەید قادر لە پۆستی رێكخەری گشتی پێویستی بەوەیە پێشوەختە گۆڕان دەستوری خۆی هەموار بكات، چونكە دەستوری گۆڕان رێگەنادات كەسێك پۆستی حزبی وەرگرێت كە هاوكات پۆستێكی حكومیشی بەدەستەوە بێت. 
بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوە‌و ئۆرگانە ناكۆكانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كارێكی ئاسان نییە، هەر جۆرە بڕیاردانێك لەلایەن رێكخەری گشتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی دابەشبونەكە، رەنگە بزوتنەوەكە بخاتەوە بەردەم دابەشبونێكی نوێ‌و كاریگەری گەورەش لەسەر پێگەی بزوتنەوەكە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەجێبهێڵێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand