كاتێك پەرلەمان دەكەوێتە بەر هێرش
2021-01-07 11:13:46
(درەو):
دوێنێ لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ چوونە ناو تەلاری پەرلەمان (كۆنگرێس)ی ئەمریكاوە، دیمەنەكانی ئەم پەلاماردانە لە هەرێمی كوردستان دوو رووداوی هاوشێوەی بە بیری خەڵك هێنایەوە كە لە پەرلەمانی عێراق و كوردستاندا روویانداوەو لێكچونێك لەناو ئەم رووداوانەدا دەبینرێت كە بابەتی كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتیە.
• رۆژی 30 نیسانی 2016 لایەنگرانی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر پەلاماری پەرلەمانی عێراقیانداو چونە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، سەدرییەكان دژی دواخستنی كۆبونەوەیەكی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر گۆڕانكاری وزاری لە كابینەی حكومەت پەلاماری پەرلەمانیاندا.
• رۆژی 29ی تشرینی یەكەمی 2017 لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵیانكوتایە سەر بینای پەرلەمانی كوردستانو چونە ناو پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكەیان دوای (12) ساڵ سەرۆكایەتی بڕیاریدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ببێت، دوای وازهێنانی بارزانی، پەرلەمان بەنیاز بوو دانیشتنێك بكات بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم دابەشبكات بەسەر سەرۆكایەتییەكانی تردا تا ئەوكاتەی سەرۆكێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێت، لەم كاتەدا دژی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی بارزانی ژمارەیەك لە لایەنگرانی پارتی هەڵیانكوتایەسەر پەرلەمانی كوردستان.
• دوێنێ 6ی كانونی دووەمی 2021 لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ماوەتەواوبووی ئەمریكا هەڵیانكوتایە سەر بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەیان، ترەمپ ئامادە نەبوو دان بە دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بنێت، بۆیە لایەنگرانی خۆی ناردە سەر پەرلەمان.