رێكخەری گشتی گۆڕان گەڕایەوە بۆ كوردستان
2020-05-20 12:36:40
(درەو):
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای زیاتر لە سێ مانگ لە سویدەوە گەڕایەوە بۆ كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ماوەی چوار رۆژە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە سویدەوە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان.
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لەماڵەوەی خۆی كەرەنتینە كردووەو دوێنێ بەشداری یادی سێ ساڵەی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای مستەفای نەكردو لەڕێگەی سكرتێری رێکخەری گشتی گۆڕانەوە تاجەگوڵینەی لەسەر كڵكۆی نەوشیروان مستەفا دانا.
(درەو) زانیویەتی، عومەر سەید عەلی بەهۆی ئەوەی خۆی كەرەنتینە كردووە، لەدوای گەڕانەوەی چەند دیدارێكی سیاسی رەتكردوەتەوە.
بەر لە گەیشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە هەرێمی كوردستان، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە گەشتێك چووە دەرەوەی وڵات، ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە سوید مایەوە.
لەو ماوەیەدا كە رێكخەری گشتی لە دەرەوەی وڵات بوو، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن لەجێگەی ئەو كاروبارەكان بەڕێوەدەبرد.
لەوكاتەدا كە رێكخەر لە دەرەوە بوو، لەسەر ئاستی ناوخۆی بزوتنەوەكەیو كوردستانو عێراق چەند روداوێك رویاندا لەوانە:
• بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی دوجار كۆبونەوە
• تیمی گۆڕانو پارتی لە حكومەت كۆبونەوەو پارتی بەڵێنیدا (17) پۆستی گۆڕان پڕبكاتەوە
• سێ بەرپرسی دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوون، دەستیان لە ئەندامێتی گۆڕان كێشایەوە
• بەرپرسی (رادیۆی گۆڕان) گۆڕدرا
• بریكاری وەزارەتی ناوخۆو پەروەردە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوون لە حكومەت دەستبەكاربوون
• حكومەتی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیرانی دارایی بوو
• كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی پێكهات، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێكی وەرنەگرت
• لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی هەڵگرتنی پارێبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، ناكۆكی لەنێوان فراكسیۆنەكان دروستبوو، فراكسیۆنی گۆڕانو پارتی لە یەكتر دوركەوتنەوە
• پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی ئاڵۆزی تێكەوت