Draw Media

چەندی خەرجكراوە‌و چەندی لێ ماوەتەوە ؟

چەندی خەرجكراوە‌و چەندی لێ ماوەتەوە ؟

2020-02-27 12:25:51


(درەو):
ئەم نوسینە پێشەكی كۆی ئەو بابەتانەیە كە ئەمڕۆ لە (درەو) بڵاودەبێتەوە لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی 20 ملیار دینارەكەی بودجەی بنیادنانی ژێرخانی رۆشنبیری سلێمانی‌و بەدوایدا وردەكاری راپۆرتی چاودێری دارایی لەبارەی گومانەكانی گەندەڵی‌و بەهەدەردان لە خەرجكردنی پارەكەدا بڵاودەكەینەوە.

رۆژی 27/3/2013 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی (20 ملیار) دینار لەژێر ناوی "بنیادنانی ژێرخانی رۆشنبیری شاری سلێمانی" رادەستی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان كردووە.
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری، وەزارەتی رۆشنبیری سێ مانگ دوای وەرگرتنی پارەكە لە وەزارەتی دارایی، لە رۆژی 20/6/2013دا (20 ملیار) دینارەكەی گواستوەتەوە بۆسەر حسابی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری‌و هونەر لە پارێزگای سلێمانی.
پارەكە لە بانك بەناوی لیژنەیەكی سێ كەسییەوە دانراوە كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە:
•    (چ م م)- (س ص ع)- (ت ك ع د)/ ناوەكان لای (درەو) پارێزراون بەهۆی ئەوەی هێشتا بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی وەڵامی راپۆرتەكەی نەداوەتەوە‌و بڕیاری كۆتایی لەسەر كەیسەكە نەدراوە.
بەپێی راپۆرتەكە، كۆی گشتی خەرجی ئەنجامدراو لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری لە ساڵی دارایی 2018 تاوەكو 1/10/2019 بڕی (3 ملیارو 881 ملیۆن‌و 799 هەزار) دیناربووە بەمشێوەیە: 
•    ساڵی 2018، بڕی (2 ملیارو 209 ملیۆن‌و 566 هەزارو 250) دینار لە بودجەی تایبەت بە پایتتەختی رۆشنبیری خەرجكراوە.
•    لە رۆژی 1/1/2019وە بۆ 1/10/2019 واتە لەماوەی (10) مانگی ساڵی رابردوودا، بڕی (ملیارێك‌و 672 ملیۆن‌و 232 هەزار‌و 750) دینار خەرجكراوە.
بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی، لەسەرەتای وەرگرتنی بودجەكەوە تاوەكو رۆژی 4/11/2019 لەكۆی ئەو (20 ملیار) دینارەی وەكو بودجە بۆ سلێمانی وەكو پایتەختی رۆشنبیری وەرگیراوە، بڕی (14 ملیارو 408 ملیۆن‌و 115 هەزارو 248) دیناری لێ خەرجكراوە‌و تەنیا بڕی (5 ملیارو 591 ملیۆن‌و 696 هەزارو 176) دیناری لێ ماوەتەوە كە لە بانكی ئەزمەڕە.

میزەڵان بە نرخی باڵۆن كڕدراوە

ئەمە بەشی دووەمی زنجیرە بابەتێكە كە لەبارەی چارەنوسی (20 ملیار) دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی پاڵپشت بە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لە (درەو)‌و بڵاودەبێتەوە‌و بەدوایدا بەشەكانی تریش بڵاودەبنەوە.

بەپێی راپۆرتی دیوانی چاوێری دارایی، رۆژی 14/10/2018 بڕی (21 ملیۆن) دینار تەرخانكراوە بۆ یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی، ئەم پارەیە لەلایەن لیژنەیەكەوە خەرجكراوە كە لە سێ كەس پێكهاتوون‌و بریتین لە:

• هەریەكە لە (س ج م)- (م م ع)- (ه- ع)/ ناوەكان لای (درەو) پارێزراون بەهۆی ئەوەی هێشتا بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی وەڵامی راپۆرتەكەی نەداوەتەوە‌و بڕیاری كۆتایی لەسەر كەیسەكە نەدراوە.

لەبارەی خەرجكردنی ئەم بڕە پارەیەوە، دیوانی چاودێری دارایی تێبینی كردووە:

• بڕی (11 ملیۆن‌و 455 هەزار) دیناری پارەكە دراوە بە كرێی كارو پاداشت‌و ئەم خەرجییە بە چەند لیستێك رێكخراوە، زۆربەی واژۆكان لەلایەن لیژنەی خەرجی یادی سلێمانییەوە كراوە نەك ئەو كەسانەی كە پارەكەیان وەرگرتووە، واتە ئەو كەسانەی كە ناویان لە لیستەكەدا هاتووە پارەیان وەرنەگرتووە، سەرۆكی لیژنەی خەرجكردن كە (س ج)ە، رۆژی 16/10/2019 یاداشتێكی لەبارەی ئەم بابەتەوە ئاڕاستەی دەستەی چاودێری دارایی كردووە‌و باسی لەوەكردووە، بە بڕیاری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی شەوەئاهەنگ سازكراوە‌و خەرجی خواردن‌و خواردنەوە (مشروبات) ئەنجامدراوە، نابێت ئەو خەرجیانە بكرێت بە پسوڵە، بۆیە هەستاون بە دروستكردنی ئەو لیستانە، واتە ناسنامەی خەڵكیان بەكارهێناوە بۆ داپۆشینی خەرجی نایاسایی.

• بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی بڕی ئەو (21 ملیۆن) دینارەی بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆردی پایتەختی رۆشنبیری بۆ ئەو لیژنە سێ كەسییە خەرجكردووە.

• بڕی (ملیۆنێك‌و 300 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ پسوڵەیەكی (بەرگدرووی ش و م- ناوەكە لای درەو پارێزراوە) بەمەبەستی دروستكردنی (25) خەڵات لە جۆری برۆنزو دارو سێ دانە كریستاڵی گەورە، بەڵام بەپێی ئەو وێنانەی لە پەیجی خەرجی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری‌و هونەر لە پارێزگای سلێمانی دانراوە، هیچ كام لەو خەڵاتانە برۆنزو كریستاڵ نین، بەڵكو تەنیا وێنەیەكە‌و لەسەر تەختە دروستكراوە.

• بڕی (500 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ پسوڵەیەكی دوكانی (ر- ناوەكە لای درەو پارێزراوە) بۆ كڕینی باڵۆنی غازی، بەڵام بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی كە لە پەیجی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری‌و هونەر لە پارێزگای سلێمانی پیشاندراوە، لە یادەكەدا میزەڵانی ئاسایی بەكارهاتووە نەك باڵۆن‌و ئەو بڕەش زۆر زیاترە لە نرخی میزەڵان.

• بڕی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار بۆ كرێی كاری نمایشی خواردنی كوردەواری بۆ (10) ئافرەتی گروپی "پاشوێڵ" خەرجكراوە، ناسنامەكانیان هاوپێچی لیستی خەرجییەكە كراوە، بەڵام بەپێی بەڵگەكانی چاودێری دارایی هیچ یەكێك لەو (10) ئافرەتە پارەیان وەرنەگرتووە‌و ناسنامەكەیان لێوەرگیراوە بە پاساوی دروستكردنی باجی چونەژورەوە‌و واژۆكانیان لەلایەن لیژنەی خەرجی یادی سلێمانییەوە بۆ كراوە، نەك خۆیان.

• بڕی (ملیۆنێك‌و 875 هەزار) دینار بە چەند پسوڵەیەك خەرجكراوە بۆ بۆ بەكرێگرتنی كورسی‌و هۆڵێك لەناو ئەمنەسورەكە، لەكاتێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی خۆی خاوەنی چەندین هۆڵە، هەروەها لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری چەندەها كورسی كڕدراوە بۆ هۆڵی تەلاری هونەر، لە هەمانكاتدا بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی كە لە پەیجی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری‌و هونەری سلێمانی پیشاندراوە، یادەكە لە سەنتەری رۆشنبیری سەرا ئەنجامدراوە.

• بڕی (ملیۆنێك‌و 500 هەزار) خەرجكراوە بۆ پاداشتی تیپی ژەنیاری فۆلكلۆری كوردی، لیستێك رێكخراوە بەناوی (6) كەسەوە، تێیدا ئاماژە بەوەدراوە هەر ژەنیارێك بڕی (250 هەزار) دیناری بۆ خەرجكراوە، بەپێی بەپێی زانیارییەكانی چاودێری دارایی (5) ژەنیار هەریەكەیان بڕی (120 هەزار) دیناریان وەرگرتووە‌و ژەنیارێكیش تەنیا (100 هەزار) دیناری وەرگرتووە، واتە خەرجی راستەقینە تەنیا بڕی (700 هەزار) دینار بووە نەك (ملیۆنێك‌و 500 هەزار) دینار.

• بڕی (900 هەزار) دینار وەكو پاداشت خەرجكراوە بۆ (9) فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی، لەناو ئەوانەدا كە پاداشتەكەیان وەرگرتووە ئەندامانی لیژنەی یادی دامەزراندنی سلێمانی هەیە، واتە خۆیان پێشنیازیان كردووە خۆیان پاداشت بكەن.

• بڕی (ملیۆنێك‌و 250 هەزار) دینار خەرجكراوە وەكو پاداشت بۆ سێ گۆرانیبێژ بەمشێوەیە:

• ئیحسان بورهان ئەحمەد/ بڕی 450 هەزار دینار

• لوقمان سەلیم/ بڕی 400 هەزار دینار

• سەلاحەدین مەجید رەسوڵ/ بڕی 400 هەزار دینار

بەڵام بەپێی راپۆرتی چاودێری داریی ئەو گۆرانیبێژانە لەو بڕە كەمتریان پێدراوە‌و ئەو گۆرانیبێژانەی یاداشتیان ئاڕاستەی چاودێری دارایی كردووە‌و وتویانە ئەو واژۆیانەی كە لەسەر لیستی خەرجییەكە كراوە واژۆی ئەوان نییە.

• بڕی (ملیۆنێك‌و 50 هەزار) دینار خەرجكراوە‌و لە دوو لیستدا رێكخراوە‌و ئاماژە بەوەدراوە وەكو پاداشت‌و كرێی كاری نمایشی جلوبەرگی كوردی لەلایەن فەرمانبەرانی بەشی هونەرە میللییەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە خەرجكراوە، بەڵام فەرمانبەرانی بەشی هونەرە میللییەكان لە رۆژی 8/11/2019دا یاداشتیان ئاڕاستەی دەستەی چاودێری كردووە‌و ئەو واژۆیانەی كە لەسەر لیستەكە كراوە واژۆی ئەوان نییە‌و ئەو بڕە پارەیەشیان وەرنەگرتووە‌و تەنیا بەڕێوەبەری بەشەكەیان بڕی (250 هەزار) دیناری وەرگرتووە، واتە لیستەكە گوزارشت لە جەرخییە راستەقینەكە ناكات.

• ئەو لیژنەیەی كە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی راسپێردراوە بۆ خەرجییەكانی یادی دامەزراندنی سلێمانی، بەڵام بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری داریی ئەم لیژنەیە لەئاستی بەرپرسیارێتییەكەدا نەبوون‌و دەبوون لەناویاندا كەسێكیان ژمێریار بێت.

• بڕی (13ملیۆن‌و 250 هەزار) دینار خەرجكراوە وەك پێشینەی بۆ (ش ج م- ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) كە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی نییە، پارەكە بۆ ئەم كارانە خەرجكراوە:

- كردنەوەی پێشەنگای فۆتۆگراف

- پرۆژەیەكی كلتوری لە شاری سلێمانی، بەڵام هاوسەری ناوبراو كە ناوی (د ا ا- ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) پارەكەی وەرگرتووە

- بۆ ئەنجامدانی چالاكی‌و یارمەتیدانی خانمان

شەش ملیۆن دینار بۆ چوارچێوەی وێنە
هەر بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی، رۆژی 3/2/2019 بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی بڕی (15 ملیۆن) دینار وەكو پێشینەیەك خەرجكراوە بۆ لیژنەیەك بەمەبەستی ئەنجامدانی فێستیڤاڵی هونەری سلێمانی/ سنە،  ئەندامانی لیژنەكە پێكهاتووە لە:
•    (م م ع)- (م ج ا)- (ل ا ك)/ ناوەكانیان لای (درەو) پارێزراوە بەهۆی ئەوەی هێشتا بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی وەڵامی راپۆرتەكەی نەداوەتەوە‌و بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەیسەكەوە دەرنەچووە.
بەپێی بەدواداچوونی چاودێری دارایی، یەكێك لە ئەندامانی لیژنەكە بە ناوی (ل ا ك) ئامادەنەبووە ئیمزا لەسەر پسوڵەی خەرجییەكان بكات‌و لە یاداشتێكدا بۆ چاودێری دارایی هۆكاری ئیمزانەكردنی پسوڵەكانی بۆ ئەم ئەم هۆكارانە گەڕاندوەتەوە:
•    پسوڵەیەكی خەرجی بە بڕی (6 ملیۆن) دینار بۆ دروستكردنی چوارچێوەی وێنەی شێوەكارانی ئێرانی دروستكراوە، لەكاتێكدا (ل ا ك) كە خۆی ئەندامی لیژنە بووە، لە مەرزی باشماخەوە شێوەكارە ئێرانییەكانی هێناوە‌و خۆشی لەگەڵیاندا وێنەكانی هەڵواسیوە‌و وێنەكان پێویستیان بە چوارچێوە نەبووە‌و لەكاتی نمایشدا هیچ چوارچێوەیەك دانەنراوە.
•    لیستێك بۆ پاداشتكردنی میوانە ئێرانییەكان ئامادەكراوە هەندێكیان بەبڕی (250 هەزار) دینار، هەندێكیان بەبڕی (275 هەزار) دینار، بەڵام لەڕاستیدا میوانە ئێرانییەكان هەریەكەیان تەنیا (100 هەزار) دیناریان وەرگرتووە.
•    سەرۆكی لیژنەكە لەگەڵ فەرمانبەرێك بەناوی (ب س ر- ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) وەكو سەرپەرەشتیاری فێستیڤاڵ كارەكانیان ئەنجامداوە بەبێ ئاگاداری ئەندامانی لیژنەكە.
•    (م س ع) كە سەرۆكی لیژنەكە بووە، یاداشتێكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی كردووە‌و تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە (ل ا ك) ئامادە نییە پسوڵەی خەرجییەكان ئیمزا بكات، بە پاساوی دوانەكەوتنی تەسوییەكان داوای كردووە (ه م ا) لە شوێنەكەی دابنرێت لە لیژنەكە، بەڕێوەبەری رۆشنبیری داواكارییەكەی سەرۆكی لیژنەكەی جێبەجێ كردووە بەبێ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەوە بكات كە ئایا بۆچی (ل ا ك) ئامادە نییە ئیمزا لەسەر پسوڵەی خەرجییەكان بكات.
•    بڕی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار بە پسوڵە خەرجكراوە بۆ كڕینی خەڵات‌و چوارچێوە بۆ فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتی بەناوی (ب س ر- ناوەكەی لای درەو پارێزراوە)، بەڵام بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی تابلۆكان لە ئێرانەوە هاتوون‌و پێویستیان بە كڕینی چوارچێوە نەبووە.
•    بڕی (4 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینار خشتە ئامادەكراوە بەناوی ئەندامانی گروپی شێوەكارانی سنە، (ل ا ك) كە ئەندامی لیژنە بووە ئامادەنەبووە ئیمزا لەسەر خەرجییەكان بكات، سەرۆكی لیژنەكە كە (م م)ە، یاداشتێكی نوسیوە‌و تێدا ئاماژەی بەوەكردووە بڕی (2 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە وەكو پاداشت‌و خەرجی رۆژانە بۆ گروپی شێوەكارانی سنە، بەبێ ئەوەی لیستێك هەبێت بڕی خەرجكراو و ناو و واژۆی ئەو شێوەكارانەی تێدا بێت، لەناو پسوڵەكاندا بڕی (ملیۆنێك‌و 400 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ خواردنی (8) رۆژ، بڕی (120 هەزار) دینار تەرخانكراوە بۆ كرێی سەیارە، چاودێری دارایی دەڵێت ئەو یاداشتەی (م م) گوزارشت لە راستی ئەو خەرجییە ناكات.

خەرجی هەفتەی نەورۆزی هەستانەوە
ئەمە بەشی چوارەمی زنجیرە راپۆرتێكە كە لە (درەو) بڵاودەبێتەوە بە پشتبەستن بە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی چارەنوسی ئەو (20 ملیار) دینارەی كە بۆ سلێمانی وەكو پایتەختی رۆشنبیری تەرخانكرا، یەك لەدوای یەك بەشەكان بڵاودەكەینەوە.
رۆژی 21/2/2018 بەپێی نوسراێك بڕی (67 ملیۆن‌و 150 هەزار) دینار وەكو پێشینە خەرجكراوە بۆ هەریەكە لە (ا ع ا- ه ع م- ب خ س/ ناوەكانیان لای درەو پارێزراوە) بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكانی "هەفتەی رۆشنبیری‌و هونەری نەوروزی هەستانەوە"، چاودێری دارایی لەسەر ئەم چالاكییە‌و خەرجییەكەی ئەم تێبینیانەی نوسیوە:
•    ئەو لیژنەیەی كە بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری پێكهێنراوە بۆ سەرپەرەشتیكردنی چالاكییەكە، دەرخستەیان بۆ خەرجی چالاكییەكە كردووە كە (67 ملیۆن‌و 150 هەزار) دینار بووە، بەڵام لیژنەكە كەسیان واژۆیان لەسەر دەرخستەكە نەكردووە.
•    لەبڕی (67 ملیۆن‌و 150 هەزار) دینارەكە، بڕی (20 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ كرێی كاری دەنگ‌و رووناكی بۆ دوكاندارێك كە ناوی (ه ع ك) كە خۆی كارمەندە لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری، چاودێری دارایی بۆی دەركەوتووە جەڵدەكان لێكراوەتەوە‌و دواتر پڕكراوەتەوە.
•    بڕی (3 ملیۆن) دینار خەرجكراوە وەكو پاداشتی لیژنەی باڵا‌و راگەیاندن‌و خەرجی‌و پێشوازی، بەڵام بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی هەندێك لە ئەندامان دەستنوسێكیان نوسیوە‌و دەڵێن واژۆی سەر لیستی تایبەت بە خەرجییەكان واژۆی ئەوان نییە‌و ئەو بڕە پارەیەشیان وەرنەگرتووە، واتە ئەو لیستە گوزارشت لە خەرجی راستەقینە ناكات.
•    فەرمانبەرێك بە ناوی (ج ج ع/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) دووجار پاداشت كراوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ فێستیڤاڵەكە خەرجكراوە.
•    پسوڵەی خواردنی (60) منداڵ كە بەشدارییان پێكراوە لە فێستیڤاڵەكەدا، لە ریستۆرانتی (پارو) بەبەتاڵی وەرگیراوە‌و دواتر پڕكراوەتەوە.
•    بڕی (2 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار بۆ پاداشتكردنی (24) كارمەندی بەشی هونەرە میللییەكان تەرخانكراوە، هەریەكەیان بە بڕی (100 هەزار) دینار، بەڵام كارمەندانی بەشی هونەری میللیی بە چاودێری داراییان وتووە ئەوان هیچ بڕە پارەیەكیان وەرنەگرتووە‌و واژۆی سەر لیستی خەرجییەكە واژۆی ئەوان نییە.
•    دوان لە ئەندامانی لیژنەی سەرپەرەشتیاری فێستیڤاڵەكە بەناوەكانی (ه ع- ب خ/ ناوەكان لای درەو پارێزراون) یاداشتێكیان بۆ چاودێری دارایی نوسیوە‌و دەڵێن ئەوان هیچ ئاگاداری چۆنیەتی ئەو خەرجیانە نەبوون‌و تەنیا پشتی پسوڵەكانیان ئیمزا كردووە.

قەرزی خۆی لە پارەی حكومەت دەركردووە
لە كێشەیەكی نێوان بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی‌و ناوەندی رۆشنبیری ئەندێشەدا، بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی بڕی (10 ملیۆن) دیناری بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بێسەروشوێن بووە، بڕی زیاتر لە دوو ملیار دیناریش كە لە هەمان بودجە بۆ هونەرمەندان تەرخانكراوە، دوای سێ ساڵ پاكتاو نەكراوە، ئەمە بەشی پێنجەمی ئەو زنجیرە راپۆرتەیە كە (درەو) لەبارەی 20 ملیار دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری یەك لەدوای یەك بڵاویاندەكاتەوە.

پارە پاكتاونەكراوەكان
بڕی (2 ملیارو 264 ملیۆن‌و 40 هەزار) دینار، ئەمە بەشێكە لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری كە بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی وەكو پێشینە دراوە بە هونەرمەندان لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی.
دێوانی چاودێری دارایی دەڵێت ئەم پارەیە كە هەندێكیان بە فەرمانی وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان‌و هەندێكی تری بە فەرمان بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی خەرجكراوە، تاوەكو 1/12/2019 پاكتاو نەكراوە.
لیژنەی خەرجی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بە چاودێری دارایی راگەیاندووە، هەندێك لەم پێشینانە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر خەرجكردنیدا، بەڵام پاكتاو نەكراوە.
لیستی ئەو هونەرمەندانەی كە پارەكەیان وەرگرتووە لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە تا ئەوكاتەی بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەیسەكەوە دەدرێت.
چاودێری دارایی لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەكردووە، بڕی (ملیارێك‌و 782 ملیۆن‌و 515 هەزارو 250) دینار بۆ (رێكخراو- كۆمپانیا- چەند فەرمانگەیەكی سەربە وەزارەتی رۆشنبیری‌و هونەرمەندان)‌و چەند كەسێك خەرجكراوە كە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری نین‌و ئەم كارە پێچەوانەی عورفە ژمێریارییەكانە.
ناوی ئەوانەی پارەكەیان وەرگرتووە لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە تا ئەوكاتەی كەیسەكە یەكلادەبێتەوە.
راپۆرتەكە باس لە خەرجكردنی بڕی (46 ملیۆن‌و 850 هەزار) دینار دەكات بۆ لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی فەرمانبەرێك بەناوی (س ف ف/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە)، ئەم پارەیە تاوەكو كۆتایی كاری لیژنەی چاودێری دارایی لە رۆژی 1/12/2019 پاكتاونەكراوە، لەكاتێكدا هەندێك لەو پێشینانە مێژووی خەرجكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ (3 ساڵ) لەمەوبەر‌و سەرۆكی لیژنەكەش لە 30/4/2018 خانەنشین كراوە‌و بەشی كارگێڕی بە نوسراوێك ئەستۆپاكی بۆ كردووە لە موڵك‌و ماڵی میری.
راپۆرتی چاودێری دارایی نوسیویەتی:" لە ئەنجامی وردبینی ئەو پێشینانەی كە دراوە بە هونەرمەندان‌و لایەنەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری‌و هونەر لە پارێزگای سلێمانی، لیژنەی خەرجی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری هەستاوە بە وەرگرتنی واژۆی وەرگر لەسەر فۆرمێكی تایبەت كە وەك بەڵێننامەیەكە‌و لە فۆرمەكەدا هاتووە كە لەماوەی (15) رۆژدا دوای تەواوبوونی چالاكییەكەی یان ئەو مەبەستەی كە بۆی خەرجكردووە، هەموو وەسڵ‌و بەڵگەكان بهێنێت بۆ بەشی ژمێریاری لەكاتێكدا ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە بەشی یاسایی هەیە‌و پێویست بوو لەلایەن بەشی یاساوە ئەو بەڵێننامەیە وەربگیرایە، هەروەها لە فۆرمەكەدا بەرواری تەواوبوونی كارەكە دیاریكراوە، بەڵام هەندێك لەو هونەرمەندانە تا كۆتایی كاری دەستەكەمان لە 1/12/2019 بەڵگەو پسوڵەكانیان نەگەڕاندوەتەوە بۆ لیژنەی خەرجی‌و هیچ ئیجرائاتێكیان بەرامبەر نەكراوە".
چاودێری دارایی لە لیستێكدا چەند نمونەیەكی لەسەر ئەو كەسانە داناوە كە پسوڵەی خەرجی ئەو پارانەیان نەگەڕاندوەتەوە كە بۆ چالاكی وەریانگرتووە، لیستەكە بەردەستە‌و لای (درەو) پارێزراوە تائەوكاتەی كەیسەكە یەكلادەبێتەوە.
 
كێشەی بەڕێوەبەرو ناوەندی ئەندێشە !
راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی باس لە خەرجكردنی بڕی (15 ملیۆن) دینار دەكات لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانییەوە بۆ (ناوەندی رۆشبیری ئەندێشە)، راپۆرتەكە لەسەر خەرجكردنی ئەم بڕە پارەیە، ئەم تێبینییانەی تۆماركردووە: 
•    كاری خەرجكردنی پارەكە سپێردراوە بە سێ كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری بەناوەكانی (ر م م – ئ ا م- م م ا/ ناوەكانیان لای درەو پارێزراوە)، ئەم لیژنەیە یاداشتێكیان ئاڕاستەی چاودێری دارایی كردووە‌و تێیدا دەڵێن ئەوان ئاگاداری ئەو خەرجییە نین‌و واژۆی سەر قەواڵەی خەرجییەكەش واژۆی ئەوان نییە‌و دوای ئەوەی پارەكەیان لە بانك وەرگرتووە، رادەستی بەڕێوەبەری گشتی كردووە.
•    رۆژی 27/10/2019 ناوەندی رۆشنبیری ئەندێشە نوسراوێكی ئاڕاستەی چاودێری دارایی كردووە‌و ئاماژەی بەوەكردووە كە تەنیا بڕی (5 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە لە بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی‌و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری خۆی بڕی (10 ملیۆن) دیناری لەبری قەرزی شەخسی كە لای ئەندێشە بووە گلداوەتەوە. 

واژویان بۆ كراوەو پارەكەیان وەرنەگرتووە

لەكۆی ئەو (20 ملیار) دینارەی كە وەكو بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ سلێمانی تەرخانكرا، زیاتر لە (487 ملیۆن) دیناری دراوە بۆ چوار سەندیكا، چاودێری دارایی پێدانی پارە بەو سەندیكایانە بەپێچەوانەی ئەو مەبەستە ناودەبات كە پارەكەی بۆ تەرخانكراوە، سەرباری ئەوەش تێبینی لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكان هەیە، ئەمە بەشی شەشەمی ئەو زنجیرە راپۆرتەیە كە (درەو) بە پشتبەستن بە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی چارەنوسی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بڵاویدەكاتەوە‌و بەدوایدا هەموو بەشەكانی تریش بلاودەبنەوە.

سەندیكا‌و بودجەی پایتەختی رۆشنبیری

نوێنەری سەندیكاكان ئەندامن لە بۆردی پایتەختی رۆشنبیری، نوێنەری سەندیكاكان لە بۆردەكە بریتین لەم كەسانە:

• نیاز ئەحمەد نوری- نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لقی سلێمانی

• ئازاد بەرزنجی- نوێنەری دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم

• شێركۆ عەبدوڵا- سەرۆكی یەكێتی نوسەرانی كورد لقی سلێمانی

• كاروان ئەنوەر- نوێنەری سەندیكای رۆژنامەنوسان لقی سلێمانی

بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، نوێنەری سەندیكاكان وەكو لە كۆنوسی كۆبونەوەكانیاندا دەردەكەوێت، بڕیاریانداوە بە خەرجكردنی بڕە پارەیەك بۆ سەندیكاكانیان لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری.

راپۆرتی چاودێری دارایی دەڵێ:" نوێنەری سەندیكاكان لە بۆردی پایتەختی رۆشنبیری دەسەڵاتەكانیان وەكو ئەندامی بۆرد بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندی سەندیكاكانیان، لەكاتێكدا پێویست بوو پلانیان هەبوایە بۆ خەرجكردنی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ بەرژەوەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری‌و هونەر لە پارێزگای سلێمانی".

بڕی ئەو پارەیەی كە سەندیكاكان لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری وەریانگرتووە:

• سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بڕی (258 ملیۆن‌و 672 هەزارو 500) دیناری وەرگرتووە.

• دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم بڕی (111 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە.

• یەكێتی نوسەرانی كورد لقی سلێمانی بڕی (61 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە.

• سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لقی سلێمانی بڕی (57 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە.

یەكێك لە تێبینییەكانی تر كە دیوانی چاودێری دارایی لە راپۆرتەكەیدا سەبارەت بە خەرجكردنی پارە بۆ سەندیكاكان تۆماریكردووە باسلەوە دەكات، لە كۆنوسی كۆبونەوەی بۆردی پایتەختی رۆشنبیریدا بڕیاردراوە هەر بڕە پارەیەك كە سەرف بكرێت بۆ هونەرمەندان‌و رۆژنامەنوسان‌و یەكێتی نوسەران‌و دەزگای سەردەم، دەبێت بە پسوڵەیەكی پارەوەرگرتنی خۆیان بێت‌و خۆیان بەرپرسیار بن لە پاكتاوكردنی لەبەردەم چاودێری دارایدا، بۆیە پسوڵەی خەرجییەكان بەناوی سەندیكاكانەوە كراوە‌و هاوپێچ كراوە بە قەواڵەی تۆمارەكانەوە، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ پسوڵەی خەرجییەكان دەبوو بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیرییەوە بێت.

پارەكەی سەندیكای هونەرمەندان

ئەو (58 ملیۆن) دینارەی كە سەندیكای هونەرمەندان لقی سلێمانی لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری وەریگرتووە، لەماوەی ساڵی 2016وە بۆ 2019 بووە، چاودێری دارایی تێبینی خۆی لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارانە تۆماركردووە، بەڵام وەكو ئەوەی لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، لە وردبینیكردندا سامپڵ وەرگیراوە، واتە بە تێكڕا وردبینی نەكراوە‌و لە سامپڵەكاندا تێبینی سەرپێچی كراوە.

راپۆرتی چاودێری دارایی نمونەی بە خەرجییەك هێناوەتەوە كە بڕەكەی (17 ملیۆن‌و 141 هەزارو 500) دینارە، ئەم پارەیە لە رۆژی 16/8/2016دا لەلایەن سەندیكای هونەرمەندانەوە وەكو پێشینە خەرجكراوە بۆ ئەنجامدانی كاروچالاكی.

راپۆرتەكە دەڵێ:" ئەم خەرجییە بە قەواڵەی تۆمارێك لە 28/8/2016 پاكتاوكراوە‌و لەنێو بەراییەكانی خەرجەكەدا لیستێك رێكخراوە بەبڕی 11 ملیۆن‌و 250 هەزار دینار بەناوی پاداشتكردنی (45) بەشداربووی كۆنسێرتی یەكەمی وەرزی 2016، كە هەریەكەیان بەبڕی 250 هەزار دینار پاداشت كراون، بەڵام ئەوەی جێی سەرەنجە هەندێك لەو كەسانەی كە لە لیستەكەدا ئاماژەی بۆكراوە، یاداشتیان ئاڕاستەی چاودێری دارایی كردووە‌و ئاماژەیان بەوەداوە واژۆی سەر لیستەكان واژۆی ئەوان نییە‌و ئەو بڕەشیان وەرنەگرتووە، واتە ئەو لیستە گوزارشت لە خەرجی راستەقینە ناكات".

راپۆرتەكە باس لە نمونەیەكی تر دەكات كە قەواڵەیەكە‌و لە رۆژی 18/8/2016 دەرچووە‌و تێیدا باسلەوەكراوە بڕی (2 ملیۆن) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزنەی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری، بەڵام پارەكە نەگەڕێندراوەتەوە بۆ بانك‌و لە خەزنەشدا نەبووە.

پارەكەی دەزگای سەردەم

ئەو (111 ملیۆن) دینارەی كە لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری دراوە بە دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2016‌و 2017، لەكۆی ئەو پارەیەی كە وەرگیراوە، بڕی (81 ملیۆن) دینار بۆ لە چاپدانی كتێب خەرجكراوە.

لە خەرجییەكانی دەزگای سەردەمدا، راپۆرتی چاودێری دارایی ئاماژەی بە نمونەیەك كردووە كە خەرجكردنی بڕی (30 ملیۆن) دینارە بۆ چاككردنەوە‌و نەهێشتنی ئاسەواری سوتاوی بینای دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم، چاودێری دارایی لەوبارەیەوە دەڵێ:" ئەم بینایە موڵكی دەزگای سەردەمە، لەنێو بیناكەدا چەندین دوكانی تێدایە كە دراوە بە كرێَ‌و سەرچاوەی داهاتەكەی بۆ دەزگاكەیە پێویست بوو ئەم خەرجییە لابەلایانە لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری ئەنجام نەدرایە، چونكە ئەو بودجەیە بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیرییە".

راپۆرتی چاودێری دارایی تێبینییەكی تری تۆماركردووە لەبارەی ئەوەی هەموو خەرجییەكانی دەزگای سەردەم لەلایەن دەزگاكە خۆیەوە كراوە‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی ئاگاداری چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو خەرجیانە نەبووە.

پارەی یەكێتی نوسەران

یەكێتی نوسەرانی كورد لقی سلێمانی (61 ملیۆن) دیناری لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری وەرگرتووە، ئەم پارەیە لە ساڵانی 2016‌و 2017‌و 2018دا وەرگیراوە.

چاودێری دارایی ئاماژە بەوەدەكات، ئەو خەرجیانە بەپێچەوانەی مەبەستی تەرخانكردنی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری‌و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان ژمارەی (14)ی ساڵی 2012 دیاریكراوە، كە ئەو بودجەیە بۆ چالاكی كلتوری‌و هونەری‌و هزری تەرخانكراوە نەك بەوشێوەیەی وەكو بودجە بدرێت بە یەكێتی نوسەران.

چاودێری دارایی تێبینییەكی تری لەسەر خەرجییەكانی یەكێتی نوسەران تۆماركردووە‌و دەڵێ:" بڕی 5 ملیۆن دینار خەرجكراوە بۆ كەسێك بە ناوی (ك ن/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە)، ئەم پارەیە لەسەر بڕیاری سەرۆكی یەكێتی نوسەران بە وەرەقەیەكی دەستنوس خەرجكراوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە فەرمانی كارگێڕی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە بەو خەرجە نییە‌و وەرگری پارەكەش فەرمانبەری ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە نییە".

راپۆرتەكە نمونەیەكی تری لەبارەی خەرجكردنی بڕی (10 ملیۆن) دیناری یەكێتی نوسەران تۆماركردووە‌و نوسیویەتی: ئەو خەرجییە بەشێوەی كۆتایی قەیدی تۆماركردنی بۆكراوە، بەڵام هیچ پسوڵەیەكی هاوپێچ نەكراوە تاوەكو بزانرێت ئەو بڕە پارەیە چۆن‌و بۆچی خەرجكراوە.

پارەكەی سەندیكای رۆژنامەنوسان

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لقی سلێمانی بڕی (57 ملیۆن) دیناری لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری وەرگرتووە، پارەكە لەماوەی ساڵانی 2016‌و 2017دا وەرگیراوە.

لەبارەی خەرجییەكانی سەندیكاری رۆژنامەنوسانەوە، راپۆرتی چاودێری دارایی دەڵێ:" تا كۆتایی كاری دەستەی چاودێری، خشتەی خەرجییەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان پاكتاونەكراوە، لەكاتێكدا نزیكەی سێ ساڵ بەسەر خەرجكردنیدا تێپەڕیوە‌و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە وەزارەتی رۆشنبیری فەرمانیداوە ئەو پارانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانیدا پاكتاوبكرێن".

چاودێری دارایی خەرجكردنی پارەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ سەندیكای رۆژنامەنوسان بەكارێك ناودەبات كە پێچەوانەیە لەگەڵ مەبەستی تەرخانكردنی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری.

پاداشتی شۆفێرو وێنەگرەكەی بەڕێوەبەری گشتی
لەكۆی ئەو (20 ملیار) دینارەی كە وەكو بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ سلێمانی تەرخانكرا، بڕی (81 ملیۆن‌و 386 هەزارو 300) دیناری تەرخانكراوە بۆ خەرجییەكانی نوسینگەی وەزیری پێشووی رۆشنبیری، هەندێكی تری لەلایەن بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانییەوە وەكو پاداشت‌و هاوكاری دراوە بە كارمەندان‌و خەڵكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكە، دیوانی چاودێری دارایی دەڵێت بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیرییە نەك خەرجی لاوەكی.

خەرجییەكانی وەزیر لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری
لەبارەی ئەو خەرجییانەی كە نوسینگەی وەزیری رۆشنبیری لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری كردویەتی، دیوانی چاودێری دارایی ئەم تێبینیانەی تۆماركردووە: 
•    زۆربەی خەرجییەكانی نوسینگەی وەزیر خەرجكراوە بۆ میوانداریی، لە بەراییەكاندا تەنیا پسوڵەی ئوتێل‌و چێشتخانە هاوپێچ كراوە، لە پسوڵەكاندا ئاماژە نەدراوە بە ژمارەی كەسەكان كە لە ئوتێلەكە ماونەتەوە، بەهەمان شێوە لە پسوڵەی چێشتخانەكانیشدا ئاماژە نەدراوە بە ژمارەی ئەو كەسانەی نانیان خواردووە.
•    لە 21/7/2019دا بە فەرمانی وەزارەتی رۆشنبیری بڕی (ملیۆنێك‌و 700 هەزار) دینار تەرخانكراوە بۆ یارمەتیدانی (5) كەس، لیستی ناوی ئەو كەسانە لای (درەو) پارێزراوە، دیوانی چاودێری دارایی دەڵێ: لە بەرایی خەرجەكەدا لیستێك بەدی نەكرا بە واژۆی ئەو كەسانەی كە پارەكەیان بۆ تەرخانكراوە كە پشتگیری بێت بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ئەو كەسانەوە، جگە لە یەكێكیان، سەرباری ئەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی فەرمانی نەكردووە بۆ خەرجكردنی ئەو پارەیە‌و ئەو كەسانەی كە پارەكەیان بۆ تەرخانكراوە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی نین‌و بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ هاوكاریكردن تەرخان نەكراوە تاوەكو ئەم جۆرە خەرجییە لابەلایانەیان لەسەر ئەنجام بدرێت.

پاداشتەكانی شۆفێرەكەی بەڕێوەبەری گشتی
راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی باسلەوەدەكات، لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بڕی (40 ملیۆن‌و 830 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ پاداشت، چاودێری دارایی لەبارەی ئەم خەرجییانەوە نوسیویەتی:
•    فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بەردەوام پاداشت كراون، بەتایبەتی فەرمانبەرانی بەشی راگەیاندن، شۆفێری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری، ئەمە جگە لەوەی لەسەر خەرجی بۆنە ئەنجامدراوەكان پاداشت كراون، چاودێری دارایی دەڵێ ئەم خەرجییانە لەكاتێكدایە بەپێی فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1018) لە 11/12/2014 بڕیاردراوە بە راگرتنی سەرجەم پاداشت‌و هاوكارییەكان، لیستی ناوی ئەوانەی پاداشتەكانیان وەرگرتووە لای (درەو) پارێزراوە.
•    فەرمانبەرێك بە ناوی (پ ئ ا) كە وێنەگرە لە نوسینگەی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی‌و وەكو خۆبەخش لەسەر میلاكی بەشی راگەیاندن دانراوە، بەڵام مانگانە دواكارییەك پێشكەش دەكات بە لێپرسراوی راگەیاندن‌و ئەویش داواكارییەكەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتی دەكات‌و بەڕێوەبەر رەزامەندی دەدات بە خەرجكردنی بڕی (250 هەزار) دینار وەكو پاداشتی مانگانە، دیوانی چاودێری دەڵێ پێدانی پارە بەو كەسە نایاساییە، لیستی ئەو پارانەی كە ئەو كەسە لە بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی وەریگرتووە لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە.
•    لە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی چەند فەرمانبەرێكی خۆبەخش لە بەڕێوەبەرایەتییەكە كاردەكەن، بەڵام مانگانە لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری پاداشتیان بۆ خەرجكراوە، دیوانی چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانە، لیستی ناوی ئەو كەسانە لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە.
•    بە رەزامەندی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی لەسەر داواكاری هونەرمەندان‌و كەسانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری، لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری پاداشتی دارایی هەندێك كەس كراوە كە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكە نین، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی ئەو مەبەستەیە كە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ تەرخان كراوە، لیستی ئەو كەسانەی كە پاداشتەكانیان وەرگرتووە لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە.
•    بە فەرمانی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان ژمارە (4274) لە رۆژی 5/8/2019 بەڕێز وەزیر (خالید عەبدولڕەحمان دۆسكی) لە رۆژی 17/7/2019 دەستی لە كارترازاوە لە دیوانی وەزارەت، چەند فەرمانێكی وزاری لە بەراییەكانی خەرجی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بەدی كرا كە مۆری دەرچووی وەزارەتی لەسەر نەبوو، جێی گومانی دەستەكەمانە ئەو فەرمانانە دوای دەست لەكارترازاندنی واژۆ كرابێت‌و صادرە كرابێت بە بەرواری كۆن، ناوی ئەو كەسانەی كە پارەكانیان بەمشێوەیە وەرگرتووە لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە.

 

بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ یانەكانی كەركوك خەرجكراوە

(8):

لەكۆی (20 ملیار) دینار كە وەكو بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ سلێمانی تەرخانكراوە، بڕی (78 ملیۆن‌و 670 هەزار) دینار وەكو هاوكاری دراوە بە یانە وەرزشییەكان، زۆربەی ئەو یانانەی كە لە كۆمەكەكە سودمەندبوون لە پارێزگای كەركوكن، ئەمە بەشی هەشتەمی ئەو زنجیرە راپۆرتانەیە كە (درەو) بە پشتبەستن بە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی چارەنوسی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بڵاویاندەكاتەوە.

 

پایتەختی رۆشنبیری‌و پارەی یانە وەرزشییەكان

بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری، بڕی (78 ملیۆن‌و 670 هەزار) دینار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانییەوە وەكو هاوكاری دراوە بە یانە وەرزشییەكان، ئەوانەی سودمەندبوون لەم پارەیە زۆربەیان یانە وەرزشییەكانی سنوری پارێزگای كەركوك.

پارەی یانە وەرزشییەكان بەمشێوەیە دابەشكراوە:

• 12 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی دوبز

• 10 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی شۆریجە

• 5 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی خاك

• 10 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی ئاڵتون كۆپری

• 5 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی بابەگوڕگوڕ

• 10 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی سۆلاڤ

• 10 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی خانەقین

• 10 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی گازی باكور

• 5 ملیۆن دینار بۆ یانەی وەرزشی تورە

• 500 هەزار دینار بۆ یانەی وەرزشی سەیدسادق

• 750 هەزار دینار بۆ یانەی وەرزشی دەربەندیخان

• 420 هەزار دینار بۆ كڕینی جلوبەرگ بۆ یانەی حاجیاوە

 

ژنبرای سەرۆكی لیژنە پێشنیازی كردووە
 

بەپێی پسوڵەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی، لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بڕی (6 ملیۆن) دینار خەرجكراوە بۆ كڕینی كامێرایەك، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ ئەو كامێرایەی كە پارەكەی بۆ خەرجكراوە هێشتا لەلایەن كۆمپانیاكەوە دروستنەكراوە، ئەمە بەشی نۆیەمی ئەو زنجیرە راپۆرتانەیە كە (درەو) لەبارەی چارەنوسی (20 ملیار) دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری بڵاویاندەكاتەوە.

پارەی چاپی كتێب
لە كۆی ئەو (20 ملیار) دینارەی وەكو بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ سلێمانی تەرخانكرا، بڕی (401 ملیۆن‌و 986 هەزار) دیناری رۆیشتووە بۆ نوسەران‌و چەند دەزگاو رێكخراوێكی ناحكومی بۆ مەبەستی لەچاپدانی گۆڤارو كتێبەكانیان.
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، ئەم خەرجییانە لەسەر فەرمانی وەزیری پێشووی رۆشنبیری‌و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانییەوە كراون.
چاودێری دارایی دەڵێ:" ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەو نوسەرو دەزگاو رێكخراوانە ئەو كتێبانەیان لە بازاڕدا فرۆشتووە، چاودێری دارایی هەڵسەنگاندنی كردووە بۆ زانینی قازانجی هەندێك كتێب، بۆ نمونە بۆی دەركەوتووە بەهای فرۆشتنی 14 كتێب بریتی بووە لە (55 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بڕی (35 ملیۆن‌و 490 هەزار) دیناری خەرجكردووە". 
خشتەی ئەو كتێبانەی كە چاودێری وەكو سامپڵ وەریگرتوون لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە.

كامێرایەك كە هێشتا دروستنەكراوە !
راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی باسلەوە دەكات لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری، بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی رەزامەندی داوە لەسەر كڕینی هەندێك پێداویستی بۆ بەشی راگەیاندن بەبەهای (44 ملیۆن‌و 707 هەزار) دینار، لیژنەیەك لە بەرپرس‌و فەرمانبەرانی بەشەكە پێكهێنراوە، لەكاتێكدا هیچ یەكێك لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە ژمێریار نەبوون‌و زۆربەی خەرجییەكانیان بە نایاسایی ئەنجامداوە.
راپۆرتەكە دەڵێ: ئەو پارەیە بۆ (م م/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) خەرجكراوە بۆ كڕینی كەلوپەل‌و پێداویستی بەشی راگەیاندن‌و چاودێری دارایی ئەم تێبینیانەی لەسەر تۆماركردووە:
•    بڕی (ملیۆنێك‌و 295 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ كڕینی كەلوپەلی بەشی راگەیاندن، دوان لە ئەندامانی لیژنەی كڕین بە ناوەكانی (ئ ج ف- ه ع/ ناوەكان لای درەو پارێزراون) بە چاودێری داراییان راگەیاندووە ئەوان ئاگاداری ئەو خەرجییە نین‌و تەنیا لەلایەن (م م)وە خەرجییەكان كراوە‌و ئەوان تەنیا پسوڵەكان خراوەتە بەردەستیان‌و پشتەكەیان ئیمزا كردووە.
•    بڕی (6 ملیۆن) دینار خەرجكراوە بۆ كڕینی كامێرایەك لە جۆری (mark 6 5D)، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ بەپێی ئەو زانیارییانەی لای دەستەكەمان پارێزراوە، كۆمپانیای دروستكار تائێستا لەوجۆرە كامێرایەی بەرهەم نەهێناوە، خەرجی كڕینی ئەم كامێرایە لەسەر دوای گەنجێك كراوە بە ناوی (س ع م/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) كە بەپێی ناسنامەی باری شارستانی دەردەكەوێت برای هاوسەرەكەی (م م) سەرۆكی لیژنەكەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانییە.
•    پرێنتەرێكی رەنگاوڕەنگ بە بڕی (310 هەزار) دینار لە دوكانێكی كۆمپیوتەر بە ناوی (ڤ / ناوەكە لای درەو پارێزراوە) كڕدراوە، (ب ع ب/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) كە خاوەنی ئەو دوكانەیە خۆی كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیرییە‌و بە چاودێری دارایی وتووە ئەو پرێنتەری نەفرۆشتووە، بەڵكو وەسڵی بەتاڵی داوە بە (م م).
•    بڕی (2 ملیۆن‌و 900 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ ئەكتیڤكردنی پەیجی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، ئەم خەرجییەش لەڕێگەی چەند پسوڵەیەكەوە كراوە كە لە هەمان دوكانی كۆمپیوتەر (ڤ) وەرگیراوە كە خاوەنەكەی بە چاودێری دارایی وتووە ئەو وەسڵی بەتاڵی بە (م م) داوە، لیستی خەرجییەكان‌و رۆژی خەرجكردنیان لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە. 

 

"ساتێك بۆ خۆشەویستی" لە راپۆرتی چاودێری دارایدا

 "ساتێك بۆ خۆشەویستی" ئەمە ناونیشانی درامایەكە كە لە (20 ملیار) دینارەكەی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بڕی (251 ملیۆن‌و 450 هەزار) دیناری بۆ تەرخانكراوە.

كۆمپانیای "مەستی فیلم" كاری دراماكەی جێبەجێ كردووە، لەبارەی پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە كۆمپانیاكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانییەوە، چاودێری دارایی ئەم تێبینییانەی تۆماركردووە:

• سەرەتای بانگهێشتكردنی كۆمپانیاكانی بواری فیلمسازی، لەلایەن چاودێری داراییەوە وردبینی بۆ نەكراوە، لێپرسراوی بەشی یاسا بە كارمەندانی چاودێری دارایی راگەیاندووە، ئەو بابەتە لە وەزارەتی رۆشبیری پارێزراوە.

• بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی لە رۆژی 17/12/2018 ئیمزای لەسەر گرێبەستەكەی كۆمپانیای "مەستی فیلم" كردووە، چاودێری دارایی دەڵێ بەپێی فەرمانی وەزارەتی رۆشنبیری، بەڕێوەبەری رۆشنبیری دەسەڵاتی ئیمزاكردنی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكان نییە.

• كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بۆ جێبەجێكردنی درامای "ساتێك بۆ خۆشەویستی" تەرخانكراوە، لەماوەی (15) رۆژدا بە دوو پێشینە بۆ كۆمپانیای "مەستی فیلم" خەرجكراوە، چاودێری دارایی دەڵێ پێویست بوو بەپێی پسوڵەی خەرجی كاری ئەنجامدراو، پارەكە خەرج بكرایە نەك بەوشێوەیە پارەكە بدرێت بە كۆمپانیاكە.

• ئەو كەسەی كە وەكو بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیای "مەستی فیلم" ئیمزای لەسەر گرێبەستەكە كردووە، كەسێكە بەناوی (ف ج ر/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) كە خۆی كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیرییە، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی یاسای "رێكخستی كارمەندانی دەوڵەت" ژمارە (14)ی ساڵی 1991ی هەموار كراوە كە رێگری لە فەرمانبەر دەكات دوو كار لەیەك كاتدا كۆبكاتەوە.

• چاودێری دارایی لە بەراییەكاندا بینیویەتی، لەسەر داوای وەزیری رۆشنبیری بانگهێشتی سێ كۆمپانیا كراوە‌و دواتر بڕیاردراوە بەوەی كارەكە بدرێت بە كۆمپانیای "مەستی فیلم"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوەبكرێت بەوەی ئایا كۆمپانیاكانی تر بڕی چەندێك پارەیان پێكەش كردووە بۆ وەرگرتنی كارەكە، سەرباری ئەمە سەرۆكی ئەو لیژنەیەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی كارەكەی كردووە خۆی كارمەندی كۆمپانیای "مەستی فیلم" بووە بەناوی (د ع ف/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە)، لێپرسراوی بەشی یاسا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری بە چاودێری دارایی وتووە وەزیری رۆشنبیری بە هامشێك لەسەر كۆنوسەكە، پێشنیازی لیژنەكەی پەسەندكردووە‌و (د ع ف)ی كردووە بە سەرۆكی ئەو لیژنەیە.

• بەپێی گرێبەست ماوەی جێبەجێكردنی كارەكە (6) مانگ بووە، لە رۆژی 24/12/2018 پێشینەی یەكەم خەرجكراوە بۆ كۆمپانیاكە، بەڵام تا كۆتایی كاری چاودێری دارایی لە رۆژی 1/12/2019 پاكتاوی خەرجییەكانی ئەو كۆمپانیایە تەواو نەبووە.

 

500 ملیۆن بۆ فیلمی تاقیكردنەوە

هەمان كۆمپانیا واتە كۆمپانیای "مەستی فیلم" لە 20/1/2019دا بڕی (500 ملیۆن) دیناری بۆ خەرجكراوە بەمەبەستی بەرهەمهێنانی فیلمێك بەناوی "تاقیكردنەوە".

چاودێری دارایی لەبارەی ئەم پارەیەوە ئەم تێبینییانەی لە راپۆرتی خۆیدا تۆماركردووە:

• بەهەمان شێوەی گرێبەستی درامای "ساتێك بۆ خۆشەویستی"، گرێبەستی فیلمی "تاقیكردنەوە" لەلایەن (ف ج ر) وەكو بەڕێوەبەری كۆمپانیای "مەستی فیلم" ئیمزا كراوە كە خۆی كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیرییە.

• بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی ئیمزای لەسەر گرێبەستەكە كردووە، چاودێری دارایی دەڵێ وەزارەتی رۆشنبیری دەسەڵاتی ئیمزاكردنی گرێبەستەكانی بە بەڕێوەبەری رۆشنبیری نەداوە.

• ئەو كەسەی لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری كراوە بە سەرۆكی لیژنەی هونەری كارەكە، خۆی لە كۆمپانیای "مەستی فیلم" كاردەكات‌و چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی یاسایە.

• كۆی گشتی پارەكە بە یەك گوژمە خەرجكراوە بۆ كۆمپانیاكە بەڕێژەی 100%، چاودێری دارایی دەڵێ دەبوو بەپێی كارە ئەنجامدراوەكان پارەی پێبدرێت.

• ماوەی جێبەجێكردنی كارەكە (واتە بەرهەمهێنانی فیلمەكە) 120 رۆژ بووە، لە 20/1/2019دا پارەكە بۆ كۆمپانیاكە خەرجكراوە، بەڵام تاوەكو كۆتایهاتنی كاری دەستەی چاودێری لە 1/12/2019 كارەكە تەواو نەبووە‌و پێشینەكان پاكتاو نەكراوە.

 

خەرجی بەڕێوەبەرایەتی لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری

بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی لەسەر (20 ملیار) دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری هەندێك خەرجی كردووە بۆ كڕینی پێداویستی كەلوپەلی تایبەت بەخۆی‌و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر‌و خوێندنگەیەك، چاودێری دارایی دەڵێ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری بودجەی تایبەت بەخۆی هەیە، دەبوو ئەو خەرجیانە لەسەر بودجەی خۆی بكات نەك بودجەی تایبەت بە پایتەختی رۆشنبیری.

ئەو خەرجیانەی كە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی 2017‌و 2018‌و 2019 لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری كردویەتی ئەمانەن:

• (3 ملیۆن‌و 250 هەزار) دینار بۆ چاككردنی ئۆتۆمبیل بۆ بەشی رۆشنبیری‌و هونەری دەربەندیخان.

• (2 ملیۆن‌و 816 هەزار) دینار بۆ چاككردنی كامێرای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی.

• (3 ملیۆن‌و 779 هەزار) دینار بۆ دروستكردنی چوارچێوەی پلاستیكی‌و شوشە‌و موشەبەككردنی (9) ژور لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی.

• (3 ملیۆن‌و 967 هەزار) دینار بۆ كڕینی جیهازی پەنجەمۆر‌و چاككردنی سەقفی تەوالێتەكان‌و كڕینی بۆیلەر بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی.

• (3 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار بۆ كڕینی دوو ئامێری فۆتۆكۆپی بۆ بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی.

• (50 هەزار) دینار بۆ كڕینی بەنزین‌و چاككردنەوەی سەیارە بۆ تیپی شانۆی دەربەندیخان.

• (2 ملیۆن) دینار بۆ كڕینی (زۆپا، مێز، كورسی، قەنەفە، فەرش، حبری استنساخ) بۆ ئامادەیی فریشتەی كچان.

• (8 ملیۆن‌و 40 هەزار) دینار بۆ كڕینی پرێنتەرو سكانەرو UPS بۆ نوسینگەی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی.

• (ملیۆنێك‌و 725 هەزار) دینار بۆ كڕینی (تەلەفزیۆن، سەتەلایت، گسكی كارەبایی، صۆندە‌و مەوادی كارەبایی) بۆ هۆڵی تەلاری هونەر.

• (3 ملیۆن) دینار بۆ كڕینی (بەنزین، جیهازی استنساخ، كومبار، نانخواردن، دەرگا، بۆیاخ، لم، چیمەنتۆ، چەو) بۆ بەشی رۆشنبیری‌و هونەری وارماوا.

• (5 ملیۆن‌و 950 هەزار) دینار بۆ (نانخواردن، كرێی هاتوچۆ بۆ ئەنجامدانی دیداری هونەری گەرمیان) بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەری گەرمیان.

 

هەندێك خەرجی تر

هەر لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی هەندێك پارەی تری بۆ ئەنجامدانی فێستیڤاڵ‌و یادەكان كردووە، چاودێری دارایی دەڵێ لە ئەنجامی وردبینی بەرایی خەرجییەكاندا دەركەوت زۆربەی خەرجییەكان بۆ ئوتێل‌و نانخواردن‌و كرێی گروپە میوزیك‌و شانۆییەكان‌و كرێی هاتوچۆ خەرجكراوە، بێ ئەوەی ئاماژە درابێت بە ناوی بەشداربووەكان‌و وەرگرتنی پێناسەكەیان كە ئەو بڕە پارەیان بۆ خەرجكراوە.

چاودێری دارایی لە خشتەیەكدا نمونەی هەندێك لەو خەرجیانەی داناوە كە بەمشێوەیەیە:

• (26 ملیۆن‌و 50 هەزار) دینار لە 24/7/2019دا خەرجكراوە بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقام، ئەم پارەیە بۆ ئوتێل‌و نانخواردن‌و كرێی چەند تیپێكی ناوخۆ لە (قەڵادزێ‌و كەركوك‌و رانیە‌و چەمچەماڵ) بووە.

• (7 ملیۆن‌و 250 هەزار) دینار لە 10/1/2018دا خەرجكراوە بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سەرشەقام بۆ كرێی هێنانی گروپێكی میوزیك لە ئێران.

• (4 ملیۆن) دینار 11/2/2019دا خەرجكراوە بۆ یادی نەورۆز لە دەربەندیخان بۆ پارەی نانخواردن‌و كرێی گورانیبێژو ژەنین‌و چەند ئەكتەرێك.

• (15 ملیۆن) دینار لە 14/11/2018دا خەرجكراوە بۆ فێستیڤاڵی میوزیكی سورنا بۆ نانخواردن‌و كرێی هاتوچۆو ئوتێل.

• (6 ملیۆن) دینار لە 7/10/2018 خەرجكراوە بۆ فۆتۆگرافەر (ن ع ع/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) بەمەستی دروستكردنی ئەلبومێكی تایبەت بە جلوبەرگی كوردی، چاودێری دارایی دەڵێ ئەوەی جێگەی سەرەنجە كۆی ئەو بڕە پارەیە بە یەك پسوڵەی وێنەگرو موختەبەر (ئ/ ناوەكەی پارێزراوە لای درەو) خەرجكراوە، كە هیچ مۆرێكی خاوەن دوكان لەسەر پسوڵەكە بەدی نەكراوەو وێنەیەكیش لە ئەلبومەكە نەگەڕێندراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی كە بەڵگەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە.

• (6 ملیۆن‌و 800 هەزار)دینار لە 9/5/2017 خەرجكراوە بۆ دیداری زانستی شێخ حەسەنی گڵەزەردە، چاودێری دارایی دەڵێ وێنەیەك لە كتێبی دیدارەكە هاوپێچی بەراییەكان كرابوو، كە ئاماژە كرابوو بەوەی دیدارەكە سپۆنسەری هەریەكە لە (سەنتەری زەهاو، زانكۆی سلێمانی، نەوەكانی شێخ حەسەنی گڵەزەردە) ئەنجامدراوە‌و هیچ ئاماژەیەك بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی نەكراوە، واتە ئەو خەرجییانەی كە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی بۆ ئەو دیدارەی كردووە، گوزارشت لە خەرجی راستەقینە ناكات.

• لەو بڕە پارەیەی كە ئاماژەی بۆ كراوە، (4 ملیۆن) دیناری بۆ پسوڵەیەكی خواردەمەنی (ش/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) خەرجكراوە بۆ خواردنی (400) كەس، بڕی (2 ملیۆن) دینارەكەی تری وەكو پاداشت خەرجكراوە بۆ كارمەندانی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی، واتە رێژەی (88%) بۆ نانخواردن‌و پاداشت خەرجكراوە.

 

نۆژەنكردنەوەی بینای سەرای سلێمانی

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری‌و هونەری سلێمانی لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بڕی زیاتر لە (126 ملیۆن) دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی سەرای سلێمانی خەرجكردووە، لەكاتێكدا ئەو شوێنە موڵكی پارێزگای سلێمانییە‌و داهاتی كافتریاكەی دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگا.

 

سەرای سلێمانی‌و خەرجییەكانی

لەسەر (20 ملیار) دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بڕی (126 ملیۆن‌و 736 هەزار) دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی سەرای سلێمانی خەرجكردووە، چاودێری دارایی لە راپۆرتەكەیدا ئەم تێبینییانەی لەبارەی خەرجییەكەوە تۆماركردووە:

• بینای سەرای سلێمانی موڵكی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی نییە، بەڵكو موڵكی پارێزگای سلێمانییە‌و لەناو بیناكەدا كافتریایەكی تێدا بووە كە بەبڕی (66 ملیۆن‌و 850 هەزار) دینار بە كرێ دراوە‌و داهاتەكەی بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، پێویست بوو نۆژەنكردنەوەی سەرای سلێمانی لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی ئەنجامبدرایە، نەك بودجەی پایتەختی رۆشنبیری.

• بڕی (30 ملیۆن) دینار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانییەوە خەرجكراوە بۆ روخاندنی بیناكە‌و دوای روخاندنی كەرەستەكانی وەكو شێلمان‌و پلێت‌و بەردو پێكهاتەكانی تر تەسلیم بە پارێزگای سلێمانی كراوە.

• پرۆژەكە بەشێوەی راستەوخۆ (تنفیژ مباشر) جێبەجێ كراوە، ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە‌و رۆژی دەستبەكاربوون دیاری نەكراوە.

• لەو پارەیەی كە ئاماژەی بۆ كراوە، بڕی (70 ملیۆن‌و 826 هەزار) دینار پێشینەی خەرجكراو بۆ لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری، تا كۆتایی كاری چاودێری دارایی لە 1/12/2019 پاكتاونەكراوە، چاودێری دارایی دەڵێ هەندێك لە پێشینەكان ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ تێپەڕیوە بەسەر خەرجكردنیاندا، لیژنەی خەرجی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بە چاودێری دارایی راگەیاندووە، چەندجارێك ویستویانە خەرجكردنی پێشینەكان رابگرن، بەڵام بێسود بووە، چونكە لیژنەی سەرپەرەشتیار بەردەوامم یاداشتیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری كردووە‌و داوای پێشینەیان كردووە، ئەویش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواكەیان، لەكاتێكدا هێشتا پێشینەی پێشوو كە وەریانگرتووە، پاكتاو نەكراوە.

• لەو بڕە پارەیەی كە ئاماژەی بۆ كراوە، وەكو موچەی مانگانە بڕی (7 ملیۆن‌و 920 هەزار) دینار خەرجكراوە وەكو موچە بۆ دوو باخەوان (ناوەكانیان لای درەو پارێزراوە)، ئەمە بەڕەزامەندی بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی كراوە، چاودێری دارایی دەڵێ دامەزراندنی فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست لەدەسەڵاتی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریدایە نەك بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی.

 

خەرجی هۆڵی رۆشنبیر‌و شانۆی رۆمانی

كار راوەستاوە بەڵام پارەی هاندانی خەرجكردووە

(درەو):

لە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی هۆڵی رۆشنبیری سلێمانیدا بڕی (5 ملیۆن و 947 هەزارو 550)دینار بە زیاد خەرجكراوەو راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی ئاماژە بە كاری نایاسایی دەكات لە هاندان بۆ خەرجی لیژنەی پایتەختی رۆشنبیری.

بڕی زیاتر لە (5 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی شانۆی رۆمانی لە سلێمانی، بەڕای چاودێری دارایی كە لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بۆكردووە، بەمەبەستی دەربازبوون لەسزای دواكەوتن، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەكە پشتگیری تەواوبوونی پرۆژەكەی كردووە سەرەڕای ئەوەی (724) رۆژ لەسەرو رێژەی (100%)، ماوەی پرۆژەكە درێژكراوەتەوە.

 

نۆژەنكردنەوەی هۆڵی رۆشنبیری

نۆژەنكردنەوەی هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی پرۆژەیەكە كە بەشێوەی راستەوخۆ (تنفیژ مباشر) لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر لە پارێزگای سلێمانی جێبەجێكراوەو بەفەرمانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان.

پرۆژەكە لە رۆژی 2/2/2016 دەستكراوە بەجێبەجێكردنی، بڕی پارەی تەرخانكراو بۆی (281 ملیۆن‌و 415 هەزار) دینار بووە بۆ ماوەی (75) رۆژ، چاودێری دارایی لە راپۆرتەكەیدا نوسیویەتی تا كۆتایی كاری دەستەكەمان لە 1/12/2019 بڕی (60 ملیۆن و 881 هەزار ) دینار خەرجكرابوو.

چاودێری دارایی ئەم تێبینیاینەی لەسەر ئەم خەرجیانە هەیە:

• بە قەواڵەی تۆماری (73861) لە 21/1/2018 بڕی (131 ملیۆن و 805 هەزار) دینار پاكتاوكراوەو بڕی (18 ملیۆن‌و 195 هەزار) گەڕێنرابووەوە، بەم قەواڵە خەرجیانەی لەم خشتەیەدا خەجكراوە (خشتەكە لای درەو پارێزراوە) ئەم تێبێنیانەمان هەیە لەسەری، سەرجەم بڕی (150 ملیۆن دینار)و پێشینەی خەرجكراو لە 21/1/2018 پاكتاوكراوە، واتا بەردەوام پارەیەكی زۆر لای لیژنەكە ماوتەوە، پێویست بوو پێشینەیەك پاكتاو بكرێت پاشان پێشنینەیەكی تریان بۆ خەرجبكرێت.

• بڕی (14 ملیۆن و 390 هەزار) دینار خەرجكراوە لە سەررێژەی چاودێری ئەم پرۆژەیە وەك هاندان‌و پاداشت، لەكاتێكدا رێژەی چاودێری پرۆژەكە بەپێی بڕی تەرخانكراو بریتیە لە (8ملیۆن‌و 442 هەزارو 450) دینار، واتا بڕی (5 ملیۆن‌و 947 هەزارو 550) دینار بە زیاد خەرجكراوە وەك لەم خشتەیەدا دەیخەینەڕوو (خشتەكە لای درەو پارێزراوە)

• لە 31/5/2016 بڕیاردراوە بە وەستانی كار لە پرۆژەكەدا تا لە 23/8/2016 دەستبەكاركردن كراوە لە پرۆژەكەدا، بەڵام لەماوەی ئەو سێ مانگەدا (6، 7، 8) بڕی (2 ملیۆن‌و 925 هەزار) دینار هاندان خەرجكراوە بۆ لیژنەی خەرجی پایتەختی رۆشنبیری‌و لێپرسراوی ژمێریاری، كە ئەمە كارێكی نایاساییە بەبێ بوونی هیچ چالاكییەك لەو سێ مانگەداو لە كاتی وەستانی كاركردن لە پرۆژەكەدا هاندان خەرجكراوە، (خشتەی ناوی كارمەندەكان لای درەو) پارێزراوە.

 

پرۆژەی درووستكردنی شانۆی رۆمانی

ئەم پرۆژەیە بەشێوەی كەمكردنەوەی نیهێنی/ بانگهێشتكردنی گشتی لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە ئەنجامدراوە بە فەرمانی پارێزگاری سلێمانی لە 17/6/2014 دراوە بە كۆمپانیای (هاوتا) بەبڕی (5 ملیارو 621 ملیۆن‌و 487 هەزار) دینار، دیوانی چاودێری دارایی لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، تا كۆتایی كارەكانی لە 1/12/2019 بڕی (5 ملیارو 316 ملیۆن‌و 988 هەزار) دیناری خەرجكراوەو ئەم تێبینیانەمان هەیە لەسەری:

• بەپێی بڕگەی (2)ی گرێبەستی واژوكراو، پێویستە كۆمپانیا لەماوەی (600) رۆژدا پرۆژەكە جێبەجێبكات، كۆمپانیاكە بەپێی فەرمانی كارگێری بەڕێوەبەرایەتی پرۆژەكان لە 24/7/2014 دەستبەكاربووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ماوەی (724) رۆژ لەسەرو رێژەی (100%)ی ماوەی پرۆژەكەوە درێژكراوەتەوە، كە ئەمەش بەرای چاودێری دارایی هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمی كۆمپانیای جێبەجێكردنی كارو لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە یاخود ئەندازیارانی دانانی نەخشەو دیزان و تەندەری پرۆژەكان، كە دیراسەی تەواویان ئەنجامنەداوە، بۆ دەستنیشانكردنی ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە.

• بەرواری كۆتایی هاتنی پرۆژەكە بەپێی گرێبەست‌و ماوەی زیادكراو بریتی بوو لە 18/4/2018 بەفەرمانی كارگێری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری لە 1/7/2019 بڕیاردراوە بە تەواوكردنی كار لە پرۆژەكەداو لیژنە پێكهێنراوە بۆ وەرگرتنی سەرەتای پرۆژەكە، بەڵام تا كۆتایی كاری دەستەكەمان لە 1/12/2019 كۆنوسی وەرگرتن بۆ پرۆژەكە ئامادە نەكرابوو وەك ئەندازیاری ئەندام لە لیژنەی سەرپەرشتیكردنی پرۆژەكە پێی راگەیاندین، واتا نزیكەی (ساڵێك و 7 مانگ) لەدوای ئەو بەروارەوە كە دانراوە بۆ تەواوبونی كۆنوسی وەرگرتن بۆ پرۆژەكە ئامادەنەكرابوو، بەرای چاودێری دارایی پاڵپشت بە ئامادەنەكردنی كۆنوسی وەرگرتنی سەرەتایی بەهۆی بونی كەموكوڕی ئەوە دەردەخات كە پرۆژەكە تەواو نەبووە و بەمەبەستی دەربازبوون لە سزای دواكەوتن ئەندازیاری سەرپەرشتیار پشتگیری تەواوبوونی پرۆژەكەی كردووە.

 

نۆژەنكردنەوەی كارگەی جگەرە
یەك كار دووجار پارەی بۆ خەرجكراوە
چارەنوسی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری
(درەو):
لەسەر (20 ملیار) دینارەكەی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری، بڕی (71 ملیۆن) دینار خەرجكراوە بۆ روخاندنی بینا زیادەكان‌و فڕێدانی خۆڵ‌و پاشماوە لە كارگەی جگەرەی سلێمانی، چاودێری دارایی دەڵێ جگە لەم پارەیە جارێكی تریش بڕی (55 ملیۆن) دینار بۆ هەمان كار خەرجكراوە، واتە یەك كار دووجار پارەی خەرجكراوە.

خەرجی كارگەی جگەرە
رۆژی 26/4/2015 بۆردی پایتەختی رۆشنبیری بڕیاریداوە لەسەر (20 ملیار) دینارەكەی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بڕی (یەك ملیار) دینار خەرج بكرێت بۆ بە كەلتوركردنی بینای كارگەی جگەرەی لەكاركەوتووی سلێمانی.
تا كۆتایی كاری دەستەی چاودێری دارایی لە رۆژی 1/12/2019 لەو پارەیەی كە تەرخانكراوە، بڕی (943 ملیۆن‌و 434 هەزارو 250) دینار خەرجكراوە، ئەم خەرجكردنە بەشێوەی لیژنەی راستەوخۆ (تنفیژ مباشر) پرۆژەكە جێبەجێكراوە.
چاودێری دارایی ئەم تێبینیانەی لەسەر خەرجی كارگەی جگەرە تۆماركردووە:
• ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە‌و رۆژی دەستبەكاربوون دیاری نەكراوە، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە سەرپێچییە.
• چاودێری دارایی بۆی دەركەوتووە لیژنەی جێبەجێكردن بەردەوام پارەی هاندانیان بۆ خەرجكراوە، بەڵام تەنیا یەك كەسیان یاخو دوانیان پارەكەیان وەرگرتووە.
• مەوادێكی زۆری وەك (ئاسن، شێلمان، شیش) دەرهێنرابوو لەكاتی روخاندنی بیناكان، لەلایەن لیژنەیەكەوە هەندێك مەواد فرۆشرابوو بەبەهای (5 ملیۆن‌و 830 هەزار) دینار كە پێویست بوو لەلایەن لیژنەیەكەوە بڕو جۆری مەوادەكان دیاری بكرایە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا سەرجەم ئەو مەوادانەی دەرهێنراون، فرۆشراون.
• رێكخراوی كاتوری گەشەپێدانی بەردەوام، بە نوسراوێك لیژنەی سەرپەرەشتییان پێكهێناوە بۆ سەرپەرەشتیكردنی سەرجەم كارە ئەندازیارییەكان، لیژنەكە پێكهاتووە لە (ر ح- ب ك ف- ب م ج/ ناوەكانیان لای درەو پارێزراوە)، ئەم كەسانەی دەرخستەی پێداویستییەكانیان ئامادەكردووە، چاودێری دارایی دەڵێ ئەوەی جێگەی سەرەنجە واژۆكانیان لەسەر دەرخستەكان جیاوازییەكی زۆری هەیە بەبەراورد بە واژۆكانیان بۆ وەرگرتنی پارەی هاندان، واتە دەرخستەكان دەستكاری كراون‌و گۆڕدراون.
• بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی ئیمزا لەسەر گرێبەستەكە كردووە لەگەڵ رێكخراوی كلتوری گەشەپێدانی بەردەوام، چاودێری دارایی دەڵێ بەڕێوەبەری رۆشنبیری دەسەڵاتی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەی پێنەدراوە.
• بڕی (11 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ ئەندازیارانی لیژنەی سەرپەرەشتی رێكخراوی كلتورو گەشەپێدانی بەردەوام، بەڵام ئەوەی جێی سەرەنجە واژۆی سەر لیستەكان جیاوازە لە واژۆی سەر دەرخستەكان، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە دەریدەخات خەرجییەكان گوزارشت لە خەرجی راستەقینە ناكەن، لیستی ناوی ئەوانەی پارەكانیان وەرگرتووە لەبەردەستدایە‌و لای (درەو) پارێزراوە.
• بڕی (71 ملیۆن) دینار خەرجكراوە بۆ روخاندنی بینا زیادەكان‌و فڕێدانی خۆڵ‌و پاشماوە، چاودێری دارایی دەڵێ ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەپێی بەراییەكانی ئەو خەرجە دەردەكەوێت جارێكی تریش بۆ هەمان ئیش بڕی (55 ملیۆن) دینار خەرجكراوە، واتە یەك كار دووجار پارەی خەرجكراوە.

 

قسەی كۆتایی چاودێری دارایی
لەبارەی چارەنوسی 20 ملیار دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری
(درەو):
ئەنجامی كۆتایی‌و داواكاری چاودێری دارایی لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری:
• لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە لێكۆڵینەوە بكرێت، لە سەرجەم ئەو سەرپێچی‌و كارە نایاساییانە كە لە بڕگەكانی ئەم راپۆرتەدا ئاماژەمان پێكردووە بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە سەرپێچیكاران دەستنیشان بكرێت‌و ئیجرائاتی یاساییان بەرامبەر بكرێت وە ئاگادارمان بكەنەوە لە ناردنی گشت بەراییەكانی لێكۆڵینەوەكە.
• كار بكرێت بۆ دیاریكردنی پێشینەكان كە ماوەیەكی زۆر تێپەڕیوە بەسەر خەرجكردنیانداو هەركەس‌و لایەنێك كارەكەی ئەنجام نەداوە بڕە پێشینەی خەرجكراوی لێوەربگیرێتەوەو لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت‌و ئاگاداری بەشی ژمێریاری بكرێتەوە ئەستۆپاكی بۆ هیچ فەرمانبەرێك نەكرێت كە پێشینەی لە ئەستۆدایە لەكاتی گواستنەوەی‌و مۆڵەتی درێژخایەن‌و خانەنشین كردنیان‌و لە داهاتوودا لەلایەن بەشی یاساوە بەڵێننامە وەربگیرێت لە لایەنە دەرەكییەكان وەك لە خاڵەكانی (6، 7، 8،9)ی سەرەوەدا هاتووە
• لە داهاتوودا پسوڵەی خەرجییەكان بەناوی ئەم بەرێوەبەرایەتییە گشتیەوە بێت لەكاتی ئەنجامدانی هەر خەرجێك لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری وەك لە خاڵی (12) ئاماژەمان بۆ كردووە.
• داهاتی فرۆشی كتێبی (شەرەفنامە) لە (بنكەی ژین) وەربگیرێتەوە و لە داهاتوودا خەرج لەلایەن لیژنەی پێكهاتوو لە فەرمانبەرانی ئەم بەرێوەبەرایەتییە گشتیەوە ئەنجام بدرێت، وەك لە خاڵی (17/ب) ئاماژەمان بۆ كردووە. خاڵی 17/ب لە راپۆرتی چاودێری دارایی ئاماژە بەوە دەكات ( بڕی 40 ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ بنكەی ژین لە بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ كتێبی شەرەفنامە بەپێی كۆنوسی كۆبونەوەی بۆردی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت داهاتی كتێبكە بەگەڕێنرێتەوە بۆ دارایی بۆردەكە، بەڵام داهاتی كتێبەكە 40 ملیۆن دینار بووەو هیچ داهاتێكی ئەم كتێبە نەگەڕێنراوەتەوە).
• بڕی (188 هەزارو 576) دینار بگەڕێنرێتەوە سەر حسابی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری وەك لە خاڵی (19) ئاماژەمان بۆ كردووە. خاڵی 19 لە راپۆرتی چاودێری دارایی ئاماژە بەوە دەكات ( لە ئەنجامی بەراوردی خەرجیە ئەنجامدراوەكان‌و بەراوردكردنی بە بودجەی خەرجكراو بۆ زانینی رەسیدی ماوە دەركەوتووە بڕی 188 هەزارو 576 هەزار دینار بەكەم دەركەوتووەو پێویستە لەلایەن لیژنەی خەرجی پایتەختی رۆشنبیرییەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ حسابی بانكی تایبەت بە بودجە).
• لە داهاتوودا هیچ خەرجییەك لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ كڕینی كەلوپەل‌و پێداویستی ئەنجام نەدرێت بۆ ئەم بەرێوەبەراییەتییە گشتیەو هیچ بەڕێوەبەرایەتییەكی تر، وەك لە خاڵی (31) ئاماژەمان بۆ كردووە. خاڵی 31 ئاماژە بەوە دەكات ( لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری خەرجییەكی زۆر ئەنجامدرابوو بۆ كڕینی پێداویستی و كەلوپەل بۆ ئەم بەڕێوەبەرێتییە گشتیەو خەرجی چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی ترو خوێندنگەكان، لەكاتێكدا بودجەی تایبەت بەخۆیان هەیەو پێویست بوو خەرجیەكان لەسەر بودجەی خۆیان ئەنجام بدرایە وەك لە خشتەیەكدا خەرجیەكان خراونەتە روو ناوەكان لای درەو پارێزراوە)
• لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان بۆردێكی نوێ پێكبهێنرێت لەسەر بنەمای پلەی وەزیفی بۆ راوێژكردن‌و بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی بودجەی ئاماژە بۆكراو، وە بەردەوام كۆبونەوە بكات بۆ بڕیاردان لەسەر پلان‌و پرۆژەكان لەسەر ئەم بودجەیە وەك لە خاڵی (36) ئاماژەمان بۆ كردووە. خاڵی 36 دەڵێ (دروستكردنی لیژنەكە وەك بۆرد لەسەر ناو دیاریكراوە كە پێویست بوو بەپێی پلەو پۆست دیاری بكرانایە، چونكە پۆستەكان بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بۆردەكە بریتییە لە خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیری سەرۆكی بۆرد، د. ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی، ئەبوبەكر حسێن مستەفا بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری‌و هونەری سلێمانی، یوسف یاسین بەڕێوەبەری شارەوانی سلێمانی، نیاز نوری نەقیبی سەندیكای هونەرمەندان، ئاڤان جەمال نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، د. شێركۆ عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتی نوسەرانی كورد لقی سلێمانی، كاروان ئەنوەر نوێنەری سەندیكای رۆژنامەنوسان لقی سلێمانی، ئازاد بەرزنجی نوێنەری دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم، ئالان محەمەد رەئوف یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆكاروباری پایتەختی رۆشنبیری).
• بڕی (3 ملیۆن‌و 50 هەزار) دینار لەناوبراوانی خشتەی ئاماژە بۆ كراوی خاڵی (37/ب/3) وەربگیرێتەوەو ئاگادارمان بكەنەوە. خاڵی 37/ب/3 ئاماژە بەوە دەكات (بڕی 3 ملیۆن‌و 50 هەزار دینار خەرجكراوە بۆ چەند كارمەندێكی تەلاری هونەر، لەبەرواری 7/5/2018 بەڵام كاری نۆژەنكردنەوەی تەلاری هونەر لە 25/9/2017 تەواو بووەو لە 10/10/2017 تەسلیم كراوە، واتا ناوبراوان دوای تەواوبوونی كارەكان فەرمانی كارگێڕیان بۆ رێكخراوەوپێویست بوو ئەو پارەیەیان بۆ خەرج نەكرێت چونكە ناوبراوان فەرمانبەرن لە هۆڵی تەلاری هونەر كاردەكەن‌و موچە وەردەگرن، واتا كاری رۆژانەی خۆیان كردووە، ناوی فەرمانبەران لای درەو پارێزراوە)
• غەرامەی دواكەوتن بۆ ماوەی (26) رۆژ لە كۆمپانیای میدیای دیجیكاست وەربگیرێتەوە وەك لە خاڵی (38/ا) ئاماژەمان بۆ كردووەو ئاگادارمان بكەنەوە. خاڵی 38/ا ئاماژە بەوە دەكات (كۆمپانیای میدیا دیجیكاست پرۆژەی دانانی سیستمی DCP بۆ تەلاری هونەر دادەنێت بە بڕی 318 ملیۆن‌و 330 هەزار دینار بۆ ماوەی 77 رۆژ لەبەرواری 13/8/2017 بۆ 9/1/2018 بەڵام كۆمپانیای ناوبرا لە 4/2/2018 كارەكەی تەواوكردووەو 26 رۆژ دواكەوتووە بەڵام غەرامە نەكراوە)
• بڕی ( دوو ملیۆن‌و 925 هەزار) دینار لە ناوبراوانی خشتەی ئاماژە بۆكراوی خاڵی (40/ج) وەربگیرێتەوە ئاگادارمان بكەنەوە. (بڕگەی 40/ج ئاماژە بەوە دەكات كە بڕی دوو ملیۆن‌و 925 هەزار دینار وەك هاندان خەرجكراوە بۆ لیژنەی خەرجی پایتەختی رۆشنبیری‌و لێپرسراوی ژمێریاری بۆ مانگەكانی 6، 7، 8 بەڵام ئەمە كارێكی نایاساییە چونكە لەو سێ مانگەدا كاركردن لە پرۆژەكەدا وەستاوە بۆیە هیچ چالاكییەك لەو سێ مانگەدا ئەنجامنەدراوە)

 

 


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand