گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان تاران و هەولێر دەستیانپێكردەوە
2018-04-28 07:38:56
دوای شەش مانگ راگرتنی بەهۆی ریفرامدۆمەكەی هەرێمی كوردستانەوە، رۆژی هەینی جارێكی تر گەشتە ئاسمانییەكان لە تارانی پایتەختی ئێران بەرەو هەولێر دەستیانپێكردەوە.
عەبدوڵا ساڵح بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرایكرد، گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای فڕۆكەوانی "ماهان"ی ئێرانی لە تارانەوە بەرەو هەولێر دەستیانپێكردوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی كە بە "ئیرنا" ناسراوە، ئاماژە بەوەدەكات، خەڵكی كوردستان پێشوازی لە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان تاران و هەولێر دەكەن، چونكە زۆرێك لە خەڵكی كوردستان سەردانی ئێران دەكەن بەمەبەستی گەشتكردن و چارەسەری پزیشكی و دیداری كەسوكاریان.
بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی، سوپاسی نێوەندگیری ئێران دەكات لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداد بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر.
لە یەكەم كاردانەوەدا بەرامبەر ئەو ریفراندۆمەی كە ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، دەسەڵاتدارانی عێراق گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانیان بۆ فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی قەدەغەكرد.