قاسم سلێمانی؛ فەرماندەیەك نوێنەرایەتی ئایەتوڵا خامنەیی دەكرد
2020-01-03 13:36:11
راپۆرت: پوریا ماهرویان- بی بی سی فارسی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
یەكەمین سەربازە لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا كە پلەی سەرلەشكردو میدالیای "زولفەقار"ی پێدراوە، نوێنەری سەربازیو سیاسی رابەری باڵا بووە لە تەواوی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نازناوی جۆراوجۆری لێنراوە، تەنانەت بوو بە بابەتی ناو یارییە ئەلیكترۆنیيەكان، لە یارییەكدا پاڵەوان بوو كە فەرمانی لەناوبردنی كەشتی گەلی ئەمریكای دەردەكرد، لە یارییەكی تردا وەكو ئامانجێك دانرابوو بۆ كوشتن، رابەری باڵا پێی دەوت "شەهیدی زیندوو"، دواجار لە هێرشی ئەمریكادا كوژرا، ئەو قاسمی سلێمانییە، ، روخساری ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای ئێران لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
دەقی راپۆرتەكەی بی بی سی فارسی
قاسم سلێمانی كە لە كاتژمێرەكانی سەرەتای رۆژی هەینی 3ی كانونی دووەم لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا بۆسەر كاروانەكەی لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی، كوژرا، ناوسراوترین روخساری سەربازی بوو لە دەرەوەو ناوەوەی ئێران.
سەرلەشكر قاسم سلێمانی، كاتێك لە عێراق كوژرا، تەمەنی نزیكەی (63) ساڵ بوو، ئەو، كاتێك ناوبانگێكی جیهانی پەیداكرد كە فەیلەقی قودسی سوپا، رۆڵی ئێرانی لە عێراقو دواتر سوریاو وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر كردو ئەمە بوو بە باسی میدیاكانی دەرەوە.
"فەرماندەی سێبەر"، "ژەنەراڵی نێودەوڵەتی"، "فەرماندەی مۆتەكە"، "فەرماندەی تارمایی"، "مۆتەكەی دوژمن"، "مالیك ئەشتەری سەردەم"، " ژەنەراڵ حاجی قاسم"و چەندین نازناوی تر كە نەیارو لایەنگرانی بەویان بەخشیوە، هەمووی نیشاندەری ناوبانگی ئەون لەناوەوەو دەرەوە.
میدالیای "زولفەقار" بەرزترین میدالیای سەرباز لە ئێران كە تەنیا بە سلێمانی دراوە
جارێك ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای ئێران ئەوی بە "شەهیدی زیندوو" ناوهێنا، بەڵام ئەو خۆی بە "سەربازێكی ناتوانایی ویلایەت- سەربازی سفری ویلایەت" ناودەبرد، لە كردارو گوفتاریدا ئەوەی نیشان دابوو كە بەتەواوەتی پەیڕەوی لە ئایەتوڵا خامنەییو سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی دەكات.
لایەنگرانی لە ئێران، كە لە روخسارەكانی ناو رەوتی ریفرۆمخوازو پارێزگاران تاوەكز زۆرێك لە لاوان بوون، ئەویان بە "پاڵەوانێكی نیشتمانی" دەزانی كە فەرماندەیی بەرەی بەرگری دەكرد لەدەرەوەی سنورەكانی وڵات تاوەكو ئارامی ئەو وڵاتە بپارێزێت، نەیارەكانیشی ئەویان بە بەرپرسی زۆرێك لە ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكەو پارێزەری بنەڕەتی میلیشیا شیعەكان بەتایبەتی لە عێراقو یەمەنو سوریا، كە ئاسایشی ناوچەكەیان خستوەتە مەترسییەوە، دەزانی.
قاسم سلێمانی ساڵی 1958 لە گوندی (رابەر) لە پارێزگای كرمان لەدایكبووە، ئەو دەستپێكی كاركردنی لە مانگەكانی یەكەمی سەرەتای شۆڕشدا لە فەرمانگەی ئاوی پارێزگای كرمان دەستپێكردووە، دواتر بووە بە سەرباز لە سوپاو بەوشێوەیەی كە خۆی دەیوت، بڕیاربوو تەنیا ماوەی 15 رۆژ لە سوپا سەرباز بێت، بەڵام تاكۆتایی جەنگ لە سوپا مایەوە.
دواین دەركەوتنی قاسم سلێمانی لەیادی عاشورادا لە تاران
لەسەرەتای جەنگی ئێران- عێراقدا كەتیبەیەكی سەربازی لە كرمان دروستكردووە، كە ماوەیەك دواتر بووە بە كەتیبەی زرێپۆشو لەكۆتایشدا بووە بە لەشكری 41ی (ثارالله). ئەو لەسەرەتای دروستكردنی ئەم لەشكرەدا لە ساڵی 1983 تاوەكو رۆشتنی بۆناو سوپای قودس لە ساڵی 1996 فەرماندەی لەشكری (ثارالله) بوو، كە لەزۆرێك لە ئۆپراسیۆنەكانی سوپا لە جەنگدا، رۆڵی سەرەكی هەبوو.
ئەو لەماوەی نێوان كۆتایی جەنگو فەرماندەیكردنی سوپای قودسدا، هاوكات فەرماندەی لەشكردی (ثارالله) بوو، كە یەكێك لە پڕچەكترینو بەهێزترین یەكە سەربازییەكانی خۆرهەڵاتی ئێران بوو، زۆرێك لە ئەركو سەرقاڵییەكانی دوای جەنگ روبەڕووبونەوە بوو لەگەڵ گروپە قاچاخچییەكانی ماددەی هۆشبەرو پاسەوانی پارێزگاكانی سنورو هاوسێی پاكستانو ئەفغانستان.
هێزی قودسی سوپا كە لەسەرەتای جەنگدا بەمەبەستی رێنمونیكردنی چالاكییەكانی سوپا لە دەرەوەی سنور لە عێراقو لوبنان، لەژێر كۆنترۆڵی یەكەی پەیوەندی نێودەوڵەتی سوپا، دروستكرا، دواتر بوو بە قەرارگای (رەمەزان) لە دەرەوەی سنور، لە كۆتایشدا بوو بە یەكێك لە باڵە سەرەكییەكانی سوپاو ئێستا وەكو یەكێك لە گرنگترین یەكەی سەربازی كۆماری ئیسلامی دەناسرێت، كە بە "سوپای قودس" ناوبانگی دەركردووە.
لەحاڵێكدا كە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ئێران دژ بە ئیسرائیل، رەزامەندبوونی وەزارەتەكەی بۆ قاسمی سلێمانی نیشاندابوو، نەیارانی لە نمونەی میدیاكانی سەربە عەرەبستانی سعودیە ئاكاری ئەویان وەكو "دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان" ناودەبرد.
لەبارەی پشتیوانی رۆڵی قاسم سلێمانی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر ئەو رستەیەی محەمەد جەواد زەریف بەسە، كە وتبووی:" من رێزی تایبەتیم هەیە بۆ سەردار سلێمانی، زیاتر لە 20 ساڵە ئێمە نزیكین لەیەكترەوەو بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەكانی كۆماری ئیسلامیو گەیشتن بەرێگەچارەی سیاسیو ئاشتیخوازانە هاوكاری دەكەین. لە قەیرانی ئەفغانستانو بەمەبەستی دروستكردنی دەوڵەت دوای تاڵیبان لەو وڵاتە، هاوكاری زۆر باش هەبوو لە دانیشتنەكاندا لەنێوان من وەكو نوێنەری وەزارەتی دەرەوەو سەردار سلێمانیدا".
"ئێستاش ئەو هاوكارو دۆستایەتییە نزیكەمان لەگەڵ یەكتر هەیە، لەسەرەتادا بۆ گەیشتن بەرێگەچارەی سیاسی لەگەڵ یەكتر هاوكاریمان دەكرد، هاوكاری ئێمە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بوو بۆ قەیرانی سوریاو یەمەنو ناردنی كۆمەكی مرۆیی بۆ خەڵكی سوریاو یەمەن، هاوكاری زۆر باش بوو، هیوادارم ئەو هاوكارییە بەردەوام بێت".
ماوەیەك پێشتریش لەوەڵامی پرسیارێكدا لە پەرلەمان، بۆئەوەی بیسەلمێنێت كە هاوهەنگاوە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای تێڕوانیەكانی رابەر لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، زەریف وتی شانازی دەكات كە قاسم سلێمانی هەموو رۆژێك لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئەو، ستایشی سیاسەتەكانی دەوڵەت دەكات.
ئەبومەهدی موهەندیس هەمیشە خۆی وەكو سەربازی قاسم سلێمانی زانیوە
قاسم سلێمانی بەشێوەیەكی كردەیی نوێنەری سیاسەتی گشتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی دەكرد لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. تەنانەت بەقسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئێران، باڵیۆزی وڵاتانی سوریا، عێراقو لوبنان دەبوو بە رەزامەندی ئەو دابنرێن، باڵیۆزی ئێران لە هەموو ئەو وڵاتانە لە فەرماندەكانی پێشووی سوپای قودس بوون، لەنمونەی ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێستای ئێران لە بەغداد كە ساڵانێك راوێژكاری باڵای سەرلەشكر سلێمانی بوو لە سوپای قودس.
ئاغای سلێمانی بەشێوەیەكی رێكخراو لەگەڵ كەسایەتی گرنگی وڵاتانی هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەكە دیداری هەبوو، لەوانە بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریاو حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا.
تەنانەت چەند ساڵێك لەمەوبەر هەواڵی دژبەیەك لەبارەی گەشتی ئەو بۆ روسیا بڵاوبووەوە، كە لەوەڵامی ئەو هەواڵانەدا عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رابەری ئێران وتی:" هاتوچوونی سەردار سلێمانیو هاوكاری لەگەڵ بەرپرسانی روسیا لە بارودۆخێكدا كە هاوپەیمانێتی نێوان ئێرانو روسیا لە روبەڕووبونەوەی گروپە تیرۆرستییەكان، رووی لەزیادبوون كردووە، بەتەواوەتی شتێكی ئاساییە".
ساڵی رابردوو لە گەشتێكی پێشتر رانەگەیەندراودا، بەشار ئەسەد بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك سەردانی ئێرانی كردو لەگەڵ رابەرو سەرۆك كۆمار دیداری كرد، بەوتەی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای قودس، بەشار ئەسەد بە هاوڕێیەتی ئاغای سلێمانی سەردانی ئێران كردووە، بەبێ ئەوەی تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاگاداری ئەو سەردانە بوبێت.
پاش بڵاوبونەوەی وێنەكانی دیداری ئاغای ئەسەد لەگەڵ ئایەتوڵا خامنەییو حەسەن رۆحانی بەئامادەبوونی قاسم سلێمانی، ئاغای زەریف لە ئینستاگرامی خۆی نوسی:" دوای وێنەكانی دیداری ئەمڕۆ، ئیتر جەواد زەریف وەكو وەزیری دەرەوە لە جیهاندا هیچ ئیعتیبارێكی نییە".
سلێمانی خاڵی پەیوەندی رابەر بوو لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە، لەم وێنەیەدا لەدیداری نێوان نەسروڵاو خامنەیدا دەردەكەوێت
ناوبانگی قاسم سلێمانی لەم ساڵانەی دوایدا كاردانەوەی زۆری هەبوو، سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك كەمتر لە كۆبونەوەی گشتییەكاندا دەردەكەوت، بەڵام هەر كە وێنەیەكی ئەو بەتایبەتی لەناوچەكانی جەنگ بڵاودەبووەوە، بەشێوەیەكی خێرا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دەستاودەستی دەكرد، بۆ ستایشكردنی ئەو بە زمانی فارسی عەرەبیو گۆرانو سرود دانران، ناوی چووە ناو جیهان ئەنیمەیشنو یارییە كۆمپیوتەرییەكانیشەوە، پاڵەوانی ئەنیمەیشنی "شەڕی كەنداوی فارس" كە فەرمانی لەناوبردنی كەشتییەكانی ئەمریكا دەدات، لە یاری كۆمپیوتەری دروستكراوی ئێراندا "مۆتەكەی دوژمن"ە، لە یارییە كۆمپیوتەرییەكانی "واحد النمر"و "بتل فلید 3" كەسایەتییەكەی نەرێنییە كە دەكرێتە ئامانجی كوشتن.
زۆرێك لە روخسارە كۆمەڵایەتیو سیاسییە ناسراوەكان لە ئێران، بە بڵاوكردنەوەی وێنە یاخود یادەوەرییەكی ئەو، ئەو ناوبانگەیان زیاتر كرد، لەنمونەی عیزەتوڵا زورغامیو سادق خەرازی-یەوە بیگرە تاوەكو ئیبراهیم حاتەمی كیاو پەروێز پەرەستویی.
سەردەمێك كە قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە ساڵی 1998دا بوو بە یەكەی دەرەوەی سنوری سوپای پاسداران، ئەو هێزە بەهۆی ئەوەی پێكهاتەكەی بۆ سەردەمی جەنگی ئێران- عێراق دەگەڕایەوە، كەمتر دەناسرا، قاسم سلێمانی لە تەمەنی 40 ساڵیدا كاتێك بەپلەی سەرتیپ بوو بە فەرماندەی ئەو هێزە، ماوەی چەندین ساڵو لەسەردەمی جەنگدا فەرماندەی لەشكری (پاراللە)ی كرمانی كردبوو.
ناوی ئەو لە سیاسەتمەدا بۆ یەكەمینجار، دوای دوو ساڵ لە فەرماندەیی سوپای قودس هات، هاوزەمان لەگەڵ روداوەكانی 18ی تەموزی 2000 كە هاوڕێ لەگەڵ 23 فەرماندەی تری سوپا، نامەیەكی ناڕەزایەتی بە زمانێكی توند بۆ محەمەد خاتەمی سەرۆكی ئەوكاتی ئێران نوسی.
ئەوانەی ئیمزای نوسراوەكەیان كردبوو، زۆربەیان ئەو فەرماندانەبوون كە لەسەردەمی جەنگدا فەرماندەی لەشكرو لە دوو سێ باردا فەرماندەیی قەرارگایان بەدەستەوە بوو، لەو نامەیەدا نوسیبویان كە جامی سەبریان پڕبووەو "چیتر لەوە زیاتر بەرگەی ئاوەڕ نەدانەوە لە خۆیان" بە گونجاو نازانن.
زۆرێك ئەم نامەیەیان وەكو راگەیاندنی ئامادەیی راشكاوانەی سوپا لە كاروباری سیاسیو دەستوەردانی ئەوان ئەژماركرد، ئاڕاستەیەك كە بەوتەی رەخنەگران، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا لە ساڵی 2010 گەیشتە لوتكە.
ساڵانی دواتر ئەوانەی ئیمزایان لەسەر نامەكە كرد، هەریەكەیان گەیشت بە چارەنوسێكی جیاواز، هەندێك كوژران، هەندێك گەیشتن بە بەرزترین پۆستی سەربازی كۆماری ئیسلامی، هەندێكی تر چوونەناو سیاسەتەوە.
سلێمانی.. گەنجترین فەرماندەكانی سوپا لەسەردەمی جەنگی ئێران- عێراقدا
لەم كاتەدا قاسم سلێمانی پارێزگاری لە كارەكەی خۆی كردو تەنیا بە زیادبوونی هەژمونو بایەخی فەیلەقی قودس لە ساڵی 2011 پلەی سەرلەشكری وەرگرت، ئەم پلەیە باڵاترین پلەیە كە لە كۆماری ئیسلامی بە سەربازێك درابێت كە هێشتا لەژیاندا بوبێت.
ئەو بەپێچەوانەی زۆرێك لە هاوتاكانییەوە، كەمتر تێكەڵ بە ململانێی سیاسیو باڵباڵێن دەبوو، كەمتر بۆچونی خۆی رادەگەیاند، بەجۆرێك كە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی پاش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ساڵی 2010دا ناوی ئەو لەناو ئەوانەدا نەبوو كە نامەیەكی ناڕەزایەتی ئامێزیان بۆ حسێن عەلایی یەكەمین فەرماندەی هێزی دەریایی سوپا، نارد.
فەرماندەكانی سوپا لە تەنشت خامنەیی لە زەمەنی جەنگدا سلێمانی یەكێكە لە فەرماندەكان
قاسم سلێمانی پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ فەرماندە نیمچە سەربازییەكانی شیعەی عێراقو لوبنان هەبوو. لەنمونەی عیماد موغنیە فەرماندەی نیمچە سەربازی حیزبوڵای كە كوژرا، تاوەكە ئەبومەهدی موهەندیسو هادی عامری فەرماندەكانی حەشدی شەعبی. بەپێی راپۆرتەكان كاتێك كاروانەكەی بووە بە ئامانجی موشەكەكانی ئەمریكا، قاسم سلێمانیو ئەبومەهدی موهەندیس لەتەنیشت یەكترەوە بوون.
میدالیای زولفەر كە بەرزترین میدالیای سەربازی ئێرانە، لەدوای شوڕشەوە تەنیا بە قاسم سلێمانی دراوە، ئەو هاوكات نزیكەی 22 ساڵ فەرماندەیی فەیلەقی قودس بووە، یەكێك لە بەئەزمونترین فەرماندەی سوپا بووە كە ئەو پۆستەی بەدەستەوە بووە.