Draw Media

( درەو میدیا) پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

( درەو میدیا) پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

2019-12-17 12:41:53


راپۆرتی: درەو میدیا
( درەو میدیا) پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاو دەكاتەوەو بەپێی پرۆژەی پەیكەربەندی نوێی یەكێتی دابەشی سەر سێ دەسەڵاتی جیاواز و هاوسەنگكراوە" دەسەڵاتی چاودێری، دەسەڵاتی جێبەجێكردن، دەسەڵاتی داد"
ئەم پرۆژەیە لەلایەن لیژنەی باڵای پەیرەوی ناوخۆی راسپێردراو لەلایەن مەكتەبی سیاسی ئەكێتیەوە ئامادەكراوەو ( درەو میدیا) كۆپییەكی تەواوی ئەو پەیڕەوەی دەستكەوتووە، پۆختەیكەی بڵاو دەكاتەوە.  

سێ دەسەڵاتەكەی یەكێتی
بەپێی پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بڕیارە لە كۆنگرەی یەكێتی كە لە 21/12/2019 دەنگی لەسەر بدرێت، پەیكەربەندی یەكێتی وەك فەلسەفەی دابەشكردنی رۆڵی ئۆرگانی خراوەتەوە روو دابەشی سێ دەسەڵاتی جیاواز و هاوسەنگ كراوە لەوانە:
یەكەم: دەسەڵاتی چاودێری و رێسادانان بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی.
دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە پێكدێت لە دەستەی سەرۆكایەتی و دەستەی جێبەجێكردن.
سێیەم: دەسەڵاتی دادی( تەحكیم) كە پێكدێت لە دەستەی پاراستنی قەوارەی ( ی. ن. ك).
لە پرۆژە كەدا ئەوە هاتووە كە" ئەم سێ دەسەڵاتە بەشێوەیەكی هاوسەنگ رۆڵەكانیان بەسەردا دابەشكراون و  پێكەوە جەستەی یاخود پەیكەری رێكخراوەیی ( ی، ی، ك) پێكدێنن.
لەم پەیكەربەندییەدا ئەنجومەنێكی سەركردایەتی گشتی وەك پێكهاتەیەكی بناغەیی و سیستەمێكی پەرلەمانی بۆ سەركردایەتی تێكەڵ خراوەتەروو لەسەر بنچینەی دابەشبونی جوگرافی شارەكان و بەپێی پێوەری هەڵبژاردنە گشتییەكانی ( 2014) كە ژمارەی ئەندامانی ( 121) كەسە و راستەوخۆ لە چوارچێوەی یەك بازنەدا بەدەنگی ئەندامانی كۆنگرە هەڵدەبژێردرێن. 
دوای كۆتاییهاتنی كۆنگرە تەواوی دەستە سەرۆكایەتی و دەستە جێبەجێكار و لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروبارو لێپرسراوی مەكتەبەكان لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و بەپێی رێكارە دیارەكانی ئەم پەیرەوە هەڵدەبژێردرین.
لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش ئۆرگانەكانی یەكێتی لەسەر بنچینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەرێمەكان ( پارێزگا و ئیدارەی هاوشێوەكان) دارێژراوەتەوەو بنكە ووێستگە و ناوەندەكانی دەنگدان كراونەتە بنەمای ئۆرگانە بنكەییەكانی رێكخستن .
شێوەی كاری ئۆرگانی لە پەیرەوی پێشنیازگراودا پەیكەربەندی نوێی یەكێتی میتۆدێكی نوێی كاری حزبی و رێكخراوەییە لە كوردستان كە زەمینەی كاری پێكەوەیی و سەركردایەتی پێكەوەیی فەراهەم دەكات و رێ لە پاوانكردنی دەسەڵات دەگرێت و رۆڵەكان بەشێوەی دیموكراسیانە و دادپەروەرانە لە نێوان ئەندامان دابەش دەكات. 

بنەما گشتییەكان پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی
بەپێی پرۆژەی پێشنیازكراوی كۆنگرەی یەكێتی:
-     مادەی (4) ی پەیرەوەكە رێژەی ژنان لە هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا ( 25%) دەبێت .
-    مادەی (5) كۆبونەوەی ئۆرگانەكان رێژەیی یاسایی وەردەگرێت بەزۆرینەی رەها( 50+1) 
-    لە مادەی (15) دا بڕیار دەركردن لە دەستەی جێبەجێكارەوە دەردەچێت
-    لە مادەی (18) كۆنگرەی یەكێتی هەر سێ ساڵ جارێك دەبەسترێت. 
-    لە مادەی ( 19) لە هیچ بارێكدا كۆی گشتی ئەندامانی كۆنگرە لە ( 750) ئەندام تێپەڕنەكات. 
-    مادەی ( 27) نابێت سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ( 40) ساڵ كەمتر بێت. 
-    مادەی ( 30) لێسەندنەوەی متمانە لە سكرتارییەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ( 2/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت 
-    مادەی ( 37) سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی بە دەنگی (2/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت بە پێنج رۆژ دوای كۆنگرە. 

هەڵبژاردنی سەرۆكی حزب
سەرۆك/ سكرتێری حزب لە مادەی (39) پرۆژەی كۆنگرەدا هاتووە، بەپێی بڕگەی یەكەم: سەرۆك / سكرتێری حزب سیمبولی یەكێتی و راگری هاوسەنگی و پارێزەری پەیرەوی ناوخۆی و یەكریزی یەكگوتاری و یەكهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەكانە. 
لەمادەی (41) ی پەیرەوەكەدا مەرجەكانی سەرۆك/ سكرتێری یەكێتی خراوەتەوە روو
-    تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت
-    ئاستی هۆشیاری و دیبلۆماسی بەرز بێت
-    ناپاكی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەكردبێت
-    لە دۆسیەی گەندەڵی تێوە نەگلابێت
-    لانی كەم 10 ساڵ خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی دانەبڕاوی لە ریزەكانی یەكێتی هەبێت. 
-    بەهیچ تاوانێكی ئابڕوبەرانە زیندانی نەكرابێت


دەستەی جێبەجێكاری یەكێتی
لە مادەی ( 44)ی پەیروە پێشنیازەكەدا هەیكەلی دەستەی جێبەجێكار دیاریكراوە كە پێكدێت لە 
-    سەرۆكی حزب / سكرتێر 
-    ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی 
-    لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروبار كە پێكدێت لە 
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری رێكخستن
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری دیراسات و توێژینەوە
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری مەكتەبەكان
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری ئیدارەی گشتی
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری هەڵبژاردن و ئامار
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری  راگەیاندن و میدیا
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری پەیوەندییەكان
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری حكومەت و پەرلەمان 

دەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی
لە مادەی ( 49) ی پەیرەوەكەدا باس لەدەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ( ئەنجومەنی باڵای دانایان دەستەی باڵا) كراوە، كە لەماوەی 45 رۆژ دوای كۆنگرەی یەكێتی هەڵدەبژێردرێن ،كە پێكدێن لە: 
-    ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەران
-    ئەندامانی خولی پێشوی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند لەو ئەندامانەی لە كۆنگرەدا خۆیان كاندید ناكەن
ئەركو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی قەوارە
-    پێشكەشكردنی راسپاردە 
-    ناوەندگیری بۆ گرفت و كێشەكان
-    پێشنیازكردنی رێكارەكانی چارەسەر

سەرۆكی دەستەی پاراستنی یەكێتی پارێزەری گشتی یەكێتی دەبێت لەبەرزترین ئاستدا و پێكدێت لە:
-    سەرۆكی دەستەی پاراستن
-    سەرۆك/ سكرتێری حزب
-    سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی
-    سەرۆك/ سكرتێری حزب لەدانیشتنی دووەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی دا دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ دوای دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەن بە دەنگدانی راستەوخۆ بە ( 2/3) دەنگی ئەندامانی.
 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand