پارێزگای كەركوك لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا
2019-07-26 10:54:37
درەو میدیا:
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 23ی تەموزی رابردوو هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە.
بەپێی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە تایبەتە بە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك كۆمسیۆنی هەڵبژردنەكانی عێراق پابەندكراوە كە تاوەكو( 31ی كانونی دوەمی 2020 )وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەراندا، لەگەڵ ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی دەكرێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی ( دەو میدیا) بەرواری سەر بەڵگەنامەكە ( 31ی كانونی دوەمی 2020 ( بە هەڵە نوسراوەو چونكە خۆی ( 31ی كانونی یەكەمی 2020 )ە .
دەقی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق:
بڕگەی 7: كۆمسێۆنی باڵای سەربەحۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بەوەی تاوەكو رۆژی 31 كانونی دووەمی 2020 وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێنەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین، ئەمە ئەوانە ناگرێتەوە كە رێوشوینەكانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان گرتونیەتەوە كە ئەو لیژنەیە بەپێی ماددەی 140ی دەستور لە پارێزگای كەركوك دروستكراوە
بڕگەی 8: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەپێی رێنماییە كارپێكراوەكان سەبارەت بە رێوشوینی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكرێت تێیاندا.
بەپێی یاساهەمواركراوەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵبریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو.