دووبارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت
2019-07-08 15:16:46
(درەو میدیا):
ئەگەرچی وا باسدەكرا كە هیچ بەرپرسێكی كابینەی هەشتەم لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دانانرێتەوە، بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی ئەندامانی كابینەكە بە رەسمیو راگەیاندنی بەرپرسەكانی تری، دەردەكەوێت چەند وەزیرو بەرپرسێكی كابینەی پێشوو لەم كابینەیەشدا پۆستیان وەرگرتوەتەوەو ماونەتەوە.
ئەو وەزیرو بەرپرسانەی كابینەی هەشت كە لە كابینەی نۆیەمدا ماونەتەوە سەرجەمیان پۆستەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، جگە لە قوباد تاڵەبانی، كاندیدی جێگری سەرۆك وەزیرانو د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە پارێزگارییان لە پۆستەكانی پێشوویان كردووەو لە هەمان پۆستدا ماونەتەوە.
ئەوانەی لە كابینەی نۆیەمدا بەردەوام دەبن ئەمانەن:
* قوباد تاڵەبانی: لە كابینەی پێشوودا جێگری سەرۆك وەزیران بوو، لەم كابینەیەشدا پارێزگاری لە پۆستەكەی كردو مایەوە.
* پشتیوانی سادق: لە كابینەی پێشوودا وەزیری پەروەردە بوو، كاتێك وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دەركران پۆستی وەزارەتی ئەوقافی بەڕێوەدەبردو لە كابینەی نۆیەمدا بۆ وەزارەتی ئەوقاف كاندیدكراوە.
* كەمال موسلیم: لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری ئەوقاف بوو، بەڵام دواتر لەلایەن پارتییەوە لەگەڵ وەزیری داراییو بازرگانیدا لە حكومەت دەركرانو لە كۆتایی تەمەنی كابینەكەشدا دەستیلەكاركێشایەوە.
لە كابینەی نۆیەمدا كەمال موسلیم لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازیی كاندیدكراوە، كاندیدكردنی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا مشتومڕی دروستكردووە، ئەم وەزارەت لەناو گۆڕاندا پشكی پارێزگاری هەولێربوو، هەریەك لە داهێن هاشم، چالاكی موهەندیسو بەشدار حەسەن كاندیدبوون، برزوۆ مەجیدیش لە هەوڵێ ئەو پۆستەدابوو، بەهۆی رێكنەكەوتنی ئەمانەوە كەمال موسلیم بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكە كاندیدكرا.
* ئاشتی هەورامی: لە كابینەی هەشتدا وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، بڕیاربوو لەم كابینەیەشدا بەردەوام بێت، بەڵام مەسرور بارزانی سیڤی ئەوی پێشكەشی پەرلەمان نەكردووە بۆ متمانە پێبەخشین، بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاشتی هەورامیی لەم كابینەیەدا پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری وزە بۆ دادەتاشرێتو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێت وەزارەتی نەوتو كەسێكی تری بۆ كاندید دەكرێت.
* سەفین دزەیی: كوڕی موحسین دزەییە كە كەسایەتییەكی نزیكبووە لە مستەفا بارزانییەوە, لە كابینەی پێشوودا وتەبێژی رەسمی حكومەت بوو بە پلەی وەزیر، لە كابینەكانی پێشووتریشدا وەزیری پەروەردە بووە، لە كابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانیدا پۆستی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم.
* ئامانج رەحیم: لە كابینەی پێشوودا سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بووە، لەم كابینەیەشدا پارێزگاری لە پۆستەكەی كردووە.
دووبارەبووەكانی تر
جگە لە پۆستەكانی تایبەت بە حكومەتو ئەنجومەنی وەزیران، لەم خولە نوێی حكومڕانی هەرێمی كوردستاندا چەند كاراكتەرێكی تر هەن كە بۆ خەڵك ناسراونو لە خولەكانی پێشوودا پۆستی حكومییان هەبووە لەوانە:
* مستەفا سەید قادر: لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری پێشمەرگە بوو، پاشان لەلایەن پارتییەوە لەگەڵ وەزیرەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوەو دواتر دەستیلەكاركێشایەوە.
مستەفای سەید قادر ئێستا كاندیدی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئەم پیاوە دەوترێت ئەندازیاری ئەو رێككەوتنە سیاسییە یە كە بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەی حكومەت لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتدا ئیمزاكراوە.
مستەفا سەید قادر كە لە كابینەی پێشوودا لەلایەن پارتییەوە لە حكومەت دوورخرایەوە، ئەمە واینەكرد پەیوەندییە تایبەتەكانی لەگەڵ پارتی تێكبداتولەلایەن زۆرینەی سەركردەكانی پارتییەوە وەك كەسایەتییەكی رێزلێگیراو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێتو پشتیوانی لێدەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.
* جەعفەر شێخ مستەفا: لە كابینەی حەوتی حكومەتی هەرێمدا وەزیری پێشمەرگە بووەو لە كابینەی هەشتەمیشدا بەرپرسی هێزەكانی حەفتای یەكێتی بوو، ئێستا بە فەرمی لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكراوە.
جەعفەر شێخ مستەفا لە كاتی ریفراندۆمو پاشان لێكەوتەكانی لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەرو رۆژانی دوایی پشتیوانێكی سەرسەختی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.