Draw Media

گۆڕان بەبێ دەستكەوت قایل بوو

گۆڕان بەبێ دەستكەوت قایل بوو

2019-04-28 16:03:20


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف

بزوتنەوەی گۆڕان دواجار بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل بوو، بەبێ ئەوەی هیچ یەكێك لە مەرجەكانی خۆی بەسەر پارتیدا بسەپێنێت، عەلی حەمەساڵح لێدوانی لێ قەدەغەكراو ئەندامێكی جڤاتیش باسی "راوێژكاری چینی" دەكات.
ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو ئەو حزبەدا.
دانیشتنەكەی جڤاتی نیشتمانی تایبەت بوو بە دوو تەوەری سەرەكی:
تەوەری یەكەم: پرسی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.
تەوەری دووەم: دانانی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی بزوتنەوەكە لە كابینەی نوێی حكومەتدا.

دوو كۆبونەوەی نهێنی !
دوای كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی، شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، هەفتەی رابردوو، دوور لە چاوی كامیراكان، وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان دووجار كۆبونەوەیان كردووە.
شۆڕش حاجی وردەكاری ناوەڕۆكی ئەو دوو كۆبونەوە نهێنییەی باسنەكرد، بەڵام ئاماژەی بەوەكرد، كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر رۆشنای ئەو دوو كۆبونەوە نهێنییەدا بووە كە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوون.

جڤات بڕیاریدا !
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا بەزۆرینەی دەنگ جڤات رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
(درەو میدیا) زانیویەتی، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر یەكخستنی هێزەكانی (70)ی یەكێتی‌و (80)ی پارتی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان چەند پێشنیازێكی خستە بەردەم پارتی وەكو مەرج بۆ قایلبوون بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، پێشنیازەكانی پێشووی گۆڕان ئەمانە بوون:
• وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆ بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەبەرامبەر وەرگرتنی یەكێك لەو دوو پۆستە گۆڕان ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت.
• دەستەیەكی تر بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، لەم حاڵەتەدا بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێت‌و قایل دەبێت بەوەی جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم لای یەكێتی بێت. 
• پۆستی "یاریدەدەر"ی سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر گۆڕان كەوتووە، بكرێت بە پۆستی "جێگر"ی سەرۆكی حكومەت، واتە هاوشێوەی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەتیش دوو جێگری هەبێت‌و لە هەردوو پۆستەكەدا گۆڕان‌و یەكێتی هەریەكەیان جێگرێكیان هەبێت. 
پێدەچێت پارتی هیچ یەكێك لەم پێشنیازانەی گۆڕانی پەسەند نەكردبێت، بۆیە گۆڕان ئەم مەرجە نوێیەی خستوەتەڕوو، واتە مەرجی یەكخستنی هێزەكانی (70)‌و (80)، لەكاتێكدا دەزانێت ئێستا هەوڵێكی ناوخۆیی‌و دەرەكی هەیە بۆ یەكخستی هێزەكانی پێشمەرگە، رەنگە گۆڕان لەڕێگەی دەستبردن بۆ ئەم بابەتە وەكو مەرج بۆ زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بیەوێت لەداهاتوودا دەستكەوتی یەكخستنی هێزەكان بكات بە هی خۆی.
بەپێی یاسا تا ئەم ساتە، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیە‌و پارتی دەیەوێت لە هەمواری نوێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگرێكی تر زیادبكات، بەتایبەتی دوای رەزامەندی بزوتنەوەی گۆڕان.
پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی كرد كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لای گۆڕان بێت، دواتر لەگەڵ یەكێتیش رێككەوتنی كرد جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێت‌و بە یەكێتی بدرێت. 
گۆڕان لەسەرەتاوە ناڕازی بوو لە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، چونكە پێیوابوو جێگری سەرۆكی هەرێم یەك دەسەڵاتی گرنگی هەیە كە دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەگەر جێگرێك لە سەرۆكایەتی بۆ یەكێتی زیادبكرێت، ئەو دەسەڵاتە دەكەوێتە لای یەكێتی‌و جێگرەكەی گۆڕان هیچ دەسەڵاتێكی نامێنێت.

لیژنەی كاندیدەكان 
بەمدواییە لیژنەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستە حكومییەكان، دەستبەكاربوو، لیژنەكە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا.
ئەندامانی لیژنەكە لە سەرەتاوە بریتی بوون لەم كەسانە:
•    سەفین مەلاقەرە
•     مستەفا سەلیم 
•    محەمەد شوانی
•     چۆمان عەلی
•    دەرباز محەمەد
•    شێخ كامیل پێنجوێنی
•    ئاكۆ وەهبی
•    سنور قادر كۆكۆیی
•    لیوا جەلال
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا، گۆڕانكاری لە لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان كراوە‌و گۆڕانكارییەكانیش ئەمانەن:
•    زیادكردنی (4) ئەندامی نوێ بۆ لیژنەكە، زیادكراوەكان بریتین لە (بایەزید حەسەن، هێمن شێخانی، ئاسۆ رەحیم، فوئاد جەمال)، پێشنیازكراوە (عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە)ش لە لیژنەكەدا بێت.
•    لابردنی نوێنەری ژوری یاسایی بزوتنەوەكە لەناو لیژنەكەدا (چۆمان عەلی)، بەهانەی لابردنی ئەم نوێنەرە لە لیژنەكە ئەوە بووە" ژوری یاسایی بزوتنەوەكە خۆی تەماشای تانە‌و پەڵپی كاندیدەكان دەكات‌و نابێت خۆی نوێنەر بێت لە لیژنەكەدا".
•    لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا مشتومڕ‌و ناڕەزایەتی لەسەر هەندێك ناو هەبوو لە لیژنەكەدا، لەوانە ناوی هەریەكە لە (دەرباز محەمەد)‌و (سنور قادر كۆكۆیی)، بەڵام ناڕەزایەتییەكان نەگەیشتە ئاستی ئەوەی ئەو دوو كەسە لە لیژنەكە دوربخرێنەوە.

كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەكات ؟
بەپێی ئەوەی لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا رێككەوتنی لەسەر كراوە، لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، دەبێت بۆ هەر پۆستێك كە لە حكومەت بەر گۆڕان كەوتووە ناوی (5) كاندید بخاتەبەردەم جڤاتی نیشتمانی، تاوەكو جڤات بە دەنگدان یەكێك لە كاندیدەكان پەسەند بكات.

لێدوانی لێ قەدەغە دەكرێت !
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیدا، رێكخەری گشتی‌و بەشێك لە ئەندامانی جڤات ناڕازیبوونی خۆیان لە لێدوانە زۆرەكانی عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەكەیان‌و ئەندامی جڤات، بۆ میدیاكان دەربڕیوە.
لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەكاندا، عەلی حەمەساڵح وتویەتی" من بۆ بەرگری لە بزوتنەوەی گۆڕان قسە بۆ میدیاكان دەكەم، بەڵام چیتر بەرگری ناكەم"، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وتووە" تا شەش مانگی تر نابێت هیچ قسەیەك بكەیت". 

راوێژكارێكی چینی !
هەر لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا، یەكێك لە ئەندامانی جڤات رەخنەی لە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكەی گرتووە‌و وتویەتی" رێكخەری گشتی راوێژكاری هەیە زانیاری ناڕاستی پێدەدات، ئەو راوێژكارە چینییە‌و  ئەگەر پۆستی پێنەدرێت واز لە گۆڕان دەهێنێت"، لە زمانی میللی كوردیدا دەستەواژەی "چینی" بۆ كەلوپەلێك بەكاردەهێنرێت كە كوالیتییەكەی خراپ بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand