لیژنەكەی گۆڕان دەستبەكاردەبێت
2019-04-23 17:03:15
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵسەنگاندنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی پۆستە حكومییەكان، دەستبەكاربوو.
لیژنەكە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا.
ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەم لیژنەیە لەسەر فەرمانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە دروستكراوەو ئەندامەكانی لیژنەكە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (سەفین مەلاقەرە، مستەفا سەلیم، د. محەمەد شوانی، چۆمان عەلی، د. دەرباز محەمەد، شێخ كامیل پێنجوێنی، ئاكۆ وەهبی، د. سنور قادر كۆكۆیی، لیوا جەلال).
ناڕەزایەتی هەیە
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەناو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا ناڕەزایەتی لەسەر میكانیزمی دانانی لیژنەكە دروستبووە. بەشێك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دەڵێن دەبوو ئەو لیژنەیە لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە دروستبكرایە، نەك خانەی راپەڕاندن، بەوپێیەی جڤاتی نیشتمانی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا.
كاندیدەكان چۆن یەكلادەكرێنەوە ؟
ئەو لیژنەیەی كە دروستكراوە، ئەركەكەی بریتییە لە جیاكردنەوەی ناوی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانو كەمكردنەوەیان.
ئێستا لەسەر ئەركی لیژنەكەش ناكۆكی هەیە، دیارنییە بەدیاریكراوی كاری لیژنەكە چییە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، هەندێك لە بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەكە دەیانەوێت ئەو لیژنەیە ناوی كاندیدی هەموو پۆستەكان لەیەك پاكێجدا یەكلابكاتەوەو پاكێجەكە ببرێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ پەسەندكردنی، واتە لیژنەكە كاندیدی پۆستەكان یەكلابكاتەوەو جڤات تەنها دەنگیان لەسەر بدات.
بەڵام لەبەرامبەردا هەندێكی تر لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆران داوا دەكەن، بۆ هەر پۆستێك كە لە كابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، لیژنەكە ناوی سێ كاندید دیاری بكاتو جڤاتی نیشتمانی بە دەنگدان یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە یەكلابكاتەوە، واتە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری كۆتایی بدات نەك لیژنەكە، ئەوانەی ئەم باوەڕەیان هەیە ترسیان هەیە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كاندیدەكانی خۆیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لە لیژنەكەدا یەكلابكەنەوە.
پشكی گۆڕان لە كابینەی نوێدا
رۆژی 18ی شوباتی ئەمساڵ بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی سیاسی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا كرد.
بەپێی ئەو رێككەوتنە، بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی لە كابینەی نوێی حكومەتدا زامن كرد، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بزوتنەوەی گۆڕان ئەو بەشەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بڵاونەكردوەتەوە كە تایبەتە بە پشكو پۆستەكان، بەڵام بەپیبَی زانیارییەكان بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێدا ئەم پۆستانەی بەدەستەوە دەبێت:
• جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی
• وەزیری دارایی
• وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە
• سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان
• ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە
• جێگری وەزیری ناوخۆ
• بریكاری وەزیری پەروەردە
• دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات
• بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت
• 12%ی بەرێوەبەرە گشتیو راوێژكارەكان
كاندیدەكانی گۆڕان
سەرباری ئەوەی تائێستا بە فەرمی هیچ كاندیدێك بۆ هیچ یەكێك لە پۆستەكان یەكلانەبوەتەوەو سیڤی كاندیدەكانیش رادەستی لیژنە راسپێردراوەكە نەكراوە، بەڵام هەندێك كارەتيكەری سیاسی هەن لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چانسی گەورەیان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان:
• پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم: مستەفا سەید قادر
• وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی: سەردار قادر- دكتۆر دارا
• وەزارەتی دارایی: ئاوات شێخ جەناب
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كوێستان محەمەد- ئاراس وەلی
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی: سێ كەس كاندیدن (دانا عەبدولكەریم لە سلێمانی، برزۆ مەجیدو چالاكی موهەندیس لە هەولێر)
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری چاكسازی: جەلال جەوهەر
گۆڕان ناكشێتەوە !
بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان، ئەم هەنگاوە نیشانی دەدات گۆڕان قایلە بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمو بەهیچ جۆرێك لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی ناكشێتەوە.
دەستبەكاربوونی لیژنەی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدایە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی رێككەوتنی كۆتاییان نەكردووە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كە بزوتنەوەی گۆڕان رەتیدەكاتەوە.