پارتی وەڵامی پێشنیازەكانی گۆڕانی نەداوەتەوە
2019-04-18 18:45:28
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت
هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر كێشەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رێكنەكەوتوون، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو گرێكوێرەكە بكرێتەوەو پارتیو یەكێتیش رێككەوتنەكەیان ئیمزا بكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا) تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندی دەرنەبڕیوە لەسەر پێشنیازەكانی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ دەنگۆی رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی بڵاوكرایەوە.
پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بووەتە دواین گرێی بەردەم پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی كردووەو پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی پێداوە، هاوكات لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانیش رێككەوتنی كردووەو هەمان پۆستی بۆ یەكێتی یەكلاكردوەتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسا تا ئەم ساتە، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیەو پارتی دەیەوێت لە هەمواری نوێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگرێكی تر زیادبكات.
بزوتنەوەی گۆڕان رازی نییە بە زیادكردنی جێگرێك بۆ یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە پێیوایە جێگری سەرۆكی هەرێم یەك دەسەڵاتی گرنگی هەیە كە دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەگەر جێگرێك لە سەرۆكایەتی بۆ یەكێتی زیادبكرێت، ئەو دەسەڵاتە دەكەوێتە لای یەكێتیو جێگرەكەی گۆڕان هیچ دەسەڵاتێكی نامێنێت.
كۆتایی كێشەكە !
بەهۆی ناكۆكی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، تائێستا یەكێتیو پارتی رێككەوتنی كۆتایی خۆیان لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا نەكردووە، ئەمەش پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی پەكخستووە.
سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، چاوەڕەوان دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارتی وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕان بداتەوەو لەسەر چارەسەرێكی مامناوەند لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بگەنە رێككەوتن.
گۆڕان داوای چی دەكات ؟
ئەو سەرچاوەیە وتی:" بزوتنەوەی گۆڕان لە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نیگەرانە، بەڵام بۆ چارەسەركردنی كێشەكە چەند پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم پارتیو پێدەچێت هەفتەی داهاتوو پارتی وەڵام بداتەوەو كێشەكە چارەسەر بكرێت".
سەرچاوەكە باسی لەوەكرد، لەبەرامبەر پێدانی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بە یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان چەند پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم پارتی كە بریتین لە:
• وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆ بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەبەرامبەر وەرگرتنی یەكێك لەو دوو پۆستە گۆڕان ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت (پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوەو یەكێتی رەتیدەكاتەوە ئەو پۆستە بە گۆڕان بدات، پۆستی وەزارەتی ناوخۆش لای پارتییەو مەسرور بارزانی ئامادە نییە بە هیچ لایەنێكی بدات، واتە ئەگەری جێبەجێكردنەی ئەم پێشنیازە لاوازە).
• دەستەیەكی تر بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، لەم حاڵەتەدا بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێتو قایل دەبێت بەوەی جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم لای یەكێتی بێت (ئەمە داواكارییەكی قورس نییەو پێدەچێت چارەسەری كێشەكە بكات)، بزوتنەوەی گۆڕان بە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش قایلە (ئەم پێشنیازەش ئەگەری جێبەجێبوونی لاوازە، چونكە یەكێتی سەرەنجی گەورەی لەسەر ئەو پۆستەیە).
• پۆستی "یاریدەدەر"ی سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر گۆڕان كەوتووە، بكرێت بە پۆستی "جێگر"ی سەرۆكی حكومەت، واتە هاوشێوەی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەتیش دوو جێگری هەبێتو لە هەردوو پۆستەكەدا گۆڕانو یەكێتی هەریەكەیان جێگرێكیان هەبێت (یەكێتی ئەم پێشنیازەی قبوڵ نییە، كاندیدی بەهێزی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت قوباد تاڵەبانییەو بەپێی رێككەوتنی پارتیو یەكێتی سەرۆكی حكومەت یەك جێگری دەبێت).