Draw Media

پارتی؛ گۆڕان‌و كۆمەڵ ستاند بای دەكات

پارتی؛ گۆڕان‌و كۆمەڵ ستاند بای دەكات

2019-02-04 17:08:26


راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف 
لە فەرهەنگی كۆمپیوتەردا (ستاند بای- Stand by) بەو پرۆسەیە دەوترێت كە كۆمپیوتەر دەخرێتە حاڵەتێكەوە كە (نە راوەستاوە‌و نە كاردەكات)، بەواتایەكی تر ئامێرەكە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی هەر فەرمانێك، بەڵام بەكاربەر ئاماژەی ئەوەی پێداوە كە جارێ‌ نایەوێت كاری پێبكات، ئەمە لە دۆخی سیاسی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی دەچێت لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان.
زیاتر لە (4) مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، وەكو ئەوەی لە رۆژانی دوای هەڵبژاردن‌و سەركەوتنە گەورەكەی چاوەڕوانی دەكرد، نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت بەئاسانی پێكبهێنێت.
رەنگە پارتی پێشبینی ئەو بارودۆخەی كردبێت كە ئێستا لەگەڵ یەكێتی تێیكەوتووە، بۆیە هەر لە سەرەتاوەی دەرگای حكومەتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان واڵا كرد.

یەكێتی‌و پارتی
لەماوەی كەمتر لە (10) رۆژدا دووجار وادەی كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی هەڵوەشاوەتەوە، كۆبونەوەیەك كە بەپێی زانیارییەكان بڕیارە تێیدا خاڵ بخرێتەسەر پیتەكان‌و بەڕاشكاوی هەردولا پرسی پشك‌و پۆستەكان یەكلابكەنەوە.
بڕیارە سبەینێ كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەڕێوەبچێت، یەكێتی داوای رێككەوتنێكی سیاسی پێشوەختە دەكات لەگەڵ پارتی پێش ئەوەی رێككەوتن لەسەر كابینەی نوێی حكومەت بكرێت، پارتیش داوا دەكات رێككەوتنی سێقۆڵی بكرێت واتە رێككەوتنێك لە نێوان (پارتی- یەكێتی- گۆڕان).
سەرباری ئەمانە یەكێتی دەیەوێت بە كلیلێك تەواوی دەرگا داخراوەكان بكاتەوە، بۆ ئەوەش داوا دەكات كەیسی كەركوك و بەغداد تێكەڵ بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بكات، لە كەركوك یەكێتی دەیەوێت پۆستی پارێزگار بۆ خۆی یەكلا بكاتەوە، لە بەغدادیش پۆستی وەزارەتی داد هێشتا لەسەر مێزی دانوستانەكانەو یەكێتی چاوی لەسەریەتی.
بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا) تا ئەم ساتەش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی كەیسی كەركوك‌و بەغداد لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم چارەسەربكات بەیەك پاكێج، بەڵام ئەگەر پارتی مل بەخواستەكانی نەدات، رەنگە یەكێتی بەبێ كەیسی كەركوك‌و بەغدادش لەگەڵ پارتی رێككەوتن لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەت بكات‌و ئەوكات هاوشێوەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستەكانی پارێزگاری كەركوك‌و وەزارەتی دادی عێراق یەكلابكاتەوە، واتا بەبێ رێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ پارتی. 

پارتی‌و گۆڕان
دواین كۆبونەوەی نێوان پارتی‌و گۆڕان رۆژی 22ی مانگی رابردوو لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆبونەوەیەدا بۆ یەكەمجار هەردوولا لەبارەی پشك‌و پۆستەكان لەكابینەی نوێ قسەیان كرد.
وەفدی گۆڕان لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانەوە داوایكرد، لە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا پۆستی پێبدرێت، بەشێوەیەك لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتییەوە تا دەگاتە پۆستی وەزارەت پێكەوە‌و لەیەككاتدا بدرێت بە گۆڕان، بەڵام وەفدی پارتی ئەم خواستەی گۆڕانی قبوڵ نەكرد.
پارتی كە لەسەرەتاوە بە موجامەلەیەكی گەرموگوڕ لەگەڵ گۆڕان دەستیپێكرد، بۆیە یەكەمجار لە كۆبونەوەی 22ی مانگی رابردوودا بە راشكاوانە گفتوگۆی لەگەڵ وەفدی گۆڕانكردو بەڵێی بۆ هەموو خواستەكانی گۆڕان نەكرد، پارتی بەم هەنگاوە گۆڕانی (ستاند بای) كرد، رەنگە بەپلەی یەكەم هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە پارتی تا لەگەڵ یەكێتی پشكەكان یەكلانەكاتەوە، نەیەوێت هیچ بەڵێنێك لەبارەی پۆستەكان بە گۆڕان بدات.
بزوتنەوەی گۆڕان بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات، پۆستێك كە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەدەست قوباد تاڵەبانییەوە بووەو ئێستاش یەكێتیەكان چاویان لەسەریەتی.
بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆكانیدا بە وەفدی پارتی وتووە، لە خولی پێشوودا یەكێتی هێزی سێیەم بووە لە هەڵبژاردندا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە، ئێستا گۆڕان هێزی سێیەمەو داوای هەمان پۆست دەكات، یاخود لانی كەم بەپێی هەمان لۆژێك هێزی سێیەم دەبێت جێگری یەكێك لە سێ سەرۆكایەتییەكەی بەركەوێت. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی بەنیازە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بدات بە گۆڕان، سوربونی گۆڕان لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت رەنگە بەشێكی وەك كارتی فشار بێت بەمەبەستی زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەتایبەتی لە كاتێكدا یەكێتی چاوی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیشە، بەو پێیەی ئەو كەسەی لەسەر ئەو كورسییە دادەنیشێت دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و سەرۆكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی یەكێتی. 


 پارتی‌و كۆمەڵ 
دوای چاوەڕوانییەكی زۆری كۆمەڵی ئیسلامی، دواجار كۆتایی مانگی رابردوو وەفدێكی مەكتەبی سیاسی سەردانی مەكتەبی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی كرد لە هەولێر.
(درەو میدیا) رۆژی سەردانەكە، ئاشكرایكرد، وەفدی پارتی لەسەر دەستپێشخەرییەكی فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان سەردانی كۆمەڵیان كردووە، بەمەبەستی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب، كە لە چوار ساڵی رابردوودا تاڕادەیەك بەقۆناغێكی ئاڵۆزدا تێپەڕی.
لەو كۆبونەوەیەدا باسی پرسی بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەت نەكرا، هەرچەندە تائێستا كۆمەڵ خۆی یەكلانەكردوەتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن.
كاراكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان پارتی‌و كۆمەڵ لەم كاتەدا وەكو كارتێكی تری فشاری پارتییە بۆسەر یەكێتی، پارتییەكان بەوە پەیامێكیان بە یەكێتی دا، ئەگەر بەزویی بەدەم پرسی پێكهێنانی حكومەتەوە نەیەن، هێزی تر هەن دەتوانن پۆستەكانتان لە حكومەت پڕبكەنەوە، هاوشێوەی ئەوەی لە خولی پێشووی پەرلەماندا رویدا، كاتێك یەكێتی درەنگ دەستی بە شەمەندەفەری حكومەتەوە گرت، پارتی بەشێوەی كاتی پۆستی سكرتێری پەرلەمانی دا بە كۆمەڵی ئیسلامی (فەخرەدین قادر)‌و دواجاریش فەخرەدین قادر بۆ یەكێتی نەكشایەوە‌و تا ئەوكاتەی خۆی دەستی لەكاركێشایەوە لە پۆستەكەیدا مایەوە.
یەكێتی لە پەیامەكەی پارتی تێگەیشت كە كۆمەڵی ئیسلامی (ستاند بای) كردووە بۆ بەشداریپێكردنی لە حكومەت، رەنگە ئەمە هۆكارەكەبێت بەمدواییە ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی هەوڵێكیان دەستپێكردووە بەمەبەستی ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ كۆمەڵ، یەكێتی دەیەوێت بەو رێككەوتنە كارتی كۆمەڵ لە دەستی پارتیدا بسوتێنێت.

پارتی‌و یەكگرتوو
پارتی بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت‌و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، جارجارە دێوەزمەی یەكگرتووی ئیسلامیش پیشانی یەكێتی دەدات.
دەروازەی چونەناوەوە لە دەرگاكەی یەكگرتووەوە سەرەتا لە كەیسی كەركوكەوە دەستیپێكرد، كۆتایی مانگی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی بانگهێشتی هاوینەهەواری پیرمام كرد.
(درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، بارزانی‌و سەلاحەدین بەهادین لەو كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگار لە كەركوك قسەیان كردووە، رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت سەربە یەكگرتووە، تاڵەبانی ئێستا كلیلی چارەسەری یاسایی پۆستی پارێزگاری كەركوكە، رێبوار تاڵەبانی كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە هەولێر دەژی، ئەگەر سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، بەشێك لە بەربەستەكانی بەردەم یەكێتی لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ چارەسەردەكات.
لەسەر كەركوك، پارتی‌و یەكێتی بەمدواییە ئاڕاستەی جموجوڵە سیاسییەكانیان كردوەتە یەكگرتووی ئیسلامی، سەرباری ئەوەی یەكگرتوو پێشوەختە بڕیاریداوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو بەشداری حكومەت نەكات‌و ئۆپۆزسیۆن بێت، بەڵام لەڕێگەی كەیسی كەركوكەوە پارتی‌و یەكێتی هەردوكیان خەریكە رایدەكێشنەوە بۆناو گەمە سیاسییەكەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand