Draw Media

پەكەكە كاتژمێرێك لە زێدی بارزانییەوە دوورە

پەكەكە كاتژمێرێك لە زێدی بارزانییەوە دوورە

2019-01-29 18:56:45


راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی دركی بە پەلهاویشتن‌و كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی خاكی جێنفوزی خۆی كردووە لەلایەن پارتی كریكارانی كوردستانەوە (پەكەكە).
پەكەكە سەرەڕای باكوری كوردستان كە پێگەی بەهێزو شوێنی سەرەكی ئامانجەكانیەتی، تەواوی ناوچەی ئازادكراوەكانی رۆژئاوای كوردستانیشی خستوەتە ژێر كۆنترۆڵی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) كە سەربە خۆیەتی، لە باشوری كوردستانیش دەیان پێگەو ناوچەی بەرفراوانی لەبەردەستدایە، كە رەنگە لە داهاتوودا كاریگەری گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و یەكلاكردنەوەی ململانێكانی لەگەڵ هێزەكانی باشوری كوردستان هەبێت، بەتایبەتیش كە لە ئێستادا شەڕی ساردو ململانێی توندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندایە.
ئێستا زۆرینەی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی پارتی لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، ئەو هێزە حوكمرانی ئەو ناوچانە دەكات.
ئەگەر پارتی كارتی توركیا بەرامبەر بە پەكەكە بەكاربهێنێت، ئەوا پەكەكە كارتی فراوانبوونی سنوری جوگرافیای پەڵەمڕەوییەكەی لە هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەتیش لە ناوچەی جێنفوزی پارتی بەكاردەهێنێت.

پەكەكەو باشوری كوردستان 
پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە.
لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی براكوژییەوە لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە لە باشوری كوردستان، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوە‌و پەكەكە لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا.
ئێستا بنكەو بارەگاكانی پەكەكە تەواوی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی رۆژهەڵات‌و باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوەو ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان جموجوڵی سیاسی‌و مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە.
لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێران، ناوچەیەكی فراوان‌و ناوەندی دەسەڵاتی پەكەكەی لێیە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری ناوچەكانی قەزای قەڵادزێ، قەزای رانیە، قەزای چۆمان، قەزای رەواندوز، قەزای سۆران، پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتی‌و سیدەكان‌و حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا زیاتر لە (50) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی پەكەكەدایە. 
بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایەو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە.
زۆرترین سنوری دەسەڵاتی پەكەكە لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا تەواو لەبەرمەترسی هەژموونی پەكەكەیە، چونكە زۆرینەی خاكی ئەو قەزایە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، بەو پێیەی لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو پارێزگایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە.
لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی پەكەكەدایە، واتە 35% خاكی ئەو قەزایە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی ئەو قەزایەش لەژێر دەستی پەكەكەدایە.
بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك بەوپێیە هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، پەكەكە پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێ، واتا تەواوی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە.
لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی بارزان‌و پیران‌و شیروان دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی پەكەكەی لێیە.
لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوان‌و دەیان گوندو بەرزایی بەدەست پەكەكەوەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، كە ئەتوانرێت بوترێت پەكەكە بەتەواوی  پارتی گەمارۆداوە.

هەژمونی پەكەكە بەسەر پارتییەوە
پارتی بەتەواوی دركی بەو مەترسییەی هەژمونی پەكەكە كردووە لەسەر ناوچەی جێنفوزی، لەبەرامبەر ئەو هەژمونەی پەكەكە، پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بەهێز كردووە، رەنگە بەتەواوی پشتی بە هێزی توركیا ببەستبێت بۆ سنورداركردنی هەژموونی پەكەكە. 
•    جگە لە شارو رێگەی ئۆتۆمبیلی حاجی ئۆمەران بەرەو ئێران، تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ ئێران بەدەستی پەكەكەوەیە، تەواوی سنورو شاخەكانی چۆمان، سۆران، سیدەكان‌و باڵەكایەتی‌و زۆرینەی ناوچەكانی ئامێدی‌و سنوری پارتی لەگەڵ ئێران لەدەستی پەكەكەدایە.
•     لە سنوری پارێزگای دهۆك‌و توركیاش، جگە لە رێگەی ئۆتۆمبیل، زۆرینەی شاخ‌و سنورەكانی ئەو ناوچەیە لە دەستی پەكەكەدایە.
•     لە رۆژئاوای دهۆكیشەوە لە خاپورەوە تا سنوری شەنگال پارتی هاوسنورە لەگەڵ یەپەگەدا (یەكینەكانی پاراستنی گەل) لە رۆژئاوای كوردستان.
•    رۆژئاوای كوردستان‌و زۆرینەی گوندەكانی رۆژئاوای شەنگالیش لەدەستی پەكەكەدایە.


پەكەكە كاتژمێرێك لە زێدی بارزانییەوە دورە
مەترسییەكانی پارتی لە پەكەكە تەواو لە جێگەی خۆیدایە، چونكە پەكەكە بەتەواوی گەمارۆی ناوچەكانی پارتی داوە، بە وتەی بەرپرسێكی پەكەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت" پەكەكە تەنها كاتژمێرێك لە گوندی بارزانی زێدی بارزانییەوە دوورە"، زۆر نزیكن لە بنكەی سەربازی بامەڕنێ‌و كانی ماسی‌و دێرەلوك.
رەنگە لە داهاتوودا بەهێزبوونی پێگەی پەكەكە لە ناوچەكەدا، مەترسی گەورە لەسەر پێگەو ناوچەی جێنفوزی پارتی دروستبكات، چونكە تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ ئێران لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ توركیا لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، تەواوی ناوچەی جێنفوزی پارتی لە رۆژئاوای هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی یەپەگەو پەكەكەدایە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا بەتەواوی سنوری جوگرافی پارتی بكەوێتە ژێر هەژمونی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand