Draw Media

گۆڕان بەفەرمی كاندید پێشكەشی عەبدولمەهدی دەكات 

گۆڕان بەفەرمی كاندید پێشكەشی عەبدولمەهدی دەكات 

2018-11-29 21:01:45


راپۆرتی: درەو میدیا
هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد پێشكەش بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، كە تاكە كاندیدی فەرمی گۆڕان حاكم ( ئیسماعیل عومەرە).
(درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لە ململانێیەكی تونددان لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد، كە سێیەم وەزارەتە بڕیارە لە حكومەتی نوێی عێراق بە كورد بدرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی داوای لە عادل عەبدولمەهدی كردووە پۆستی وەزارەتی داد نەدرێت بە یەكێتی‌و عەبدولمەهدی لەچوارچێوەی موجامەلەی سیاسیدا بەڵێنی پێداوە پۆستەكە بە یەكێتی نەدات، بەڵام یەكێتی سورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە‌و تاكە كاندیدیشی بۆ وەزارەتی داد (خالید شوانی)یە.


پەیوەندییەكی تەلەفۆنی
سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بە (درەو میدیا) راگەیاند، لەدوای گەڕانەوەی مەسعود بارزانی لە گەشتەكەی بۆ بەغدادو وڵاتانی كەنداو، نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان قسەی كردووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نێچیرڤان بارزانی، عومەر سەید عەلی ئاگاداركردووە لەوەی مەسعود بارزانی رازیبووە بەوەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بدرێت بە گۆڕان‌و لەوبارەیەوە قسە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كراوە. 

كاندیدەكان گۆڕان كێن؟
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ناوی حاكم (ئیسماعیل عومەر) دادوەری دادگای بەرایی سلێمانی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد پێشكەش بە عادل عەبدولمەهدی كردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو میدیا) كەوتووە، بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر ناوی دوو كاندیدی تری بۆ عادل عەبدولمەهدی ناردووە‌و كاندیدەكان بریتین لە هەریەكە لە (بەشدار حەسەن)‌و (ئازاد چۆمانی).


عەبدولمەهدی داوای بێلایەنێك دەكات
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەهۆی فشارەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە، عادل عەبدولمەهدی بڕیاریداوە پۆستی وەزارەتی داد بدات بە كەسێكی بێلایەنی كورد.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە نیازی عەبدولمەهدی تێگەیشتووە لە دانانی كاندیدی بێلایەن، بەشێوەیەكی خێرا قازی (دارا نورەدین)ی لە ئوردنەوە هێناوەتەوە بۆ عێراق.


ناوەكان رەوانەی نەزاهە كراون
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێستا ناوی هەریەكە لە حاكم (رزگار حەمەئەمین) دادوەری پرۆسەی دادگایكردنی سەددام وەكو كاندیدێكی بێلایەنی كورد‌و (خالید شوانی) وەكو كاندیدی یەكێتی‌و (بەشدار حەسەن)و (ئازاد چۆمانی) وەكو دوو كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان‌و قازی (دارا نورەدین)ی وەكو كاندیدێكی بێلایەنی پارتی رەوانەی دەستەی نەزاهە كردووە بەمەبەستی وردبینیكردن لە دۆسییەكانیان بەر لە هەڵبژاردنی یەكێكیان وەكو وەزیری داد.
رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا لە هەرێمی كوردستانەوە ژمارەیەك ناوی تر لەلایەن هەرسێ لایەنەكەوە رەوانەی بەغداد بكرێن وەكو كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد.


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand