كرێی خوندنی زانكۆی سنە بۆ خوێنداكرانی هەرێم (35%) بەرزكرایەوە
.jpg)
2025-06-09 15:18:19
درەو:
نزیكەی (400) خوێندكاری هەرێمی كوردستان لە زانكۆی سنە دەخوێنن كە (200) خوێندكاریان بۆ ماستەرە، پێشتر كرێی خوێندنی سمستەرێكیان (450) دۆلار بوو، بەڵام لەدوای سەردانی چوارپارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان بۆ شاری سنەو زانكۆی سنە، كرێی سمستەرێك كراوە بە (650) یۆرۆ بەڕێژەی (35%).
لە ئێستادا زانكۆی سنە بەشێكی زۆری خوێندكارانی (بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا)ی هەرێمی كوردستان لە خۆ دەكرێت و ژماریان دەگاتە (400) خوێندكار بەجرێك (200) خوێندكاری ماستەر و (200) خوێندكاری بەكالۆریۆس و (10) خوێندكاری دكتۆرایە.
پێشتر كرێ خوێندن بەم شێوەیەبوو:
• بۆ سمتەرێكی ماستەر: 450 دۆلار ئێستا بووە بە (650) یۆرۆ
• بۆ كۆی پرۆسەی خوێندنی ماستەر (2 ) ساڵ (1800) دۆلار بوو ئێستا كراوە بە (2600) یۆرۆ
• بۆ ساڵێكی كرێی داخلی (75) دۆلار بوو ئێستا بووە بە(120) یۆرۆ.
• كرێی خوێندنی سمستەرێكی دكتۆرا بۆ ساڵێك (650) دۆلار بوو ئێستا كراوە بە (750) یۆرۆ.
رۆژی 21ی ئایاری 2025 چوار پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان (ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە) سەردانی پارێزگای سنەیان كردوو دواتر سەردانی زانكۆی سنەیانكردو چەند رێككەوتنێكیان واژۆكرد.
بەشێك لە خوێندكارانی هەرێمی كوردستان كە لە زانكۆی سنە دەخوێنن دەڵێن كرێی خوێندنیان دوای سەردانی چوار پارێزگارەكە گرانكراوە لەسەریان.
خوێندكارێكی دكتۆرا لە زانكۆی سنە بابەتێكی لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، " شاندی کوردستان و بارگرانی دروست کردن : لەدرێژەی سەردانەکەیاندا بۆ وڵاتی ئێران شاندی کوردستان کۆمەڵێک ڕێک کەوتنی بازرگانیان ئەنجام دا،
بەپێی لێدوانەکانی خۆیان کۆمەڵێک داواکاری شیان لەوڵاتی ئێران کرد ،بۆ کار ئاسانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ،بەهۆکاری ئەوەی کەهەرێمی کوردستان سەدان کیلۆمەتر هاوسنوری لەگەڵ وڵاتی ئێراندا هەیە ،ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامیان لەنێواندا هەیە.
تائێرە دەستیان خۆش بێت کارەساتە کە لەدوای ئەمەوە دەستی پێ کرد، لەدرێژەی سەردانەکەیاندا بۆ وڵاتی ئێران شاندی هەرێمی کوردستان ،سەردانی زانکۆی کوردستان یان لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد ،کەڕێژەیەکی زۆر خوێندکاری هەرێمی کوردستان لەو زانکۆیە درێژە بەخوێندنی ماستەرو دکتۆرا ئەدەن وەک ئەوەی هاتبن کرێی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران بدەن !یان وەک ئەوەی ئەوان پاڵپشتی مادی ومەعنەوی خوێند کاران بوبێتن لە ساڵانی ڕابردودا.
ئەم هۆکارانە بونە هۆی ئەوەی بەڕێژەی ٪٣٥ کرێی خوێندنمان لەسەر گران بکەن هەروەها کرێی خوێندمان لە دۆلاری ئەمریکی یەوە بکەن بە یۆرو.
