Draw Media

ئەنفال و غەزە

ئەنفال و غەزە

2025-04-27 11:14:51


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

بەراوردکردنی تاوانە گەورەکانی مێژوو بەیەکتری دەشێت جۆرێک لە ناهەقی تێدابێت، چونکە هەر تاوانێک هەڵگری تایبەتمەندێتی خۆیەتی و رەنگە راست نەبێت بەیەکتری بەراورد بکرێن. دەشێت مەبەست لە بەراوردکردنەکەش بچوککردنەوە و کەمکردنەوەی نرخی ئەم تاوان بێت بەرامبەر بە گەورەکردن و نرخاندنی زیاتری، ئەویتریان. بەڵام بەراوردکردن ئامرازێکیشە بۆ تێگەیشتنی باشتر، دەتوانێت هەندێک رووبەری تازەمان لەسەر ئەو تاوانانە بۆ بخاتەڕوو کە روویانداوە. لەوانەش بۆ نموونە بڕ و ڕادەی دڵرەقیی و نائینسانیەت و رقی وێرانکەرانەی ناو هەر یەکێک لەو تاوانانە. لەم نووسینەدا بەراوردکردنی تاوانە گەورە و نائینسانییەکانی غەزە، بە تاوانەکانی ناو پەلامارەکانی ئەنفال، مەبەست لێی دەرخستنی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەنفالە، نەک کەمکردنەوەی نرخ و بەهای ئەمیان بەرامبەر بەویتریان.

ماوەی ٦ ساڵە لە زانکۆی ئەمستردام، من، کۆرسێک لەسەر «مەسەلەی کورد» بۆ قوتابیانی ماجستێر لە بواری دیراساتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڵێمەوە. کۆرسەکە سەفەرێکی درێژە بەسەر چۆنیەتی دروستبوون و سەرهەڵدان و گەشەکردنی «مەسەلەی کورد» لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا و چۆنیەتی مامەڵەکردن و کاردانەوەی دەوڵەتە ناوەندییەکان و دەوڵەتانی ئیقلیمی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، بەرووی ئەم مەسەلەیەدا.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆرسەکە باسکردنی گۆڕانی میلەتی کوردە لە سەدەی بیسەتمدا لە « زۆرینەیەکی دینیی» ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە بۆ «کەمینەیەکی ئەتنی» لەناو ٤ دەوڵەتی تازەدروستکراودا. خاڵی دووهەم، کە خاڵێکی سەرەکی ترە، باسکردنی مامەڵەکەردنی سەرجەمی داواکارییەکانی ئەم «کەمینە» دابەشکراوەیە وەک «هەڕەشەیەکی ئەمنی» لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە کە کوردیان لەناودا کراوە بە کەمینە. ئەمە جگە لە نکوڵیکردن لە بوونی کورد وەک کورد، واتە نکوڵیکردن لە کوردبوونی کورد، لە هەندێک لە وڵاتانەدا.

یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی مامەڵەکردنی ئەمنیانەی مەسەلەی کورد و وێناکردنی داواکارییەکەیان وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئەو دەوڵەتانە، پەلامارەکانی ئەنفالە لە ساڵی ١٩٨٨دا. ئەنفال نموونەیەکی بەرچاوی کێشەی بە ئەمنیکردنێکی سەرتاسەری مەسەلەی کورد و داواکارییەکانیەتی. وەک دەزانرێت پەلامارەکانی ئەنفال لە ١٤ی ئەپریلەوە تا سێپتێمبەری سالی ١٩٨٨ درێژەدەخایەنێت و  وەک تاوانی جینۆسایدیش دەچێتە ناو مێژووی میللەتى ئێمەوە.

 هەفتەی رابردو ولەو کۆرسەدا لەسەر مەسەلەی کورد لە زانکۆی ئەمستردام دەیڵێمەوە، بابەتی کۆرسەکە مەسەلەی کورد بوو لە عێراقدا بە گشتیی و راوەستان بوو لەسەر پەلامارەکانی ئەنفال بە تایبەتیی. ئەوەی بۆ من شوێنی تێرامان و سەرسوڕمان بوو، ئەو بەراوردە بوو کە قوتابییەکان سەربەخۆیانە و بەبێ داواکردنی لەلایەن منەوە، لەنێوان جەنگی ساڵ و نیوی غەزە و پەلەمارەکانی ئەنفالدا کردیان. ئەگەرچی بە مانا یاساییەکەی تاوانەکانی ئەنفال لە ١٤ مایسدا دەستپێدەکات و لە ئەیلولدا تەواو دەبێت، واتە ٥ مانگێک دەخایەنێت، بەڵام قوتابییەکان سەرەتای پەلامارەکانی ئەنفالیان بردبووەوە بۆ مانگی شوبات. واتە لای قوتابییەکان پەلامارەکانی ئەنفال لەماوەی ٨ مانگدا جێبەجێکراوە. واتە ئەگەر تەمەنی جەنگی غەزە لە ئێستادا ساڵ و نیوێکی تێپەڕاندبێت، ئەوا تاوانەکانی ئەنفال لەماوەی ٨ مانگدا، واتە دە مانگ کەمتر لە جەنگی غەزە، ئەنجامداروە.
بەڵام زیانەکانی ئەنفال چۆن بە زیانەکانی غەزە بەراوردبکرێت؟

لە ئەنفالدا زیانەکان بەم جۆرەیە: لانی کەم  ٥٠٠٠٠ (پەنجا هەزار) کەس لە پەلامارەکانی ئەنفالدا کوژراون، بەڵام دەشێت ژمارەی کوژراوەکان دوو ئەوەندەش بووبێت کە دەکاتە ١٠٠٠٠٠ (سەد هەزار) هەزار کەس.  

ئەگەر ژمارەی کوژراوەکان پەنجا هەزار قوربانی بێت ئەوا لە ماوەی هەشت مانگی پەلامارەکاندا هەموو رۆژێک  ٢٠٨ کەس لە ئەنفالدا کوژراوە. خۆئەگەر ژمارەکە سەد هەزار کەسەکەبێت ئەوا ژمارەی کوژراوەکان لە رۆژێکدا بۆ ٤١٧ قوربانی بەرزدەبێتەوە. واتە لە ئەنفالدا ژمارەی ئەوانەی رۆژانە کوژراون لە نێوان ٢٠٨ بۆ ٤١٧ کەسدایە. ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کوردستان لەو ساڵانەدا شتێک لەسەرووی ٣ ملیۆنەوە بووە. بەم مانایە ژمارەی ئەو قوربانیانەی لە رۆژێکدا لە پەلامارەکانی ئەنفالدا کوژراون، زۆر گەورەترە لەوانەی لە غەزەدا کوژراون،
ئینجا روخاندنی زیاد لە ٢٠٠٠ تا ٤٠٠٠ گوند لەماوەی ئەو هەشت مانگە لە پەلامارەکانی ئەنفالدا. کە ئەمەش زۆر لە قەبارە و رووبەری غەزە گەورەترە.
بەسەریەکیشەوە رژێمەکەی سەدام حوسەین ٢٨١ هێرشی کیمیاوی لەو هەشت مانگەدا ئەنجامدراوە. ئەمە جگە لە بێماڵکردنی نزیکەی دوو ملیۆن مرۆڤ و بەزۆر کۆکردنەوەیان لەچەند کەمپێکی زۆرە ملێی کەمدا.

ئەوەی لەم وێنە گشتییەی ئەنفالدا دەیبینین. زۆر کارەساتئامێزتر و بێڕەحمانەتر و تۆقێنەرانەترە لەوەی لە ساڵ و نیوی رابردوو لە غەزەدا بینیومانە. رژێمەکەی سەدام حوسەین و بەعس لە رژێمەکەی ناتایناهو، زۆر نائینسانیتر و رقاویتر و بەربەریتر بووە. راستە هەردوو پەلامارەکە هەوڵی کۆکوژکردنی میلەتێک ئەدەن، بەڵام ئەوەی سەدام ئەنجامیئەدات، هەم بە قەبارە و هەم بە ژمارەی قوربانییەکانی و هەم ئەو رووبەرەی وێرانی کردوە، گەورەتر و بەربەریترە لەوەی تا ئەم ساتە لە غەزەدا رووئەدات. هەردووکیان تاوانی جەنگ و جینۆسایدن، بەڵام یەکەمیان لە دووهەمیان فروانتر و خوێناویتر و رقاویترە، بە زۆر مانا یەکەمیان چڕتر و ریشەییتریشە.
 
بڕ و رادەی گوێ پێنەدان و تەنهاکەوتنیش لە هەردوو پەلامارەکەدا لەیەکتری جیاوازن. لە ئەنفالدا نەک کەس نەبوو بەرگریی لە خەڵکی کوردستان بکات، بەڵکو کەسیش نەبوو لانی هەرەکەمی هەواڵی تاوانەکان بە دونیای دەرەوەی کوردستان، بگەیەنێت. کەس سەیری تاوانەکانی ئەنفالی نەدەکرد و بەم سەیرنەکردنەش دەستەکانی بەعس و سەدام حوسەینیان بە تەواوی کردبووەوە بۆئەوەی ٢٨١ پەلامار و هێرشی کیمیاوی بکەنە سەر وخەڵکە گوندنشینەکانی کوردستان.

بەڵام غەزە تەنها نییە، خۆشحالانە چەندان دەوڵەت و هێز و لایەن و چالاکوان و چەندان ئۆرگانی جیاوازی نێودەوڵەتیی و چەندان هێزی ئیسلامی و نائیسلامی پێوەی خەریکن. دەیان کەناڵی تەلەفیزیۆنی ساتالایت و کەناڵی ناوجەیی و رادیۆ و  تۆڕەکانی ناو دونیای دیگیتاڵی، ورد و دوشتی تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەزەدا دەگوێزنەوە و بە جیهاندا بڵاویدەکەنەوە. ئەمە وادەکات تاوانەکانی غەزە ببینرێن، بەڵام تاوانەکانی ئەنفال لە تاریکیدا ڕوویاندا. بەشێکی گەورەی خەڵکی جیهان لەپشتی غەزەوەیە و رۆژانە بەشێوازی جیاواز نارەزایی بەرامبەر بە تاوانەکانی ئیسرائیل دەردبڕن، کە بێگومان ئەمەشیان شوێنی خۆشحاڵییە، لەکاتێکدا بەشێکی گەورەی جیهان ئەنفالی نەک نەدەبینی، بەڵکو لەوەش ئاگادار نەبوو تاوانێکی وا گەورە بەرامبەر بە میلەتێک ئەنجامئەدرێت.

لە هەمووشی کارەساتتر دروستبوونی کەسانێکە لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا سەدام حوسەین و رژێمەکەی بە تاوانبار نازانن و «رەحمەت» و «نور» بۆ گۆرەکەی سەدام حوسەین دەنێرن، کەسانێک باوەڕیان وایە سەدام حوسەین پیاوی دەوڵەت و سەرکردەیەکی سیاسیی لێوەشاوە بووە.
 
غەزە یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی سەدەی بیست و یەک، میلەتێک کەوتۆتە ژێر رەحمی ماشێنێکی گەورەی کوشتن و وێرانکارییەوە، بەڵام، دیسانەوە خۆشحاڵانە، میلەتێکە لانیکەم کۆمەڵێک داکۆکیکار و بەدەمەوەچووی هەیە. هەرچی ئەنفالە، ئەویش یەکێکە لە تاوانە هەرەگەورەکانی سەدەی بیستەم، بەڵام تاوانێکە بەرامبەر بە میلەتێک، کە نەدەبینرا، بە بێدەنگیی و بەبێ هیچ بەدەمەوەچونێک دەکوژرا و  لەناودەبرا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand