Draw Media

DNO ئاستی بەرهەمی نەوتی خۆی لە كوردستان راگەیاند

DNO ئاستی بەرهەمی نەوتی خۆی لە كوردستان راگەیاند

2025-04-23 11:35:54


(درەو):
كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی كە لە  كێڵگەی (تاوكی) لە هەرێمی كوردستان كاردەكات، داتای خۆی بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەكی یەكەمی 2025 لە كێڵگەكە راگەیاند. 
بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیاكە، كۆمپانیای (DNO) لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵیشدا هاوشێوەی پێشتر، پشكی خۆی لە نەوتی كوردستان فرۆشتوە بە كڕیارە خۆجێییەكان و پێشوەختە پارەكەی وەرگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بۆری هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە. 
بەپێی خشتەیەك كە كۆمپانیاكە بڵاویكردوەتەوە:
•    تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی (تاوكی) لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (82 هەزارو 81) بەرمیلی رۆژانە، ئەمە لەكاتێكدایە ئاستی بەرهەمێنان لە چارەكی یەكەمی 2024دا بریتی بووە لە (76 هەزارو 310) بەرمیلی رۆژانە.
•    پوختەی پشكی كۆمپانیاكە لە بەرهەمی نەوتی كێڵگەی تاوكی لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بریتی بووە (18 هەزارو 464) بەرمیلی رۆژانە، ئەمە لەكاتێكدا پشكی كۆمپانیا لە نەوتەكە لە چارەكی یەكەمی 2024دا بریتی بووە لە (20 هەزارو 503) بەرمیل


بلۆكی (تاوكێ) دەكەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای زاخۆ لە  پارێزگای دهۆك، لەگەڵ كێڵگەی (فیشخاپور) یەك گرێبەستیان بۆ كراوە، بۆیە كاتێك باسی بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەكرێت ئاماژەیە بۆ تێكڕای بەرهەمی هەردوو كێڵگەی (تاوكێ)و (فیشخاپور) كە لەچوارچێوەی یەك بلۆكی نەوتیدان.
رێژەی (75%)ی پشكەكانی گرێبەستی كێڵگەی (تاوكێ) بۆ كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی‌و (25%)ی دراوە بە كۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) توركی. كۆمپانیای DNO كە زۆرینەی پشكەكانی كێڵگەكەی هەیە، رۆژی 25ی حوزەیرانی 2004 گرێبەستی "هاوبەشی لە بەرهەمهێنان"دا لەم كێڵگەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆ كردووە. رووبەری ئەم كێڵگەیە (594) كیلۆمەترەو یەدەگی خەمڵێندراوی نەوت لەم كێڵگەیە بە بڕی (1.9 ملیار) بەرمیل خەمڵێندراوە.
لە ساڵی 2007ەوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت كراوە لە كەم كێڵگەیەدا. 1ی حوزەیرانی 2009 كۆمپانیای DNO گروپ، بۆ یەكەمجار هەناردەكردنی نەوتی لە هەرێمی كوردستانەوە راگەیاند، وەك هەنگاوی یەكەم لە كێڵگەكانی (تەقتەق)و (تاوكی) بە تێكڕای (100 هەزار) بەرمیلی رۆژانە لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جیهان‌و لە ڕێگەی تانكەرەوە.
لەڕووی ئاستی بەرهەمهێنانەوە، لە كۆی (14) كێڵگەی نەوت لە هەرێمی كوردستان، (تاوكێ) لەدوای (خورمەڵە)وە دووەم گەورەترین كێڵگەی كوردستانەو؛ پێشتر بەرهەمی ئەم كێڵگەیە رێژەی 25،51%ی تێكڕای بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستانی پێكهێناوە.
بەرهەمهێنانی (رۆژانەی) نەوت لە كێڵگەی تاوكی لەماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2020 بەمشێوەیە بووە:
•    2015: 135 هەزار بەرمیل
•    2016: 107 هەزار بەرمیل
•    2017: 109 هەزار بەرمیل
•    2018: 113 هەزار بەرمیل
•    2019: 124 هەزار بەرمیل (بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كرۆناوە بازاڕی جیهانی نەوت شكا، لە كۆتایی ئەم ساڵەوە ئیتر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە بۆ 83 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە)
•    2020: 110 هەزار بەرمیل
•    2021: 100 هەزار بەرمیل
•    2022: 108 هەزار بەرمیل
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand