بە نوسراو دڵنیایمان داوە بە كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان

2025-04-16 16:04:22
(درەو):
بە نوسراو سەبارەت بە شایستە داراییەكانیان، دڵنیایمان بە كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان داوەو؛ سەردانی سودانی بۆ كوردستان كاریگەریی هەبوو لەسەر بەدیهاتنی لێكتێگەیشتنەكانی ئەمدواییە، ئەمە قسەی وەزیری نەوتی عێراق بوو لە سلێمانی.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە (دیداری سلێمانی)دا قسەكردو رایگەیاند" لەپێناو دابینكردنی كرێی كۆمپانیاكان كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان دانوستانمان كرد بۆ هەمواركردنی یاسای بودجەو بودجەمان هەمواركردەوە".
وەزیری نەوت كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە وتی:" دڵنیاییمان بە كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دا، لەرێگەی نوسراوێكی فەرمییەوە كە بەتەنیا لەلایەن وەزیری داراییەوە ئیمزای لەسەر كراوەو تێیدا بەڵێنی ئەوە دراوە شایستەی ئەو كۆمپانیایانە بدرێت، ئەمەش متمانەی گەڕاندەوەو مەترسییەكانی نەهێشت".
"بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە پشكی عێراق لە (ئۆپێك) دەبڕدرێت، ناچاربووین بەرهەمهێنانی نەوتی فیدراڵی كەمبكەینەوە، بۆ ئەوەی بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە لە كوردستان زیان بە پشكی عێراق نەگات، بەڵام دەرەنجام كاریگەریی لەسەر پشكی هەناردە هەبووە" حەیان عەبدولغەنی وای وت.
ئاشكرایكرد" سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كاریگەریی گەورەی هەبوو لە خێراكردنی رەوتی دانوستانەكان لەنێوان هەردوولاو بەدیهاتنی لێكتێگەیشتنەكانی ئەمدواییە".
