دادگای عێراق دووجار دانی بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا ناوە؛ با چیتر كێشە دروست نەكرێت
.png)
2025-04-16 13:16:48
(درەو):
دادگای عێراق دووجار دانی بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا ناوە، باچیتر لەسەر ئەم بابەتە كێشە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست نەكرێت، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتووین تیمە تەكنیكییەكانمان بگەڕێنەوە بۆ بەغداد، ئەمانە قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانن.
مەسرور بارزانی لە (دیداری سلێمانی)دا باسی لە گرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لەرێگەی بۆرییەوە، كە لە رۆژی 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگانی ناوبژیوانی پاریس و لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق راوەستاوەو تائێستا دەستیپێنەكردوەتەوە.
مەسرور بارزانی رایگەیاند" لەوكاتەوە كە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان راوەستاوە (25ی ئازاری 2023) زیاتر لە (23 ملیار) دۆلار زیانمان بەركەوتووەو بەهیچ جۆرێك ئەم زیانە قەرەبوونەكراوەتەوە تاوەكو بوترێت هەرێمی كوردستان تێیدا سودمەند بووە".
لەبارەی كێشەی گرێبەستی كۆمپانیاكان كە وەكو بەربەست لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت تەماشا دەكریت، سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتی:" جۆری كۆنتراكت و كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان جیاوازە لە جۆری كاركردنیان لە بەشەكانی تری عێراق، رێزگرتن لەو كۆنتراكتانە بەشێكی سەرەكییە كە ئەم كۆمپانیایانە داوای دەكەن، هەرچەندە دووجاریش لە دادگای عێراق شكایەت كراو هەردوو جارەكە دادگا لە بەرژەوەندی كۆنتراكتەكان بڕیاریدا، كەواتە دانیان بە كۆنتراكتەكانی هەرێم و كۆمپانیاكاندا ناوەو پێویست ناكات چیتر لەسەر ئەم بابەتە كێشە دروستبكرێت".
سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، مەسرور بارزانی دەڵێ:" كۆمپانیاكان داوای گەرەنتی دەكەن، چونكە بەشێك لە كێشەكە دەستنیشانكردنی تێچووی بەرهەمهێنانە، كە پێویستە ئەم تێچووەیان بۆ دابینبكرێت بەبێ ئەوەی نەوتی هەرێم لەرێگەی ئێمەوە هەناردە بكرێت، كەواتە ئەگەر سۆمۆ هەناردەی بكات دەبێت ئەو میكانیزمە بدۆزرێتەوە چۆن بەشەكەی ئەوان دەدرێت، لەسەر ئەمەش رێككەوتن كراوە، لەگەڵ وەزارەتی نەوت نرخێك دیاریكراوە تا ئەوكاتەی لایەنی سێیەم دێت (مەبەستی لە 16 دۆلارەكەیە بۆ هەر بەرمیلێك)و تێچووی راستەقینە دەردەهێنێت، بەڵام ئەمە تائێستا جێبەجێ نەكراوە، چونكە ئەو گەرەنتییانەی كە كۆمپانیاكان داوای دەكەن دەبێت كۆتایی بێت بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەكردنی نەوت بكرێت".
"لە دواین دیداریمدا لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەسەر ئەوە رێككەوتووین كە تیمە تەكنیكییەكانمان جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ بەغدادو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گفتوگۆ بكرێت لەسەر بابەتە تەكنیكییەكان، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە ماون چارەسەر بكرێن و دەستبە هەناردەكردنی نەوت بكرێت" مەسرور بارزانی وای وت.
باسی لەوەشكرد" كێشەی راوەستانی نەوتی هەرێم بەر لە هەموو شتێك سیاسییە، ئینجا تەكنیكی و یاساییە، بەڵام ئەگەر نیەتی سیاسی هەبێت دێتە سەر ئەم كێشە تەكنیكی و یاساییانە كە ئێمە ئێستا هەردوولامان خەریكین، واتا نیەتێكی سیاسی هەیە بۆ چارەسەركردن".
