سەلاحەدینی ئەیوبی لە نێوان «کوردبوون» و موسڵمانبوون،دا

2025-04-13 10:55:20
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دەنگەدەنگ و هات و هاوارێکی زۆر، لە ڕاستیدا جەنگێکی رەمزیی سەرسەخت، لەسەر کەسایەتی و پێگەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە مێژوودا دروستبوو. لەم جەنگە رەمزییەدا دوو بەرەی ناکۆک بەریەک دەکەوتن و بەڕووی یەکتریدا دەتەقینەوە. یەکێكیان «بەرەی ئیسلامیزم»ە بە هەموو باڵە جیاوازەکانییەوە، ئەویتریان «بەرەی ناسیۆنالیزم»ە بە هەموو ئەوانەوە کە خۆیان وەک بەرگریکەر لە «نەتەوە» و «خەباتی نەتەوایەتی» نمایشدەکەن. هەردوو بەرەکە خۆیان بە نوێنەری دوو مێژووی جیاواز دەزانن، هەریەکێکیشیان وێنەیەکی تەواو جیاواز بۆ ئەو مێژووە دەکێشێت. وەک هەمیشەش زمانی جەنگە رەمزییەکەیان تەواو زمانێکی بریندارکەر و هێرشبەر و یەکتر نەفیکەرێکی هەمەلایەن بوو.
با لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە هەم «ئیسلامیزم» و هەم «ناسیۆنالیزم »دوو ئایدیۆلۆژیای سیاسی تازەن و بەرهەمی گۆڕانکارییە گەورەکانی سەدەی بیستەمن، بە تایبەتی بەرهەمی قۆناخی دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و هاتنی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوە بۆ ناوچەکەن. بەر لە سەدەی بیستەم هیچ یەکێکیان بوونی لەناو مێژووی ئێمە و مێژووی ناوچەکەدا، نەبووە. بەڵام نە ناسیۆنالیزم و نە ئیسلامیزم دان بەم تازەبوونەی خۆیاندا ناهێنن و هەردووکیان مێژو و کەلەپورێکی دێرین و «رەگوریشە»ی تایبەت بۆ خۆیان دروستدەکەن. مێژووی خۆیان بۆ سەدان ئەگەر نەڵێم هەزران ساڵ لەمەوبەر، دەبەنەوە.
ئێرنست گیڵنەر، یەکێک لە گەورە تیوریستەکانی بواری ناسیۆنالیزم، لە وتارێکی بەناوبانگدا بەناوی «ئایا نەتەوە ناوکی هەیە»، باس لە تازەبوونی نەتەوە و ناسیۆنالیزم دەکات. گیڵنەر لەو وتارەدا دەپرسێت ئایا نەتەوە «ناوک» یان «سێنتەر» یان «باوک»ێکی دێرینی هەیە و ئایا نەتەوە لەو «ناوک»ە دێرینەوە دروستبووە؟ وەڵامی گیڵنەر ئەوەیە کە نەتەوە تەنانەت لەناو مێژووی ئەوروپا خۆیشیدا دروستکراوێکی تازەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم. گیڵنەر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە نەتەوە و ناسیۆنالیزم «ناوک»یان نییە، هەردووکیان دروستکراوێکی تەواو تازەی ناو دونیای مۆدێرنن و پەیوەندییان بە دونیای بەر لە دونیای مۆدێرنەوە نییە.
«ئیسلامیزم»یش بەهەمان شێوە ئایدیۆلۆژیایەکی تازەیە، لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی بیستەمدا دروستدەببێت. دروستکردنی یەکەمین ئۆرگانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٨ کاتێک حەسەن بەنا رێکخراوی «ئیخوانی موسلیمین» دروستدەکات. لە راستیدا لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا بەگشتیی و لە دونیای ئێمەدا بەتایبەتی، ناسیۆنالیزم شتێک لە ئیسلامیزم کۆنترە. ناسیۆنالیزم لە فۆرمە کولتورییە ناسیاسییەکەیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بوونی هەیە، هەرچی ئیسلامیزمە بەرهەمی راستەوخۆی دوای کەوتن و کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە. بەڵام هیج ئایدیۆلۆژیایەک نییە «ناوک» بۆ خۆی دروستنەکات و «رەگوریشە» و «ریشاڵ»ی دێرین بۆ خۆی دانەهێنێت.
ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لەسەر مەسەلەی سەلاحەدینی ئەیوبی هاتەکایەوە، بەریەکەوتنی دوو «ناوک»ی ئایدیۆلۆژیی جیاواز و هەڵشاخانیانە بەرووی یەکتریدا.
یەکەمیان، ناوکێکە ناسیۆنالیستە 'عەلمانی' یەکان بەرگری لێدەکەن. ئەم ناوکە مێژووی خۆی بۆ سەر نەورۆز و کەسایەتی کاوەی ئاسنگەر دەباتەوە. ئەم «ناوکسازییە» لە پیرەمێردی شاعیرەوە دەستپێدەکات و تا ئەمرۆش زۆر بە خەستی لەناو دەرکەوتە فەرهەنگیی و دەستەجەمعییەکەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا ئامادەیە و کاردەکات. ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییە لە پەیوەندیدا بە کەسایەتی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە دیدگایەکی نێگەتیڤی هەیە و سەلاحەدین وەک بەشێک لە «ناوکە» مێژووییەکەی خۆی نابینێت. لەم گوتارەدا سەلاحەدین هیچ شتێکی قابیلی باسکردن و بەرگریلەکردنی بۆ «کورد» وەک هەڵگری جۆرێک لە شوناسی«ئەتنی» و وەک خوازیاری شوناسێکی «نەتەوەیی تایبەت» نەکردوە.
بە حوکمی ئەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە رۆژی دروستبوونییەوە داوای مافی ئەتنی و نەتەوەیی دەکات، نەک مافی دینیی، بۆیە ئەم ناسیۆنالیزمە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دیدگایەکی نادینیی یان عەلمانییە. ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی کوردی لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا وەک کێشە لەسەر دین نەبینیوە، بەڵکو لەسەر مافی ئەتنیی و نەتەوەییەکان بووە، بۆ نموونە، لەسەر مافی بەکارهێنانی زمان، مافی هەبوونی جۆرێک لە سەربەخۆیی سیاسیی، مافی گەشەدان بەوەی ناو «کولتور» و فەرهەنگی کوردیی لێدەنێت، داواکردنی پێشخستنی «ناوچە کوردییەکان» و مامەڵەکردنیان وەک ناوچەکانی تری ئەو وڵاتانە، هتد.. بە کورتیی مافی نەچەوساندنەوە بێمافنەکردن لەسەر بنەمای شوناسی ئەتنی و نەتەوەیی. مافی هەبوون و ڕێزگرتن و پێشخستنی کورد وەک نەتەوە و کوردبوون وەک شوناسی سەرەکیی ئەو نەتەوەیە.
هەرچی «ئیسلامیزم»ە مێژوویەکی زۆر کورتتری لە «ناسیۆنالیزم» لە مێژووی سیاسیی و لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە. ئەگەر ئیخوانی موسلیمین لە میسر لە ساڵی ١٩٢٨دا دروستبووبێت، ئەوا بوونی راستەقینەی باڵە جیاوازەکانی ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆژیا و وەک هێزی سیاسیی رێکخراو، بۆ کۆتایی هەشتەکان و بۆ دونیای دوای راپەرین دەگەڕێتەوە.
پرۆژەی ئیسلامیزم پرۆژەی دروستکردنی دەسەڵات و حوکمڕانییەکی دینییە، خاڵی هەرەسەرەکیی و بنەڕەتیی ئەم ئایدیۆلۆژیایە پێداگرتنە لەسەر شوناسی دینیی کەسەکان و بینینی خەڵک وەک «موسڵمان». لێرەشەوە دروستکردنی دەسەڵاتێکی دینیی کە لەگەڵ ئەو موسڵمانبوونەدا بگونجێت. لە پرۆژەی ئیسلامیزمدا چۆنیەتی بەستنەوە و گرێدانی «موسڵمانبوون» بە «کوردبوون»ەوە، بەگشتیی و بە «مەسەلەی کورد»ەوە بە تایبەتی، جۆرێک لە پشێویی و فەوزا و تەمومژ لە بیرکردنەوەیاندا هەیە. لانیکەم لای بەشێکی زۆریان. ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆژیا لەباتی بەرگریکردن لە شوناسی «کوردبوون»، بەرگریی لە شوناسی «موسڵمانبوون» دەکات، یان لە باشترین حاڵەتدا کوردبوون بۆ موسڵمانبوون کورتدەکاتەوە. ئەگەر «مەسەلەی کورد»، وەک باسمانکرد، پەیوەندیی بە مافی دینییەوە نەبێت و لە جەوهەریدا پەیوەندی بە مافی سیاسیی و نەتەوەیی و ئەتنییەوە هەبێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئیسلامييەكان چۆن پرۆژە سياسيیەکەیان بەم مەسەلە سەرەکییەوە گرێئەدەن..
ئەم خاڵە وادەکات سەلاحەدینی ئەیوبی، نەک تەنها رۆڵی «ناوک»ێک بۆ هێزە ئیسلامییەکان ببینێت و لە ڕێگای ئەو «ناوک»ەوە رەگوڕیشە و قوولاییەکی مێژووی بۆ خۆیان دروستبکەن، بەڵکو پێداگرتن لەسەر «کوردبوون»ی سەلاحەدین خۆیشی، شتێک لەو قەیرانە فیکرییەیان بۆ چارەسەردەکات کە لە بەستنەوەی «کوردبوون» بە «موسڵمانبوون»ەوە تێیکەوتون. قەیرانێک لە ساڵانی رابردوودا وای لە هەندێک لە بکەرە ئیسلامییە تازەکان کردوە، سڵ لە هێرشکردنە سەر «نەورۆز» نەکەنەوە و بە جەژنی کافران ناویببەن، هەروەها لە بۆنە و نابۆنەدا هەندێکیان پێ لەسەر ئەوە دابگرن کە بۆ ئەوان مەکە و مەدینە لە کوردستان گرنگتر و بایەخدارترە.
بە کورتییەکەی، هەردوو بەرە ئایدیۆلۆژیەکە لە کردەی دروستکردنی «ناوک»ێکدا بۆ خۆیان ئەمیان سەلاحەدین وەک کەسێکی «ناپاک» بەرامبەر بە کوردبوون دەبینێت و مامەلەدەکات. ئەویتریان وەک «ناوکی» ئایدیۆلژیا دینییەکەی خۆی دەبینێت و بەناوی ئەو «ناوەک»ەشەوە بەرگری نەک تەنها لە سەلاحەدین دەکات، بەڵکو وەکو قارەمانێکی کورد نمایشی دەکات.
ئەوەی شوێنی سەرنجە چۆنەیتی قسەکردن و بەرخوردی ئەم دوو بەریەیە لەگەڵ یەکدا. گوتار و زمان و شێوازی خۆدەربڕین و قسەکردنەکانیان. بەر لە هەمووشتێک. بە دەگمەن نەبێت، کەسانێک لەم دوو بەرەیەدا نادۆزیتەوە هەڵگری دیدگایەکی مێژوویی بن. واتە دیاردەکان بخەنە ناو رەوتە مێژووییە تایبەتەکانی خۆیانەوە و لەوێدا بەدوای ماناکانیاندا بگەڕێن، نەک مانایەک چەندە سەدە دواتر بەسەریاندا بسەپێنرێت.
خاڵی دووهەم ئەوەیە، لەپشتی بیرکردنەوە نامێژوویی و نامەنهەجییەوە پرۆسەی «خۆ بە ئایدیاکردن»، خۆ بە پاکژ و باش و بەسود و چاکەکار، نمایشدەکەن. کاتێک ئیسلامییەکان بەرگری لە سەلاحەدین دەکەن و وەک موسڵمانێکی دەگمەن وێنایدەکەن، هاوکات دەخوازن بڵێن ئێمەش، وەک سەلاحەدین و بەهەمان شێوە موسڵمانی راستەقینە و چاکەکار و دەگمەنین. ئەوانەشی کە پێیان وایە سەلاحەدین «جاش» و «ناپاک» بووە، دەخوازن بڵێن ئێمە کەسانی پاک و خەباتگێرین و کار بۆ نەتەوەکەی خۆمان دەکەین، نامانەوێت وەک سەلاحەدین پیس و ناپاک بین و کار بۆ نەتەوەی تر بکەین.
ئەوەی لەم جەنگە رەمزییەدا ڕووئەدات دۆخێکە نەک تەنها فیکر لەناویدا غائیبە، بەڵکو ئەوەی هەیە و کاردەکات کاردانەوەی نێگەتیڤ و توڕەبوون و یەکتری سڕینەوە و نەفیکردنێکی سەرتاسەریە بە بڕێکی گەورە لە توندوتیژیی رەمزییەوە.
هەر لەسەرەتاشەوە لۆژیکی ململانێکە لۆژیکی ئەوەیە کێ دەمی کێ دادەخات؟ کێ «سەرکەوتن» بەسەر ئەویتردا بەدەستدێنێت؟ کێ ئیهانەی زیاتری ئەویتر دەکات؟
کێ دەتوانێت ئەویتر زیاتر زەلیل بکات؟
لای هەردوو بەرەکە کۆمەڵێک گریمانە و داوەریکردنی دۆگمایی رەقهەڵاتو ئامادەیە و کاردەکات، کە هیچ شتێک نایانباتەوە ناو فیکر و بیرکردنەوەیەک لانی هەرەکەمی مێژوویبوون و مەنهەجیبوونی تێدابێت.
ئەو جەنگە رەمزیی و هەوڵدانە گەورەیەی یەکتر زەلیلکردنەیش کە دروستبووە، جگە لە گەورەکردن و بەهێزکردنی «پرۆژەی خودنەفرەتیی» شتێکی دیکەی لێ سەوز نابێت. ئەوەی لەناو ئەم ململانێیەدا ڕووئەدات رقبوونەوەیە لە خود لەڕێگای رقبوونەوەیەکی دینییەوە لەیەکتری. رقبوونەوەی دینیش یەکێکە لە شادەمارەکانی دیاردە و پرۆژەی خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا.
