Draw Media

ململانێكانی پەیوەست بە رێكخستنەوەی دۆخی حەشدی شەعبی لە عێراق  

ململانێكانی پەیوەست بە رێكخستنەوەی دۆخی حەشدی شەعبی لە عێراق  

2025-03-22 11:07:25


د. یاسین تەها-  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێك
لە ساڵی هەڵبژاردن و لەنێو پێشهاتی گوشارو هەڕەشەكانی ئیدارەی ترەمپدا، ململانێی هێزە شیعەكان لەبارەی یاسایەكی تایبەت بە هێزەكانی “حەشدی شەعبی” توند بووەتەوە. ئامانجی راگەیەنراوی یاساكە رێكخستنی خزمەت و خانەنشینی و مافە دارایییەكانی حەشدی شەعبییە، بەڵام لە ناواخندا لێكەوتەو كاریگەریی لەسەر شوناس (ناسنامە)و سروشت و داڕشتنەوەی ئەم قەوارە ئەمنییە دەبێت، كە رۆڵی دامەزراوەیەكی سێبەرو هاوئاستی سوپاو هێزە ئەمنییەكانی دیكە دەبینێت. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی وردەكاریی ناكۆكییەكان و سیماكانی یاسا پێشنیاركراوەكە هەڵوێستە دەكات، لەگەڵ هەڵوێستەكردن لەسەر ئەو دۆخەی، كە مشتومڕەكانی پەیوەست بە یاساكەی تێدا دەگوزەرێت.

یاسای حەشدو یاسای خزمەت و خانەنشینی
ئەگەرچی بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی پێش 2014 وەك گروپ یان باڵی چەكداری هێزە سیاسییەكانی شیعە لە عێراقدا چالاك بوون، بەڵام فەتوای مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی، لە 13ی حوزەیرانی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و بانگەوازكردن بۆ هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكان لەلایەن “خۆبەخشان”ەوە (الكفائی)، زەمینەی شەرعییەتپێدانی ئەم هێزەی رەخساند، لەكاتێكدا كە موسڵ و سەڵاحەددین لە كۆنترۆڵی دەوڵەت دەرچوبوو[1]. لەپاش ئەم فەتوایەی مەرجەعییەت كە دەنگدانەوەو بەدەمەوەچوونی زۆر بوو، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات، بەفەرمانێكی دیوانی (47ی 2014) شەرعییەتی یاسایی بەم هێزە بەخشی و لەوكاتەدا بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی “بەڕێوەبەرایەتیی حەشدی شەعبی” كرایەوەو پەیوەست كرا بە “فالح فەیاز”ی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە[2]؛ دواتر فەیاز بوو بە سەرۆكی “دەستەی حەشدی شەعبی” كە وەك دەستەیەكی سەربەخۆ ناسێنراو تائێستاش لەم پۆستەدایە.
لە ساڵانی جەنگی داعشدا (2014-2018) كە حەشد پەلی هاوێشت و گەورەتر بوو، پێویستی بە كەڤەری یاسایی زیاتر هەبوو؛ بۆ پڕكردنەوەی ئەمەش لە ساڵی 2016دا یاسایەكی لە پەرلەمان بۆ دەركرا كە كورت و گشتییە. ئەمەش لەگەڵ پەلهاوێشتنی ئێستای حەشددا ناگونجێت، چونكە پاش ئەوەی لە دەمی دامەزراندندا لە 2014دا ژمارەی میلاكی 60 هەزار كەس بووە، لە 2021دا هەڵكشاوە بۆ 100 هەزار كەس. بەپێی زانیاریی پەرلەمانتارانیش، ئێستا ژمارەیان لە سەروو 200 هەزار كەسەوەیەو باس لە 236 هەزار كەسیش هەیە بە بودجەی ساڵانەی سێ ترلیۆن دینار[3]. ئەمەش راستییەك دەردەخات كە ئەركی حەشد تەنیا بەرەنگاربوونەوەی داعش نییەو رۆڵی دامەزراوەیەكی هاوئاست دەبینێت لەگەڵ هێزە ئەمنییە فەرمییەكان؛ جیاوازیشی ئەوەیە ئەم، هێزێكی عەقیدەییەو زیاتر جێگە متمانەی شیعە دەسەڵاتدارەكانە تا هێزە ئەمنییە ئاساییەكان كە تێكەڵن و زیاتر وەك موچەخۆر تەماشا دەكرێن.
لە یاسای حەشدی شەعبیدا (40ی 2016) ئەم دامەزراوەیە بە خاوەن “كەسایەتیی مەعنەوی” ناسێنراوە كە “بەشێكە لە هێزە سەربازییەكانی عێراق”. جەخت لەوەش كراوەتەوە، پەیوەستە بە “فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان” كە دەكاتە سەرۆك وەزیران. هەروەها ئەوەشی تێدا هاتووە كە حەشد لە سەركردایەتی و هەیئەی ئەركان و لیوا شەڕكەرەكان پێكدێت، ملكەچی سیاقە سەربازییەكانە، موچەو دەرماڵەو ئەرك و فەرمانیشی بە هەمان شێوە، هاوشێوەی تەشكیلە سەربازییەكانە. ئەوەشی جێگەی هەڵوێستەیە یاساكە جەخت لەوە دەكاتەوە، دەبێت حەشد داماڵراو بێت لە چوارچێوە سیاسی و حزبی و كۆمەڵایەتییەكان؛ بەو مانایەی پاشكۆو باڵی هێزە سیاسییەكان نەبێت، رێگەش بە كاری سیاسی لە ریزەكانیدا نەدات، هەروەها لە پێكهاتەكانی گەلی عێراق پێكبێت، پشتئەستور بە ماددەی 9ی دەستور كە باس لە هاوسەنگیی هێزە سەربازییەكان دەكات و بەجۆرێك لە پێكهاتەكانی گەلی عێراق پێكبێت و رەچاوی هاوسەنگییان بكات بەبێ جیاكاری و هەڵاواردن و ملكەچی دەسەڵاتی مەدەنی بێت، بەرگری لە عێراق بكات و ئامرازێك نەبێت بۆ سەركوتكاریی گەلی عێراق و، دەستوەردانیش لە كاروباری سیاسی و دەستاودەستیی دەسەڵات نەكات[4].
لەبارەی هۆكاری دەرچواندنی یاساكەی حەشدیشەوە وتراوە: بۆ رێزگرتنە لە “خۆبەخشانی رۆڵەكانی گەلی عێراق” كە بەرگرییان لە دەوڵەت كردووە بەرامبەر هێرشی داعش و “ئەوانەی دژی سیستەمی نوێی عێراقن”.[5] لەمەشدا رێگە بە بەردەوامبوونی دراوە، وەك دەزگایەكی سەربازیی.
لە ساڵی 2024دا حكومەتی سودانی و هێزە شیعەكان كاریان لەسەر گەڵاڵەكردنی یاسایەك كرد بە ناوی “خزمەت و خانەنشینیی حەشد”. ئەم پرۆژەیاسایە لە 78 ماددە پێكدێت و هەندێ نوسخەیشی زیاترە لە 80 ماددە. ئەوەی جێگەی سەرنجە پرۆژەكە كارمەندی حەشد بە “موجاهید” دەناسێنێت؛ ئیتر چ چەكدار بێت یان ئەفسەر، یان فەرمانبەرانی مەدەنی و پیاوە ئایینییەكانی نێو حەشد كە كاریان رێنوێنی و بانگخوازییەو، ئەمەش جگە لەوەی مۆركێكی ئایینی و مەزهەبییە، جیاكارییە لە سەربازانی سوپا. پرۆژەكە بەگشتی موچە و دەرماڵەی حەشد رێكدەخات و مافی بریندارو بێسەروشوێنان و خانەنشینەكانی دیاریدەكات، لەگەڵ مینحەو پلەبەرزكردنەوەو مۆڵەت و بیمەی تەندروستی. بۆ تەمەنی كاركردنیش لەنێو حەشدی شەعبی پرۆژەكە ئەوپەڕی بە 63 ساڵ دیاریی كردووە بۆ فەریق ئەوەل و 50 ساڵیش بۆ پلەی نەقیب؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی درێژكردنەوەی پێنج ساڵی داوە بەوانەی بەر لە دەرچوونی ئەم یاسایە چوونەتە ریزەكانی حەشدی شەعبی[6].
یاسا پێشنیاركراوە نوێیەكە جگە لە مافی خانەنشینی، پەیكەری هێزەكە جارێكی دیكە دادەڕێژێتەوە؛ جگە لەوەش دامەزراندنی ئەكادیمیایەكی سەربازی لەخۆدەگرێت كە دیسان حەشدو چۆنێتیی بەخشینی پلە سەربازییەكانی رێكدەخاتەوە[7]. بە قسەی فالح فەیازی سەرۆكی دەستەكەش، یەكێك لە هۆكارەكانی هەوڵدان بۆ دەرچوواندنی ئەوەیە دەزگاكانی دەوڵەت گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەو یاسایەی پێشوو (40ی 2016) كرچوكاڵ و كەمەو دۆخی حەشدی شەعبی پڕناكاتەوە، بەتایبەت مەسەلەی خزمەت و خانەنشینی و ماف و شایستە داراییەكانی؛ بەو پێیەی تەنیا سێ ماددەیەو دەرفەتی ئەوەی نییە هەموار بكرێتەوە[8].
لە دەرەوەی لایەنە یاساییەكەی، ئەم یاسا پێشنیاركراوە نوێیەش لەكاتێكدایە، هێشتا هەندێك بڕگەی یاساكەی پێشوو جێبەجێ نەكراوە، وەك: ئینتیمای سیاسیی گروپە چەكدارەكانی ناو حەشدو بابەتی باڵانسی پێكهاتەیی لە ریزەكانیدا، هێشتا لیواكانی حەشد سەر بە هێزە سیاسییەكان و مۆركی زاڵ و باوی سەر دەزگاكەش شیعییەو فرەچەشنییەكەی (حەشدی مەسیحی و عەشایەری و پێكهاتەكانی دی) زیاتر رووكەشە. ئەم پرۆژەیاسایەش لە دۆخێكدا خراوەتەڕوو كە دوو كارتێكەریی گەورە سێبەریان بەسەر رەوشی عێراقەوە كردووە: یەكەمیان گوشارەكانی ئیدارەی ترەمپە لەسەر عێراق و باڵە چەكدارە شیعەكان، بە حەشدی شەعبیشەوە. دووەمیشیان نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی گشتیی چاوەڕوانكراوی عێراقە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2025 كە لیست و جەمسەرە شیعەكانی بەسەر ئاڕاستەی جیاجیادا دابەشكردووە. ئەم دوو كارتێكەرە دەشێت بەم جۆرە كاریگەرییان لەسەر ناكۆكییەكانی پەیوەست بە یاساكەوە هەبێت:

كاریگەریی گوشارە ئەمریكییەكان
پێش ئەوەی ئیدارەی بایدن كۆشكی سپی جێبهێڵێت، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كە لەڕێگەی “بلینكن”ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پاش كەوتنی ئەسەد، بە “محەمەد شیاع سودانی” راگەیاندووە ئێران ئێستا لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە؛ عێراقیش چانسی هەیە لەڕێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر گروپە شیعە عێراقییەكان، دەستڕۆیشتوویی (نفوز)و هەژمونی تاران لەنێوخۆی خۆیدا كەمتر بكاتەوە[9]. دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی “ترەمپ”یش لە سەرەتای 2025 هەندێك زانیاری دزەیان كرد كە تیمی نوێی ترەمپ پەیامی ئەوەیان گەیاندووەتە حكومەتی سودانی، كە دەبێت پەیكەری هێزەكانی حەشدی شەعبی رێكبخاتەوە. هەندێكیش زیاتر دەڕۆن و باس لە پلانی ئیدارەی ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە عەقیدەییە مەزهەبییە هاوئاستەی سوپای عێراق دەكەن[10]. هەندێك بەرپرسی تری باڵای شیعە نایشارنەوە، داوا كراوە هێزی حەشدی شەعبی بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكانی دیكەدا دابەش بكرێت و وەك قەوارەی ئێستا نەمێنێتەوە[11]، بەڵام تێكڕای بەرپرسە شیعەكان ئەوە رەتدەكەنەوە پابەندی ئەم داوایە بن؛ هەر لە سەرۆك وەزیرانەوە تا سەركردەی هێزە سەرەكییەكانی چوارچێوەی شیعی لە عێراق. لەدەرەوەی وڵاتیش ئەوە پێداگری و جەختكردنەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئێران بوو لە دیدار لەگەڵ سودانی كە پارێزگاری لە حەشد بكرێت[12].
ئەو خواست و گوشارانەی لە ئێستادا لەبارەی چارەنوسی حەشدی شەعبییەوە هەن، دەشێت بەم جۆرە پۆلێن بكرێن:

هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی حەشدی شەعبی. ئەمەش گێڕانەوەو باسوخواستی نێو میدیا راستڕەوە ئیسرائیلییەكانە؛ گوایە ئیدارەی ترەمپ داوای ئەوەی لە عێراق كردووە[13]، بەتایبەت هەندێك لە پێكهاتەكانی نێو حەشد لە لیستی سزاكانی ئەمریكا یان تیرۆردان و لەپاش 7ی ئۆكتۆبەری 2023 بەشدارییان لە هێرشەكانی سەر ئیسرائیل كردووەو، دەبێت هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنان و كۆمەڵی ئەنساروڵڵای یەمەنی باج بدەن.
ئاوێتەكردنی هێزەكانی حەشد لەگەڵ سوپای عێراق و دانانی ئەفسەرێكی باڵا لە سەروو هەیكەلی حەشدەوە (عەبدولئەمیر یارەڵڵا بە نموونە). گوایە ئەمەش پێشنیاری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران “ئیسماعیل قائانی” بووە لە 7ی كانوونی دووەمی 2025 بۆ گروپەكانی حەشد. ئامانج لەمەش شاردنەوەی حەشدو پاراستنییەتی لە بەئامانجگرتنی دەرەكی لەڕێگەی پۆشینی جلی سەربازیی سوپای عێراق لەلایەن هێزەكانی حەشدەوە[14]. زانیارییەكیش هەیە كە لەنێوخۆی هێزە شیعەكاندا بۆچونێك هەیە پشتیوانی لە ئاوێتەكردنی حەشدو دەزگا ئەمنییە نیزامییەكانی دیكە دەكەن، لە پێناو ئەوەی نەبنە ئامانجی سزاو بلۆككردن و هێرشی ئەمریكا[15]؛ بەڵام ئەم بۆچوونە هی ئەو لایەنانەیە كە كاریگەریی كەمیان لەسەر بڕیارەكانی حەشد هەیە.
دەركردنی یاسایەكی نوێ بۆ حەشد لە پەرلەمان. ئەم بەیاساییكردنەش ببێتە لەمپەر لە بەردەم بەئامانجكردنیدا. ئەمەش ئەو بژاردەیە شیعەكان كاری لەسەر دەكەن و رەشنوسێكیان بۆ ئامادە كردووە (یاسای خزمەت و خانەنشینی). بەپێی ئاماژەكانیش سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر عێراق هانی زیاتری شیعەكان بۆ كاركردن لەسەر یاساكە دەدات، بەئامانجی وەرگرتنی شەرعییەتی زیاترو چەسپاندنی دەزگاكە لەنێو پەیكەری یاسایی عێراقدا و دیاریكردنی رێوشوێنەكانی خانەنشینبوون و پلەبەرزكردنەوەی چەكدارو كارمەندانی كە مافەكانیان دەستەبەر دەكات.

ناكۆكییە ناوخۆیییەكانی شیعە
بژاردەی لایەنە شیعەكان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی حەشدی شەعبی، دەركردنی یاسایەكی نوێیە بۆ رێكخستنەوەی. لە یاساكەشدا ئاڵۆزترین پرس دیاریكردنی تەمەنی خانەنشینییە. ئەمەش ئەگەر تێپەڕێت شوناسی حەشد دەگۆڕێت، چونكە جگە لەوەی سەرۆكی ئێستای دەستەكە “فالح فەیاز” خانەنشین دەبێت (68 ساڵ)، زۆر لە فەرماندەكانی ریزی یەكەمیش بە هەمان شێوە دەگرێتەوە. لەم نێوەندەشدا باس لە چوار هەزار فەرماندە و كادیری پێشكەوتوو هەیە كە بەر خانەنشیبوون دەكەون؛ ئەمەش لەناوخۆی چوارچێوەی شیعیدا ناكۆكییەكی زۆری دروستكردووە چونكە كاریگەری لەسەر چۆنێتیی داڕشتنەوەی حەشدی شەعبی دروستدەكات.
دەكرێت گرنگترین ناكۆكییە شیعییەكان لەمبارەیەوە بەمجۆرە بخرێنەڕوو:
نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، كە خۆی بە دامەزرێنەری حەشد دەزانێت، سورە لەسەر رەتكردنەوەی گوشاری دەرەکی بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و تەنانەت تێكەڵكردنیشی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەدا، چونكە بە بۆچوونی ئەو “ئەگەر تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بکرێت، واتە “کۆتایهاتنی حەشد”. لەگەڵ ئەوەشدا مالیكی مشتومڕێكی گەورەی دروستكرد كاتێك بەئاشكرا دانی بەوە دانا كە لەنێو حەشد “بندیوار” هەن و بەپێویستی دەزانێت حەشدی شەعبی لە کەسانی بندیوارو ئەوانەی دەرەوەی دامەزراوەکەن پاکبکرێتەوە[16]. بەم پێیەش مالیكی پشتیوانی لە دەرچواندنی یاساكە دەكات بە هەر نرخێك بووە.
بزوتنەوەی عەسائیب، پێداگرە لەسەر پارێزگاریكردن لە حەشدو دەركردنی یاسا نوێیەكەو گۆڕینی سەرۆكەكەی، فالح فەیاز[17]. لەمەشدا لەگەڵ نوری مالیكی بەرژەوەندییان یەكدەگرێتەوە؛ هەروەها زۆر دەگوترێت عەسائیب بەدیلیان بۆ “فالح فەیاز” هەیەو چاویان لەسەر پۆستەكەیەتی.
رێكخراوی بەدری هادی عامری و رەوتی حیكمەی حەكیم و حەیدەر عەبادی، لەگەڵ ئەوە نین سەرۆكی حەشد، فالح فەیاز، بگۆڕدرێت، كە یاساكە بقۆزرێتەوە بۆ گۆڕانكاریكردن لە سەركردایەتیی ئێستای حەشد[18]. ئەم لایەنانە ترسی ئەوەیان هەیە حەشد بكەوێتە دەست توندڕەوەكان. ئەمەش زیاتر عێراق دەكاتە ئامانج[19].
هەندێك لە هێزە شیعەكان دەستی ئێرانیان هێناوەتە نێو ململانێكانی پەیوەست بە حەشد، بەتایبەت كە بەرژەوەندیی ئێران ئەوەیە كەسایەتییەكانی نزیك لە تاران لە سەركردایەتیی حەشددا بمێننەوە. ئەگەر ئەوانە لەم یاسا نوێیەدا بەر خانەنشینی بكەون، گرفت بۆ پەلكێشانی نفوزی ئێران دروستدەكات. بۆ چارەسەری ئەمەش قسە لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی هەیە[20]، لە كاتێكدا ئەمە بۆ دەزگا ئەمنییەكانی دیكە وا نییەو لە كات و ساتی خۆیاندا خانەنشین دەبن و لە یاساكەی پێشووشدا (40ی 2016) جەخت لەوە كراوەتەوە حەشد پابەندی رێوشوێنە سەربازییەكان بێت. هەر لەم بەینەشدا فالح فەیاز، سەرۆكی حەشدی شەعبی، سەردانی تارانی كردو بەپێی سەرچاوەكان ویستویەتی لە ڕێگەی تارانەوە گەرەنتیی مانەوەی لە پۆستەكەی بكات[21].
سەرۆكی دەستەی حەشد كە شەڕ لەسەر مانەوەی لە پۆستەكەی دەكات، پێیوایە هێزە سیاسییەكان خۆیان ئاڵاندوەتە یاسای حەشدی شەعبی و دەیانەوێت بەقازانجی خۆیان دایڕێژنەوە. فەیاز پێیوایە حەشد پارێزەری سیستەمی سیاسی بووە بەرامبەر ئەوانەی ویستویانە لە دەرەوەی سندوقەكانی دەنگدان بیگۆڕن (تشرینییەكان بۆ نموونە)؛ هەروەها شەڕیش بۆ یەكڕیزیی دەوڵەتی عێراق دەكات و دژی دابەشكردنی دەبێت[22]. ئەمەش شوناسێكی نوێیە كە فەیاز لە دەرەوەی یاسای 40ی 2016 بە حەشدی دەدات كە زیاتر جەخت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەكاتەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، كە جەمسەرێكی سەرەكیی پەیوەندیدارە بە حەشدو لەگەڵ سەرۆكەكەی بەنیازی هاوپەیمانیی سیاسییە بۆ هەڵبژاردن، یاساكەی حەشدی لە پەرلەمان كشاندەوە. بەمەش لەئێستادا گرەوی لە مالیكی و قەیس خەزعەلی بردەوە كە دەیانویست لە پەرلەمان بە جۆرێك تێپەڕێت لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت. سودانی لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینییە بۆ چەكداران و كارمەندانی حەشد[23].
ناكۆكییەكانی پەیوەست بە یاسای حەشدی شەعبی، هاوپەیمانێتیی هێزە شیعەكانی هەڵوەشاندوەتەوە. هەر چەشنە گۆڕانكارییەكەیش لە سەرۆكایەتیی ئەم دەستەیە، كاریگەریی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران، یان چانسی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سودانی دەبێت؛ بەتایبەت دەنگۆیەك هەیە سەرانی چوارچێوەی شیعی هاوڕا بن لەسەر خانەنشینكردن و لادانی[24]. پاساویش بۆ ئەمە بەردەستە چونكە ناوبراو جگە لەوەی تەمەنی تێپەڕیوە، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا لیستی هەبووە بۆ هەڵبژاردن و، ئەمەش پێچەوانەی یاسای حەشدە.
ئەگەرێكی بەهێز هەیە لە پرۆژەیاساكەدا دەسەڵات بە سودانی بدرێت تەمەنی فەرماندەكانی حەشد درێژبكاتەوە؛ ئەمەش مشتومڕەكانی ئێستا بۆ پاش هەڵبژاردنەكان دوادەخات. بۆ تێپەڕاندنی بێكێشەی یاساكەی حەشدی شەعبیش، پێویستە لایەنە سوننی و كوردییەكان هاوكار بن. بۆ چارەسەری ئەمەش باس لە ئامادەكردنی سەبەتەیەكی یاسایی هەیە كە لە پەنا یاسای حەشدی شەعبیدا یاسای “لێپرسینەوەو دادگەریی” لەخۆ بگرێت كە تایبەتە بە بەعسییەكان و زیاتر سوننەن، لەگەڵ یاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە كە لە بەرژەوەندیی لایەنە كوردییەكانە [25].

كۆبەند
لەكاتێكدا كە عێراق لەژێر گوشاری ئیدارەی نوێی ترەمپدایە، بەتایبەت لەبارەی گروپە شیعەكان و حەشدی شەعبی، هەروەها بە ساڵی هەڵبژاردنیشدا تێپەڕ دەبێت، دەركردنی یاسایەك بۆ چەسپاندنی پێگەی حەشدی شەعبی، “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی شیعەی پەرتكردووە. ئەم یاسا نوێیەی كە بەدەستەوەیە، رۆڵی دەبێت لە گۆڕینی شوناسی حەشدو داڕشتنەوەی پایەكانی و، ئەمەش لەنێوان هێزە توندڕەوەكانی حەشد لە لایەك و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و لە پشت ئەویشەوە هێزە شیعەكانی دیكەی وەك رەوتی حیكمەو عەبادی و رێكخراوی بەدر، جێگەی مشتومڕو ململانێیە. یاسا پێشنیاركراوەكە لێكەوتەی زۆری هەیەو پێویستیی بە رەزامەندیی سوننەو كورد هەیە بۆ ئەوەی مۆركێكی نیشتمانی وەرگرێت و بەئاسانیش لە پەرلەمان تێپەڕێت. ئەمەش دەرچەیەكە، دەكرێت هێزەكانی دەرەوەی شیعە كەڵكی لێوەرگرن بۆ جێكردنەوەی داواكارییەكانیان یان تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندییانە.
بۆ هەرێمی كوردستان، دەشێت بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، یان یاسای نەوت و گاز، یان ماف و شایستەییەكانی پێشمەرگە، بكرێنە كارتی گوشار؛ بەوپێیەی یاسای حەشد جێگەی بایەخ و گرنگیدانی زۆری هێزە شیعەكانەو، ئامادەن بۆ ئەو سەبەتەی ئامادە دەكرێت گفتوگۆی لەبارەیەوە بكەن.

سەرچاوەكان

[1]  https://2h.ae/Dhld

[2]  https://2h.ae/ZpwS

[3]  https://2h.ae/HBdR

[4]  https://2h.ae/IswR

[5]  https://2h.ae/zWxD

[6]  https://2h.ae/tfJr

[7]  https://2h.ae/Fdtn

[8]  https://2h.ae/Fdtn

[9]  https://2h.ae/JwYU

[10]  https://2h.ae/esJV

[11]  https://2h.ae/shcm

[12]  https://2h.ae/tmmh

[13]  https://bit.ly/3QpZds0

[14]  https://2h.ae/frYl

[15]  https://2h.ae/vXgc

[16]  https://2h.ae/shcm

[17]  https://2h.ae/vXgc

[18]  https://2h.ae/vXgc

[19]  https://2h.ae/TuNz

[20]  https://2h.ae/SzvJ

[21]  https://2h.ae/TuNz

[22]  https://2h.ae/Fdtn

[23]  https://2h.ae/HPQy

[24]  https://2h.ae/FcZp

[25]  https://2h.ae/OKwP

ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand