قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا (9 ملیار) دۆلارە
.jpg)
2025-03-17 08:13:24
راپۆرتی: درەو
🔹 هەناردەی ئەمەریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە ساڵی 2023، چونکە بەهای قەبارەی هەناردە لە (2 ملیار و 257 ملیۆن) دۆلارەوە، دابەزیوە بۆ (ملیارێک و 662 ملیۆن) دۆلار، بەم پێیەش بەهای قەبارەی هەناردە بە ڕێژەی (26.4%) و بڕی (595 ملیۆن) دۆلار کەمی کردووە.
🔹 هەناردەی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی گواستنەوەی ئەمریکی بۆ عێراق بە ڕێژەی (42%) زیادی کردووە و گەیشتووەتە (513 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی (2024)دا لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) کاڵای ناوبراو بە بەهای (361 ملیۆن) دۆلار هەناردەی عێراق کرابوو.
🔹 هەناردەی عێراق بۆ ئەمەریکا بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی (12%) دابەزیوە و لە (8.4 ملیار) دۆلارەوە بۆ (7.4 ملیار) دۆلار دابەزیوە و نەوتی خاویش پشکی شێری ئەو هەناردەکردنە پێکدەهێنێت.
🔹 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2024دا گەیشتووە بو نزیکەی (9 ملیار) دۆلار، بەڵام ساڵی (2023) (10.7 ملیار) دۆلار بوو. بەڵام هاوسەنگی بازرگانی بە بڕی (5.7 ملیار) دۆلار لە بەرژەوەندی عێراق بووە.
شمەک و کاڵای هەناردەکراوی ئەمریکا بۆ عێراق لە نێوان 2023 و 2024
هەناردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە ساڵی 2023، چونکە بەهای قەبارەی هەناردە لە (2 ملیار و 257 ملیۆن) دۆلارەوە، دابەزیوە بۆ (ملیارێک و 662 ملیۆن) دۆلار، بەم پێیەش بەهای قەبارەی هەناردە بە ڕێژەی (26.4%) و بڕی (595 ملیۆن) دۆلار کەمی کردووە.
سەرەڕای ئەم دابەزینە، هەناردەی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی گواستنەوەی ئەمریکی بۆ عێراق بە ڕێژەی (42%) زیادی کردووە و گەیشتووەتە (513 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی (2024)دا لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) کاڵای ناوبراو بە بەهای (361 ملیۆن) دۆلار هەناردەی عێراق کرابوو. بەڵام ئەم گەشەکردنە ڕاست نیە بۆ دابەزینی هەناردەکردنی کەرەستەکانی فڕۆکە و پارچەی یەدەگ و هەروەها دانەوێڵە، کە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی کۆی هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ عێراق.
لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ ئەمەریکا بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی (12%) دابەزیوە و لە (8.4 ملیار) دۆلارەوە بۆ (7.4 ملیار) دۆلار دابەزیوە و نەوتی خاویش پشکی شێری ئەو هەناردەکردنە پێکدەهێنێت.
بەم شێوەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2024دا گەیشتووە بو نزیکەی (9 ملیار) دۆلار، ئەمەش لە ئاستی ساڵی (2023) دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە (10.7 ملیار) دۆلار بوو. بەڵام هاوسەنگی بازرگانی بە بڕی (5.7 ملیار) دۆلار لە بەرژەوەندی عێراق بووە، ئەمەش گوزارشتە لە بەردەوامی باڵادەستی هەناردەی عێراق سەرەڕای دابەزینی کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات. بۆ وردەکاری قەبارە و شمەک کاڵای هەناردەکراوی عێراق، بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1).
خشتەو چارتی ژمارە (1)
ژمارەو بەهای ئۆتۆمبێلی هەناردەکراوی ئەمریکا بۆ عێراق لە 2020 - 2024
لە ساڵی 2024دا ژمارەی ئۆتۆمبێلی بەکارهێنراوی هاوردەکراو لە ئەمریکاوە بۆ عێراق زیادکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە زیاتر لە (22 هەزار 450) ئۆتۆمبێل، کە بەهای کۆی گشتییان سەروو (255 ملیۆن) دۆلار بووە. ئەم ژمارەیە بازدانێکی بەرچاوە بەراورد بە ساڵی 2023 کە سەروو (12 هەزار 600) ئۆتۆمبێل بە بەهای (133 ملیۆن 470 هەزار) دۆلار هاوردەکراون.
بەرزبوونەوەی ئاستی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی بەکارهاتووی ئەمریکی بۆ عێراق دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە. یەکەمیان هەموارکردنەوەی یاساکانی عێراقە، کە ڕێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهێنراو و چاککردنەوەیان لە ناوخۆی عێراق دەدات، ئەمەش کارێکە کە پێشتر قەدەغەکرابوو. لە ماوەی ڕابردوودا زۆربەی ئۆتۆمبێلە بەکارهێنراوەکانی ئەمریکی دەگوازرانەوە بۆ ئیمارات و ئوردن بۆ چاککردنەوە و دواتر هەناردەی عێراق دەکرانەوە. هۆکاری دووەم پەیوەندی بە زیادبوونەوەی خواستە لەسەر ئۆتۆمبێلی ئەمریکی لە بازاڕی عێراقدا، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی قەبارەی هاوردەکردن. بۆ وردەکاری هاوردەی ژمارەو بەهای ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووی ئەمریکی بۆ عێراق لە ساڵانی (2020 - 2024)، بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (2).
خشتەو چارتی ژمارە (2)
